ئامانجی گه‌مارۆده‌ران ئیراده‌ی نه‌خێره‌ !!

وتار/ 16/08/2017 617 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ئامانجی گه‌مارۆده‌ران ئیراده‌ی نه‌خێره‌ !!
شوان هه‌ورامی
له‌كاتی كۆنگره‌كه‌ی سعودیه‌دا ، شا سه‌لمان رایگه‌یاند " ئێران گه‌وره‌ترین وڵاتی سه‌رپه‌رشتیاری تیرۆره‌ " بۆیه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ڵوێستی تووندی به‌رانبه‌ر بگرێته‌به‌ر ، ترامپ له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌ خێڵه‌كیه‌كانی كه‌نداوی له‌ ئێران ترساندو خۆیشی به‌ پارێزه‌ریان له‌قه‌ڵه‌مدا ، كه‌ هانیدان دووژمنایه‌تیه‌كانیان قووڵتر بكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستی باج وه‌رگرتنی زیاتر بوو له‌و وڵاته‌ بێهێزانه‌ ، بۆیه‌ ته‌نیا سعودیه‌ به‌ بڕی { 460 } ملیار دۆلار گرێبه‌ستی كڕینی چه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا واژۆ كرد ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سعودیه‌ به‌ به‌رده‌وامیی له‌ 6 ساڵی رابردوودا كورتهه‌ڵێنانی بودجه‌ی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت به‌ فرۆشتنی كه‌رته‌ گشتیه‌كانی وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌ و به‌شێك له‌ كۆمپانیای نیشتمانی " ئارامكۆ " بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بفرۆشێت ، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورت هه‌ڵهێنانه‌كه‌ی .
كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌و گرفته‌ ئابووریانه‌ی كه‌ تووشی بووه‌ ، له‌ ماوه‌ی رابردوودا وه‌كو پاشكۆیه‌كی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ره‌فتاری كردووه‌و ئه‌و وڵاته‌ش ته‌نیا وه‌كو كارتێك به‌كار هێناوه‌ ، له‌كاتی قه‌یرانی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا ، ئه‌مه‌ریكا سعودیه‌ی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا قووڵ بكاته‌وه‌ ، كه‌چی كاتێ رێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی واژۆ كرا ، باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سعودیه‌وه‌ ؛ به‌ گۆڤاری {ئه‌تلانتیك }ی گوت " ئه‌وانه‌ی تاوه‌ره‌كانی نیۆیۆركیان ته‌قانده‌وه‌ سعودیی بوون نه‌ك ئێرانیی " ، هه‌ر له‌وێشدا بوو گوتی " پێویسته‌ سعودیه‌و ئێران ئاشتیه‌كی سارد له‌ نێوانیاندا هه‌بێت و ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌و باره‌وه‌ رێككه‌ون " 1 ، ئیتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌دا ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا بوو سعودیه‌ی هانداو به‌ڵام ئێستا دوای قووڵبوونه‌وه‌ی ململانێكانیان داوا ده‌كات سعودیه‌كان بۆ خۆیان كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێراندا چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا یاسای " جاستا "ی ده‌ركرد ، كه‌ تایبه‌ت بۆ سزادانی سعودیه‌ ده‌ركراوه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی 11 ی سێپته‌مبه‌ری پێ ببژێرن !!
دوای ئه‌وه‌ی سعودیه‌ له‌ عێراق و سوریا و یه‌مه‌ندا به‌ ئاراسته‌ی جه‌نگی تائیفیی له‌ دژی ئێران كاری كرد ، ئێران تا ئه‌م ساته‌ش سه‌ركه‌وتوو تر بووه‌و سعودیه‌ش سوننه‌ی له‌ هه‌موو ئه‌و جه‌نگانه‌دا كردۆته‌ قوربانیی و بۆ خۆیشی رۆژ له‌ دوای رۆژ ئابوورییه‌كه‌ی به‌ره‌و داڕووخان ده‌ڕوات ، به‌ تایبه‌تی شه‌ڕی یه‌مه‌ن قورساییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ دروستكردووه‌ .
وه‌كو به‌ پۆست و كۆمێنته‌كانی دوای كۆنگره‌ی سعودیه‌دا ده‌ركه‌وت ، دۆناڵد ترامپ له‌ پشتی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌نداوه‌وه‌ بوو ، كه‌ گه‌مارۆی قه‌ته‌ر درا ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وڵاتی دامه‌زراوه‌یه‌و سه‌رۆك ناتوانێت یاریی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵاته‌وه‌ بكات ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی رۆڵی گه‌مه‌كه‌ش بووبێت، كه‌ ترامپ پشتیوانی گه‌مارۆده‌ران بوو ، ماتیس و تێلرسۆن پشتیوانی قه‌ته‌ر بوون ، ده‌ركه‌وت ترامپ ویستبووی وه‌كو سعودیه‌ باجیش له‌ قه‌ته‌ر وه‌ربگرێت ، به‌ڵام قه‌ته‌ر ئه‌و باجه‌ی نه‌دابووه‌ سه‌رۆكه‌ سه‌رمایه‌داره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆیه‌ گه‌مارۆی خرایه‌سه‌ر !!
یه‌كه‌مین خاڵی خواسته‌ { 13 } خاڵیه‌كه‌ی وڵاتانی گه‌مارۆده‌ری قه‌ته‌ر بریتیی بوو له‌وه‌ی " قه‌ته‌ر به‌ فه‌رمیی نوێنه‌رایه‌تیی دیبلۆماسیی له‌گه‌ڵ ئێراندا دابه‌زێنێت و پاشكۆ فه‌رهه‌نگیه‌كانیش دابخات ، ئه‌ندامانی ســـــه‌ر به‌ ســــوپای پاســـــداران له‌ قه‌ته‌ر ده‌ربكرێن ، كورتكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هاوكاریی بازرگانیی له‌گه‌ڵ ئێراندا – به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ سزا ســـه‌پێنراوه‌كان به‌سه‌ر ئێراندا تێنه‌په‌ڕێنێت و ئاســــایشـــی كه‌نداوی عه‌ره‌بیی نه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ - هه‌روه‌ها هه‌ر جۆره‌ هاوكارییه‌كی ئه‌منیی و هه‌واڵگریی له‌گه‌ڵ ئێراندا بپچڕێندرێت " 2 .
كه‌چی دواتر ده‌ركه‌وت مه‌سه‌له‌كه‌ ئێران نیه‌ ، چونكه‌ ئیمارات ساڵانه‌ زیاتر له‌ { 20 } ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئێراندا بازرگانی ده‌كات و هه‌ر له‌ حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا بوو ، بڕی چوار ملیار و 150 ملیۆن دۆلاری بلۆك كراوی ئێران – به‌ پێی سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان – ی راده‌ستی بانكی ناوه‌ندیی ئێران كردۆته‌وه‌ ، هه‌ر له‌ دوای گه‌مارۆی قه‌ته‌ریش موغازه‌له‌ی سعودیه‌و ئێران ده‌ستی پێكرده‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تی سعودیه‌ به‌ هه‌موو مه‌رجه‌كانی ئێران رازیی بوو بۆ ناردنی حاجیه‌كان ، له‌وانه‌ قبوڵ كردنی 250 چاودێریی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ چاودێریكردنی حه‌جی ئه‌مساڵ و پاراستنی ئاسایشی حاجیه‌كانی و راسته‌وخۆش گوێزانه‌وه‌ی حاجیه‌كان له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ سعودیه‌ . دواتر بانگهێشتی موقته‌دا سه‌در بۆ سعودیه‌و ئیمارات و ئێستاش میسر روویه‌كی تری ئه‌و موغازه‌له‌یه‌ بوو .
دوای ئه‌وه‌ش له‌ژێر ناونیشانی دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ هه‌ژموونی ئێران ، سعودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌رمكرده‌وه‌ ، هاتوچۆكانی قاسم ئه‌عره‌جیی وه‌زیری ناوخۆی عێراق بۆ سعودیه‌و ئێران ، مه‌به‌سته‌كه‌ی زیاتر روون كرده‌وه‌ ، كه‌ سعودیه‌ داوای كردووه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ نێوان ریاز و تاراندا نێوه‌ندگیریی ئاشتیانه‌ ئه‌نجام بدات و هه‌ردوو وڵاتیش بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ڵوێستی گونجاویان نیشانداوه‌ . هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ئاراسته‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین – كه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌ گه‌مارۆده‌ران – سه‌ردانی به‌غدای كرد .
سعودیه‌ كاتێ بۆی ده‌ركه‌وت ترامپ به‌س به‌كاری هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باجی لێوه‌رگرێت و هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر به‌ ئێران ئاساییه‌و هیچی له‌ سه‌رده‌می ئۆباما نه‌گۆڕاوه‌ ، هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی " حه‌سه‌ن رۆحانی " كرده‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاشتیه‌ سارده‌ی ئۆباما ئاماژه‌ی پێدابوو بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نێوان ریاز و تاران ، به‌ تایبه‌تیی له‌ دوای شكستی سیاسه‌ته‌كانی سعودیه‌ له‌ عێراق و سوریاو یه‌مه‌ن و به‌رفراوانبوونی هێزی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا ، خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی سعودیه‌ كه‌ زۆرینه‌یه‌كی شیعه‌نشینی تێدایه‌ ، به‌ تایبه‌تیی ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ نائارامیی شاری عه‌وامیه‌ی گرتۆته‌وه‌و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش ئاماژه‌ به‌ پێشێلكاریی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سعودیه‌ ده‌كه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌دا ، بۆیه‌ سعودیه‌ پێویستی به‌ ئێرانه‌ تا گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا هێور بكاته‌وه‌ .
هه‌روه‌ها له‌ دوای ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ مزگه‌وتی ئه‌قسا روویدا و پاشه‌كشه‌ی به‌ ناتانیاهۆ كرد ، بۆی ده‌ركه‌وت نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل شتێكی ساناو ساكار نیه‌ ، كه‌ پارســــاڵ به‌ ناردنی لیوا روكن " ئه‌نوه‌ر ماجد عیشقیی " ســــه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی پێشووی ســـــعودیه‌ له‌گه‌ڵ شـــاندێكی 40 كه‌سیی بۆ ته‌لئه‌بیب و له‌وێوه‌ داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ریازو ته‌لئه‌بیب بكه‌ن ، هه‌روا به‌و ساده‌ییه‌ ئه‌نجام نادرێت ، سعودیه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌روه‌كو كوه‌یت و عومانی له‌ ده‌ست ده‌رچووه‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێراندا باشه‌ ، هه‌رواش قه‌ته‌ری له‌ خۆی دوور خســــته‌وه‌ ، بۆیه‌ نزیك كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئێران – ئه‌گه‌ر بۆ نزیك مه‌وداش بێت – به‌ هیوایه‌ك ده‌زانێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسیی و ئه‌منیی و ئابوورییه‌كانی ، به‌ تایبه‌تی موحه‌مه‌د كوڕی سه‌لمان به‌رنامه‌یه‌كی به‌رزه‌فڕی ئابووریی داڕشتووه‌ بۆ ساڵی 2030 كه‌ تیایدا سعودیه‌ چیتر پشت به‌ فرۆشتنی نه‌وت نه‌به‌ستێت و ببێته‌ وڵاتێكی پیشه‌سازی . كه‌واته‌ دواجار ســــعودیه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سیاســــه‌تی پراگماتیی و خۆ گونجاندنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی ســــاده‌ گرفته‌ مه‌زهه‌بیه‌كانی زه‌قده‌كرده‌وه‌ ، كه‌ گوایه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌رگریی له‌ مه‌زهه‌بی سوننه‌ ده‌كات و وه‌كو بن سه‌لمان رایده‌گه‌یاند ئه‌وان ناتوانن له‌گه‌ڵ وڵاتێكدا بژین كه‌ ده‌یه‌وێت مه‌زهه‌بی شــــــیعه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بچه‌ســــپێنێت !!
جا ئێستا سیناریۆی وڵاتانی گه‌مارۆده‌ر باشتر روون بووه‌وه‌ ، كه‌ مه‌به‌ست له‌ گه‌مارۆكه‌یاندا – كه‌ له‌ یه‌كه‌مین خاڵی خواسته‌كانیاندا هاتبوو – په‌یوه‌ندیی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌بووه‌ ، سعودیه‌و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر له‌م گه‌مارۆیه‌دا ئامانجیان بێده‌نگ كردنی هه‌ر ده‌نگێكه‌ كه‌ به‌ دیكتاتۆران بڵێت نه‌خێر . هه‌روه‌كو ده‌ركه‌وت خۆرئاواو ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیل هه‌موو كۆك بوون له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دیكتاتۆران و رێگه‌نه‌دان به‌ سه‌ركه‌وتنی خواستی گه‌لان بۆ ئازادیی و دیموكراسیی له‌م ناوچه‌یه‌دا ، هه‌روه‌كو بێرنارد هێنری لیڤی زایۆنی ده‌ڵێت " گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ شایسته‌ی دیموكراسیی نین " 3 ، هه‌روه‌ها جیهانی كاپیتالیستیی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگی نه‌خێر به‌ هه‌ژموونی ترسناكی سه‌رمایه‌داریی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بخنكێنن ، هه‌روه‌كو " یوسف عوته‌یبه‌ " ی باڵیۆزی ئیمارات له‌ واشنتۆن به‌ میدیای ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند كه‌ " وڵاتانی گه‌مارۆده‌ر كێشه‌ی فه‌لسه‌فییان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌یه‌ ، ئه‌مان ده‌یانه‌وێت تا { 10 – 15 } ساڵی تر عه‌لمانیه‌ت له‌و وڵاتانه‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بچه‌سپێت و قه‌ته‌ریش ده‌یه‌وێت ئیخوان و ئیسلامی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدار بێت ، واته‌ دوو گۆشه‌نیگای جیاواز بۆ داهاتووی ناوچه‌كه‌ " ، واته‌ كێشه‌ی وڵاتانی گه‌مارۆده‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادیی و شوناسی ئیسلامه‌تی ناوچه‌كه‌یه‌ ، نه‌ك په‌یوه‌ندیی ئێران و قه‌ته‌ر ، وه‌كو ئێستا ماراسۆنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ؛ له‌ نێوان وڵاتانی گه‌مارۆده‌ر و ئێراندا ده‌ستی پێكردووه‌و هیچ زیانێكیشی بۆ عه‌قیده‌ی موفتی سعودیه‌ و ئالی سعود نیه‌ ، كه‌ پێشتر عه‌قیده‌ی ئیخوان موسلمینی به‌ به‌تاڵ و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ناو ده‌برد !!
-----------
په‌راوێـــــــز :
1. . دیمانه‌ی باراك ئۆباما له‌گه‌ڵ گۆڤاری { THE ATLANTIC } له‌ رۆژی 13 / 3 / 2016 دا ، كه‌ باسی ستراتیژی داهاتووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و { 36 } لاپه‌ڕه‌ی گۆڤاره‌كه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه‌ .
2. . بڕوانه‌ ته‌واوی خواسته‌كان له‌ژێر ناونیشانی { هذه هي قائمة المطالب الكاملة للدول الأربع من قطر } ، لندن – عربي 21 ، الجمعة 23 يونيو 2017 .
3. . بۆ دیتنی ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی { بێرنارد هێنری لیڤی } ده‌توانن ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ی یوتیوب ببینن : برنار هنري ليفي وليڤني كما فعلنا في الجزائر إذا وصل الإسلاميين للسلطة سننزعها منهم .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌