ژانی دیالۆگی ئێران و ئه‌مه‌ریكا

وتار/ 02/08/2018 678 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

 ژانی دیالۆگی ئێران و ئه‌مه‌ریكا
شــوان هه‌ورامی
هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌رمانده‌كانی ســـوپای پاســــدارانی كۆماری ئیســــلامیی ئێران ، به‌ تایبه‌تی " ژه‌نڕاڵ قاسم سوله‌یمانی "دا كه‌ رایگه‌یاند ده‌بێ ترامپ بزانێت هه‌موو پێگه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ژێر مه‌ودای مووشه‌كه‌ بالستییه‌كانی ئێراندایه‌ و هه‌ر كاتێ بڕیار بدرێت ده‌كرێنه‌ ئامانج ، وه‌كو نموونه‌یه‌كی كرده‌یی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌ گه‌رووی " بابولمه‌نده‌ب " له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ دوو كه‌شتی ئیمارات و سعودیه‌ كرانه‌ ئامانج و كه‌شتیه‌كه‌ی سعودیه‌ راسته‌وخۆ به‌ركه‌وت و سوتێنرا ، تا ئێستا ئیمارات له‌و بابه‌ته‌ بێده‌نگه‌ ، به‌ڵام سعودیه‌ رایگه‌یاند چیتر له‌ گه‌رووی " بابولمه‌نده‌ب "ه‌وه‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كان ناكات . حوسییه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ به‌نده‌ره‌ نه‌وتیی و بازرگانییه‌كانی وڵاتانی میحوه‌ری عه‌ره‌بیی ( به‌ تایبه‌ت سعودیه‌ و ئیمارات ) له‌ مه‌ودای مووشه‌كه‌كانیاندایه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌كرێنه‌ ئامانج .
له‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كلایه‌نه‌ی رێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی " 5 + 1 " له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ، لێدوانی تووندی ترامپ و پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن به‌رانبه‌ر به‌ ئێران ده‌ستی پێ كرد ، له‌ به‌رانبه‌ریشدا وه‌ڵامی به‌رپرسانی ئێرانیی دۆخه‌ میدیاییه‌كه‌ی زیاتر گه‌رم كرد .
ترامپ له‌ دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی " فۆكس نیوز " دا رایگه‌یاند : ئێران گۆڕاوه‌ ، ئێران چیتر ئه‌و وڵاته‌ی پێشوو نیه‌ . به‌ڵام روونیی نه‌كرده‌وه‌ كه‌ گۆڕانی ئێران له‌ كوێدایه‌و چۆن ئه‌و وڵاته‌ی پێشووش نیه‌ ؟!
پێده‌چێت " ترامپ " قسه‌ی بۆ رای گشتیی وڵاته‌كه‌ی كردبێت ، كه‌ له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت و ترامپ و كۆمارییه‌كان ده‌یانه‌وێت خۆیان وا نیشان بده‌ن كه‌ به‌هێزن ، ترامپ ده‌یه‌وێت خۆی وه‌كو سه‌رۆكێكی به‌هێز و جیا له‌ سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی نیشان بدات كه‌ توانیویه‌تی ئێران ملكه‌چی سیاسه‌ته‌كانی بكات ، ته‌نانه‌ت ده‌یه‌وێت نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌وروپاییه‌كانیش بكات كه‌ به‌بێ ئه‌وان و به‌ ده‌رچوون له‌ رێكه‌وتنامه‌كه‌ رێگه‌ی بۆ رێكه‌وتنێكی تر هه‌موار كردووه‌ !!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستییه‌ تا ئێستاش سیاسه‌تی ئێران له‌ عێراق و سووریا و لوبنان و یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه‌ ، هێزه‌كانی ئێران له‌ شه‌ڕی ده‌رعا له‌ باشووری سووریا به‌شدار بوون ، له‌ كاتێكدا ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر چاودێریی ئه‌مه‌ریكاییه‌كاندا بوو ، به‌ ناوچه‌ی هێوركردنه‌وه‌ ناسرابوو ، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورموز ده‌كه‌ن ، هاوكات له‌ گه‌رووی بابولمه‌نده‌ب هێزی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جگه‌ له‌ تویته‌كانی ترامپ له‌ تویته‌ردا هیچ لێدوان و په‌رچه‌كردارێكی سه‌ربازیی نابینرێت .
هاوپه‌یمانه‌ ناوچه‌ییه‌كانی ترامپ ( ئیسرائیل ، سعودیه‌ و ئیمارات ) لێدانی ئێران و پارچه‌ پارچه‌ كردنی به‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانن ، لۆبیه‌كانیشیان له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌مان گوشار بۆ سه‌ر ئیداره‌ی ترامپ درووست ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ترامپ – وه‌كو بازرگانێكی سه‌وداگه‌ر – ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌ دیالۆگ له‌ نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئێراندا كۆتایی پێ بهێنرێت ، به‌ڵام سعودیی و ئیماراتیه‌كان به‌ پشتیوانیی ئیسرائیل ، چۆن وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بییان خه‌ڵتانی خوێن و پارچه‌ پارچه‌ كرد ، بۆ ئێرانیش هه‌مان خه‌ونیان هه‌یه‌ ، بۆیه‌ دواجار به‌ دیالۆگی نێوان ترامپ و ئێرانییه‌كان ئه‌گه‌ری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن له‌لایه‌ك و ترامپ له‌لایه‌كی تری هه‌یه‌ ، چونكه‌ ترامپ نایه‌وێت خۆی بخاته‌ ناو زه‌لكاوێكی زۆر خراپتر له‌ عێراق و ئه‌فغانستان ، به‌ تایبه‌تی قه‌یرانی نێوان ئه‌فغانستان و عێراق و سوریاش به‌ قه‌یرانی ئێران وه‌كو رایه‌ڵه‌یه‌ك به‌ یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ ، كه‌ مه‌حاڵه‌ كۆنترۆڵ بكرێت ، بۆیه‌ وته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند " مه‌به‌ست له‌ گوشار بۆ سه‌ر ئێران ملكه‌چ كردنیه‌تی بۆ گفتوگۆ ، نه‌ك گۆڕینی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ، چونكه‌ ئه‌وه‌ بڕیاری خه‌ڵكی ئێرانه‌ نه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا " ، رای گشتیی له‌ ئه‌مه‌ریكا هیچ به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ئێران له‌ سووریا و لوبنان هه‌بێت یا نه‌ ، ئه‌وه‌ لۆبی ئیسرائیله‌ داوای بێهێزكردنی هه‌ژموونی ئێران له‌ سووریا ده‌كات . هه‌ر بۆیه‌ پۆمپیۆ و بۆڵتۆن و نیكی هایلی كه‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگن فه‌رمانیان راسته‌وخۆ له‌ لۆبیی لایه‌نگری ئیسرائیله‌وه‌ وه‌رده‌گرن ، خوازیاری جه‌نگن نه‌ك گفتوگۆ .
فائیزه‌ی هاشمی ره‌فسه‌نجانی رۆژی 16 / 7 / 2018 له‌ دیمانه‌ی رۆژنامه‌ی " فاینه‌نشاڵ تایمز " به‌ ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی ئێران ، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی " له‌ ماوه‌ی چل ساڵی رابردوودا نه‌یتوانیووه‌ چاكسازیی ناوخۆیی بكات " ، له‌باره‌ی پێویستیی گفتوگۆشه‌وه‌ رایگه‌یاند " دیالۆگێك كه‌ ده‌بوو ئه‌نجام بدرێت ، ئێستا له‌وانه‌یه‌ له‌ژێر گوشاری زیاتردا ئه‌نجام بدرێت " ، ئه‌و به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێران جگه‌ له‌ گفتوگۆ رێگه‌یه‌كی تری له‌به‌رده‌مدا نییه‌ ، وتی : " ئێمه‌ نابێ به‌ هه‌ڵچوونه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكه‌ین ، ده‌بێ هه‌رچی زووتره‌ بكه‌وینه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا ، به‌ر له‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ببێت ، چونكه‌ ئێمه‌ شتێكی تری جێگره‌وه‌ی دیالۆگمان نیه‌ " ، ئه‌و له‌باره‌ی دۆخی وڵاته‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ " قه‌یران گه‌یشتووته‌ لوتكه‌ " بۆیه‌ به‌ پێویســــتی زانی دیالۆگ ده‌ست پێ بكات و نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ زلهێزێكی جیهانییدا به‌ زیانی ئێرانی له‌قه‌ڵه‌م دا .
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا چه‌ندین جار له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی فائیزه‌ی هاشمی ره‌وانه‌ی زیندان كراوه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كچی هاشمی ره‌فسه‌نجانیی و كه‌سایه‌تیه‌كی نزیكه‌ له‌ حه‌سه‌نی رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران ، ئاگاداری سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تیی و له‌وانه‌یه‌ وته‌كانی مه‌سجێك بێت بۆ هێور كردنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا و زه‌مینه‌ خۆش كردن بۆ دیالۆگێكی نزیك .
وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێدرا ، سه‌ره‌ڕای گوشاری لۆبیه‌كانی لایه‌نگری ئیسرائیل و سعودیه‌و ئیمارات له‌ ئه‌مه‌ریكا ، پێده‌چێت ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی ترامپ و رۆحانیی و فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران و رووداوه‌كانی بابولمه‌نده‌ب ، هه‌مان سیناریۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی ترامپ و كیم جۆنگ ئوون بێت كه‌ گفتوگۆی لوتكه‌ی ترامپ - ئوونی لێكه‌وته‌وه‌و كۆریای باكوور ئاماده‌یی نیشاندا بۆ له‌ناوبردنی چه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ، لێره‌شدا ترامپ ده‌یه‌وێت بڵێت به‌ زۆر ئێرانی ملكه‌چ كردووه‌ به‌ دیالۆگ و ئێرانییه‌كانییش به‌ رای گشتیی بڵێن ئێمه‌ش له‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ چووینه‌ ناو گفتوگۆوه‌ !!
پێشبینیی ده‌كرێت ئه‌م دۆخه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی میدیایی زۆر نه‌خایه‌نێت و له‌ مانگی ئه‌یلوول و له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ، دیالۆگی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێ بكات ، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترامپ ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو سه‌ركه‌وتنی خۆی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی كۆنگرێس به‌كاری بهێنێت ، به‌ڵام ئێرانییه‌كانییش له‌لایه‌ك نه‌فه‌سیان بۆ گفتوگۆ درێژه‌ و ئه‌و باجه‌ ناده‌نه‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ ده‌یخوازێت ، به‌ڵام به‌وه‌ ده‌توانن دۆخه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تیی بۆ گفتوگۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ش – هه‌روه‌كو رێكه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمیی – پشتیوانیی ئه‌وروپا و رووسیاو چین و وڵاتانی تریش به‌ ده‌ست ده‌هێنن .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌