١٢ گەوهەر بۆ بەختەوەری لە ژیانی هاوسەرگیریدا!

هەواڵی / 7/8/2021 5034 جار بینراوە

١٢ گەوهەر بۆ بەختەوەری لە ژیانی هاوسەرگیریدا!
د.جەعفەر عومەر
ئەو خاڵانەی هەموومان پێویستمانە...
لاواندنەوەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ڤیدیۆی یادکردنەوەکان، قسەی باق و بریقی عیشق و خۆشەویستی ناو خەڵک، ... هیچیان نیشانەی بەختەوەری نین، بەڵکو لە پشتی ئەوانەوە زۆرجار کێشە و گرفتی گەورە هەن، نەکەی چاو لەو کەسانە بکەیت! بە بڕوای ئێمە ئەم ستراتیجانە هۆکارن بۆ بەختەوەری و دروستبوونی خۆشەوسیتی نێوان هاوسەران؛
1. ڕێزی دوولایەنە: ڕیزگرتنی هاوسەران بۆ یەکتری و ڕیزگرتن لە کەسوکاری یەکتر! هەوڵدان بۆ پاراستنی سنوری ڕێز و خۆپاراستن لە هەر شتێک سەردەکێشێت بۆ بێڕێزیکردن وەکو قسەی نەشیاو و شکاندنەوە و سوکایەتی.
2. هاوکاری نێوانیان: هاوکاری یەکتری کردن لە کاتی پێویستیدا، لەکاتی ناخۆشی و نەخۆشی. بوونە پشتیوانی هاوسەر، بەشیوەیەک لە هەموو کەسانی تر زیاتر پشت بە یەکتر ببەستن!
3.  چاوپۆشی و لێبوردەیی لە یەکتری: هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، مرۆڤی ژیر ئەو کەسەیە لێبوردەبێت لەبەرانبەر ئەوانی تر. بەتایبەت ئەو کەسەی کە زۆر تایبەتە لە لات!
4. پەیوەندی بەهێز لەگەڵ خزمان: لەگەڵ هەردوولا بەشێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵە بکرێت. سەردانیکردن، بەدەمەوەبوونی خۆشی و ناخۆشی، هاوکاری لەکاتی پێویست، هەتا دەگاتە لۆمەنەکردن و سەرزەنشتنەکردن لەلای هاوسەر!
5. ڕێگەنەدان بە  کەسی سێیەم کە دەستوەربداتە ژیانیان: ڕێگە مەدە هیچ کەسێک بێتە بەینی خۆت و هاوسەرتەوە، هەرگیز نە بە قسە و نە بە ڕەفتارەکانیان نەکەیت بەینی خۆت و هاوسەرت تێکبدەیت! ئەوان هێدندەی تۆ بە ژیانت و هاوسەرت ئاشنا نین، تەنانەت دایبابیشت!
6. گەشەدان بە خاڵە ئەرێنی و جوانەکانی یەکتری: پێویستە هەمیشە ئەو خاڵەی جوانانەی لە هاوسەردا هەیە  لە زیهن و تێڕوانینی بەرانبەردا بیهێڵەوە و بیری خۆی بخاتەوە و هاوسەرەکەی پێبناسێتەوە. ئەو کاتە خاڵە نەرێنی و خراپەکان لە مشێکت دەچنە دەرەوە و جوانییەکانی کەسەکەت دەبینیت!
7. گەشت و گەڕان و چێژوەرگرتن: نابێت منداڵ، نەخۆشی، مەژغوڵی،... ببنە هۆی نەچونە گەشت و گەڕان و چێژوەرگرتن لە ژیانی هاوسەران. تەنانەت هەوڵبدە بەبێ هاوسەرەکەت چێژ وەرمەگرە و مەچۆرە گەشت و گەڕان!
8. یادی ڕۆژە تایبەتەکانی ژیانتان بکەنەوە: ئەو ڕۆژانەی لە ژیانی هاوسەراندا تایبەت و خۆشن وەکو ڕۆژی هاوسەرگیری، لەدایکبوونی منداڵ، ... هەمیشە یادیان بکەنەوە. نەکەیت ڕۆژی یەکترناسینت لەگەڵ هاوسەرت بیربچێت!
9. دیاری بەخشین بە یەکتری: لە بوونی بۆنە و نەبوونیدا دەبێت هەمیشە دیاری و خەڵات هەبێت ۆ هاوسەر. دیاری مەرج نییە نرخی ماددی زۆربێت، خودی دیارییەکە بۆخۆی گەورەترین دیارییە!
10. کراوەیی و نەبوونی نهێنی: دەبێت هەمیشە هاوسەران بە هەموو شتێکی ژیانی یەکتری بزانن و هەرگیز هیچ لەیەکتر نەشارنەوە، خۆتان بپارێزن لە بوونی نهێنی. غیرەکردن ژیان دەکاتە جەهەنەم و هۆکارێکیشی شاردنەوەی ڕاستییەکانە!
11. پەیوەندی سێکسی بەهێز: یەکێک لە کردە گرنگەکانی ژیانی هاوسەران بریتییە لە کردەی سێکسی نێوان هەردوو هاوسەر، ئەم کردەیە پێویستە چێژی تێدابێت بۆ هەردوولا، جگە لە چێژەکە ببێتە هۆی دروستبوونی پەیوەستی زیاتر!
12. پێکەوەبوونی زیاتری هاوسەران؛ هەتا کاتی زیاتر بدەنە یەکتر و لەگەڵ یەکتر زۆرتر بمێننەوە هێندە خۆشەویستی لە نێوانیاندا زیاتر دەبێت. ئەمەش لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی خاڵەکانی سەرەوە دەبێت، ئەگەرنا پێچەوانەکەی ڕوودەدات.
لە کۆتاییدا گرنگە کە بزانین: هەردوو هاوسەر (ژن و پیاو) بەرپرسن لە ژیانی هاوسەرییان، هەردووکیان بە شێوەیەکی یەکسان بەشدارن و بەرپرسن لە لایەنی دارایی، پەروەردەیی، کاری ماڵەوە، کۆمەڵایەتی، ... ، بەڵام ڕێژەکەی دەگۆڕێت لەنێوان خێزانە جیاوازەکاندا، ئەوەی لەسەر هاوسەران پێویستە دەبێت هەردوولا بەشداربن لە بەختەوەری خێزاندا!

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌