كورد له‌به‌رده‌م گه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكادا !! به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م
وتار/
13/08/2017
626 جار بینراوە
شوان هه‌ورامی
كورد له‌به‌رده‌م گه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكادا !!
شوان هه‌ورامی
( 1 - 2 )
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به كورد ده‌یكات
، هه‌مان گه‌مه‌ی ئینگلیزه كه له كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیی و له بیسته‌كانی
سه‌ده‌ی رابردوودا له باشووری كوردستان كردی ، له‌سه‌ره‌تادا ویستی حكومه‌تێكی نۆكه‌رو
پاشكۆی خۆی له به‌شێكی ئێستای هه‌رێمی كوردستان – سلێمانی و ده‌وروبه‌ری – دروست
بكات به ده‌سه‌ڵاتدارێتی شێخ مه‌حموودی حه‌فید ، به‌ڵام كاتێ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی شێخ
مه‌حموود نۆكه‌رایه‌تیی ناكات و ده‌یه‌وێت خه‌ونی گه‌له‌كه‌ی بهێنێته‌دیی و ده‌وڵه‌تێكی
نه‌ته‌وه‌یی به كه‌ركوكیشه‌وه دروست بكات ، یه‌كه یه‌كه سه‌رۆك هۆزه‌كانیان
كرده دووژمنی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان كورتكرده‌وه له شاری سلێمانیدا‌و له‌دوای ئه‌وه‌ش
هێرشیان كرده سه‌ری و ئه‌و خه‌ونه‌یان له‌ناو برد ، بۆ خۆشیان له كۆمه‌ڵی گه‌لاندا
كوردیان به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه ئاماده‌یی و شایسته‌یی ئه‌وه‌یان نیه بتوانن
ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی و پێویسته له‌ژێر چاودێریی عێراقدابن 1 .
زۆر جار جه‌ماوه‌ری كوردستان به گشتیی و سیاسه‌تمه‌دارانی
به تایبه‌تیی ، ئه‌و راستیه‌یان به‌گوێدا دراوه كه خۆرئاوای سه‌رمایه‌داریی و
زلهێزانی جیهان دۆستی گه‌لان و وڵاتانی جیهان نین ، به‌ڵكو دۆستی هه‌میشه‌یی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
خۆیانن ، بۆیه هه‌موو گه‌لان و وڵاتانی تر له قۆناغه جیاجیاكاندا ده‌كه‌نه
قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ، شای ئێران پۆلیسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆرئاوابوو
له‌ناوچه‌ی كه‌نداوی فارس‌دا ، به‌ڵام كاتێ ده‌ستیدایه به‌رنامه به‌رزه‌فڕه‌كانی
و ده‌یه‌ویست ئه‌وه نه‌كات كه نۆكه‌ران و پاشكۆیانی خۆرئاوا پێویسته بیكه‌ن ،
له ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌و وڵاته ئارامه‌ی كه له ناوچه‌یه‌كی پڕ له كێشه‌و
گرفتدا بوو – به وته‌ی سه‌رۆك جیمی كارته‌ر – بووه ئه‌و وڵاته‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینی
گه‌وره تیایدا سه‌ری هه‌ڵداو ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له خۆرئاواوه به سه‌ركه‌وتوانه
گه‌ڕایه‌وه تارانی پایته‌ختی وڵات .
مه‌خابن خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد بۆ سیاسه‌تی
وڵاتانی كاپیتالیســـتیی خۆرئاوا زۆر ساده بووه ، ئه‌وان به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
خۆیان ره‌فتاریان كردووه ، كوردیش به پێی هاوكێشه‌ی ئه‌خلاقیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ
ئه‌واندا كردووه ، بۆ نمونه له كاتێكدا هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كێكی
داگیركردنی عێراقدا هه‌موو پشكی خۆیان وه‌رگرتووه ، دوو پارته‌كه‌ی كوردستان –
پارتی و یه‌كێتی – پێیان وابوو ماده‌م ئه‌مان به‌بێ مه‌رج و دڵسۆزانه پشتیوانیی
له ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن ، هه‌رگیز ئه‌مه‌ریكا ئه‌م جوامێرییه‌ی ئه‌وانی له‌بیر ناچێته‌وه‌و
به‌بێ داواكردنی ؛ گشت مافه‌كانی كورد دابین ده‌كات ، كه‌چی دیتمان له " راپۆرتی
گروپی دیراسه‌كردنی عێراق ( بیكه‌ر – هامیلتۆن ) " دا ، ته‌نانه‌ت به‌ڕه‌وایان
نه‌بینی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ بكرێت و داوای دواخستنی ریفراندۆمی
كه‌ركوك ده‌كات چونكه ئه‌و شاره‌یان به به‌رمیلی بارووت چواند 2 ، ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌دارانی
كورد به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان بۆ گه‌شتی سیاسه‌تمه‌دارانی خۆرئاوا بۆ هه‌ولێر –
له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش - و په‌سنی به‌رده‌وامیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه ؛ كه به
وته‌ی ئه‌وان " هێزێكی قاره‌مانه " زۆر زوو له‌بیریان چووه‌وه كه ئه‌وان
بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیاكانی وزه‌یان ( ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆن و تۆتاڵ و ... )
سابوون له‌ژێر پێی كورد ده‌ده‌ن ، نه‌ك سیسه‌تیان به‌رانبه‌ر كورد گۆڕدرابێت و بڕوایان
به مافی چاره‌نووسی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌بێت ، هه‌روه‌كو دیتمان كۆشكی سپی ئه‌و
هه‌موو گوشاره‌ی خسته سه‌ر كورد بۆ به‌شداریی له حكومه‌ته‌كه‌ی "حه‌یده‌ر
عه‌بادی "دا ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرۆتۆكۆلێك په‌یوه‌ندیی كورد و حكومه‌تی ناوه‌ندیی
رێك بخاته‌وه‌و زه‌مانه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ئارادا بێت ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی
نێوان به‌غداو هه‌ولێر !!
به‌ڵگه‌نامه نوێیه‌كه‌ی CIA
گه‌رچی هه‌ر له سه‌ره‌تای جه‌نگی داعشه‌وه ده‌زانرا ؛
ئه‌و هه‌موو پیاهه‌ڵدانه‌ی خۆرئاوا به پێشمه‌رگه‌و مه‌سعود بارزانی و پارته‌كه‌یدا
؛ بابه‌تێكی كاتیه‌و به ته‌واوبوونی جه‌نگه‌كه هاوكێشه‌كان ده‌چنه‌وه شوێنی
جارانیان و بگره دۆخی كورد خراپتریش ده‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ركردایه‌تی
كورده ؛ كه به سانایی به قسه‌ی شیرین و زرق و برقدار مه‌ست ده‌بێت و رابردووی
له‌بیر ده‌كات .
كورته‌ی راپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ( CIA ) كه گۆڤاری نیوزویك ( Newsweek ) له رۆژی 28 / 7 / 2017 دا بڵاوی
كردۆته‌وه به‌م شێوه‌یه :
ژه‌نڕاڵ مانۆێل نۆریێگا پیاوی موخابه‌راتی ئه‌مه‌ریكا
بوو ، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا كه بووه دیكتاتۆری وڵاتی { پاناما } ش ، به‌ڵام
كاتێ له هێڵی ئه‌و ده‌زگایه ده‌رچوو ، كرایه ئامانج . به هه‌مان شێوه‌ش ماوه‌یه‌ك
گوڵبه‌دین حیكمه‌تیار ماوه‌یه‌ك به هاوكاریی CIA دژی سۆڤیه‌ت كاری كرد ، دوای ئه‌وه‌ی ترسیان لێی په‌یدا كرد ؛ كه‌وتنه
دژایه‌تی كردنی .
وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت خه‌ریكه CIA په‌شیمان ده‌بێته‌وه له‌و هاوكارییه‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كیه‌كانیدا
له كوردستانی عێراق كردوویه‌تی ، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی
پارتی دیموكراتی كوردستان كه له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ركابه‌ریدا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان
به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌پاندووه . هه‌ردوو پیاوه‌كه ( بارزانی و تاڵه‌بانی ) هاوشێوه‌ی
یه‌كن ، هه‌ریه‌كه‌یان كوڕه‌كانی له پله‌و پۆسته كارگێڕیی و ئه‌منیه سه‌ره‌كیه‌كاندا
داناوه ، بارزانی كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ( مه‌سروور ) ی كرده به‌رپرسی ده‌زگای ئه‌منی
و دواتریش كردیه راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی پاراستن و زانیاریی هه‌رێم . هه‌روه‌ها
تاڵه‌بانی كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ( پاڤێڵ )ی كرده به‌رپرسی ده‌زگای ئه‌منی حیزبه‌كه‌ی
، هه‌رچه‌نده تاڵه‌بانی كوڕه‌كه‌ی دوورخسته‌وه بۆ له‌نده‌ن ، به‌ڵام برازاكه‌ی هێزی
دژه تیرۆر به‌ڕێوه ده‌بات .
به‌ڵام بارزانی سه‌رۆكێكی خێڵه‌كییه‌و هه‌رگیز لێپرسینه‌وه
له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانیدا ناكات و به‌رزی كردوونه‌ته‌وه بۆ پله‌و پۆستی به‌رز ، چونكه
بڕوای وایه سه‌ركه‌وتوون و له قوتابخانه‌ی تایبه‌تی خۆیاندا خوێندوویانه .
زیندانه‌كان ئه‌شكه‌نجه‌یان تێدایه‌و دادگه‌كانیش ئازاد
نین ، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش ئاماژه به‌و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌و پێشێلكاریانه
ده‌كه‌ن .
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه : هه‌ست ده‌كرێت بۆ
مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت ناوی مه‌سرور گه‌وره ده‌كرێت ؛ له‌گه‌ڵ لۆگۆی دیموكراسیبووندا
.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه ، به‌ر له گرتنی
موسڵ CIA له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانیدا له
عێراق و ئه‌فغانستان و پاكستان‌دا هاوكاریی كردووه ، به‌ڵام له دوای ئاگاداربوونه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ داعشدا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵدا بڕیووه .
راپۆرته‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت له كاتێكدا مه‌سروور هاوپه‌یمانی
ئه‌مه‌ریكا بووه ، پێداویستی سه‌ربازیی ناردووه بۆ ناوچه‌یه‌كی نادیار له موسڵ
، به‌ر له‌وه‌ی موسڵ بكه‌وێته ده‌ستی داعش . هه‌روه‌ها بارزانی ویستوویه‌تی له‌گه‌ڵ
داعشدا بازرگانی بكات ، جیهان چاوپۆشی له‌وه كردووه ، به‌ڵام CIA چاوپۆشیی نه‌كردووه‌و له‌و كاته‌دا چاودێریی
كردووه .
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه په‌یوه‌ندیی ئیداره‌ی
ئه‌مه‌ریكا به مه‌سروور بارزانیه‌وه ؛ له داهاتوودا ده‌بێته هۆی شه‌رمه‌زاریی
بۆیان 3 .
--------------
په‌راوێـــــــز :
1 . بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌سه‌ر گه‌مه
ترسناكه‌كانی به‌ریتانیا به‌رانبه‌ر به‌كورد ، بڕوانه كتێبی " كورد له به‌ڵگه‌نامه‌كانی
به‌ریتانیدا " نوسینی د. عوسمان عه‌لی ، وه‌رگێڕانی : كامه‌ران جه‌مال بابان
زاده ، خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه ، هه‌ولێر 2013 . له نێوه‌رۆكی
هه‌مان سه‌رچاوه‌دا ئینگلیزه‌كان به‌رانبه‌ر به‌درخان پاشا و شێخ عوبه‌یدوللای نه‌هری
و شێخ ســــه‌عیدی پیران و قازی موحه‌مه‌دیش هه‌مان سیاســـــه‌تی په‌رتكه‌و زاڵبه‌یان
به‌كار هێناوه ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی له مێژینه‌ی كورد زینده‌به‌چاڵ بكه‌ن .
2 . بڕوانه راپۆرتی گروپی دیراسه‌كردنی عێراق
( بیكه‌ر – هامیلتۆن ) له بڵاوكراوه‌كانی خه‌ندان بۆ په‌خش و وه‌شاندن ، ساڵی
2007 ، ل 226 .
3. راپۆرته‌كه‌ی نیوزویك به ناونیشانی { IS THE CIA ABOUT TO DUMP A KEY KURDISH ALLY? THE SPOOKS ARE SPOOKED } له رۆژی 28 / 7 / 2017 دا بڵاو كراوه‌ته‌وه . ده‌توانن له پێگه‌ی
فه‌رمی گۆڤاره‌كه بیخوێننه‌وه .
كورد له‌به‌رده‌م گه‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكادا !!
شوان هه‌ورامی
( 2 - 2 )
هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته
هه‌روه‌كو نه‌ریتی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكاو زۆربه‌ی
ده‌زگا هاوشێوه خۆرئاواییه‌كانه ؛ كه له دوای تێپه‌ڕبوونی 30 ساڵ یا زیاتر ئه‌رشیفی
خۆیان بۆ توێژه‌ران ده‌خه‌نه‌ڕوو ، هۆی چیه ئه‌م ده‌زگایه ئه‌م راپۆرته‌ی خۆی
داوه‌ته گۆڤاری نیوزویك ، یا به گه‌مه‌یه‌كی خۆی دزه‌ی پێكردووه ؟ ئایا بۆچی له‌كاتی
خۆیدا CIA راسته‌وخۆ بارزانی كوڕ و
باوكی له‌و بابه‌ته ئاگادار نه‌كردۆته‌وه ؟ سێ ساڵ بێده‌نگیی له دۆسیه‌یه‌كی به‌و
ئاسته هه‌ستیار جێگه‌ی پرسیاره !!
له‌وانه‌یه وه‌ڵامه ساده‌كه‌ی ئه‌وه بێت كه پێشتر
ئاماژه‌مان پێدا ، كه ئه‌و ده‌زگایه (CIA ) نه‌یویستبێت له كاتی شه‌ڕی داعشدا گوشار بخاته سه‌ر بارزانی
چونكه پێویستیان پێی بوو ، هه‌روه‌كو برێت مه‌كگۆرك له كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه
كوردستانیه‌كاندا چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو " راسته كوردستان كێشه‌ی
یاسایی هه‌یه له ویلایه‌تی بارزانیدا ، به‌ڵام ئێمه پێویستمان به‌و هه‌یه و ده‌بێ
ئه‌وه بزانن " 4 ، كه‌واته له‌و كاته‌دا نه‌یانویستووه درز بكه‌وێته
هاوپه‌یمانێتی دژی داعش ، كه هێزی پێشمه‌رگه بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه
بوون و له‌سه‌ر زه‌ویدا بوونیان سه‌لماندبوو .
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه وه‌ڵامێكی گونجاو بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته
نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاوا به‌رانبه‌ر به بارزانی ( باوك و كوڕ ) ؛ ده‌بێ
ئاماژه به چه‌ند خاڵێك بده‌ین :
1. هه‌ر كاتێ ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت ئاراسته‌ی
بابه‌تێك له شوێنێكه‌وه بگۆڕێت بۆ شوێنێكی تر ، هه‌وڵ ده‌دات به‌و شێوه‌یه له‌مپه‌ر
دروست بكات كه‌رووداوه‌كان به‌و شێوه‌یه تێپه‌ڕن كه دواجار بۆ خۆی ده‌یه‌وێت ،
بۆ نمونه كاتێ نه‌یویست شۆڕشی گه‌لانی سوریا سه‌ربكه‌وێت ، به كرده‌وه رێگه‌ی
نه‌دا چه‌كی كاریگه‌ر بگاته شۆڕشگێڕان ، به تایبه‌تی دژه ئاسمانیی ، وه‌كو ئه‌وه‌ی
كه بۆ خۆی له ئه‌فغانستان كردی و سۆڤیه‌تی تێك‌شكاند ، دواجاریش ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كه‌ی
كرد‌و به بیانووی شه‌ڕی داعشه‌وه ، رێگه‌ی نه‌دا رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌وێت ،
چونكه ده‌یزانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی داهاتووی ئه‌و رژێمه ته‌وژمه به‌هێزه ئیسلامیه‌كه‌ی
ئه‌و وڵاته بوو. له كوردستانیش باسكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی تا ئێستاش له‌لای ئه‌مه‌ریكا
هێڵی سووره ، بۆیه دۆسیه‌ی مافی مرۆڤ و هاوكاریی داعش – كه ئه‌سڵ و بنه‌مای به‌ڵگه‌نامه‌ییان
هه‌یه - ده‌كاته كارتی گوشار ، ته‌نانه‌ت له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ده‌توانێت سه‌رنجی
جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ مرۆڤدۆستی خۆی رابكێشێت !!
2. له‌م كاته‌دا كه بارزانی پێویستی به پشتیوانیی
خۆرئاوایه بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ی ، ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت بۆ
ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆی هه‌رێمدا ركابه‌ری نه‌خێر بۆ ئه‌و گشتپرسیه دروست بكات ، سه‌رچاوه
تایبه‌ته‌كان ده‌ڵێن ؛ مه‌سروور بارزانی له دوا سه‌ردانیدا بۆ ئه‌مه‌ریكا ، هه‌موو
هه‌وڵی خۆی داوه بۆ ئه‌وه‌ی سیناتۆره كاریگه‌ره‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی پیران و
كۆنگرێس ببینێت ، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی له گشت‌پرسیی ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون ، كاریگه‌ر نین به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیاری
ئه‌و وڵاته‌دا ، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی شكستی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه ملیۆنه‌ها دۆلاری
به‌ناوی دروستكردنی لۆبیه‌وه بۆ خه‌رجكراوه ، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا له كاتێكدا
دۆناڵد ترامپ قه‌ده‌غه‌ی كردبوو ڤیزا بدرێته هاوڵاتی چه‌ند وڵاتێكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
– كه عێراق ئه‌و كاته یه‌كێك بوو له‌وانه - كه‌چی ڤیزا درایه شاسوار عه‌بدولواحید
و چه‌ندین سیناتۆر و كه‌سایه‌تی گرنگی ئه‌و وڵاته‌ی بینیی و گرنگیه‌كی زۆریش به
سه‌ردانه‌كه‌ی درا ، كه دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ده‌نگی نه‌خێر بۆ ریفراندۆمه‌كه
به‌هێز بكرێت و به‌و شێوه‌یه‌ش نیشان بدرێت ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی لێده‌كات . له
كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌موان به یه‌كدا بدات و بۆ خۆیشی ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كه
بكات و دواجار بڵێت بۆ خۆتان یه‌ك نین و قه‌یرانتان خوڵقاندووه ئێمه چۆن ده‌توانین
هاوكاریتان بكه‌ین ؟!
3. ئه‌مه‌ریكا چاك ده‌زانێت ؛ بارزانی به‌هۆی
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌وه بۆ شه‌ڕی داعش – كه ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌دا پێویستیی
پێی هه‌بوو – بێ منه‌تانه پشتیكرده لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان – ته‌نانه‌ت
هاوپه‌یمانه ستراتیژه‌كه‌شی – چونكه بڕوای وابوو ماده‌م ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی
داعشدا پێویستی به بارزانی هه‌یه ؛ نابێ ئه‌ویش له‌م هه‌له زێڕینه‌دا حساب بۆ هێزو
لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بكات . ده‌توانێت به به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه
په‌رله‌مان دابخات و سه‌مه‌ره‌یه‌كی نوێ له جیهاندا بخوڵقێنێت كه ئه‌و حكومه‌ته‌ی
له په‌رله‌مانه‌وه متمانه‌ی وه‌رگرتووه ؛ بمێنێته‌وه‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ش كه
كاری چاودێریی ئه‌و حكومه‌ته‌یه دابخرێت . لێره‌دا ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێت دۆخی پارتی
له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و جه‌ماوه‌ردا چۆنه ؛ له رووی جوگرافیه‌وه خۆرهه‌ڵاتی ئێرانه
كه دۆستی نیه ، خۆرهه‌ڵاتی یه‌كێتی و گۆڕان و زۆنی سه‌وزه ركابه‌ری مێژوویی ئه‌وه
، له باشووره‌وه حكومه‌تی عێراقی و شیعه‌كان به گشتیی نه‌یاری بارزانین ، له خۆرئاواشه‌وه PKK و باڵی سوریای ئه‌و پارته PYD نه‌یاری ئه‌و پارته‌ن و ئه‌مه‌ریكا
له‌م قۆناغه‌دا یارمه‌تیده‌ریانه ، ته‌نیا ده‌روازه‌و دۆستی پارتی حكومه‌تی توركیایه
، له‌م كاته‌شدا ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه خۆرئاواییه‌كانی ده‌یانه‌وێت له رووی
جوگرافیه‌وه توركیا له سوننه‌ی شام و عێراق دابڕن ، له سوریا به دیواری PYD و له عێراقیش به گوشار
خستنه سه‌ر پارتی ، كه ئه‌مه‌ش بۆ پارتی واته خۆكوشتن ، ئه‌مه نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
پارتی خۆشحاڵه به هاوپه‌یمانێتی AKPی پاشخان ئیسلامیی ، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر MHP و CHP ش له‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌ڵاتدار
بن ئه‌و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وڵاته ببێت . جا هه‌روه‌كو باراك ئۆباما به
" ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان " ی ده‌گوت " دیكتاتۆری بچووك " ،
ئێستا CIA ده‌یه‌وێت هه‌مان زاراوه
بۆ بارزانی به‌كار بهێنێت ، كه زه‌مینه‌ی گونجاویش هه‌یه بۆ قبوڵ كردنی ئه‌و له‌زگه‌یه
، چونكه به‌ڵگه‌كان به سانایی ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنن .
4. ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌م گه‌مه‌یه‌دا له
كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه‌و له به‌غدا جیاوازن ، ئێران له كوردستان كار ده‌كات بۆ
ئه‌وه‌ی ده‌نگی نه‌خێر سه‌ر بكه‌وێت ، چونكه هه‌ر خواستێكی سه‌ربه‌خۆیی له‌م هه‌رێمه‌دا
راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخی كورده‌كانی ئه‌و وڵاته ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر
ده‌نگی به‌ڵێ سه‌ربكه‌وێت ئه‌و ده‌نگه ده‌كاته كارتی گوشار بۆ سه‌ر عه‌بادی بۆ
لادانی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مالیكی ، چونكه به‌وه تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن كه له‌سه‌رده‌می
ئه‌ودا؛ پارچه‌یه‌ك له عێراق جیا ده‌بێته‌وه ، ئه‌مه له كاتێكدایه له سه‌رده‌می
مالیكی‌دا سێگۆشه‌ی سوننه كه‌وته ده‌ستی داعش و له‌سه‌رده‌می عه‌بادیدا گه‌ڕێندرایه‌وه
، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت به هێشتنه‌وه‌ی عه‌بادی ده‌ستی ئێران له عێراقدا
كورت بكاته‌وه ، جا بۆیه گشت‌پرسیی بۆ ئه‌و ویسته‌ی ئه‌مه‌ریكا زیانبه‌خشه و نایه‌وێت
به ئه‌نجام بگات .
5. گه‌رچی هۆشیار زێباری وه‌كو سه‌رۆكی لیژنه‌ی
گشت‌پرسیی چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه ، مه‌رج نیه كار به ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و
گشتپرسییه بكرێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگی به‌ڵێ سه‌ربكه‌وێت ، كاریگه‌ریی سیاسیی
و مه‌عنه‌ویی له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیاری خۆرئاواش ده‌بێت ، چونكه ئه‌وان هه‌ڵبژاردن
و ریفراندۆم به بنه‌مایه‌كی دیموكراسیی و ئاشتیانه‌ی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی بۆچوونه
جیاوازه‌كان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ، له‌و حاڵه‌دا دژایه‌تی كردنی ئه‌نجامه‌كان سه‌خت
ده‌بێت ، بۆیه ده‌یانه‌وێت هه‌ر له بناغه‌وه ئه‌نجام نه‌درێت ، بۆ ئه‌وه‌ی
تووشی ئه‌و ئیحراجییه نه‌بن .
له‌م كاته‌دا كه یه‌كێتی به ئاشكرا پشتیوانیی له
گشت‌پرسیی ده‌كات ، حكومه‌تی عه‌بادی یه‌كه‌ی نوێی سه‌ربازیی بۆ ده‌كاته‌وه ، كه‌واته
یا گشتپرسییه‌كه جدیی نیه و كاری پێناكرێت ، یا له‌دوای كار پێكردنیشی كوردستان
تووشی قه‌یرانی قوڵتر و دابه‌شبوونی سیاسیی ده‌بێته‌وه ، ئه‌مه‌ریكاش جگه له
شاسوار له هه‌وڵی دروستكردنی باڵێكی سێیه‌مدایه له ناو یه‌كێتیدا كه له‌گه‌ڵ
ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانیدا بۆ عێراقێكی یه‌كپارچه یه‌كبگرێته‌وه ، كه‌واته هه‌موو
ئه‌و ئاماژانه ده‌ری ده‌خه‌ن ئه‌مه‌ریكا هه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی كۆنی ئینگلیز ئه‌بده‌یت
ده‌كاته‌وه ، كه هه‌موو پارت و باڵه‌كانی كورد به یه‌كدا بدات و رێگه نه‌دات پێكه‌وه
له ستراتیژێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییدا كۆببنه‌وه‌و داوای مافی چاره‌نووسیان
بكه‌ن ، كه له‌مه‌شدا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش هاوكاری ته‌واوی ئه‌مه‌ریكاو خۆرئاوان !!
-----------
په‌راوێـــــز :
4. ئه‌مه وته‌ی یه‌كێك بوو له سیاسه‌تمه‌داران
كه له كۆبوونه‌وه‌ی پارته سیاسییه‌كانی كوردستاندا به‌شداریی كردبوو ، به‌ر له
كۆبوونه‌وه ناكامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ باسكردنی كێشه‌ی ویلایه‌تی
بارزانی .
نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی
-
شوان هه‌ورامی
14/03/2021
-
شوان هه‌ورامی
27/02/2021
-
شوان هه‌ورامی
02/08/2018
-
شوان هه‌ورامی
25/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
16/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
23/06/2018