زێباریی پێی له‌سه‌ر توێكڵه‌ مۆزه‌كانی "عوبه‌یدی "یه‌ !!

وتار/ 31/08/2016 740 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دوای ئه‌وه‌ی زێباریی بۆ لێپرسینه‌وه‌ی په‌رله‌مانیی بانگ كرایه‌ به‌رده‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ، نه‌یتوانی به‌ وه‌ڵامه‌كانی قه‌ناعه‌ت به‌ په‌رله‌مانتاران بكات ، بۆیه‌ ناوبراو هه‌روه‌كو وه‌زیری به‌رگریی لادراو (خالید عوبه‌یدی ) ده‌ستیكرده‌ هه‌ڕه‌شه‌كردنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی زۆر گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵیی ، كه‌ گوایه‌ دۆسیه‌ی وای له‌لایه‌ كه‌ تاكه‌ كه‌س هه‌یه‌ به‌ ته‌نیا " 6 " ملیار دۆلاری بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات .
پێش له‌وه‌ی هاوڵاتیان بپرسن ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌ ؟ رووی پرسیاریان ده‌كه‌نه‌ زێباریی و ده‌پرسن : خۆ تۆ ئه‌مینداری خه‌زێنه‌ی وڵات بوویت ، بۆچی تا بانگ نه‌كرایته‌ به‌رده‌می په‌رله‌مان باسی ئه‌و دۆسیانه‌ت نه‌هێنایه‌ گۆڕێ ؟ به‌ڵام كاتێ گه‌یشتیته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نوێنه‌رانی گه‌لی عێراق بڕوایان به‌ وه‌ڵامه‌كانت نیه‌ ، بۆ تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان – هه‌روه‌كو وه‌زیری پێشووی به‌رگریی – هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیی ده‌كه‌یت ؟ بۆچی تا ئێستا له‌ مافی گه‌لی عێراق بێده‌نگ بوویت كه‌ هه‌قێكی گشتیی بوو ؟ ئایا نه‌تبیستبوو " بێده‌نگ له‌ هه‌ق شه‌یتانی كه‌ڕولاڵه‌ " ؟!
گه‌رچی هه‌ندێ كوردی ده‌مارگیر – كه‌ كاك عومه‌ری عه‌نایه‌تی نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشیان تێدایه‌ - به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی پارێزگاریی له‌ پێگه‌ و سه‌نگی كورد ، بانگه‌شه‌ی پشتیوانیی له‌ زێباریی ده‌كه‌ن ، گوایه‌ ئه‌گه‌ر پشیوانیی له‌ زێباریی نه‌كرێت ، شكۆی ئه‌و له‌به‌رده‌می دووژمنانی كورددا ده‌شكێت ، پشتی بگرن با له‌به‌رده‌می نه‌یارانی كوردا زه‌لیل نه‌بێت ، گوایه‌ كورد له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر و ده‌بێ كار به‌و وته‌یه‌ بكرێت " أنصر أخاك ظالماَ أو مظلوماَ " ، ئه‌گه‌ر هۆشیار گه‌نده‌ڵیشه‌ با دووژمنان دڵمان پێخۆش نه‌كه‌ن .
ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرشی ناحه‌زانیان ، له‌پێش ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر دووژمن سه‌نگه‌ر لێ بده‌ن ناوخۆیان بژار ده‌كه‌ن ، نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ناوی پاراستنی یه‌كڕیزییه‌وه‌ گه‌نده‌ڵ و دز و پیاوخراپه‌كانیان بپارێزن ، كه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ن ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ پشتیوانه‌ی به‌هێزی جه‌ماوه‌ر داماڵن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یبینین ، به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌و خه‌ڵكه‌ په‌ڕگیره‌وه‌ ، كاتێ متمانه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڕاستیی له‌ هه‌ڵكێشانی كیاكه‌ڵه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكرێت و خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت بكه‌ن گه‌نده‌ڵكاران راده‌گیرێن و سزا ده‌درێن .
ده‌بێ كاك عومه‌ری عه‌نایه‌ت له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ داوای سه‌رخستنی برای گه‌نده‌ڵی بكات ، سه‌ره‌تا له‌ مانای فه‌رمووده‌كه‌ تێبگات ، نابێ نیوه‌ی فه‌رمووده‌كه‌ بهێنێ و نیوه‌كه‌ی تری بقرتێنێ ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌فه‌رموێت : انصر أخاك ظالماً أو مظلوماً، فقال: رجل يا رسول الله صلى الله عليه وسلم أنصره إذ كان مظلوماً، أفرأيت إذا كان ظالماً كيف أنصره؟! قال: تحجزه أو تمنعه من الظلم، فإن ذلك نصره.
براكه‌ت سه‌ربخه‌ سته‌مكار بێت یا سته‌م لێكراو ، پیاوێك گوتی ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا سه‌ری ده‌خه‌م كاتێ سته‌م لێكراوه‌ ، ئه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه‌ سته‌مكاره‌ چۆن سه‌ری بخه‌م ؟ فه‌رمووی : رایده‌گریی و ده‌ستی ده‌گریت له‌ سته‌مكاریی ، ئه‌وه‌ سه‌رخستنیه‌تی . ده‌بێ كاك عومه‌ری عه‌نایه‌ت بزانێت سه‌رخستنی زێباری ده‌ست گرتنیه‌تی له‌ سته‌مكاریی ، كه‌ نه‌ك هه‌ر خۆی به‌ڵكو ناوبانگی گه‌لی كوردیشی له‌كه‌دار كردووه‌ و ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بیش وازی لێ بهێنن ، نابێ كورد رێگه‌ بدات ناوبانگی كورد به‌ هۆی كه‌سێكی له‌كه‌داره‌وه‌ بزڕێ و ناشیرین بكرێت .
لایه‌نگرانی عوبه‌یدی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ( عه‌بادی ) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ ده‌یگووت : له‌ كاتی جه‌نگی داعشدا لێپرسینه‌وه‌ و لادانی وه‌زیری به‌رگریی ده‌بێته‌ هۆی بێهێزبوونی به‌ره‌ی جه‌نگمان دژی تیرۆر ، به‌ڵام لادانی وه‌زیری گه‌نده‌ڵی به‌رگریی هه‌نگاوێكی زۆر دروست بوو ، چونكه‌ جه‌نگ له‌ ژێر سێبه‌ر و فه‌رمانده‌یی گه‌نده‌ڵكاردا ئامانجی خۆی ناپێكێت ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ بوون كه‌ ده‌یان ملیار دۆلار چه‌كی پێشكه‌وتوویان له‌ سێگۆشه‌ی سوننیدا بۆ داعش به‌جێهێشت ، مانه‌وه‌شیان بۆ خۆی هێشتنه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی شكسته‌ تا ئێستاش ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ فه‌رمانده‌ی راسته‌قینه‌ی جه‌نگ نین و بازرگانیی به‌ خوێنی خه‌ڵكی عێراقه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ پله‌و پایه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یان بۆ داپۆشینی بانده‌ مافیاییه‌كانیان به‌كار ده‌هێنن و سوپا و كارگێڕییه‌كی بێ ئیراده‌ و گه‌نده‌ڵ دروست ده‌كه‌ن .
بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ به‌رگریی له‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی زێباریی ده‌كه‌ن ، گه‌ر نیه‌تیشیان خراپ نه‌بێت ، ئه‌وا پینه‌و په‌ڕۆی دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن ، كه‌ پینه‌و په‌ڕۆ دۆخی داڕزاو چاك ناكاته‌وه‌ ، به‌ڵكو زۆر خراپتری ده‌كات ، هه‌یسه‌م جبوریی ده‌ڵێت خۆم ئاگادارم كه‌ خه‌سره‌و گۆران هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كردووه‌ كه‌ ماڵیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ ، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ زێباری بده‌ن ، له‌ كوردستان ده‌ریان ده‌كه‌ن . مه‌خابن پارتی وا ده‌زانێت زمانه‌كه‌ی پردێ و دێگه‌ڵه‌ و ره‌چه‌ته‌كه‌ی ناو كوردستان بۆ هه‌موو حاڵه‌تێك گونجاوه‌ و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ هه‌ر كارێكی بوێت بۆی ده‌كرێت .
باشه‌ پارتی رۆژانه‌ گوێی جه‌ماوه‌ری كه‌ڕ كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ ریفراندۆم ساز بكرێت و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رابگه‌یه‌نرێت ، یا ده‌ڵێن ئێمه‌ هیچ شتێك نه‌ماوه‌ به‌ به‌غدامانه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ ، كه‌چی هه‌ر هه‌وڵێكی موسته‌حیل ده‌دات بۆ هێشتنه‌وه‌ی زێباریی له‌ پۆسته‌كه‌یدا ، باشه‌ ئه‌و پۆسته‌ی زێباریی له‌ به‌غدا چی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهێناوه‌ ؟ ته‌نانه‌ت عومه‌ری عه‌نایه‌ت ده‌ڵێت : ده‌ جار په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كردووه‌ و نامه‌شم بۆ ناردووه‌ ، وه‌ڵامی نه‌داومه‌ته‌وه‌ ، كه‌ داوای روونكردنه‌وه‌ی لێ بكه‌م بۆ ئه‌و دوو ملیاره‌ی بۆ بودجه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخان كراوه‌ له‌ بودجه‌ی 2016 عێراقدا ، باشه‌ وه‌زیرێك وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێكی كورد نه‌داوه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌ - ده‌بێ به‌ لۆژیكی عومه‌ری عه‌نایه‌ت - پشتیوانیی لێ بكرێت ؟
تكایه‌ با شكسته‌كانمان نه‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ناحه‌زانی كورد ، چونكه‌ بۆ خۆمان بنه‌ماو ماكی شكسته‌كانمان هه‌ڵگرتووه‌ ، ته‌نانه‌ت گۆڕانخوازه‌كانیش كه‌ خۆیان به‌ خۆیی دۆخه‌كه‌ ناو ده‌برد ، ئه‌وانیش بوونه‌ خوێی گه‌نیو ، ئه‌مانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌م لۆژیكه‌ گێلانه‌یه‌ به‌ره‌و كوێمان ببه‌ن ؟!!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌