بارزانی لەبەردەم ٤ ئەگەری شکست و ئەگەرێکی سەرکەوتندا .
وتار/
22/06/2017
1906 جار بینراوە
سیروان کاکی
بارزانی لەبەردەم ٤ ئەگەری شکست و ئەگەرێکی سەرکەوتندا .
ڕیفراندۆم و دروست بونی دەوڵەتی کوردی خەونی لە مێژینەی هەموو تاکێکی کوردە لەهەر ٤ پارچەی کوردستان ، بەڵام ئەم خەونە کارێکی هەروائاسان نیە و بە بێ زەمینە سازی لە روی ئابوری و دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و سەربازی و ڕێك کەوتن لەگەڵ ناوەند و وڵاتانی دراوسێ نەك نایەتەدی بەڵکو لەوانەیە ئەوەی کە هەشمانە لەگۆڕ بنرێت ، من بەش بەحاڵی خۆم تاڕادەیەکی زۆر ڕەشبینم بەرامبەر ئەم بڕیارەی بارزانی داویەتی چونکە هەرچەند سەیردەکەم ئەگەرەکانی شکست چەند بەرابەری سەرکەوتنن.
ئەگەری یەکەم : گەر بارزانی سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدوای بەدەست هێنانی زۆرینەی دەنگی کوردستانیان ی باشور هیچ وڵاتێکی زل هێز پشتگیریمان نەکات وەک ئێستا ڕایدەگەیەنن وە حکومەتی ناوەند گەمارۆی ئابوری بخاتە سەر هەرێم و وەك عەبادی ئاماژەی پێداوە جارێکی تر گەڕانەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان و قەیرانی خۆراك و دەرمان و گرانی دەست پێ بکات وەهەرێمی کوردستان بەرەو داڕوخانێك ببات کە هەزار خۆزگە بە ئێستا بخوازین ،
جگە لە شکست بۆبارزانی چ ناوێکی تری هەیە ...؟؟!!
ئەگەری دوەم : گەر بێت و پارتی دیموکرات بیەوێت هەر بەم شێوازەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بکات و مل نەدات بۆ داواکاریەکانیان کە کاراکردنەوەی پەرلەمان و باش کردنی گوزەرانی خەڵک و بەیاسایی کردنی پرۆسەکەیە وە ئەوانیش سور بن لەسەر بایکۆت کردنی ئەم پرسە ئەوا بێ گومان گەر هەر دەنگەکانی خۆیان بەنەخێر بدرێت ۳٠% زیاتر دەبێت و بە دڵنیایش زیاتر لە ۱۵% ی دەنگی یەکێتی و یەکگرتوو و لایەنەکانی تریش پشتگیریان دەکات بۆ نەخێر بە پرۆسەی ڕیفراندۆم کە ئەوکات بە پرۆسەیەکی حیزبی بەرجەستە دەبێت نەک نیشتیمانی ، لە وەها دۆخێکیشدا گەر ڕێژەی بەڵێ بۆ ریفراندۆم نەگاتە ٦٠%
جگە لە شکست بۆ بارزانی چ ناوێکی تری هەیە ...؟؟!!
ئەگەری سێهەم : گەر بارزانی لە ژێر فشاری نێو دەوڵەتی ، یان وڵاتانی دراوسێ و حکومەتەکەی عەبادی ، یان ترس لە ناوخۆ و پشت کردنە پرۆسەکە لەلایەن هاوڵاتیان بەتایبەتیش کە ئێستا بەرەیەك بە ڕابەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و دروست بوە بۆ نەخێر بەرامبەر ڕیفراندۆم مادام نایاساییە و لەغیابی پەرلەمان و لە دیوەخانی حیزبدا بڕیارەکە دراوە ، بارزانی پاشگەز ببێتەوە لە بڕیارەکەی خۆی و ئەم هەڵاگەورەیەی چەندین ساڵە بانگەشەی بۆدەکات خەفە ببێت ،
جگە لەشکست بۆ بارزانی چ ناوێکی تری هەیە ...؟؟!!!
ئەگەری چوارەم : ئەگەر بارزانی بەهەر جۆرێك بێت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئومەمی ئەوروپی و ولاتانی دراوسێ و پاشان عەبادیشی ڕازی کردبێت بەسوێند خواردن کە کار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم ناکات و تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە دواتریش وەك هیچ نەبووبێت ئەنجامی راپرسیەکە لە ناو زەرفێکی داخراودا بکەوێتە ژێرئەو هەزاران فایلەی بۆ چاکسازی دروست کراو تۆز خواردویەتی و کێبڕکێی ئەوەی بێت لەهەڵبژاردنی داهاتوی عیراق لە بەغداد چ پۆستێکی تازەو چەور وەربگرێت ، ڕیفراندۆم ودروست بونی دەوڵەت ببێتە خەونی حوشتری ...
جگە لەشکست بۆ بارزانی چ ناوێکی تری هەیە..؟!!
ئەگەری پێنجەم : سەرکەوتنی پرۆسەکەیە بە هەموو مانایەک واتا لە ناوخۆدا بارزانی بتوانێت هەموو هێزەکان ڕازی بکات بەتایبەتی گۆڕان و کۆمەڵ و بە مەرجە چاکسازیاکانیان ڕازی ببێت وە گوزەرانی خەڵک باشبکرێت و پشتگیری ۹۵% بۆ پرۆسەکە دەستەبەر بکات ، هاوکات وڵاتانی زل هێز پشتگیری پرۆسەکەی بکەن و تورکیاو ئێران و عیراقیش هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت و دانی پیابنێن وە دوای ڕیفراندۆم هەنگاوی زیرەکانەو دیبلۆماسیانە بنرێت بۆ بونیادنانی دەوڵەت بە ئابوریەکی بەهێز و سیاسەتێکی حەکیمانە وزەمینەسازیەکی تەواو بە پشتیوانی هەموو لایەنەکان و تەواویی هاوڵاتیان ئەوا ئێمەش بەهەر دەپەنجە بەخوێنی خۆمان واژۆ بۆ ئەم گشت پرسیەدەکەین و پشتگیرئ خۆمان بۆ سەرۆك بارزانی دەردەبڕین و تا قیامەت دەیکەینە ئەندازیاری دەوڵەتی کوردی و وەک سەرکردەیەکی مێژووی دەیناسێنین وە پێویستی دەکەین کە وێنەی بخرێتە ناو ئەو سکەیەوە کە بۆ دەوڵەتی کوردی دروست دەکرێت و شایانی ئەوەیە پێی بوترێت ریفراندۆمی سەرکەوتوو ...
سیروان کاکی
نوێترین نوسینەکانی سیروان کاکی
-
سیروان کاکی
01/10/2018
-
سیروان کاکی
25/09/2018
-
سیروان کاکی
07/10/2017
-
سیروان کاکی
22/06/2017
-
سیروان کاکی
20/06/2017
-
سیروان کاکی
14/06/2017