ئه‌و هه‌موو مانۆڕه‌ی نه‌ده‌ویست یه‌كێتیی !!

وتار/ 16/06/2017 1306 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ئه‌و هه‌موو مانۆڕه‌ی نه‌ده‌ویست یه‌كێتیی !!
شوان هه‌ورامی
دوای ئه‌و كوده‌تایه‌ی به‌سه‌ر په‌رله‌مانی كوردستانیدا كرد ، بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پارتیی هه‌ر یه‌ك قسه‌ی كردووه‌ ، گۆڕینی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ، چونكه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ فه‌رمانی دیوه‌خان ده‌رچوون و باسی ئه‌و دۆسیانه‌یان كرد ، كه‌ به‌ بۆچوونی دیوه‌خان نه‌ده‌بوو بیكه‌ن .
له‌ساڵی 1992 ه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مین خولی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌ ، به‌ حوكمی په‌نجا به‌ په‌نجا په‌رله‌مان له‌ رواڵه‌تدا ده‌زگای یاسادانانی هه‌رێم بووه‌ ، به‌ڵام له‌ڕاستیدا په‌رله‌مان ده‌زگایه‌كی شه‌رعیه‌تدان بووه‌ به‌ بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و دوو پارته‌ی كوردستان ، بۆیه‌ رێگه‌یان پێنه‌داوه‌ كه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ یاساكان ده‌ربكات و چاودێری حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كانی بكات و لێپرسینه‌وه‌ی ته‌واویان له‌گه‌ڵدا بكات ، بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی 26 ساڵی رابردوودا په‌رله‌مان نه‌یتوانی لێپرسینه‌وه‌ له‌ یه‌ك وه‌زیر بكات ، یا متمانه‌ی لێوه‌رگرێته‌وه‌ .
له‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌ماندا ، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستیان بۆ زۆر دۆسیه‌ی گرنگ برد ، له‌وانه‌ دۆسیه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و ناشه‌فافیی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی ، لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ، به‌دواداچوونی یاسای بودجه‌و په‌سه‌ند كردنی و حیسابی كۆتایی ، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان ، به‌ تایبه‌تیی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم – كه‌ ئه‌مه‌یان به‌لای پارتیه‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنی هێڵی سوور هه‌ژمار ده‌كرا – كه‌ بووه‌ هۆی كوده‌تایه‌كی سپی به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا و په‌كخستنی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌وه‌ .
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كوده‌تاكه‌وه‌ پارتی یه‌ك قسه‌ی هه‌بووه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی باڵاترین ده‌زگای یاسادانه‌ری كوردستان ، ئه‌ویش گۆڕینی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ده‌زگایه بووه‌‌ ، چونكه‌ ده‌سته‌ی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان به‌و شێوه‌یه‌ بوون كه‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌ دۆسیه‌ گرنگه‌كان بخرێنه‌ به‌ر باس و گرنگیپێدان ، به‌ كورتیه‌كه‌ی ده‌سته‌گه‌لێك بوون ئه‌جێنداكانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی و یه‌كێتییان جێبه‌جێ ده‌كرد و په‌رله‌مانیان كردبووه‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خواستی مه‌كته‌به‌ سیاسییه‌كانیان .
ساڵێكه‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتیی رازییه‌ به‌ پێشنیازه‌كه‌ی پارتیی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی دروست بكرێت ، په‌رله‌مان بكه‌نه‌وه‌ به‌ ته‌یره‌ نامه‌عقوله‌كه‌ی جاران و رێگه‌ی نه‌ده‌ن ده‌ست بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ ببات كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانیی و سیاسه‌ت و ئابووریی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ ، چونكه‌ ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌بێ له‌ دیوه‌خانه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسیی و له‌ ژووره‌ داخراوه‌كاندا بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێت . به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌كێتیی ویستی كار به‌و په‌نده‌ بكات كه‌ زه‌مان به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و ئه‌وه‌نده‌ ئه‌و خواسته‌ی پارتیی ئه‌مدیو و ئه‌ودیو ده‌كه‌ن تا هه‌موان به‌و خواسته‌ی رازیی ده‌كه‌ن .
هه‌موان ده‌زانین كه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌ستبردن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كوده‌تای به‌سه‌ردا كرا ، گریمان به‌و شێوه‌یه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت كارا كرایه‌وه‌ ، ئایا له‌كام دۆسیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌؟ ئایا ده‌ست ده‌باته‌وه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ی كه‌ بۆشایی یاسایی له‌ هه‌رێمدا دروستكردووه‌ ، واته‌ ته‌واوبوونی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ؟ ئایا شێوازی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمدا په‌رله‌مانیی ده‌بێت یا سه‌رۆكایه‌تیی ؟ ئایا كه‌ حیزبه‌كان بڕیاریان له‌سه‌ر ریفراندۆم داوه‌ ، په‌رله‌مان ده‌توانێت یاسای بۆ ده‌ربكات كه‌ كار به‌ ئه‌نجامه‌كانی بكرێت و رێز له‌ ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان بگیرێت ؟ ئایا په‌رله‌مان ده‌توانێت له‌وه‌ بپرسێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆچی كار به‌ یاسای سندوقی نه‌وت و گاز و شه‌فافیه‌تی داهاته‌كه‌ی ناكات ؟ ئایا گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گاز وه‌كو هه‌ر بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ســــه‌روه‌ریی نیشـــــتمانیه‌وه‌ ده‌خرێته‌ كارنامه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو په‌رله‌مانه‌كانی جیهــــان له‌لایه‌ن ئیراده‌ی گه‌له‌وه‌ په‌ســـــه‌ند بكرێن ؟
من دڵنیام له‌وه‌ی پارتیی قه‌ناعه‌تی به‌ یه‌كێتیی كردووه‌ كه‌ په‌رله‌مانێكی گوێ له‌ مستی مه‌كته‌بی سیاسیی كارا بكه‌نه‌وه‌و به‌ گۆڕینی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش ئه‌م مه‌سجانه‌ بده‌نه‌ هه‌موو لایه‌ك :
یه‌كه‌م – ئه‌وه‌ی پارتی بیه‌وێت هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ، چونكه‌ ئه‌و پارته‌ زیاتر گرنگیی به‌ گره‌وه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان ده‌دات ، كه‌ له‌م قۆناغه‌دا گوێ به‌ بنه‌ما دیموكراسیی و خواسته‌كانی مافی مرۆڤ ناده‌ن ، به‌ تایبه‌تیی كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی بواری نه‌وت و گاز .
دووه‌م – سه‌رۆكی خولی ئێستای په‌رله‌مان ، ماده‌م گوێ له‌ مستی مه‌كته‌بی سیاسیی خاوه‌ن میلیشیا نیه‌ ، باوه‌كو خواسته‌كانیشی هاوته‌ریب بن له‌گه‌ڵ خواستی چینه‌ سته‌م لێكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ، ده‌بێ لا بدرێت و سه‌رۆكێكی تر له‌ شوێنی دابنرێت ، گه‌رچی ئه‌و سه‌رۆكه‌ له‌ هه‌مان پارتی سیاسییش بێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر تۆش ده‌ست ببه‌یت بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ كوده‌تای به‌سه‌ر سه‌رۆك و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی پێشوودا كرد ، به‌سه‌ر تۆیشدا دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ .
سێیه‌م – خوێندنه‌وه‌ی پارتی بۆ دۆخی ناوچه‌كه‌و جیهان ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ ماده‌م سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی له‌ دیكتاتۆریه‌ت و خۆسه‌پاندن ده‌كات ، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رمایه‌داران و كۆمپانیاكانی خۆرئاوا دابین بكرێت ، جارێ پێویست ناكات حساب بۆ ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان بكرێت بۆ چاكسازیی و به‌ دامه‌زراوه‌یی و نیشتمانیی كردنی ده‌زگاكانی .
چواره‌م – ده‌یه‌وێت به‌م هه‌نگاوه‌ ، له‌لایه‌ك سه‌رۆكی ئێستای په‌رله‌مان له‌ تۆڵه‌ی ده‌ستبردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم سزا بدات و بیگۆڕێت به‌ ئه‌ندامێكی گۆڕان ، له‌لایه‌كی تریش دووری بخاته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵ كه‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بووه‌ ، له‌ولاوه‌ش پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان له‌ كۆمه‌ڵ وه‌ربگرێته‌وه‌و بیداته‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیی بۆ ئه‌وه‌ی تا بتوانێت نێوانیان تێكبدات ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ - وه‌كو گوتمان – گره‌ون له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو ، چونكه‌ په‌رله‌مان ده‌بێته‌وه‌ به‌ دیوه‌خانی دووه‌می مه‌كته‌بی سیاسیی و ئیراده‌ی یاسایی و نیشتمانیی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ وه‌كو هه‌ستی پێده‌كرێت ، ئه‌وه‌ی كه‌ باسمان كرد باڵێكی یه‌كێتیی بڕوای پێیه‌تیی و ئه‌وانی تر پێی ناڕازین ، به‌ڵام ئه‌وانیش ده‌بێ بزانن ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتیی زیانی گه‌وره‌یان لێده‌دات ، زیانه‌كه‌ ته‌نیا بۆ لێدانی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان نیه‌ ، به‌ڵكو یه‌كێتیی وه‌كو لایه‌نێكی خاوه‌ن پڕۆژه‌ بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێر پرسیارێكی گه‌وره‌وه‌ ، كه‌ ئایا حیزبی خاوه‌ن پڕۆژه‌ی سیاسیی و درووشمه‌ پێشكه‌وتنخوازییه‌كان ، به‌چ هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوازی سوڵحی عه‌شائیریی !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌