ساوەری سور

وتار/ 10/06/2017 1059 جار بینراوە

هیوا محمد کریم

ساوەری سور

لەبیرم دێت پێش کیمیا بارانەکەی شاری هەڵەبجە ، نیوەڕۆیەک دایکم ساوەری سوری لێ نابوو، ئەوەندەمان زانی کۆمەڵێک پێشمەرگە بە خۆیان و تاقم و تفەنگەکانیانەوە خۆیان کرد بەماڵماندا، باووکم فەرمووی لێ کردن و ووتی فەرموون بۆچی هاتوون، ئەوانیش ووتییان بۆ نان خواردن، باووکیشم ووتی لەخزمەتانداین، بەڵام شەنسی خۆتان ئەم نیوەڕۆیە ساوەرمان لێ ناوە بە تەماتەو پیازەوە..
ئەوانیش کە گوێیان لە ساوەر بوو، لەجێی خۆیان ووشک بوون، مووی لەشیان گرژ بوو، سێ چوار چرچی جوان لە نێوچاونیاندا دروست بوو، ووتیان چۆن ساوەرتان هەیە؟؟ ئێمە حەزمان لە ساوەر نییەو ساوەر ناخۆین، باوکیشم ووتی جا برا باشەکانم ئێمە چوزانین کە ئێوە دێن بۆ ئێرە بەم نیوەڕۆ ناوەختە، ئەگینا شتێکی باشترمان لێ دەنا، ئێ خۆشتان دەزانن ئێستە درەنگەو چێشتی نوێ ئامادە نابێت بۆتان، ماوەیەک لەم قسانە کراو بەناچاری و نابەدڵی دانیشتن و تێرو پڕ ساوەریان خوارد بەمرچ و مۆنییەوە، منیش منداڵ بووم هەر نزیک دەبومەوە لێیان و دەستم دەهێنا بە مەخزەن و تاقم و چەکەکانیاندا، وام ئەزانی هەنگوینم لە قڕۆڵەی داردا دۆزیوەتەوە، چونکە دووایی بۆ هاوڕێکانم دەگێڕایەوە..
لە ڕاستیدا پێشمەرگەکان نەناسراو بوون، تەنانەت نەشمان زانی چ لایەنێکن.
ئیتر باش بوو کە تێریان خوارد ، مرچ و مۆنییەکەیان دامرکایەوە، چونکە کە گەدە تێر بوو، ئیتر ساوەر بێت یان برنج زۆر گوێی پێ نایات، پاش چا خواردن و ئیسراحەت کردن، باش بوو کەمێک بە ڕوو خۆشیێەوە خوا حافیزییان کرد.
لەم ماوەیەدا بیرم دەکردەوە خۆزگە ئەو پێشمەرگانە ئێستە لە ژیاندا ماوون یان نا؟؟
ئەگەر ماوون، ئایا ئێستە لەوانەیە ملیۆن لێر بن یان کرێچی ؟
ئێستە لەوانیە لەناو ڤێلاو کەیف و سەفادا بن، یان چاوەڕوانی موچەی خانەنشینییە نەدراوەکانیان بن؟؟
یان ئێستە بە ئەتەکێت و لەسەر کەتەلۆک به کەوچک و چەتاڵ نان دەخۆن، یان فەقیرانە ئێستەش ساوەریش نییە بیخۆن؟؟
ئیستە ئەوانیش منداڵەکانییان لە زانکۆکانی کالیفۆرنیاو ئەوروپا دەخوێنن، یان منداڵەکانیان کەم ئەندامن و ئەمانیش لە تەنیشت عەرەبانەیەکی دەستیدا خەریکی نان پەیدا کردنن بۆیان؟
ئێستە ئایا ئەمانیش وەجبەی خواردنی ئیتاڵی و ئەوروپییان لە دەرەو بۆ دێت، یان چاویان لە دەستی ئەو کۆنە بەعسی و مستەشارانەیە کە لەناو حیزبدان و پێگەو لێپرسراوێتی گەورەو گرنگیان پشکەش کراوەە؟؟
هیوا محەمەد کەریم.

نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌