ئەوەی بەدەوڵەتە زلهێزەکان نەکرا بە کڕۆنا کرا

وتار/ 26/03/2020 663 جار بینراوە

هیوا محمد کریم

ئەوەی بەدەوڵەتە زلهێزەکان نەکرا بە کڕۆنا کرا

لەبەر مەترسی و ژەهرای بوونی بەرچاوی ژینگە ماوەیەک پێش ئێستە زۆربەی دەوڵەتە زلهێزە پیشەسازییەکانی جیهان کۆبونەوەی چڕوپڕیان ئەنجام دا ، سەبارەت بەو مەترسییانەی ڕووی لە ژینگەو ئاوو هەوای جیهان کردووە، بەهۆی پاشماوەی کارگە پیشەسازییەکان و دەرهاویشتە نەوتییەکان و پیس بونی دەریاکان لەجیهاندا، بەڵام ئەم دانیشتنانە هیچ کات سەرکەوتوو نەدەبوون و نەدەگەشتنە هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر، بەهۆی لەدەست دانی بەرژەوەندی و زیانی مادی ئەم دەوڵەتە زلهێزوو پیشەسازییانەوە، هەریەکەیان لەلای خۆیەوە سەد بیانوی دەهێنایەوە بۆ پەکخستن و نەگەشتنە هیچ ئەنجامێک، وە بەڕاستیش پیس بونی جیهان مەترسییەکی گەورە بوو بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی.

بۆیە لەپڕێکدا ئەم ڤایرۆسە هات و هەموو شتێکی گۆڕی ، هەموو ئەو خۆبەدەستەوەنەدانەی زلهێزانی بەجارێک ئاوەژوو کردەوە، بەتەواوی ژینگەی جیهانی گۆڕی و کارگەکان لەکار کەوتن، شەمەندەفەرو ئۆتۆمبێل و فڕۆکەی بەجارێک ڕاگرت و وای کرد کەمترین گازی ژەهراوی بڕژنە ژینگەو سروشتەوە لەتێکڕای جیهاندا، دەریاکان ڕزگاریان بوو لەو پاشماوانەی بەهۆی کارگە نەوتییەکان و خەڵوزو پیشەسازییە پۆشاکییەکانەوە کە دەکرانە ئەو دەریایانەوە، ئاسمان ئاهێکی هاتەوە بەبەردا، باڵندەکانی سروشت تاڕادەیەکی زۆر ئازادی و ژینگەیەکی خاوێنیان بۆ گەڕایەوە، گیانەوەرە ئاوییەکان لەژەهراوی بوون لەناو چوون تاڕادەیەکی زۆر پارێزران، تەنانەت سودی بۆ ئەو کرێکاری کارگەو کانەخەڵوزییانەش هەبوو کە کاری تاقەت پڕوکێنی بەردەوام تەواو شەکەتی کردبوون و هێزی لێ بڕیبوون، وە جەستەی شەکەت بوویان کەمێک حەوایەوەو زۆر سودی تریش..
کەواتە دەکرێت بڵێین ڕاستە کۆڕۆنا زیانی گیانی و مادی زۆری لەمرۆڤایەتی و جیهان داوە، بەتایبەت دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵام لەهەمان کاتدا، سودێکی هێجگار گەورەی بۆ سروشت و ژینگەی جیهان هەبووەو دەبێت.

وە ئەگەر ئەم ڤایرۆسە نەبوایە، ئەوا هەرگیز دەوڵەتە زلهێزوو چاو چنۆکەکانی جیهان لەبەر بەرژەوەندییە مادییەکانیان ئامادە نەئەبوون بەهیچ جۆرێک سازش بۆ ژینگەو سروشت بکەن، ئەوانەی ئەمڕۆ بەکۆڕۆنا دەمرن، بەقەد ڕێژەی ئەوانە لەشیرپەنجە ڕزگارییان دەبێت، لەکاتی پاک بونەوەی ژینگەدا..

لەکۆتاییدا دەڵێین دیارە کۆڕۆنا ڕەهەندی جیاوزو جۆربەجۆری زۆرە، بەڵام دەکرێت لەم ڕوەوە بە گەشبینی و ئیجابی لێی بڕوانین..

هیوا موحەمەد کەریم


نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌