لەیادی ڕاپەڕیندا، گەڕانەوەیەک بۆ پێش ڕاپەڕین!
وتار/
06/03/2019
796 جار بینراوە
هیوا محمد کریم
لەیادی ڕاپەڕیندا، گەڕانەوەیەک بۆ پێش ڕاپەڕین!
لەیادی ڕاپەڕیندا جێی خۆیەتی چاوێک بە ڕابردودا بخشێنین، بزانین لەناو شارەکانی سلێمانی و هەولێرو دهۆکدا، چەند ملیۆنلێر هەبوون ، ئێستەش چەند! وە چەند بلیار لێر هەبوون و ئێستەش چەند!! ڕاپەڕین چ نازو نیعمەتێکی بۆ هەندێک کەس دەستەبەر کردووەو چ کەسانێکیشی خستوووەتە سەر ساجی عەلی..
لەیادی ڕاپەڕیندا حەق وایە سەیرێکی ڕابرودو بکەین و ببینین چەند هاوڵاتی ئەم نیشتیمانە لەزیندان بەند کراوون و لەژێر ئازارو ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، ئەگەر ڕێژەکان یەکسان نەبن شتێکی ئەوتۆ جیاوازیان نییە!!
لەیادی ڕاپەڕیندا حەق وایە سەیرێکی ڕابردوومان بکەین، بزانین لەم ووڵاتەدا چەند کەسی برسی و بێ لانە هەبوون ، وەئێستەش لەدوای ڕاپەرین چەند کەس برسی و بێ لانە هەیە، بەدڵنیاییەوە زۆر زیاتر!!!
لەیادی ڕاپەڕیندا باش وایە بیر بکەینەوە لەوەی کە حکومەتی بەعس، بە بەعسێتی خۆی هەندێک جار بەتەزکییەی حزبی پلەو پۆستێکی حکومی دەبەخشی بە ئەوانەی کە حزبیین، وەزۆر جاریش بەبێ تەزکییە پۆستی باڵای بە خەڵک تر و بێ لایەن بەخشی بوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین، ببینە چۆن هەمیشە و هەردەم پۆست بە کەسە حزبییەکانی خۆی نەبێت بەکەسی تری ڕەوا نابینن!!
پێش ڕاپەڕین دامەزراندن بۆ هەموو کەس بوو بێ جیاوازی، بەڵام دوای ڕاپەڕین بەدەگمەن دامەزراندن بۆ خەڵکی تر هەیە، ئەگینا بۆیان بچێتە سەر لەسەدا یەکیش بە کەسی تر ڕەوا نابینن!!!
لەیادی ڕاپەڕیندا، با سەیرێکی ناوەندەکانی خوێندنی وەک زانکۆ بکەین، بزانین ئایا بەعس ئەوەی دەکرد بە ئارەزوی خۆی ماستەرو دکتۆرا ببەخشێتەوە!! ئێستەش کە ۲٨ ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا تێ پەڕیوە، ببینە کە چەندان هەزار ماستەرو دکتۆرا بەخشراوەتەوە بە کەسانی ناشایستەی سەر بەحزب !!
لەیادی ڕاپەڕیندا بزانە ئەوەندەی ئێستە چینایەتی و بنەماڵەیەتی تۆخ کراوەتەوەو بایەخ بە ڕەمزو نیشانەکانی فڵان حزب و خێڵ و بنەماڵەی سەر بەدەستەڵات دەدرێت و کەسی پلە یەک و پلە دوو پلە سێ هەستی پێ دەکرێت پێش ڕاپەڕین هەستی پێ کراوە؟ بەدڵنیایی نەخێر.
هیچ کات نامەوێ لە بەهای ڕاپەڕینی خەڵک کەم بکەمەوە، دژی ستەم و زۆرداری حکومەتی بەعس، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە حکومەتی دەستەڵاتداری حزب ئەنجامی داوەو لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوامە بە ئێستەشەوە.
ڕاپەڕین هی هەموو خەڵکە نەک تەنها هی چەند حزب و بنەماڵەیەک، لەبیرم دێت ڕاپەڕین ڕویدا، پێش ئەوەی پێشمەرگە بگاتە ناوشار، خەڵک هەموو بارەگاو شوێنەکانی بەعسی فاشی دەست بەسەرا گرت، دوای ئەوە تەسلیمی پێشمەرگە کرا..
لەبەر ئەوە جێی خۆیەتی بڵێین ڕاپەڕین هەندێکی کرد بە بلیار لێرو هەندێکی تریش کرد بە بلوێر لێدەر!!
هیوا محمد کریم
نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم
-
هیوا محمد کریم
26/03/2020
-
هیوا محمد کریم
15/03/2020
-
هیوا محمد کریم
10/11/2019
-
هیوا محمد کریم
25/03/2019
-
هیوا محمد کریم
06/03/2019
-
هیوا محمد کریم
04/01/2019