دیسان هه‌ڵكوتانه‌وه‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كان !!

وتار/ 03/06/2017 1070 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دیسان هه‌ڵكوتانه‌وه‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كان !!
شوان هه‌ورامی
له‌ ماوه‌ی 26 ساڵی رابردوودا ، حكومه‌ته‌ دووباڵه‌كه‌ی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیی به‌رانبه‌ر به‌ موسوڵمانانی كوردستان ، به‌ تایبه‌تیی زۆرینه‌ی ره‌های میدیای چه‌واشه‌كاری كوردستان و ناوه‌نده‌ فیكرییه‌كانی ئه‌و دوو پارته‌ له‌ لایه‌ن چه‌په‌ شكستخواردووه‌كانی باشووری كوردستان و خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت ، گه‌رچی ئێستا شه‌رمه‌زارن له‌وه‌دا باسی شۆڕشی ماركسیزم – لینینیزم و ماویزم بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و فیكره‌یان وه‌كو سه‌رچاوه‌ی كینه‌و رق و سڕینه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ بۆیاخی سۆشیال دیموكرات و دیموكرات و لیبراڵ دیموكرات شاردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌مان كرده‌ی دیكتاتۆرانه‌ی ماركسیسته‌كان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌فرسه‌تیشی ده‌زانن له‌ژێر ناونیشانی خۆرئاوایانه‌ی جه‌نگی دژه‌ تیرۆردا بیانووی گونجاندنی بۆ بدۆزنه‌وه‌ .
دیسان وا جارێكی تر له‌هه‌ردوو زۆنه‌كه‌ - به‌تایبه‌تی زه‌رده‌كه‌یان – هێرشكردنه‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاینی و ده‌ركردنی ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ خوێنده‌وارن و خۆشه‌ویستی خه‌ڵكن و جه‌ماوه‌ر متمانه‌ی پێیان هه‌یه‌ ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و تیرۆر و گرتن و تۆقاندنه‌ی كه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌رانبه‌ر به‌و چینه‌ خزمه‌تگوزاره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی .
زۆر سه‌یره‌ ئه‌م دوو باڵه‌ی باشووری كوردستان ، زیاتره‌ له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌و به‌ هه‌زاران مفته‌خۆریان وه‌كو راوێژكار دامه‌زراندووه‌ ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و راوێژكارانه‌ راپۆرتێكی دروستیان پێشكه‌ش نه‌كردوون ، پێیان نه‌گوتوون كه‌ دامه‌زراوه‌ی مزگه‌وت ته‌مه‌نی 1400 ساڵ زیاتره‌و له‌ مێژووی شارستانیه‌تی ئیسلامیی و كوردستانیدا رۆڵی زۆر گه‌وره‌ی بینیووه‌و ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌شاخی له‌گه‌ڵدا كردبێت دواجار شاخی خۆی شكاوه‌و ریسوای مێژوو بووه‌ ، ئه‌مانه‌ بۆ بیر ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ كارێكی ترسناك ده‌كه‌ن له‌وه‌دا شه‌ڕ به‌ مزگه‌وت و زانایانی خزمه‌تگوزار ده‌فرۆشن !!
من لێره‌دا له‌ لایه‌نگرانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌پرسم :
یه‌كه‌م – ئایا بۆچی ئێوه‌ ته‌نیا ده‌ست ده‌خه‌نه‌ كاروباری مزگه‌وته‌كانی كوردستانه‌وه‌ ؟ ئایا ئێوه‌ ده‌توانن قه‌شه‌و مه‌تران و پیاوه‌ ئاینیه‌كانی كریستیان بگۆڕن و ئاڵوگۆڕیان پێبكه‌ن ؟ ئایا ده‌توانن له‌ سه‌رووی ئه‌نجوومه‌نی رۆحانی یه‌زیدیانه‌وه‌ بڕیاریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن ؟ ئه‌ی هۆی چیه‌ به‌پێی راپۆرتێكی ویكلیكس ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو مزگه‌وتێك سیخوڕیشتان دیاریی كردووه‌ ؟
دووه‌م – ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كێدایه‌ - كه‌ له‌م كاته‌ی كه‌س به‌خیلیی به‌ حاڵی هه‌رێم نابات له‌ قه‌یران و شپرزه‌ییدا – كه‌چی ئه‌م حكومه‌ته‌ قه‌یرانی تر دروست ده‌كات و دڵی موسوڵمانان زیاتر له‌ خۆی ده‌تۆرێنێت ؟ ئه‌وه‌ چ تیۆریسیه‌نێكی كارامه‌یه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌تان بۆ داده‌نێت ؟
سێیه‌م – هۆی چییه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه‌ كاتی خۆی شه‌رعیه‌تی له‌و شۆڕشه‌وه‌ وه‌رگرت كه‌ دژی سته‌م و دیكتاتۆریی به‌رپا كرابوو ، كه‌چی ئێستا هاوئاهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ كۆنه‌په‌رست و دیكتاتۆرو تۆتالیتار و كوده‌تاچیی و بنه‌ماڵه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ؟ كه‌ دیاره‌ له‌ 17 ی شوباتی 2011دا به‌ ئاشكرا سه‌نگه‌ری خۆی گوێزایه‌وه‌ بۆ سه‌نگه‌ری كوده‌تاچییان له‌دژی به‌هاری دیموكراسیی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و خوازیارانی ریفۆرم له‌ كوردستاندا ؟
چواره‌م – هۆی چیه‌ كه‌نیسه‌ی ئینجیلیی ئه‌مه‌ریكا – كه‌ خاوه‌نی ملیۆنان ئه‌ندامه‌و سه‌رسه‌خت ترین دووژمنی ئیسلام و موسوڵمانان و جیهانی ئیسلامییه‌ - بانگهێشتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیداری هه‌رێم ده‌كات و بۆ ماوه‌ی مانگێك ، ئه‌م كه‌نیسه‌و ئه‌و كه‌نیسه‌ی پێده‌كه‌ن و بۆ خۆیشی شانازیی به‌و بانگهێشته‌وه‌ ده‌كات ، ئایا ده‌كرێ كه‌نیسه‌ی ئینجیلی بووبێته‌ خێرخوازو هیچ ئه‌جێنداو راسپارده‌و بگره‌ بڕیارێكی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووبێت ؟
پێنجه‌م – ئه‌وه‌ قسه‌ی ئێمه‌ نیه‌ ، به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار ساڵی رابردوو له‌ كۆنفرانسی دابڕاندا سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو رایگه‌یاند له‌ كۆی ئه‌و خاڵانه‌ی داویانه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری ئاینیی – به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خواسته‌كانی ئه‌وان دابین بكات – ته‌نیا خاڵێكی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و ئه‌وانی تری جێبه‌جێ كراون . كه‌واته‌ ناكرێ ئه‌م دژایه‌تیه‌ی مزگه‌وت و مامۆستایانی ئاینی و ئه‌و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ی كه‌ به‌ فیكر ده‌یكه‌ن به‌دوور بزانین له‌ ئه‌جێندای ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ فیزیكی مامۆستایانی ئاینیی تیرۆر ده‌كه‌ن یا شوێن بزریان ده‌كه‌ن ، ئایا نازانن ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی ترسناكه‌ ؟
به‌ڕاستی ئه‌مه‌ی كه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێم ده‌یكه‌ن - به‌ تایبه‌تیی له‌ هه‌ولێر - زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ تێكدانی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی ، به‌تایبه‌تیی مامۆستایانی ئاینی هه‌میشه‌ قه‌ڵای پاراستنی ئه‌و ئاشتیه‌ بوون ، ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریی و هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌وان نه‌بوایه‌ ، ئه‌سته‌م بوو به‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی ته‌قلیدیی ئاوا به‌ سانایی شه‌ڕی داعش سه‌ركه‌وتایه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌ وه‌ریگرین ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو داعش زۆر زۆر كه‌مترن له‌وانه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیای سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هاوكاتی هاتنی داعش ده‌یان كێشه‌ی بژێویی و دانه‌مه‌زراندن و بێكاریی یه‌خه‌ی لاوان و جه‌ماوه‌ری خێر له‌خۆنه‌دیوی كوردستانیان گرتبوو ، كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ، كه‌ زه‌مینه‌و بیانوویه‌كی له‌باره‌ بۆ دژایه‌تی ئه‌م ئه‌زموونه‌ ، به‌ڵام نازانم هۆی چیه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم له‌بری پاداشتدانه‌وه‌ی مامۆستایان ، به‌و شێوه‌یه‌ بێحورمه‌تیان به‌رانبه‌ر ده‌كه‌ن ؟ ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌رانبه‌ر به‌ باشترینه‌كانیان كه‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌و شاهیدییه‌یان بۆ ده‌دات ؟!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌