كێشه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌كوێدایه ؟
وتار/
02/06/2017
537 جار بینراوە
شوان هه‌ورامی
كێشه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌كوێدایه ؟
شوان هه‌ورامی
كێشه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌كان له هه‌ندێ چه‌مكدا نیه ،
وه‌كو : فیقهی پاكوخاوێنی و برایه‌تیی و بانگخوازیی و ته‌نانه‌ت بابه‌ته جیاوازه‌كان
له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی . به‌ڵكو ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی كه هه‌ر له سه‌رده‌می
هاوه‌ڵانه‌وه ده‌ركه‌وتوون له‌سه‌ر گرفت و بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كان
بوون ، ئه‌وانه‌ی كه به‌وردیی كێشه‌ی نێوان كوفه‌و دیمه‌شقیان خوێندبێته‌وه‌و لێی
تێگه‌یشتبن ، ده‌زانن كه گرفته‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر چه‌مكه مه‌عنه‌ویه‌كان
نه‌بوون ، به‌ڵكو ململانێی چۆنیه‌تیی حوكمڕانیی بووه . ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جار كێشه
و قه‌یرانه سیاسییه‌كان جیاوازییه فیقهیه‌كانی كردۆته گرفت .
ماوه‌یه‌كه ئیسلامیه‌كانی كوردستان باسی برایه‌تیی و یه‌كخستنی
هه‌ڵوێسته‌كان و یه‌ك لیستیی و یه‌ك حیزبییش ده‌كه‌ن . به‌ڵام هۆی چیه ئه‌و ده‌ستنوێژه
به‌هێزه‌ی دوای ده‌یان كۆبوونه‌وه ده‌یگرن ، به هۆهای چه‌ند لاوێكی خوێنگه‌رم به‌تاڵ
ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه خوا‌و پێغه‌مبه‌رو موسوڵمانانی راستگۆ پێیان ناخۆشه به یه‌كتری
ده‌ڵێن ؟!
ئێمه ده‌بێ راستگۆیانه قسه بكه‌ین و ئه‌سڵی كێشه‌كه‌مان
بۆ جه‌ماوه‌ری خۆمان و كوردستانیش روون بكه‌ینه‌وه ، كێشه‌ی پارته ئیسلامیه‌كان
له‌وه‌دایه هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆی خاوه‌نی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیه‌تیی
و ئه‌ندامانی خۆی له‌سه‌ر په‌روه‌رده كردووه ، واته له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما جیاوازانه
- هه‌روه‌كو چۆن زانایان جیاوازیی فیقهیان هه‌یه - ئه‌مانیش بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی
جیاواز‌و هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه ، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو له فیقهدا ئاساییه له
فیقهی سیاسیش‌دا ئاساییه و ماده‌م موسوڵمانان برای یه‌كن ده‌بێ له‌و هه‌ڵوێسته جیاوازانه‌شدا
رێز له بیروبۆچوونی یه‌كتر بگرن ، چونكه نه پڕۆژه‌ی حیزبێكیان وه‌كو قورئان پێوه‌ره
بۆ ئه‌وانی تر‌و نه حیزبێكیشیان ئوممه‌تی میانڕه‌وه كه ئه‌وانی تر به تێنه‌گه‌یشتوو
لاده‌ر له ئیسلام هه‌ژمار بكات .
كه‌واته گرفتی ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تیی
ئیسلامیی په‌كی نه‌كه‌وتووه ، واته ئه‌وه‌ی بڕوای به برایه‌تی هه‌موو موسوڵمانان
نه‌بێت بۆ خۆی موسوڵمان نیه ، به‌ڵكو گرفته‌كه له جیاوازیی دنیابینیی فیكریی و
سیاسیی نێوانیاندایه ، كه له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌ڵوێستی جیاوازیان بۆ به‌رهه‌م
ده‌هێنێت ، جا بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی ئیسلامیه‌كان ده‌بێ باس له یه‌كخستنی پلان
و به‌رنامه‌و پڕۆژه ئیسلامیه‌كان بكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به رووداوه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست
و یه‌كده‌نگ بن .
بۆ نمونه برایانی بانگخواز ماوه‌یه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای
برایه‌تیی ئیسلامیی باسی یه‌كده‌نگیی و یه‌ك لیستیی ده‌كه‌ن ، كه من لێره‌دا له‌و
برایانه ده‌پرسم ، له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی هاوبه‌ش له نێوان
ئه‌و سێ پارته ئیسلامیه‌دا چۆن بانگه‌شه بكات ؟
یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا
نیو به نیو به‌شدار بوون و به‌شدار نه‌بوون ، كامه‌یان درووسته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
پرسیاری جه‌ماوه‌ر له‌باره‌ی كوده‌تاكه‌ی پارتیه‌وه به‌رانبه‌ر به په‌رله‌مانی
كوردستان ؟ كه جه‌ماوه‌ر تا ئێستا وه‌ڵامی ده‌ست نه‌كه‌وتووه ؟
كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌ڕاشكاویی له دژی كوده‌تاكه‌ی
پارتی بوو . هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بڕوای وایه به‌ر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم
پێویسته په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌و له‌وێوه یاسای ریفراندۆم ده‌ربچێت .
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
به دوو دۆسیه‌ی جیا ده‌بینێت و پێیوایه ده‌كرێ ریفراندۆم پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
بخرێت .
باشه له‌كاتی یه‌ك لیستیی لایه‌نه ئیسلامیه‌كاندا – وه‌كو
ئه‌وه‌ی داوا ده‌كرێت - كه كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و به‌دامه‌زاروه‌یی كردنی
سیستمی وڵات و به نیشتمانیی كردنیان ، چه‌ندین دۆسیه‌ی ئاڵۆز و گرنگن ، به‌ڵام ته‌نیا
له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێدا ، ئه‌و سێ لایه‌نه ئیسلامیه
چۆن ده‌توانن هه‌ڵوێستیان له‌و بابه‌ته‌ی په‌رله‌مان و ریفراندۆم یه‌ك بخه‌ن ؟ ئایا
ده‌كرێ هه‌ركه‌سه‌و به ئاوازێ بخوێنێ ؟ ئیتر یه‌ك لیستیی له وه‌ها حاڵه‌تێكدا
مانای ده‌مێنێت ؟ ئایا كام هه‌ڵوێسته‌یان ده‌كه‌نه بنه‌مای بانگه‌شه‌كه ؟ ئه‌ی دۆسیه‌كانی
تر چۆن رێكده‌خه‌ن ؟
جا گرفته‌كه له‌و جۆره به‌رنامه‌و پڕۆژانه‌دایه بۆیه
كاتێ مامۆستا سه‌لاحه‌دین له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌چێته به‌غدا قیامه‌تی
فه‌یسبوك هه‌ڵده‌سێت ، هوها له به‌ڕێزیان ده‌كرێت جنێوبارانی مامۆستا عه‌لی باپیر
ده‌ست پێده‌كات ، یان به پێچه‌وانه‌وه ، سه‌یر له‌وه‌دایه هێرشه‌كان ئه‌وه‌نده
تووندن ، ته‌نانه‌ت عه‌لمانیه‌كانیش به‌زه‌ییان به حاڵیاندا دێته‌وه ، له‌كاتێكدا
هه‌روه‌كو چۆن زانایانی پسپۆڕ له بواری شه‌رعدا زۆر به‌ڕێزه‌وه له بۆچوونی یه‌كتریان
روانیووه ، ده‌بوو ئه‌مانیش هه‌روا رێزیان له بۆچوونی سیاسیی یه‌كتر بگرتایه ،
ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تیشیان به كاری هاوبه‌ش هه‌بوایه ده‌یانتوانی باسی یه‌كخستنی پڕۆژه‌و
به‌رنامه سیاسییه‌كانیان بكه‌ن و به نه‌بوونی برایه‌تیی و چه‌مكه شه‌رعیه‌كانی
تر خه‌ڵك چه‌واشه نه‌كه‌ن !!
كه‌واته گرفتی ئیسلامیه‌كان له پڕۆژه‌و به‌رنامه‌و هه‌ڵوێسته
سیاسییه‌كانیاندایه به‌رانبه‌ر شێوازی كاری سیاسیی و رووداوه سیاسییه‌كانی
كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن و نه‌بوونی دادگه‌ریی و شه‌فافیه‌ت و شێوازی چاره‌سه‌ركردنیان
، ئه‌سڵی گرفته‌كه‌یه ، كه‌چی هه‌ندێ له برایان وا ده‌زانن هه‌ندێ بڕوایان به
برایه‌تیی هه‌یه‌و هه‌ندێكی تر بڕوایان پێی نیه !!
نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی
-
شوان هه‌ورامی
14/03/2021
-
شوان هه‌ورامی
27/02/2021
-
شوان هه‌ورامی
02/08/2018
-
شوان هه‌ورامی
25/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
16/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
23/06/2018