كێشه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌كوێدایه ؟
وتار/
23/05/2017
623 جار بینراوە
شوان هه‌ورامی
كێشه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌كوێدایه ؟
كێشه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌كان له هه‌ندێ چه‌مكدا نیه ، وه‌كو : فیقهی پاكوخاوێنی و برایه‌تیی و بانگخوازیی و ته‌نانه‌ت بابه‌ته جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی . به‌ڵكو ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی كه هه‌ر له سه‌رده‌می هاوه‌ڵانه‌وه ده‌ركه‌وتوون له‌سه‌ر گرفت و بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كان بوون ، ئه‌وانه‌ی كه به‌وردیی كێشه‌ی نێوان كوفه‌و دیمه‌شقیان خوێندبێته‌وه‌و لێی تێگه‌یشتبن ، ده‌زانن كه گرفته‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر چه‌مكه مه‌عنه‌ویه‌كان نه‌بوون ، به‌ڵكو ململانێی چۆنیه‌تیی حوكمڕانیی بووه . ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جار كێشه و قه‌یرانه سیاسییه‌كان جیاوازییه فیقهیه‌كانی كردۆته گرفت .
ماوه‌یه‌كه ئیسلامیه‌كانی كوردستان باسی برایه‌تیی و یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان و یه‌ك لیستیی و یه‌ك حیزبییش ده‌كه‌ن . به‌ڵام هۆی چیه ئه‌و ده‌ستنوێژه به‌هێزه‌ی دوای ده‌یان كۆبوونه‌وه ده‌یگرن ، به هۆهای چه‌ند لاوێكی خوێنگه‌رم به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه خوا‌و پێغه‌مبه‌رو موسوڵمانانی راستگۆ پێیان ناخۆشه به یه‌كتری ده‌ڵێن ؟!
ئێمه ده‌بێ راستگۆیانه قسه بكه‌ین و ئه‌سڵی كێشه‌كه‌مان بۆ جه‌ماوه‌ری خۆمان و كوردستانیش روون بكه‌ینه‌وه ، كێشه‌ی پارته ئیسلامیه‌كان له‌وه‌دایه هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆی خاوه‌نی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیه‌تیی و ئه‌ندامانی خۆی له‌سه‌ر په‌روه‌رده كردووه ، واته له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما جیاوازانه - هه‌روه‌كو چۆن زانایان جیاوازیی فیقهیان هه‌یه - ئه‌مانیش بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی جیاواز‌و هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه ، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو له فیقهدا ئاساییه له فیقهی سیاسیش‌دا ئاساییه و ماده‌م موسوڵمانان برای یه‌كن ده‌بێ له‌و هه‌ڵوێسته جیاوازانه‌شدا رێز له بیروبۆچوونی یه‌كتر بگرن ، چونكه نه پڕۆژه‌ی حیزبێكیان وه‌كو قورئان پێوه‌ره بۆ ئه‌وانی تر‌و نه حیزبێكیشیان ئوممه‌تی میانڕه‌وه كه ئه‌وانی تر به تێنه‌گه‌یشتوو لاده‌ر له ئیسلام هه‌ژمار بكات .
كه‌واته گرفتی ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تیی ئیسلامیی په‌كی نه‌كه‌وتووه ، واته ئه‌وه‌ی بڕوای به برایه‌تی هه‌موو موسوڵمانان نه‌بێت بۆ خۆی موسوڵمان نیه ، به‌ڵكو گرفته‌كه له جیاوازیی دنیابینیی فیكریی و سیاسیی نێوانیاندایه ، كه له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌ڵوێستی جیاوازیان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت ، جا بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی ئیسلامیه‌كان ده‌بێ باس له یه‌كخستنی پلان و به‌رنامه‌و پڕۆژه ئیسلامیه‌كان بكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به رووداوه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كده‌نگ بن .
بۆ نمونه برایانی بانگخواز ماوه‌یه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تیی ئیسلامیی باسی یه‌كده‌نگیی و یه‌ك لیستیی ده‌كه‌ن ، كه من لێره‌دا له‌و برایانه ده‌پرسم ، له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و سێ پارته ئیسلامیه‌دا چۆن بانگه‌شه بكات ؟
یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا نیو به نیو به‌شدار بوون و به‌شدار نه‌بوون ، كامه‌یان درووسته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری جه‌ماوه‌ر له‌باره‌ی كوده‌تاكه‌ی پارتیه‌وه به‌رانبه‌ر به په‌رله‌مانی كوردستان ؟ كه جه‌ماوه‌ر تا ئێستا وه‌ڵامی ده‌ست نه‌كه‌وتووه ؟
كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌ڕاشكاویی له دژی كوده‌تاكه‌ی پارتی بوو . هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بڕوای وایه به‌ر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پێویسته په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌و له‌وێوه یاسای ریفراندۆم ده‌ربچێت .
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به دوو دۆسیه‌ی جیا ده‌بینێت و پێیوایه ده‌كرێ ریفراندۆم پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بخرێت .
باشه له‌كاتی یه‌ك لیستیی لایه‌نه ئیسلامیه‌كاندا – وه‌كو ئه‌وه‌ی داوا ده‌كرێت - كه كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و به‌دامه‌زاروه‌یی كردنی سیستمی وڵات و به نیشتمانیی كردنیان ، چه‌ندین دۆسیه‌ی ئاڵۆز و گرنگن ، به‌ڵام ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێدا ، ئه‌و سێ لایه‌نه ئیسلامیه چۆن ده‌توانن هه‌ڵوێستیان له‌و بابه‌ته‌ی په‌رله‌مان و ریفراندۆم یه‌ك بخه‌ن ؟ ئایا ده‌كرێ هه‌ركه‌سه‌و به ئاوازێ بخوێنێ ؟ ئیتر یه‌ك لیستیی له وه‌ها حاڵه‌تێكدا مانای ده‌مێنێت ؟ ئایا كام هه‌ڵوێسته‌یان ده‌كه‌نه بنه‌مای بانگه‌شه‌كه ؟ ئه‌ی دۆسیه‌كانی تر چۆن رێكده‌خه‌ن ؟
جا گرفته‌كه له‌و جۆره به‌رنامه‌و پڕۆژانه‌دایه بۆیه كاتێ مامۆستا سه‌لاحه‌دین له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌چێته به‌غدا قیامه‌تی فه‌یسبوك هه‌ڵده‌سێت ، هوها له به‌ڕێزیان ده‌كرێت جنێوبارانی مامۆستا عه‌لی باپیر ده‌ست پێده‌كات ، یان به پێچه‌وانه‌وه ، سه‌یر له‌وه‌دایه هێرشه‌كان ئه‌وه‌نده تووندن ، ته‌نانه‌ت عه‌لمانیه‌كانیش به‌زه‌ییان به حاڵیاندا دێته‌وه ، له‌كاتێكدا هه‌روه‌كو چۆن زانایانی پسپۆڕ له بواری شه‌رعدا زۆر به‌ڕێزه‌وه له بۆچوونی یه‌كتریان روانیووه ، ده‌بوو ئه‌مانیش هه‌روا رێزیان له بۆچوونی سیاسیی یه‌كتر بگرتایه ، ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تیشیان به كاری هاوبه‌ش هه‌بوایه ده‌یانتوانی باسی یه‌كخستنی پڕۆژه‌و به‌رنامه سیاسییه‌كانیان بكه‌ن و به نه‌بوونی برایه‌تیی و چه‌مكه شه‌رعیه‌كانی تر خه‌ڵك چه‌واشه نه‌كه‌ن !!
كه‌واته گرفتی ئیسلامیه‌كان له پڕۆژه‌و به‌رنامه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانیاندایه به‌رانبه‌ر شێوازی كاری سیاسیی و رووداوه سیاسییه‌كانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن و نه‌بوونی دادگه‌ریی و شه‌فافیه‌ت و شێوازی چاره‌سه‌ركردنیان ، ئه‌سڵی گرفته‌كه‌یه ، كه‌چی هه‌ندێ له برایان وا ده‌زانن هه‌ندێ بڕوایان به برایه‌تیی هه‌یه‌و هه‌ندێكی تر بڕوایان پێی نیه !!
نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی
-
شوان هه‌ورامی
14/03/2021
-
شوان هه‌ورامی
27/02/2021
-
شوان هه‌ورامی
02/08/2018
-
شوان هه‌ورامی
25/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
16/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
23/06/2018