بەسەرهاتی ڕاپەڕینەکەی 13ی 5ی ساڵی1987 ی هەڵەبجە.

وتار/ 17/05/2017 799 جار بینراوە

هیوا محمد کریم

بەسەرهاتی ڕاپەڕینەکەی 13ی 5ی ساڵی1987 ی هەڵەبجە.

 
کات نزیکی 10 ی سەر لەبەیانی بوو، خەڵک کەم کەم کۆدەبوویەوە، خۆپیشاندان دەستی پێ کرد دژی حکومەتی بەعس، خۆپیشاندەران لە گەرەکی کانی عاشقانەوە بەڕێ کەوتن بە هۆتاف و دروشمی کوردایەتی، وەک بڕوخێ بەعسی فاشی ، بژی کوردو بژی شۆڕش و ئەمانە، هەرچەند ئەو کاتە من منداڵ بووم ،بەڵام کەمێک جوڵاوو بزێو بووین ، لەناو خۆپیشاندانەدا کەدا بەشداریمان کردبوو، هەرچەند پێیان دەووتین کە بگەڕێنەوە ئێوە منداڵن و توشی شتێک دەبن، بەڵام هەر بەردەوام بووین لەگەڵ گەورەکاندا، خۆپیشاندان و هوتاف کێشان بەردەوام بوو، ئێمەش بەحەماسەتەوە لەکەلەی سەر هاوارمان دەکرد، بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن تا گەیشتینە نزیکی ناو بازاڕوو لای بازاڕی مەزاتخانەکەی ئێستە ، پاش ماوەیەک لەوێدا بەعسییەکان دەستیان کرد بە تەقە کردن بەسەر ڕاسەری خۆپیشاندەرادا، تا ڕادەیەک بڵاوەی لێ کرا، ئێمە تا ئەوێ ڕۆشتین ئیتر لە گەڵ منداڵانی هاوڕێمدا گەڕاینەوە، هەر لەو کاتەدا بوو هەندێک کەس برینداربوون لە ئەنجامی تەقەکانی ئەوانەوە، تەنانەت ئەو ڕۆژە حکومەتی بەعس تەیارەی سەربازی هەستاندبوو بۆ خۆپیشاندەران، لەو کاتەدا کەسێکم دی هێندە حەماسەتی هەبوو، سیلاحێکی کڵاشینکۆفی پێ بوو تەقەی لە تەیارەکە دەکرد، هەرچەندە کڵاشینکۆف هیچ کارگەرییەکی بۆ تەیارە نییە.
ئەوەبوو خۆپیشاندان تەواو بوو، ئیتر حکومەتی بەعس (منع التجول) ی ڕاگەیاندبوو لە گەڕەکی کانی عاشقاندا، تاڕادەیەکی زۆر خەڵک گەڕەکی کانی عاشقانی چۆڵ کربوو، هەندێک لە خۆپیشاندەران گیران و زیندە بەچاڵ کران، هەندێکی تر لە خەڵکی ڕۆشتن بەرەو ئێران و ئەوانی تر هەر یەکەو بەلایەکدا ڕۆشتبوو، واتە گەڕەکی کانی عاشقان هەمووی چۆڵ کرابوو.
ئێمەش ماڵی پورێکم لە موجەمەعی زەمەقی بوو ڕۆشتین بۆ ئەوێ و چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە، ئیتر چەند ڕۆژێک دواتر بەعس دەستی کرد بە تەقاندنەوەی خانووەکانی گەڕەکی کانی عاشقان و ڕوخاندنیان بە تی ئێن تی و شۆفڵ... دەنگی تێنتی لەهەموو لایەکی شارەوە دەبیستراو دەنگی دەدایەوە، شار تەواو خامۆش و سامناک بوو، چونکە بەعسیی و جاشەکان بەهەموو شوێنێکی شاردا بڵاو بوونەوە، داوای هەویە و تەسکەرە لە هەموو کەس دەکرا..
ئەوەبوو زۆربەی خانووەکان ڕوخێران ، لەو کاتەدا هەواڵیان پێ داین ووتیان خانووەکەی ئێوە لە هەرچوار لاوە شۆفڵ ڕوخاندویەتی بەڵام سەقفەیەکەیی و دیوارەکانی ناوەوەوی ماوون، تاڕادەیەک ووتمان هەر باشە ئومیدی چاک کردنەوەی هەیە بە ئاسانی ، من لەوکاتەدا بەڕێ کەوتم بۆ بینینی خانووەکەمان، چونکە باووکم لەهەڵەبجە نەبوو لەو کاتەدا، هێشتا پڕۆسەی ڕوخاندنی خانووەکان تەواو نەبوو بوو، کە گەشتمە لای خانووەکە شۆفڵ دەمی گیر کرد لە سەقفەکەیی و بە یەکجاری خانووەکەی هێنایە خوارەوەو تەپوو تۆزی چوو بەئاسمانداو تەختی زەویان کرد، ئەم دیمەنە بۆ من زۆر ناخۆش و کاریگەر و دڵتەزێن بوو، کە بەبەرچاوی خۆمەوە ئەو شوێنە وێران دەکەن که هەموو یادگارییەکانی منداڵیم لەو شوێنەدا بووە، ئەوە بوو خۆم پێ نەگیراو چوومە ناو پاشماوەی خانووەکەو دەستم کرد بەگریان و فرمێسک بەچاوانمدا هاتەخوارەوە، چونکە لەو کاتەدا منداڵ بووم، ئەوەندەشم لەبیرە لە سەر ئەژنۆ دانیشتم لەناو پاشماوەی خانووە ڕوخاوەکەداو دەستەکانم بەرزکردەوە بۆ ئاسمان و بە چاوی فرمێسکاویەوە دوعای زۆرم لە بەعسییەکان و جاشە کوردەکانی ئەو کاتە کرد کەلەگەڵ بەعسییەکاندا بوون لەو کاتەدا، تەنانەت ئەوان ئەم دیمەنەی منیشیان هەموو دی..
ئەمە بەسەر هاتێکی کورتی ڕاپەڕێنەکەی13ی 5 ی 1987 ی هەڵەبجە بوو کە لە زاکیرەمدا مابوو، واتە 30 ساڵ پێش ئێستە.
هیوا محمد کریم
13 ی 5 ی 2017.

نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌