جێی خۆیەتی پەکەکە بیر لە ڕێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەنقەرە بکاتەوە

وتار/ 19/04/2017 621 جار بینراوە

خالد فرج احمد

جێی خۆیەتی پەکەکە بیر لە ڕێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەنقەرە بکاتەوە


ڕاپرسییەکەی تورکیا بۆ هەموارکردنەوەی دەستور بە ٥١،٤٪ دەنگی "بەڵێ" سەرکەوتنی بەدەستهێنا. هەرچەند هەندێک چاودێری سیاسی پێیانوایە بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا ئاڵۆزتر دەبێت، من پێموایە دوای سەرەتایەکی پڕ کێشە و قەیران تورکیا ڕوو لە سەقامگیریی دەکات، بە تایبەتی کە نەتەوە خوازەکانیش هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەن.
پەکەکە لەو ساڵانەی پێشوودا هەوڵیدا لە ڕێی سێبەرە سیاسییەکەیەوە ئامانجەکانی خۆی بێنێتەدی، بەڵام کاتێک خۆی ڕاستەوخۆ لەناو پرۆسەکەدا نابێت، ناتوانێت ئەو سێبەرە سیاسییە و پەرلەمانتارەکانی ئاڕاستە بکات، بە تایبەتی کە خۆی چەکدارە و ناتوانێت ئەگەر فشاریان کەوتە سەر بەرگرییان لێ بکات یان هەشەڕەی تۆڵە سەندنەوەیان بکات، چونکە لەو کاتەدا ئاسان دەبێت ئەو پەرلەمانتارانە بلکێنرێن بە پەکەکەوە و زیاتر پەراوێز بکرێن و، پرۆسە سیاسییەکە بوەستێت یان سست ببێت. ئێستا دەبینین (هەدەپە) لەبەر ئەوەی هەندێک لە سەرکردە و پەرلەمانتار و باژێروانەکانی دەستگیر کراون یان حوکم دراون، لەم ڕاپرسییەدا ڕۆڵی بەرچاوی نەبوو.
من پێموایە ئێستا کاتی خۆیەتی پەکەکە بیرێک لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە گەڵ حکومەتی تورکیا بکاتەوە و، ئەگەر پێویستیشی کرد و پارێزبەندی سەرکردە و ئەندامەکانی مسۆگەر کرد، چەکەکەی دابنێت و، وەک کوردی باشور بکەوێتە ململانێی سیاسییەوە لە گەڵ ئەنقەرە.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت ڕاستە ئێستا ئەوروپا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا بێ هەڵوێستن یان بێدەنگن لە راپرسییەکە. بەڵام بارودۆخی ناوچەکە وا پێویست دەکات کە ئەمریکا و پەیمانی ناتۆ کەم تا زۆر مامەڵە لە گەڵ تورکیا بکات. واتە ئەگەر گۆڕانکارییەکانی دەستوری تورکیا جێگیر بوون و ئاسایشی ناوخۆی تورکیا لەق نەبوو، ڕۆژئاوا ناچار دەبێت مامەڵە لە گەڵ واقیعەکە بکات. لەو کاتەدا من لەو بڕوایەدام ئەگەر پەکەکە ئامادەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بوو لە گەڵ تورکیا، ڕۆژئاواش دەبێتە هاوکارێک بۆ ئاشتی و دەستەبەرکردنی بەشێک لە مافەکانی کوردی باکور.
خالد ڕەنجدەر

نوێترین نوسینەکانی خالد فرج احمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌