ئەشکەنجەدان و ئیغتیسابکردن لە زیندانەکانی سوریادا

وتار/ 14/03/2019 845 جار بینراوە

خالد فرج احمد

ئەشکەنجەدان و ئیغتیسابکردن لە زیندانەکانی سوریادا


ئەم بابەتەم پیشتر بڵاوکردەوە، بەڵام بەهۆکاری ئەو وێنەی دامنابوو سڕایەوە. لەبەر ئەوە دووبارەی دەکەمەوە. لەوانەیە هەندێک جیاوازی لە گەڵ ئەوەی پێشوودا هەبێت.
شەوێک (ریحاب)ی کچە بیست ساڵانەکەیان دەبرد بۆ لێکۆڵینەوە. شەوێکی زۆر دژوار بوو بۆ (ریحاب). ئەو شەوە ریحاب خەیاڵی لە جلی سپی و تارای بووکێنی دەکردەوە. لەپڕ لە نیوەشەدا پاسەوانەکان بانگیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە. لەسەر بەرگە ڕەشەکەی ژمارەی (٢٩٣٥)ی لەسەر بوو. لە ژوورەکە بردیانە دەرەوە و هەموو جەستەی دەلەرزی و هاواری بۆ ژنەکانی ژوورەکەی دەکرد و دەیووت: لا تخلوهم يأخذوني..أنا خائفة)، مەهێڵن بمبەن...من دەترسم. بەڵام پاسەوانەکان بردیان و لەچاو ژنەکان ونبوو. دوای ماوەیەکی زۆر هەر نەهاتەوە، ژنەکان وتیان ئێستا چووەتەوە بۆ لای دایک و خوشکەکەی. تا ئێستاش نازانرێت ئەو شەوە ئەو کچە چۆن مرد. سەرپۆشە ڕەشەکەی لە مل ئاڵێنرابوو و ئەو دەرزییەی لێیان دابوو هەر بە سرنجەکەوە لە قۆڵیا مابوو. تەرمەکەی لەناو سەدان پیاوی کوژراودا بوو. ڕاپۆرتەکان دەڵێن ئەو کچە خەڵکی شارۆچکەی (الموحسن)ی سەر بە شاری دیر الزور بوو و لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستگیرکرابوو. ئەو قوتابی کۆلێژی ئەندازیاریی بوو لە زانکۆی دیمەشق. بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر کرابوو. ئەو دڵنەوایی ئەو ژنانەی دەکرد کە ئەشکەنجە دەدران.
ژنێکی تر دەڵێ: بە (١٠) کەس ئیغتیسابیان کردم و ئەو ژوورەی لێی بووم تەڕ بوو و پڕ بوو لە مشک. لەو ژوورەدا بە تەواوی ڕووت بووم. هۆکاری دەستگیرکردنەکەم ئەوەبوو کە پیاوەکەم لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆن بوو. هەروەها دەڵێ: ژنان بە ڕووتی و یەک پارچە جلیان پێوە نەدەهێشتن و هەڵیاندەواسین تەنها بۆ ئەوەی ئەفسەر و پاسەوانەکان سەیریان بکەن و چێژ وەربگرن.
کچێکی تری بەڕەچەڵەک فەلەستینی کە ڕادەستی ڕژێم کرابوو، دەڵێ: ئەشکەنجەدانەکەی من بریتی بوو لە لێدان و کارەبا لێدانی شوێنە هەستیارەکانی جەستەم و جگەرە کوژاندنەوە پێیان. ماوەی لێکۆڵێنەوەکەم تەنها (١٥) ڕۆژ بوو. هەموو ڕۆژێک ئیغتیساب دەکرام و زۆربەی ڕۆژەکان چەند جارێک دووبارە دەبووەوە. ڕۆژی وا هەبوو زیاتر لە (١٠) ئەفسەر و پاسەوان و شەبیحەی جیاواز لە یەکتر دەستدرێژێیان دەکرد سەرم. دووگیان بووم و کە منداڵەکەم بوو نەیانهێشت بیبینم. کە بۆیان هێنامەوە حەزم نەدەکرد زۆڵێک ببینم و هەر دەگریام. پاسەوانەکان وایاندەزانی بۆ منداڵەکەم دەگریم. بۆ ئەشکەنجدانی دەروونیی من منداڵەکەیان برد. ئیتر وتم: (ئۆخەی کە بردیان...ئیسراحەتم کرد و لەبەرچاوم لاچوو). ئەو کچە ناوەکەی خۆی گۆڕیووە و ئێستا لە تورکیایە.
ژنێکی تر کە ناوی (لیما)ی لەخۆی ناوە دەڵێ: دوای ئیغتیسابکردن دووگیان بووم. ترسی ئەوەم هەبوو ئەگەر ئازاد بکرێم و بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە قبوڵ نەکرێمەوە چونکە کۆمەڵگە دەڵێن شەرمەزاریی بەسەر بنەماڵەکەیدا هێناوە. لەبەرئەوە کە ژنێک ئازاد بوو داوام لێکرد بچێت بۆ ماڵی باوکم و پێیان بڵێ کە من لە ژیر ئەشکەنجەدا مردووم و خۆشی بە چاوی خۆی تەرمەکەی بینووم. ئەوانیش هەواڵ بە مێردەکەم بدەن.
دوای ئەو ئیغتیسابکردنە زۆرەملییە کە ئەو ژن و کچانەی ڕزگاریان دەبوو، کەسوکاریان وەریان نەدەگرتنەوە و، ئەوانەیان کە پێشتر مێردیان هەبووە، مێردەکانیان نەتەڵاقیان دەدان. کۆمەڵگەش تاوانی ئیغتیساب کردنە زۆرەملییەکە دەخاتە ملیان و ناویان دەزڕێت.
خالد ڕەنجدەر

نوێترین نوسینەکانی خالد فرج احمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌