کێ وایکرد لەپەرلەمان؟

وتار/ 21/08/2016 746 جار بینراوە

صلاح عه‌لي رشيد

ـ ئەوکاتەی دەزگایەکی شەرعی و یاسایی وەک پەرلەمان کرایە سەنگەری تۆڵەسەندنەوەی  کێشەکۆن و نوێیەکانی کەسایەتی و حیزبیەکان،
ـ ئەوکاتەی دەزگایەکی هەڵبژێرراوی وەک پەرلەمان دەکرێتە وێستگەی ململانێی سیاسی و حیزبی و جێبەجێکردنی ئەجێندای شەخسی و بەلاڕێدا بردن،
ـ ئەوکاتەی گەورەترین دەزگای یاسادانان دەکرێتە قوربانی موهاتەراتی کۆمەڵێک کەسی کورت بین و موزایەدەچی،
ـ ئەوکاتەی پەرلەمان کرایە هۆی دژایەتی و پاشقول دان و ملشکانی نێوان لایەنەکان،
ـ ئەوکاتەی کۆمەڵێک پەرلەمانتار بۆناوبانگ و شۆرەتی بەرکامێرا کارتی بەهێزی ئەودەزگا گەورەیەیان سوتاند،
ـ کاتێک کۆمەڵێک پەرلەمانتار لە ڕێکەوتنی چەند سەعاتێک پێشت وادەکە هەڵدەگەڕێنەوە،
ـ کاتێک هاوپەیمانی نیوەڕێی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی خولی پێشو نەبووە هۆی ڕێزگرتنیان لە ڕای یەکتری،
ـ کاتێک قسەی دڵسۆزان و خەمخۆران و شارەزایان و دووربینان پێشێل کراو قسەی کۆمەڵێک تازەپێگەیشتو سەری گرت،
ـ کاتێک سەرۆکی پەرلەمان سورە لەسەرکۆبونەوە و تەواوکردنی نیصابی قانونی تـــەنــــها بۆ ئەوەی جەلسە دوابخات و لەسەرخۆی لابات،
ـ کاتێک هەموو سەرکردەکانی لایەنەبەشداربووەکانی پەرلەمان بەئامادەبوونی ئەمریکیەکان و بەریتانییەکان بۆچەند سەعاتێک کۆبوونەوەو ڕێکەوتنی پێش وەختەیان هەبووە بۆ دواخستنی چەندڕۆژێکی پەرلەمان ، و دوایی ڕاستیان نەکرد لەگەڵ خۆیان و خەڵکدا ،
ـ کاتێک بەهۆی هەڵەی  ئەوکەسانەی پەلەی کۆبونەوەیان بوو یەک ساڵی ڕەبەق پەرلەمان کۆنەبێتەوە، و پەک بخرێت،
ـ کاتێک لایەنێکی گەورەی پەرلەمان (پارتی)بەناوی کۆدەتابەسەرداکراو دێنەدەرەوە، و پرۆژەیان نابێت،
ـ کاتێک چوارلایەن پرۆژەیان هەیە بۆ تپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی ونەیان توانی بەوهۆیەوە پێکەوە بمێننەوەو بیگەیەننە کەناری ئارامی ،
ـ کاتێک لایەنەکان وایان لێهات کە نابێت کەس ڕای خۆی و تێڕوانینی تایبەتی هەبێت ، یان لەم بەرە یان لەوبەرە بێت و بەپێچەوانەوە دەکەونە دژایەتی ،
ـ کاتێک  کۆمەڵێک پەرلەمانتار ڕازی نەبوون یەک ڕۆژ ماوەی سەرۆکی هەرم درێژبکەنەوە ، بوونە هۆی پێبەخشینی ساڵێک بەوسەرۆکە،
ـ کاتێک جەماوەری کوردستان هان دەدرێن و دابەشدەکرێن و بەگژیەکدادەدرێن تەنها لەبەر بەرژەوەندی و نەفەسی کورت و ئاژاوەچێتی چەندکەسێک،
ـ کاتێک تەنها جەلسەیەکی شکستخواردوی موزایەدەلەخۆگرتوو دەبێتە هۆی ماڵوێرانی هەموومان،
ـ کاتێک هەموومان دەزانین کە ئەوجەلسە نەیدەتوانی هیچ شتێک بکات و هیچ گۆڕانکاریەک بەدوای خۆیدا بهێنێت ، بەڵام بەرەنجامەکەی بوویە هۆی توڕەیی و حیقد و دابەشبونی جەماوەر و خۆڵکردنە چاوی خەڵک،
ـ ئێستاش کەس لەو لایەنانەی ڕۆژی کۆبونەوە لەدەستچوەکەی نۆزدەی ئابی ساڵی ڕابوردو خۆیان ناکەنە سەبەبکاری ئەو هەموو نەهامەتی و مەرگەساتانەی بەسەرخەڵکیاندا هێنا،
ـ تائێستاش بۆکەسیان ڕوون نەکردۆتەوە ئەو هەموو حەماسەت و سوربونەوەی ئەوڕۆژە چی بەرهەمێک و دەستکەوتێکی مادی و مەعنەوی تیابوو بۆ هاوڵاتیان جگە لە نەهامەتی،
ـ لەساڵیادی ئەو ڕۆژەدا داواکارم لێکۆڵینەوەی جدی بکرێت و ئەوانەی فێڵیان لەخەڵک کرد و خۆڵیان کردە چاوی خەڵک و ڕاستییەکانیان شاردەوە و گەوجاندن و چاوبەستیان لەخەڵک کرد بدرێنە دادگا و هیچ کەمتەرخەمیەکیان لێ قبوڵ نەکرێت،
ـ لەزووترین کاتدا قەرەبووی مادی و مەعنەوی خەڵک و هاوڵاتیان بکرێتەوە و سەبەبکاران ئاشکرا بکرێن،
ـ کاتێک یەکێتی موزایەدەی کرد بەسەر گۆڕاندا بۆتۆڵەی سی حوزەیرانی پێشووتر و گۆڕان هەوڵی بەلاڕێدا بردنی جەوهەری بابەتەکەیدا و کۆمەڵیش بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بەرژەوەندیەک کەوتە ناو واقیعەکە و یەکگرتووش نەیتوانی لەو کتوپڕیەدا بڕیاری یەکلایی بدات و نیوەیان گەڕابونەوە  بۆدهۆک و نیوەیان لەهەولێر مانەوەو بەشداربوون و کۆمەڵ و گۆڕان ڕەچاوی بارودۆخی یەکگرتوویان نەکرد،
ـ هەموو لایەن و سەرکردەکان دان دەنێن بەوەدا کەئەو کۆبوونەوەیە نەدەبوو بکرایە و هەموولایەک ڕێکەوتبوون و پاشگەزبوونەوە،
ـ ئەوا ساڵێک تێپەڕبوو تەنها هاوڵاتیان باجیان داوەو ئەرکی قورسیان کەوتۆتە سەرشان و هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتوە و هیچ لایەنێکیش ئامادەنەبووە لەپێناوی خەڵکدا قوربانی بدات ،
ـ بزوتنەوەی گۆڕان پاش ساڵێک لە دورخرانەوەیان هەر چاوەڕێی بانگهێشت کردنەوەن و بڕیاری وازهێنان و کشانەوەیان نەداوە،
ـ یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانی بەستوەو لەگەڵ پارتیش ڕێکەوتنی درێژخایەن و شەریکی و تەنانەت تائێستا جێگری سەرۆکی هەرێمیان لایە و هەر ئەوکەسایەتییە لەگەڵ ڕێکخەری گشتی گۆڕاندا واژۆی ڕێکەوتنیان کردوە،
ـ پارتی ئەوەی ویستویەتی لەچەندین ساڵی ڕابووردودا تا هەلی بۆبڕەخسێت دەست بەسەر تەواوی جومگەکانی حکومەتدا بگرێت ، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرسینیەک پێشکەشی کردن،
ـ کۆمەڵی ئیسلامی واخۆی دەردەخات لەبزوتنەوەی گۆڕانەوە نزیک بێت ، بەڵام گۆڕان بەبێگەڕانەوە بۆکۆمەڵ لەگەڵ یەکێتی ڕێکەوتنی کرد،
ـ یەکگرتووی ئیسلامی دەیەوێت سەربەخۆ بڕیاربدات وهیچ تەرەفێکی گۆڕان یان پارتی نەگرێت ، بەڵام هەڵوێستەکانی بەڕای خەڵک بەسودی پارتی شکاوەتەوە،
ـ ئەو پێنج لایەنەی کەحکومەتیان پێک هێنا ، ئێستا هیچ متمانەیەک نەماوە لەنێوانیاندا ، بۆیە ناچار گۆڕان و یەکێتی یەکدەگرن و ئیسلامیەکانیش دەیانەوێت بەرەیەکی هاوبەش پێک بهێنن،
ـ هەرێمی کوردستان گرفتاریەکانی کەڵەکەبوون بەچەندین جار و باری سەرشانی هاوڵاتی ئێجگار قورسبووە،
ـ کاک مسعود دەیەوێت دەرفەتی پێبدەن تاکۆتایی شەڕی داعش و ڕیفراندۆم ، لایەنەکانیش متمانەیان نییە کە ئایا دواتر لادەچێت یان دەیکاتە پشتاو پشت،
ـ زیادلەملیۆنێک ئاوارە هاتونەتە هەرێم و بوونەتە بارگرانی بۆژیانی خەڵک،
ـ لەدوای جەنگی داعش ئەگەری شەڕی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ناوەند و حەشدی شەعبیی خەریکە دەبێتە حەتمی،
ـ ترس لەوەیە کە ئێستا بۆشەڕی داعش هوپەیمانان پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەکەن ، بەڵام بۆ ئەگەری شەڕی لەگەڵ ناوەند و حەشدی سەعبی ئەوهاوکاریە نامێنێت ، بەپاساوی ناوخۆیی بونی ناکۆکیەکە،
ـ لەهەمووی سەختر ئەوەیە لایەنە ناکۆکەکان ئاگایان لە گوزەران و بژێوی هاوڵاتیان و خەڵک و موچەخۆران وخاوەن پرۆژەکان نییە هیچ باکیان نییەو تەنها ئامانجیان جێبەجێ بوونی ئەجێندای سیاسی و حیزبی و شەخسی خۆیانە و هاوڵاتیانیش هەڵگری هەموو مەینەتیەکانن .

نوێترین نوسینەکانی صلاح عه‌لي رشيد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌