دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێم؛نەبەرپرسن،نەدەسەڵاتدارن!!

وتار/ 11/12/2020 382 جار بینراوە

صلاح عه‌لي رشيد

دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێم؛نەبەرپرسن،نەدەسەڵاتدارن!!

صلاح علی رشيد
لەهەموو دونیادا کەسی دەسەڵاتدار وبەرپرس لەهەموو ڕوویەکەوە جیهانبینی و ئایندەبینی ومعلومات و هێزی ووشەکانی وزمانی جەستەی لەخەڵکی ئاسایی و نوخبەی وڵات زیاتر و بەهێزترە،
لەکاتی ئاسایی وخۆشگوزارەنیدا خزمەت وبەرهەم دەبەخشێت، بەهەموو خەڵک بەبێ جیاوازی و
لەکاتی نائاسایی وقەیران و کارەساتەکاندا هیواو ئومێد و دەرچەی ڕزگاربوون پیشان دەدات و بەڵێنی دڵخۆشکەرو پاڵپشتی میلەت و بەهاناوە چوونی لێقەوماوو برسیەکان ئەنجام دەدات بەبێ دێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس!!
جێگەی داخ و بەزەییە لەهەرێمی کوردستاندا ئەوا 30 ساڵە ئەم تایپ و مۆدێلەی ئێستا دەسەڵاتدارن و خەڵکی جیهان و دەسەڵاتداران و وڵاتانی دونیایان بینیوەو دەبینن ، تەنانەت لەوکاتەی ئەو دەسەڵاتدارانەی بوونیان هەیە لەهەموو وڵاتە پێشکەوتوو مام ناوەندەکاندا سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارانیان چەندین جار گۆڕاوەو ئاڵوگۆڕی پێکراوە، بەرپرسانی هەرێم نەیانتوانی هیچ سودێکیان لێوەرگرێت بۆ خاک و خەڵک و میلەتی چاوەڕێی دەستی ئەمان!!
نەیانتوانی وەکو ئەو نوخبە جیهانییەی دەسەڵاتداران فێری دەسەڵاتداری و شێوەی حوکمڕانی بن ، نەیانتوانی جێگە دەستیان دیاربێت لەئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئومێدو هیوا بۆ خەڵک و جیلەکانی ئێستا وپێشتریش ،
لەهەموو دیدارو مێزگرد و چاوپێکەوتن و ڕۆژنامەوانیەکانیاندا دەیان جار هەڵەی گەورەو چاوەڕوان نەکراویان کردووەو دووبارەیان کردۆتەوە ، هەرجارەی بەجۆرێک تۆمەت دابەش دەکەن جارێک تۆمەت دەخەنە سەر شەریکەکانیان و جارێک تۆمەت دەخەنە سەر میلەت ، یان دەستی دەرەکی ، یان گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕی!!؟؟
لەکاتێکدا بنەڕەتی نائارامی و قەیران و شێواندن و تێکدان و تۆمەتەکان خودی دەسەڵاتداران خۆیانن ،ئاخر بەقسەی خۆتان کەدەڵێن خەڵک دەنگی پێداون (لەڕاستیدا وانییە) میلەتێک ماوەی 30 ساڵ هەل و دەرفەتی مانەوە لەلوتکەی دەسەڵاتی بەخشیوە بەم دوو حیزب و بنەماڵانە!!
هێشتا دێن سەرکوتی دەکەن و تۆمەتی دەخەنە پاڵ؟؟
هەرچی کەسی یەکەم و دووەم وجێگرو وەزیرو سەرۆکی حیزبتان هەیە تەنها جارێک نەبوو قسەیەک و بەڵێنێک و بڕیارێک بۆ خەڵک و بۆ خزمەتی ڕاستەقینەی خەڵک بێت، هەنگاوێکتان نەبوو بەڕاستگۆیی بۆ خواو بۆ میلەت و بۆئایندەی خەڵک و بەچاوی سەر نەمان بینی و نەهاتن بڵێن ئێمەشایانی ئەو هەموو متمانەو دەسەڵاتداریە نیین و نەبووین کەخەڵک پێی داوین!!!
لەکوێی دونیا هەیە لەدوایی ئەم هەموو فەشەل و شکست و ڕیسوایی و خەجاڵەتی و قەیران و نەهامەتییە !! کەسێکتان نەهات دەستلەکار بکێشێتەوەو بڵێت من شەرمەزارم کەناتوانم خزمەتی تەواوی خەڵک بکەم؟؟
کەسێکتان نەدرایە دادگا و لێرسینەوە بەدیار چاوی خەڵکەوە !!؟؟
هەرچی بەڵێن و بڕیارو کۆبونەوەتان هەیە و هەبووە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و بنەماڵەییتان بووە!!
بەهەموو پێوەرەکان کاتێک دەسەڵاتدار هاوشێوەی کەسێکی ئاسایی و بازاڕی بێت، تەسک بیربکاتەوە وهیچی پێ نەبێت!!
هیچ کاتێک ئامادەنەبێت بەڕوونی و بەڕاشکاوی بڵێت بەڵێ من و حیزبەکەم و کابینەکەم و دەسەڵاتەکەم و سیستەمەکەم هەڵەبووین و نەمان پێکاوەو نەمانزانیوە؟؟
ئەو سیستەم د دەسەڵاتە دەبێت لەناو بێت و بگۆڕێت،
ئێوە خزمەتگوزاریتان بۆ خۆتان سنوری بڕیبێت وبۆ خەڵک لەئاستی سفردا بێت !!
تەنانەت موچەو قوتی ماڵ و مناڵی پێنەدەیت و زیاتر لە45 جۆر باج و ڕسومات و دزی و گیرفان خاڵیکردنەوەتان لەسەر خەڵک داناوە!!
لەیەک 250 دیناری دائیرەکانتان خۆش نابن کەبەنایاسایی لەسەر خەڵکتان داناوه!!
ئەبێت چاوەڕێی هەڵگەڕانەوەی خەڵکیش بن.
کاتێک هەموو یاسا و بڕیارەکانتان بۆ خزمەتی خۆتان و حیزب و بنەماڵەکانتان بێت ، فشار لەسەر خەڵک زیاد بکەن و سوکایەتی بەخەڵک بکەن ، دەبێت ڕۆژێک چاوەڕێی دادگایی و شار بەدەرکردنیش بن!!
کاتێک دێنە سەر شاشەو بەخەڵک پێدەکەنن ، دەبێت چاوەڕێی جنێوو تفی خەڵکیش بکەن!!
کاتێک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و گومرگ و باج و داهات قۆرخ دەکەن دەبێت چاوەڕێی سوتاندنی ئەو بارەگایانەتان بکەن کەتیایدا هەزاران کەستان تیا کردووە بەپاسەوان و کۆیلەی خۆتان و بنەماڵەکانتان،
کاتێک هەزاران خەڵکتان کردووە بەموچەخۆری موفتەخۆر و بندیواری حیزبەکانتان بۆ دەنگدانی خۆیان و کەسوکاریان و تەزویر پێ کردنیان و ڕەوانەکردنی ڕاپۆرت ودروستکردنی مەلەف لەهەموو کوچەو کۆڵانەکان و ماڵ و خانەوادە و شوێنەگشتیەکاندا ، دەبێت چاوەڕێ بکەن هەر ئەو کەسانەخۆیان ڕۆژێک بەئاگابێنەوەو سەر بەڕەو ژێربەڕەتان ئاشکرا بکەن.
لەوانەیە واحسابتان کردبێت کە پرۆسەی خوێندن و زانکۆکانتان فەشەل پێهانەوەو کەس ئاگای لەهیچ نەماوە ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم جیلەی ئێستا گاڵتەی بەخەبات و حیزبایەتی وشۆڕشتان دێت کەئێوەی بەم جۆرە بینیوە!!
هەزار جار باسی خەباتی شاخ و شار بکەن بۆیان ئەوان وادەزانن حیکایەتی مێشیان بۆدەگێڕنەوە،
لەوانەیە داتان نابێت چەند جیلێکی تری بنەماڵەو حیزبەکانتان بەهەمان شێوەی ئێوە دەسەڵاتدار دەبن ، بەڵام دڵنیا بن ئەم جیلەی ئێوە پێیان دەڵێن ی
جیلی ئایپاد و پلەیستەیشن و شاشە ، تابەردەرگای حەوشەی بیناکان دوریان دەخەنەوە،
ئەوەی ناوی خەباتی شاخ بوو ڕیسواتان کرد!!
ئەوەی ناوی ئینتمابوو بۆ نیشتمان و کوردستان سوتاندتان،
ئەوەی ناوی قەوارەی هەرێم و بیری سەربەخۆیی بوو کردتانە بڵقی سەرئاو،
چاوەڕێ دەکەن بەهەڵوەشانەوەی خێزانەکان بێنەوە مایە!؟؟
چاوەڕێ دەکەن بە هەڕەشە لەگەنجان چاوترسێنیان بکەن؟؟!
چاوەڕێ دەکەن بەسۆزی کوردایەتی خەڵک ڕاگرن؟؟ تەنانەت خۆتان بڕواتان پێی نەماوە!!
چاوەڕێ دەکەن بەتەزویر بمێننەوە لەدەسەڵات؟؟!!
چاوەڕێ دەکەن بەخەڵک کڕین و بندیوار بەردەوام بن؟؟
چاوەڕێ دەکەن بە داخستنی دەرگای خوێندنگاکان ژیان بوەستێنن؟؟
چاوەڕێ دەکەن بە نەدانی موچە و لێدزین و لێبڕینی قوتی کەمئەندام و مناڵ و هەتیوو بێوەژن و ماڵە شەهید و فەرمانبەران دەوڵەمەند بن؟؟
دڵنیابن هەرئەو زوڵمە دەبێتە نەخۆشی بێچارەسەرو ئاگر بۆ گەورەو بچوکتان.
دەسەڵاتدار و بەرپرس خەمخۆر و دڵسۆز و بەوەفایە،
لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی و ئازارەکانی خەڵکدایە،
بەڕێز و نەرم و نیان و بەئارامە،
شارەزاو چاوکراوەو بەهیممەتە،
زیرەک و بەهێز و پڕ لە گوڕو تینە،
ماڵ و موڵک و موچەو کەرەستەکانی ژیانی دەبەخشێت بۆ ئەوانەی چاوەڕێی دەستی دەکەن،
ئەوەی هەیەتی بەهی خواو هی میلەتی دەزانێت،
ئەوەی لەبەردەستیدایە بەهی خۆی نازانێت،
حەرامخۆری و خراپەکاری وتاوانی پێ ناکات،
هەموو هەوڵێکی لەناو خۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی دەخاتە خزمەتی سەربەرزی و جوانی و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە.
دەبێتە پارێزەری ماڵ و موڵک و کەرامەت و ژیان و قوتی میلەتەکەی،
جوانتری شێوەی قسەکردن و پەیام ئاڕاستەی میلەتەکەی دەکات ، وەکو باوکێکی باش.
لەوڵاتان خۆی ناشیرین دەکات بۆ خاتری میلەتەکەی.
دواجار دەبێت هەموومان بزانین کە ئەگەر دەسەڵاتداران و بەرپرسان لەگەڵ خوا ڕاست نەکەن ، چاوەڕێ نەکرێت لەگەڵ خەڵک ڕاست بکەن.
کەسێک لەخوا و لەدینەکەی نەترسێت ، لەزوڵم و ماڵی حەرام ناگەڕێتەوە.

نوێترین نوسینەکانی صلاح عه‌لي رشيد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌