دیسانه‌وه‌ به‌رده‌ زله‌كه‌ی ریفراندۆم !!

وتار/ 12/04/2017 729 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دیسانه‌وه‌ به‌رده‌ زله‌كه‌ی ریفراندۆم !!
شوان هه‌ورامی
    ئیگلتۆن جونێر له‌ كتێبه‌كه‌یدا ( كۆماری كوردستان ) باسی دیداری شاندی كوردستان ده‌كات بۆ "باكۆ"ی پایته‌ختی كۆماری ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌ت ، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ "جه‌عفه‌ری باقڕۆف"ی سكرتێری حیزبی كۆمۆنیستی ئازه‌ربایجان و سه‌رۆكی ئه‌و كۆماره‌ ، داوای له‌ قازی موحه‌مه‌د كرد كه‌ ئه‌وان پشتیوانیی له‌ جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ریی سه‌رۆك كۆماری فیرقه‌ی دیموكراتیكی ئازه‌ربایجان بكه‌ن و موكریان و كوردستان ببنه‌ به‌شێك له‌و كۆماره‌ ، به‌ڵام قازی ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و باسی جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد و ئازه‌ری كردو پێی راگه‌یاند ناكرێ نه‌ته‌وه‌ی كورد ببێته‌ پاشكۆی نه‌ته‌وه‌كانی تر، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌كاتێكدا ده‌توانین وه‌كو دوو نه‌ته‌وه‌ی برا پشتیوانیی له‌ یه‌كتر بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ش خاوه‌نی سه‌روه‌ریی خۆمان بین ، هه‌ر ئه‌و ئیراده‌ پۆڵایینه‌ و ئه‌و پێشه‌وایه‌تیه‌ چاوساغ و قاره‌مانه‌ بوو كوردی كرده‌ خاوه‌نی كۆماری كوردستان ، سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی 11 مانگه‌ی كۆمار به‌ڵام بۆ هه‌میشه‌ مه‌شخه‌ڵی سه‌ربه‌خۆیی له‌ دڵی هه‌ر كوردێكی دڵسۆز به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی هه‌ڵگیرساند .
    جیاوازیی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆو پاشكۆیه‌تیی بۆ بڕیاری ده‌ره‌كیی له‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ، بۆ نمونه‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و هێرشی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی بۆ سه‌ر كوردستان ، ده‌یتوانی جارێكی تر كۆماری كوردستان رابگه‌یه‌نێته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی ساڵانی دوای شۆڕشی 1979 ی ئێران بخوێنینه‌وه‌ ده‌بینین خۆرئاواو زۆر ده‌وڵه‌تی تری دونیا دژی ئێران بوون ، واته‌ یارمه‌تی نه‌یارانی ئه‌و رژێمه‌یان ده‌دا ، عێراق شه‌ڕی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌دا ، سیاسه‌تی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش ناوچه‌كه‌ی تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ كردبوو ، كه‌واته‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان گونجاوتر بوو . له‌وانه‌یه‌ بوترێت وڵاتێكی وه‌كو ئێران هێزێكی گه‌وره‌ بوو كوردستانی داگیر ده‌كرده‌وه‌ ، ئه‌وه‌ راسته‌ به‌ڵام به‌بێ ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش هه‌ر هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر شارو گونده‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و خستنیه‌وه‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی ، به‌ڵام ئیعلانی خولی دووه‌می كۆمار بۆ جارێكی تر ئیراده‌ی گه‌لی كوردی بۆ هه‌موو جیهان نیشان ده‌دایه‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی تر رازیی نابێت .
    له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێشدا به‌رزترین داوای كورد ئۆتۆنۆمیی و دواجار فیدراڵیه‌ت بووه‌ ، ته‌نانه‌ت مام جه‌لال به‌ كریس كۆچێرای وتووه‌ " له‌م نه‌وه‌یه‌ی مندا كه‌س سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نابینێت " ، بگره‌ دوای ئه‌وه‌ش بووه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ " خه‌ونی شاعیرانه‌ "ی ناوبرد . سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌نووس ته‌نیا وه‌كو زاراوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌رز كراونه‌ته‌وه‌ ، ده‌نا له‌ درووشم تێنه‌په‌ڕیووه‌ ، ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ی دوو ئیداره‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی پێویستیان به‌ سه‌لماندن و به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ نیه‌ ، ئه‌م دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتێكیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پاندووه‌ ، به‌ڵام ته‌نیا ساتێك بڕوایان به‌وه‌ نه‌بووه‌ بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تداریی بچه‌سپێنن ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ !!
    ماوه‌یه‌كه‌ بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم بۆ جارێكی تر به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ ، به‌خوێندنه‌وه‌ی كه‌م و ساده‌ی خۆم گه‌یشتوومه‌ته‌ چه‌ند خاڵێك ، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ :
1. به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كورد وه‌كو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری جیهان مافی خۆیه‌تی خاوه‌نی مافی چاره‌نووسی خۆی بێت ، به‌ تایبه‌تی هێرشی سه‌د ساڵه‌ی قڕكردنی له‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی شاراوه‌ نیه‌ ، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش ویستبێتی بگاته‌ مافی چاره‌نووسی خۆی هه‌وڵیداوه‌ به‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی روون و ستراتیژێكی نوسراو ئه‌م بابه‌ته‌ رابگه‌یه‌نێت و به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا بیكاته‌ پرۆتۆكۆل و دواجار له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بگاته‌ ریفراندۆم ، وه‌كو رێكه‌وتنی 2005 ی نیفاشا كه‌ له‌ نێوان "عومه‌ر به‌شیر" و "جۆن كه‌ره‌نگ" دا واژۆ كرا ، كه‌ له‌ ساڵی 2011 دا له‌ باشووری سودان ریفراندۆم بكرێت ، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ته‌یمووری خۆرهه‌ڵات و كۆسۆڤۆ و وڵاتانی تریشدا دووباره‌ بۆته‌وه‌ . مه‌خابن له‌ ساڵی 1992 تا ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێم – راست تر بڵێین پارتی و یه‌كێتی – نه‌یانویستووه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ كار بكه‌ن ، كه‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتی ریفراندۆم بكات ، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 2005 یشدا كاتێ بزووتنه‌وه‌ی ریفراندۆم واژۆی خه‌ڵكی كوردستانیان برده‌ به‌غدا ، ئه‌و دوو حیزبه‌ خۆیان لێ نه‌كرده‌ خاوه‌ن و مامۆستا سه‌لاحه‌دین موحه‌مه‌د به‌هائه‌دین یارمه‌تیدان كهواژۆكان‌ بیگه‌یه‌ننه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ خه‌ریكی چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌ مادییه‌كان بوون .
2. له‌ جیهاندا هه‌موو ریفراندۆمێك به‌ یاسا ده‌كرێت ، یاساش له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت ، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستاندا په‌رله‌مان له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیه‌وه‌ داخراوه‌و دوای 26 ساڵ تازه‌ ئه‌و حیزبه‌ به‌ عه‌قڵیه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌یه‌وێت به‌ پشتبه‌ستن به‌ شه‌رعیه‌تی ئه‌مری واقیعی خۆسه‌پێن ، ریفراندۆم بكات ، كه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی بیانه‌وێت كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكه‌ن ، خاڵێكی یارمه‌تیده‌ری زۆر باش ده‌بێت به‌ده‌ستی ناحه‌زانه‌وه‌ بڵێن ئه‌وه‌ ریفراندۆمی گه‌لی كوردستان نیه‌ و وه‌كو هه‌میشه‌ ئه‌و دوو پارته‌ ساخته‌كارییان كردووه‌ ، جا ئه‌وه‌ له‌بری سوود پێگه‌یاندنیان زیاتر ناوبانگیان له‌كه‌دار ده‌كات .
3. خه‌ڵكی كوردستان زۆر تووڕه‌ن له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی ، كه‌ قه‌یرانی سیاسیی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ دروست كردوون ، ده‌یانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شه‌رعیه‌ت به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا ده‌یكه‌ن ، ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه‌ ماده‌یه‌كی چه‌وری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و قه‌یرانی ئابووریی و سیاسیی به‌م قه‌یرانه‌ نوێیه‌ داپۆشن و جارێكی تر له‌م رێگه‌یه‌وه‌ سواری شه‌پۆلی عاتیفیانه‌ی تاك و كۆمه‌ڵی كورده‌واریی ببن ، كه‌ ساڵانێكه‌ خه‌ون به‌ سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌نووسی خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن .
4. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیه‌ ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌كو كارتێكی تری گوشار بۆ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ئیمتیازاتی تری پێ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ، كاتی خۆی مه‌سعود بارزانی كه‌ نامه‌یه‌كی نارد بۆ رای گشتیی باسی ریفراندۆمی كوبیك و سكۆتله‌ندای كردبوو كه‌ مه‌رج نیه‌ مانای جیابوونه‌وه‌ بێت ، به‌ڵام باسی كۆسۆڤۆ و ته‌یمووری خۆرهه‌ڵات و باشووری سودانی نه‌كردبوو كه‌ ریفراندۆم كردنیه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت ، ته‌نانه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی به‌غدایان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ریفراندۆم بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ به‌ڵێنیان پێداون له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌یكه‌ن ، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌و هه‌ڵڵایه‌ی له‌ دژی لێدوانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان كردیان به‌ڵێنیان داوه‌ به‌ به‌غدا به‌ ئارامی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك بهێننه‌ خواره‌وه‌ . ده‌نا كوا سنووری هه‌رێمی كوردستان ؟ كوا رای كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی ؟ كه‌ تا ئه‌م ساته‌ش سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ماده‌ی 140 هه‌مان بنه‌مای راپۆرته‌كه‌ی بیكه‌ر – هامیلتۆنه‌ كه‌ كه‌ركوكی به‌ به‌رمیلی بارووت چواندووه‌و راسپارده‌ی ئه‌وه‌یه‌ نابێ ریفراندۆمی تێدا بكرێت .
5. كاتی خۆی سیاسه‌تمه‌دارانی كوردو عێراقیی‌ "نوری مالیكی"یان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ قه‌یران به‌ قه‌یران داده‌پۆشێت و كێشه‌كانی پێشووتریان به‌ كێشه‌یه‌كی نوێ له‌بیر ده‌باته‌وه‌ ، كه‌واته‌ كت و مت ئه‌م ریفراندۆمه‌ش هه‌مان رۆڵ ده‌بینێت ، بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی كوده‌تا و دزینی داهاتی نه‌وت و ناشه‌فافیه‌ت و برسیی كردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ، ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌رزوتا له‌بیری نه‌خۆش ببه‌یته‌وه‌ ده‌بێ مه‌رگی نیشان بده‌یت !!
    هه‌رچه‌نده‌ زۆر دڵنیام ئه‌م ریفراندۆمه‌ نامانگه‌یه‌نێته‌ مافی چاره‌نووس ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمانگه‌یه‌نێته‌ سه‌ربه‌خۆییش ، نمونه‌یه‌كی فاشیلی وه‌كو باشووری سودان چاوه‌ڕێمانه‌ ، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای 85% ی به‌ركه‌وته‌ی نه‌وتی سودان و زیاتر له‌ 20 – 22 ملیار یارمه‌تی جیهان بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ، ئێستا بانكی ناوه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌ ئیفلاسی كردووه‌ ، ملیۆنان كه‌س له‌دوای كوژرانی هه‌زاران هاوڵاتی بۆ ده‌ره‌وه‌و ناوخۆی وڵات ئاواره‌ بوون ، زیاتر له‌ 200 هه‌زاریان كه‌ ده‌نگیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی باشوور له‌ باكوور دابوو ، ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ باكووری سودان ، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان له‌ مه‌رگی وڵاته‌ سه‌ربه‌خۆكه‌یان بپارێزن ، به‌داخه‌وه‌ ئیداره‌ی فاشیلی ئه‌م حكومه‌ته‌ی هه‌رێمیش له‌وه‌ باشترمان نیشان نادات !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌