ترامپ له‌ چیی تووڕه‌یه‌ ؟!

وتار/ 10/04/2017 702 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ترامپ له‌ چیی تووڕه‌یه‌ ؟!
شوان هه‌ورامی
له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا ، دۆناڵد ترامپ ره‌خنه‌ی تووندی له‌ باراك ئۆباما ده‌گرت له‌سه‌ر قه‌یرانی سوریاو بێهێزیی له‌ به‌ڕێوه‌بردنیدا ، به‌ڵام چه‌ند رۆژێ به‌ر له‌ دوایه‌مین هێرشی كیمیاویی بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ی خان شیخون ، وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ زمانی " ترامپ "ه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ رووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ گرنگی پێدانه‌كانی ئه‌وان نیه‌ . هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی چاودێران ترامپ به‌ هه‌ڵكه‌ری چرای سه‌وز ده‌زانن بۆ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ .
ئه‌وه‌ 6 ساڵه‌ رژێمی سوریا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ده‌ستی ئاوه‌ڵا كراوه‌ بۆ قڕكردنی خه‌ڵكی سوریا ، زیاتر له‌ 600 هه‌زار كه‌سی كوشتووه‌و زیاتر له‌ 10 ملیۆن هاوڵاتیشی ئاواره‌ كردووه‌و زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌شی وه‌كو ستالینگرادو به‌رلینی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م لێكردووه‌ ، هۆی چیه‌ به‌م چه‌ند بۆمبه‌ كیمیاوییه‌ ترامپ تووڕه‌ بووه‌و ده‌ڵێت رای خۆی گۆڕیووه‌ ؟
كوشتنی مرۆڤ به‌ به‌رمیلی بارووت بێت یا گازی كیمیاویی هه‌ر كوشتنه‌ ، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كوژراو زۆر زیاتره‌ له‌م ژماره‌ كه‌مه‌ی قوربانیانی كیمیاویی ، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ترامپ و سه‌ركرده‌ خۆرئاواییه‌كان راستیان ده‌كرد ، ده‌بوو ویژدانیان بۆ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ بجوڵایه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رێگه‌یان به‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌دایه‌ . ئۆباما خه‌تی سووری زۆری بۆ به‌شار ئه‌سه‌د دانابوو كه‌ چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ تۆخترینیان بوو ، به‌ڵام دوای به‌زاندنی هه‌موو هێڵه‌ سووره‌كان ، ته‌نیا كاری باراك ئۆباما له‌ دوای تاوانی غوته‌ی خۆرهه‌ڵات داماڵینی ئه‌و چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌ بوو له‌ رژێم ، ئیتر كارێكی تر نه‌كرا بۆ رێگریی له‌ قه‌سابخانه‌ دڵته‌زێنه‌كانی سوریا . چونكه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ریكا به‌ یارمه‌تی رووسیا ویستیان ئه‌و چه‌كه‌ ترسناكه‌ له‌و رژێمه‌ داماڵن ، نه‌ك رۆژێ له‌ رۆژان بكه‌وێته‌ ده‌ســتی كه‌سانێ كه‌ خه‌یاڵ بكه‌ن له‌ دژی ئیســـــرائیل به‌كاری بهێنن .
لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تووڕه‌یی ترامپ له‌سه‌ر تراژیدیای خان شیخون نیه‌ ، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ كه‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵیاندا كردوویه‌تی ، كه‌ پێشتر رایگه‌یاندووه‌ به‌وه‌ی هه‌موو چه‌كه‌ كۆكووژه‌كانی راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌ ، به‌ڵام ئێستا دووباره‌ به‌كاریان ده‌هێنێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش هه‌مان ئه‌گه‌ری مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ده‌كاته‌وه‌ ، كه‌ ترامپ له‌به‌رده‌می كۆنگره‌ی "ئایپاك"دا به‌ڵێنی به‌ سه‌ركرده‌كانی رێكخراوی زایۆنیستی جیهانی داوه‌ كه‌ ئیسرائیل وه‌كو بیلبیله‌ی چاوانی بپارێزێت ، بۆیه‌ رێگه‌ نادرێت به‌ هیچ هێزێكی ناوچه‌كه‌ باڵاده‌ستیی ئیسرائیل تێكبدات !!
دوێنێ ترامپ له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا كه‌ پرسیاریان لێكرد : چیی ده‌كه‌یت له‌ دژی ئه‌و سنوور به‌زاندنه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ؟ گوتی : ده‌یبینن .. كه‌واته‌ چیی پێشبینیی ده‌كرێت كه‌ ئیداره‌ی ترامپ له‌ دژی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بیكات ؟ ئه‌گه‌ره‌كان به‌م شێوه‌یه‌ن :
1. ترامپ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ پۆتین هه‌یه‌ ، ته‌نانه‌ت قه‌رزداری هه‌وڵه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگریی رووسیایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و سه‌رخستنیدا ، بۆیه‌ هه‌رچیه‌ك بكات به‌ ئاگاداری رووسیا ده‌یكات ، چونكه‌ رووسیا له‌ سوریادا بوونی هه‌یه‌و ئه‌مه‌ریكاش بێ ئاگا نیه‌ له‌و رۆڵه‌ی كه‌ به‌ رووسیا دراوه‌ .
2. ستراتیژی نوێی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه‌ جارێكی تر له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سه‌ربازانی خۆی ناكاته‌ قوربانیی ، ته‌نانه‌ت له‌ یارمه‌تیدانی وڵاتانیشدا ده‌بێ نرخه‌كه‌ی به‌ زیاده‌وه‌ وه‌رگرێته‌وه‌ ، چه‌ند رۆژێ له‌مه‌وبه‌ریش " ئاشتۆن كارته‌ر"ی وه‌زیری پێشووی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند : تا ئێستاش پنتاگۆن هه‌ر هه‌مان پلان و ستراتیژ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ ئیداره‌ی باراك ئۆباما دایناوه‌ ، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت گۆڕانكاریی به‌رچاو له‌و پلانه‌ سه‌ربازییه‌دا رووبدات .
3. له‌وانه‌یه‌ بۆ چه‌واشه‌كاریی رای گشتیی جیهانیی ، هێزه‌ ئاسمانیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆمبارانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دووره‌ ده‌ست و نا كاریگه‌ر له‌ سوریادا بكه‌ن ، هه‌روه‌كو ئه‌و بۆمبارانانه‌ی كه‌ له‌ رۆژی 31 ی ئابی 1996 و رۆژانی دواتردا له‌ عێراق كردیان ، كاتێ چاوپۆشیان كرد له‌ گرتنی شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی گاردی كۆمارییه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ به‌سره‌و ناوه‌ڕاستی عێراق چه‌ند رادارو دژه‌ ئاسمانیان كرده‌ ئامانج ، له‌وانه‌یه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ندێ ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی حیزبوڵڵا و ئێرانیش له‌ شامدا بكه‌نه‌ ئامانج ، بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی رووسیا زیاتر به‌هێز بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ته‌نیا وه‌كو گه‌یاندنی چه‌ند نامه‌یه‌كه‌ نه‌ك جدیی بوونیان له‌ رووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌ددا ، چونكه‌ مانه‌وه‌ی به‌شار به‌ر له‌ ئێران و رووسیا ویستێكی ئیسرائیلیی و خۆرئاواییه‌ .
4. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ری ده‌خات هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاواییه‌كان له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د جدیی نیه‌ ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 6 ساڵه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌ ناوچه‌ی دژه‌ فڕینی به‌سه‌ر رژێمی سوریادا سه‌پاندووه‌ ، نه‌ هێشتوویه‌تی چه‌كی دژه‌ ئاسمانی بگاته‌ شۆڕشگێڕان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی باڵای رژێم بۆ كوشتاری خه‌ڵك ئاوه‌ڵا بێت ، نه‌ ناوچه‌ی ئارامیشی بۆ خه‌ڵكی سڤیل دروستكردووه‌ ، جا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌درا ، كه‌واته‌ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌و ناڕه‌زاییه‌كان ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتین و به‌ چه‌ند هێرشێك تووڕه‌یی رای گشتیی له‌بیری خه‌ڵك ده‌به‌نه‌وه‌ .
5. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌كو به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاویی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌ چڕیی له‌ كۆتایی جه‌نگی 8 ساڵه‌ی عێراق - ئێراندا ، به‌ ئاماژه‌ی خۆرئاواییه‌كان بووبێت بۆ كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕه‌كه‌و سه‌پاندنی بریاری 598 ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ كه‌ناڵی دیبلۆماسیه‌وه‌ به‌ ئێران راگه‌یه‌نراوه‌ هه‌موو شاره‌كانی ئێران ئه‌گه‌ری به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كردنیان هه‌یه‌ ، بۆیه‌ دوور نیه‌ ئه‌م تراژیدیایه‌ی خان شیخون هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی تر بێت بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن له‌ داخوازیی لادانی به‌شار ئه‌سه‌د و رازیی بوون به‌ نه‌خشه‌رێگه‌ی خۆرئاواییه‌كان و رووسیا له‌ ناوچه‌كه‌دا .
جا با چاوه‌ڕوان بین بزانین ترامپ به‌رنامه‌ی چییه‌و چیی ده‌ته‌قێنێت ؟!!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌