کارەساتەکە لێرەدایە.

وتار/ 23/03/2017 1134 جار بینراوە

هیوا محمد کریم

کارەساتەکە لێرەدایە.


هەژاری و نەداری دەردێکی کوشندەیە کە ڕوبەرووی ئەم گەلە بەش مەینەتە کراوەتەوەو بۆی خولقێنراوە، وە بەهۆیەوە هەزاروو یەک کێشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت فکریی و ئايدۆلۆژیشی لێ بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوەی ئەمەوێ بە خوێنەری بگەیەنم ئەوەیە کە لەجیاتی ڕوبەڕووی ئەو کەسانە بینەوەکە دروستکەری ڕاستەو خۆی قەیرانەکەن، جورئەت بکەین پەنجە بخەینە سەر خودی برینەکە ئەوا لە شوێنێکی ترەوە خۆمان خاڵی دەکەینەوە!!
بە پوختی تر بڵێم حکومەت و سیاسیە بازرگانە گەندەڵەکان خوڵقێنەری هەژاری و نەداری و برسی کردنی خەڵکن، بەڵام هەندێک کەس خول خول دێنەوە بۆ لای حاجییەک کە دەیەوێت حەجێکی فەرز ئەنجام بدات یان سونەتێکی عەمرە ئەنجام بدات، بەپاساوی ئەوەی ئەگەر پارەکە بۆ هەژاران بێت ئەوا هەژار نامێنێت لە کوردستان!!
ئەی بۆناچی پەنجە بکەیت بە چاوی ئەو سیاسی و گەندەڵەدا کە ئەگەر ئەو هۆکار نەبێت بۆ ئەم قەیرانە ئەوا تۆو حەوت نەوەی تۆ وەک پاشاو مەلیک دەژی لە کوردستاندا، چ کارێکت بەسەر حاجییەکی قوڕ بەسەرەوە هەیە، ئەو پارەیەی دینار دینار لە دەمی خۆی و ماڵ و منداڵی گرتووەتەوەو کۆی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی حەجێک تەنها جارێک لەتەمەنیدا، لەکاتێکدا ئەو سیاسی و حزبەی کەتۆ ناوێریت باسی بکەی یان ناتەوێت باسی بکەی بە ڕۆژانە هەزار ئەوەندەی پارەی حاجییەکان لەداهاتی ئەم هەرێمە حەپەلوش دەکەن و ڕەوانەی دەرەوەی دەکەن.
ئەی بۆ باسی ئەو ملیار دۆلارانە ناکەن کە لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هەڵگیراوەو کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی لەسەری خەریکی سوو خواردنن، گرتووتانە بە چوار حاجییەوە کە لەوانەیە بەقەد پارەی حەجەکەشی بەخشیبێت پێشتروو ببەخشێت!!
ئەی بۆ ناڕۆن باسی ئەو بیرە نەوتانە بکەن کە هی تاکەکەسن و دەستی بەسەردا گیراوە و مافی گشتییان لێ داماڵیوە بەیەکجاری، بەڵام سەری زمان و بنی زمانتان حاجی حاجییە!!
ئەی بۆ ناڕۆن باسی ئەو هەزەرەها دۆنم زەوی و ڤێلاو مەزرەعانە بکەن، کە بەقەد سەدەها ساڵ حەجی حاجییان پارەو قوتی ئەم گەلە هەژارەی تیا خەرج کراوە.
ئەی بۆ باسی ئەو هەموو سەفتە دۆلارە ناکەن کە دراوە بە گۆرانیبێژی بییانی و ڕاقیسەی خلیج و دومڵەک ژەنی ئەم لاولا و پارەکەی هەموو برراوەتە دەرەوەی هەرێم!!
ئەی بۆ باسی بردنە دەرەوەی ئەو هەزارەها ملیۆن دۆلارە ناکەن کە لە ڕێی بەرپرس و منداڵە بەرپرسەکانەوە ڕۆژانە دەرێتە دەرەوەی هەرێم و لە شەوە سورەکاندا خەرج دەکرێت!!
کارەساتەکە ئەوەیە بکەری سەرەکی خولقێنەری قەیران و هەژاری لەبیر خەڵک بەرینەوەو هەڵبشاخێین بە کەسێکدا کە دووروو نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە، هەر وەک ئەوەی لە کێشە سیاسی و حکومڕانییەکانی تردا بەدی دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا.
هیوا محمد کریم

نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌