نه‌ورۆزی پیرۆزو نه‌ورۆزی ناپیرۆز

وتار/ 22/03/2017 593 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

نه‌ورۆزی پیرۆزو نه‌ورۆزی ناپیرۆز
شوان هه‌ورامی
ساڵانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك گه‌لی كوردستان یادی نه‌ورۆزو سه‌ری ساڵی كوردیی به‌رز راده‌گرن،به‌ڵام پارته‌كانی كوردستانیش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و یاده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبیی،بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ گه‌رمتر ده‌كه‌ن ، ته‌نانه‌ت له‌تاراوگه‌ش هه‌ر شوێنێ كوردی تێدا بژی ئه‌و یادانه‌ی تێدا ده‌كرێته‌وه‌ .
له‌باره‌ی گرنگیی نه‌ورۆزه‌وه‌ "جه‌میل بایك "ی سه‌ركرده‌ی دیاری PKK رایگه‌یاند كه‌ نه‌ورۆز بۆنه‌یه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی مانه‌وه‌ی گه‌لی كورد و له‌ فه‌وتان پاراستوویه‌تی،بۆیه‌ داوای له‌ جه‌ماوه‌ری باكووری كوردستان كرد،ئه‌و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رز رابگرن . هه‌ر بۆیه‌ باڵی ســـیاسیی PKK له‌ باكوور ( واته‌ HDP ) له‌ شاره‌كانی باكووری كوردســتان و شاری ئه‌سته‌نبوڵ ئه‌و یاده‌یان به‌ڕێوه‌ برد . ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت كه‌ لایه‌نگرانی PKK به‌ هه‌ڵگرتنی ئاڵای ئه‌و پارته‌ ده‌ستگیر كراون ، ئه‌و یاده‌ به‌ ئازادانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و شاره‌وانیی و پۆلیس تا سه‌عات 3 ی دوانیوه‌ڕۆی بۆ دیاریی كردوون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رێوڕه‌سمه‌كه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ هه‌ڵمه‌تی ریفراندۆمیشن كه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌ده‌په‌ داوا له‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن به‌ نه‌خێر به‌شداریی له‌ ریفراندۆمی 16ی نیساندا بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌مواركردنی ده‌ستووری توركیا.به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی CHP به‌ نه‌خێر به‌شداریی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌كات،به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پیرۆزبایی نه‌ورۆزیشی له‌ گه‌لی كورد نه‌كرد !!
به‌ڵام باڵی سوریای PKKواته‌ PYD ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی قه‌ده‌غه‌ كردو ئاسایشـــــی كانتۆنه‌كان چه‌ندین لاوی كوردو لایه‌نگری پارته‌ كوردییه‌كانی تری قۆڵبه‌ست كرد،كه‌ به‌ نیازبوون ئاهه‌نگی نه‌ورۆز به‌رز راگرن،ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ پێشتر ناوی كوردستان و رۆژئاڤایان له‌و فیدراڵییه‌ خۆجێیه‌ كرده‌وه‌و له‌سه‌ر داوای رووسیاو رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ناوه‌كه‌یان گۆڕیی به‌ باكووری سووریا،چونكه‌ ده‌یان ساڵه‌ رژێمی سووریا ئینكاری بوونی كورد ده‌كات له‌ خۆرئاوا،دیاره‌ ئه‌م قه‌ده‌غه‌ كردنه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان خواست و ئاراسته‌یه‌.
ئه‌گه‌ر گه‌لی كورد له‌ داگیركه‌رانی پارچه‌كانی كوردستان داوای ئازادیی ده‌كه‌ن بۆ زمان و كلتوورو بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان ،له‌و شوێنه‌ی كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاده‌ وه‌كو بیانوو به‌كارده‌هێنن بۆ كاری حیزبیی و تۆمه‌تباركردنی ئه‌و وڵاتانه‌و حه‌قی خۆشیانه‌،به‌ڵام جێی خۆیه‌تیی بپرسین له‌ PKK ئایا هۆكار چیه‌ له‌و شوێنه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن كارگێڕیی دیموكراسیتان دامه‌زراندووه،یادی نه‌ورۆز قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن و لاوانی كورد ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و له‌م بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا له‌بری خۆشیی و شادیی فه‌زای ماته‌مینیی ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ؟!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌