له‌په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ توركیادا

وتار/ 01/03/2017 676 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

له‌په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ توركیادا
شوان هه‌ورامی
رۆژی 26 ی شوبات بارزانی سه‌ردانی توركیای كرد ، له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ " ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان "ی سه‌رۆك كۆمار و " بینالی یه‌ڵدریم "ی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوه‌وه‌ ، میدیای پارتی زیاتر تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌ڵكرانی ئاڵای كوردستان ، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتۆرك له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و نه‌یارانیشی به‌ به‌رده‌وامیی شه‌ڕی سوپای توركیاو " PKK " یان كرده‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی سه‌ر زمانیان له‌ باكووری كوردستان ، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك به‌ گرنگ ده‌زانم :
1. هه‌ر مه‌به‌ستێك له‌ پشتی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ بێت ، به‌پێی كلتووری ئینكاری كورد له‌ باكووری كوردستان و دژایه‌تیی هه‌ر سه‌روه‌رییه‌كی كورد له‌ پارچه‌كانی تر ، كه‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا بووه‌ له‌ ساڵی 1923 وه‌ تا هاتنی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان " AKP " ، گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌و هیچ وڵاتێكی تری دراوسێی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ( به‌ تایبه‌تیی ئێران و سوریا و ئه‌رده‌ن و سعودیه‌و كوه‌یت ) ئه‌و كاره‌یان نه‌كردووه‌ ، ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤه‌ بۆ مافی چاره‌نووسی كورد ، كاتێ بزانین جیۆپۆلۆتیكی كوردستان ترسناك و داخراوه‌و كه‌ناری ئاویمان نیه‌و ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆش بین ، وه‌كو وڵاتانی تری داخراو بۆ نمونه‌ ئه‌فغانستان ، نیپاڵ ، باشووری سودان و ئیسیوپیا ، گرفتی په‌یوه‌ندیی ده‌ریاییمان هه‌یه‌و ناتوانین به‌بێ په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ دراوسێكانماندا گه‌شه‌ی ئابووریی بكه‌ین .
2. میدیای پارتی بۆ جارێكی تر و بۆ ئیستیهلاكی ناوخۆ ، مه‌سه‌له‌ی ئاڵاو سه‌ربه‌خۆیی كرده‌وه‌ به‌ خۆركی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی ، به‌ڵام هه‌روه‌كو له‌ په‌یجی فه‌رمیی ئه‌ردۆغاندا هاتووه‌ ، جگه‌ له‌ سه‌رۆك ، ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌نی توركیاوه‌ " به‌رائه‌ت به‌یره‌ق "ی وه‌زیری وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان و " هاكان فیدان "ی سه‌رۆكی گشتیی ده‌زگای هه‌واڵگریی و " ئه‌حمه‌د یه‌ڵماز " یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماده‌ بوون ، لای هه‌رێمیشه‌وه‌ جگه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی ، فوئاد حوسێن و سه‌فین دزه‌یی ئاماده‌ بوون ، ئه‌وه‌ی سه‌یری پێكهاته‌كه‌ی توركیا بكات ، بۆی روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ توركیا دوو دۆسیه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌و باسی لێكردووه‌ ، دۆسیه‌ی ئابووریی و دۆسیه‌ی ئاسایش ، دوای ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ی ئێران له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ شیعه‌گه‌ریی له‌ناوچه‌كه‌دا ، بۆی هه‌یه‌ گرفتی وزه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌و رووه‌وه‌ وزه‌ی كوردستان بۆ توركیا زۆر گرنگه‌ ، هه‌روه‌كو ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی هه‌رێمیش ته‌نیا ناردنی نه‌وت و غازه‌ له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ ، شه‌ڕی داعش و شه‌ڕی " PKK " ش دۆسیه‌یه‌كی تری گرنگه‌ بۆ توركیاو ئه‌و وڵاته‌ هه‌روه‌كو له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا كاری له‌سه‌ر ده‌كات ، له‌رووی ئه‌منیی و دیبلۆماسیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌و خۆرئاوادا گرنگیی پێده‌دات ، بۆیه‌ له‌ دوای هاتنی ترامپ و له‌پاش گفتوگۆكانی ئاستانه‌و جنێف توركیا ده‌یه‌وێت له‌ هاوكێشه‌ی نوێدا هه‌ژموونی پارێزراو بێت و سنوور بۆ نه‌یاره‌كانی دابنێت .
3. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ كه‌سایه‌تیی باكووری كوردستان هیوای زۆریان به‌و سه‌ردانه‌ هه‌ڵچنیووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیی ده‌ست پێبكاته‌وه‌ ، به‌ڵام دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ و تێكه‌ڵبوونی " PKK " و " HDP " به‌و هێزه‌ ناوچه‌یی و تاڕاده‌یه‌ك جیهانیانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیان وه‌كو كارتێك له‌ دژی " AKP " به‌كارهێناو مه‌به‌ستیش رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پارته‌ بوو ، دیواری بێمتمانه‌یی ئه‌ستوور كردووه‌ ، به‌ تایبه‌تیی دوای ئه‌وه‌ی " PKK " تێكه‌ڵ بووه‌ به‌ هاوپه‌یمانێتیی دیمه‌شق و تارانه‌وه‌ له‌ دژی توركیا ، بۆیه‌ هێشتا زووه‌ گفتوگۆكان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تیی ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه‌ گفتوگۆكان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجامی متمانه‌ پێكراو دیار نین ، كه‌ بێگومان له‌لایه‌ن " PKK " و لایه‌نگرانیه‌وه‌ داوای میكانیزمی روون له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رجه‌سته‌و له‌لایه‌ن حكومه‌تیشه‌وه‌ بوونی چه‌ك هه‌میشه‌ بنه‌مایه‌كی له‌رزۆكه‌ بۆ دیالۆگ و له‌هه‌ر چركه‌ ساتێكدا ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌یه‌ ، به‌ تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تیی قه‌ندیل تێكه‌ڵی ستراتیژیه‌تی عه‌له‌ویی – شیعی ناوچه‌كه‌ بووه‌و ئه‌سته‌مه‌ پاشه‌كشه‌ی لێ بكات ، هه‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ئه‌وانیش بوو بۆ بارودۆخی توركیا كه‌ ئه‌ردۆغانیان به‌ رووخاو ده‌زانیی ، به‌و ئاكامه‌ ناله‌باره‌ی گه‌یاندن و به‌سه‌نگه‌رلێدانی ناو شاره‌كان و شه‌ڕ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ ، باكووریان بۆ چه‌ندین ساڵی تر به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ .
4. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ " PKK " و لایه‌نگرانی بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ی بارزانی بۆ توركیا ، ناوبراو به‌ شه‌یتان ده‌كه‌ن ، راسته‌ بارزانی هه‌تكی پرۆسه‌ی دیموكراسیی و مافی مرۆڤی هه‌رێمی كردووه‌ ، به‌ڵام خۆ PKK و لایه‌نگرانی فریشته‌ی دیموكراسیی و مافی مرۆڤ نین ، خۆرئاوای كوردستان نمونه‌یه‌كی روونه‌ له‌ مۆدێلی ستالینیانه‌ی كۆریای باكوور . بیانووی PKK بۆ به‌شه‌یتانكردنی بارزانی ئه‌وه‌یه‌ ناوبراو سه‌ردانی توركیای كردووه‌ ، له‌كاتێكدا سوپای ئه‌و وڵاته‌ - به‌پێی شرۆڤه‌ی ئاپۆچیه‌كان – شه‌ڕ له‌گه‌ڵ PKK و كوردانی باكوور ده‌كات و په‌رله‌مانتارو كادیرانی HDP ده‌ستگیر ده‌كات ، به‌ڵام ئه‌وان له‌مه‌دا چه‌واشه‌كاریی ده‌كه‌ن ، چونكه‌ : مه‌گه‌ر كێ رایگه‌یاند كه‌ ئاگربه‌ست كۆتایی هاتووه‌ ؟ قه‌نیل یا ئه‌نقه‌ره‌ ؟ كێ سه‌نگه‌ری له‌ناو شاره‌كانی باكووری كوردستان لێدا ؟ سوپا بوو یا PKK ؟ ئایا كاتێ ساڵح موسلیم سه‌ردانی توركیای كردو چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجامدا ، نه‌ك به‌رپرسانی فه‌رمیی و سیاسیی وڵاته‌كه‌ ، بۆچی میدیای PKK و لایه‌نگرانی له‌و سه‌ردانه‌ بێده‌نگ بوون ؟ بانێك و دوو هه‌وایه‌ ؟ بۆچی بوونی "عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان "یان له‌بیرچۆته‌وه‌ ، كه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵ له‌ سووریای "حافیز ئه‌سه‌د "دا ژیا ، كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت به‌شاری كوڕیشی دان نانێت به‌ بوونی كورددا و به‌ ئاواره‌ی توركیایان ناو ده‌بات ؟ به‌داخه‌وه‌ PKK ده‌یه‌وێت هه‌ر كه‌س و پارت و لایه‌نێك سه‌ردانی توركیای كرد ، ده‌بێ سه‌ره‌تا ڤیزای قه‌ندیل وه‌ربگرێت ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی یه‌كڕیزیی كوردو تێكه‌ڵ بوونی پارته‌ كوردییه‌كان به‌ سه‌فه‌وی و عوسمانی نوێ كارێكی كردووه‌ ، ئه‌م دابڕانانه‌ زیاتر ببن ، كه‌ له‌م رووه‌وه‌ میدیای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رۆڵێكی خراپ ده‌گێڕن ، له‌وه‌ی هه‌ر رووكردنه‌ توركیایه‌ك تاوانه‌و هه‌ر تێكه‌ڵبوونێكیش به‌ ئێران و هاوپه‌یمانێتیی شیعه‌ و دژایه‌تی توركیاوه‌ نیشتمانپه‌روه‌رێتیه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ چاویان سیستمه‌كه‌ی كۆریای باكووری خۆرئاوای كوردستان نابینێت و هه‌موو ناشیرینیه‌كانی به‌ نرخی هه‌نگوینی قه‌ندیل ده‌رخواردی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن !!
كه‌واته‌ هه‌موو دونیا باسی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌و كورد بكات ، هه‌موو دونیا مافی چاره‌نووسمان پێ ره‌وا ببینن ، پشتیوانیمان بكه‌ن ، كه‌ ماده‌م دیموكراسیه‌كه‌مان داخستنی په‌رله‌مان و كوشتنی رۆژنامه‌نووسان و پاشقول له‌ یه‌كتر گرتنه‌ ، لووشدانی سامانی نیشتمانه‌ ، ئاڵاو ده‌وڵه‌تیشمان هه‌بێت ، ئاڵاو مۆدێله‌كه‌ی له‌وه‌ی كۆماری باشووری سوودانی سلفاكیر و ریاك مه‌شار جوانتر نابێت ، كه‌ له‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار هاوڵاتیان كوشتووه‌و ملیۆنانیش ماڵوێران و ئاواره‌ بوون ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شیان كه‌ ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ داوه‌ ، ئێستا 200 هه‌زاریان په‌نایان بۆ باكووری سوودان بردۆته‌وه‌ ، جگه‌ له‌ ئیفلاسی بانكی ناوه‌ندیی جوبا . به‌ڕاستی به‌م حاڵه‌ته‌ پڕ له‌ قه‌یرانه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ له‌وه‌ی باشووری سوودان جوانتر نابینم !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌