كاریگه‌رییه‌كانی ترامپیزم له‌ خۆرئاوادا !!

وتار/ 02/02/2017 590 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

كاریگه‌رییه‌كانی ترامپیزم له‌ خۆرئاوادا !!
شوان هه‌ورامی
شـه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ ( 29 / 1 / 2017 ) خوێندكارێكی فه‌ره‌نسیی زمانی هه‌رێمی كیبیك هێرشێكی چه‌كدارانه‌ی كرده‌ سه‌ر مزگه‌وتی ناوه‌ندی ئیسلامیی هه‌رێمی " كیبیك " و له‌ ئه‌نجامدا 6 كه‌سی كوشت و 8 كه‌سی تریشی بریندار كرد ، كه‌ حاڵه‌تی زۆربه‌یان مه‌ترسیداره‌و له‌ ژێر چاودێری تووندان .
به‌ پێی وته‌ی پۆلیسی كه‌نه‌داو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ ، ئه‌لیكساندر بیسۆنیت ( Alexandre Bissonnette ) ته‌نیا ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانه‌یه‌ ، كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌ كرده‌ی تیرۆریستیی و ترسنۆكانه‌ی ناوبرد .
به‌ پێی بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و راستڕه‌وه‌ په‌ڕگیره‌ بێت ، ناوبراو لایه‌نگری دۆناڵد ترامپ و ماری لۆپانی فه‌ره‌نسیی و ئیسرائیله‌ .
"جاستین ترۆدۆ" ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌ تووندترین شێوه‌ ناڕه‌زایی خۆی و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌م كرده‌ تیرۆریستیه‌ ده‌ربڕیی ، ئه‌مه‌ دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دێت كه‌ له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ی ترامپ گرتیه‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران و رایگه‌یاند رێگه‌ ناده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی ئاینیی وڵاته‌كه‌یان و به‌هاكانی بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ . به‌هه‌مان شێوه‌ش پارته‌كانی كه‌نه‌دا به‌ یه‌كده‌نگیی ناڕه‌وایی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و كرده‌ تیرۆریستیه‌ ده‌ربڕیی .
هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێ له‌دوای واژۆكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاوڵاتیانی 7 وڵاتی موسوڵمان نشین بۆ چوونه‌ ناو ئه‌مه‌ریكا ، مزگه‌وتێك له‌ شارۆچكه‌ی ڤیكتۆریای سه‌ر به‌ شاری هیوستن له‌ ولایه‌تی ته‌كساس ئاگری تێبه‌ردراو به‌ ته‌واویی سوتا ، شایانی باسه‌ له‌دوای هاتنی ترامپ ره‌گه‌زپه‌رستیی و تووندڕه‌ویی له‌ ئه‌مه‌ریكادا په‌ره‌ی گرتووه‌ و مه‌ترسیی جدیی رووبه‌ڕووی هاوڵاتیانی موسوڵمان و لاتینیی و ئه‌فه‌ریقیایی بۆته‌وه‌ ، به‌تایبه‌تیی موسوڵمانان ، چونكه‌ راستڕه‌وه‌كان ئیسلام یه‌كسان ده‌كه‌ن به‌ تیرۆر ، بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش ترامپ هه‌مان ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆریزمی ئیسلامیی به‌كار هێنا !!
له‌دوای سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمی به‌ریتانیا بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا ، راسیزم و ره‌گه‌زپه‌رستیی په‌ڕگیر له‌ ئه‌وروپادا به‌ره‌و هه‌ڵكشان هه‌نگاوی ناوه‌ ، به‌ تایبه‌تی ماری لۆپان و پارته‌كه‌ی له‌ فه‌ره‌نسادا زۆر زیاتر له‌ جاران به‌هێز بوون ، له‌ هۆڵه‌نداو به‌لجیكاو ئه‌ڵمانیاش نیشانه‌ی به‌هێز بوونیان زیاتر ده‌ركه‌وتووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاتدا كه‌ ساڵانێكی زۆر له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی كۆمۆنیستیدا بوون ، زۆر زیاتر له‌ ئه‌وروپای خۆرئاوا ، ره‌گه‌زپه‌رستیی تیایاندا گه‌شه‌ی كردووه‌و ته‌نانه‌ت له‌ مه‌جه‌رو بوڵگاریا و چیكدا گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ ئاشكراو راشكاوانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی مه‌سیحیی دژایه‌تیی په‌نابه‌رانی موسوڵمانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن ، كه‌ هه‌ر وڵاته‌كانی ئه‌وان له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ملیاره‌ها دۆلار چه‌كیان به‌ لایه‌نه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی فرۆشتووه‌و حه‌ز ناكه‌ن ئه‌و تراژیدیایانه‌ به‌م زوانه‌ كۆتاییان پێ بێت ، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ په‌نابه‌راندا ده‌كه‌ن !!
كاتێ "ڤیكتۆر ئۆربان"ی سه‌رۆك وه‌زیرانی مه‌جارستان پشتیوانیی خۆی له‌ بۆچوون و به‌رنامه‌كانی دۆناڵد ترامپ راده‌گه‌یه‌نێت ، بۆ خۆی روونترین نیشانه‌یه‌ كه‌ ره‌گه‌زپه‌رستیی له‌ ئه‌وروپادا له‌ په‌ره‌گرتندایه‌و مه‌ترسیه‌كی جدیی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما مرۆیی و دیموكراسیانه‌یه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ خۆرئاوا شانازییان پێوه‌ ده‌كات .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌