ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی

وتار/ 31/01/2017 843 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی
شوان هه‌ورامی
ئه‌ڵقه‌ی شه‌شه‌م و كۆتایی :
باكووری كوردســـتان :
له‌ساڵی 1984 وه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ( PKK ) قۆناغێكی نوێی خه‌باتی چه‌كداریی له‌ دژی حكومه‌تی توركیا راگه‌یاندووه‌ ، ده‌كرێ بوترێت درێژترین و خوێناوی ترینی شۆڕشه‌كانی كورده‌ له‌ باكووری كوردستان له‌ دژی كۆماری توركیای نوێ ، كه‌ به‌ ده‌ستی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتۆرك دامه‌زرێنرا .
به‌ڵام له‌ ساڵی 1984 وه‌ بۆ 2002 ته‌نیا له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی " تۆرگۆت ئۆزال "دا حكومه‌تی توركیا ئاماده‌یی‌ خۆی نیشاندا بۆ ئاگربه‌ست و دیالۆگ ، به‌ڵام له‌لایه‌ك درووشمی ئه‌و كاته‌ی PKK به‌رزه‌فڕانه‌ بوو – واته‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستانی گه‌وره‌ ده‌كرد – له‌لایه‌كی تریش ژه‌نڕاڵه‌ كه‌مالیه‌كانی سوپای توركیا وه‌كو بازرگانی شه‌ڕ ساڵانه‌ ملیاره‌ها دۆلار له‌ بودجه‌ی وڵاتیان ده‌ست ده‌كه‌وت ، هه‌روه‌ها پارته‌ په‌ڕگیرو تۆرانیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ رێگر بوون بۆ هه‌ر دیالۆگێكی چاره‌نووسسازانه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ئۆزال به‌ حاڵه‌تێكی ته‌م و مژاویی كۆچی دوایی كرد ، كه‌ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌ بۆ تیرۆری ناوبراو ده‌كه‌ن ، چونكه‌ هه‌ر له‌دوای ئۆزال ، ســـــــوله‌یمان دیمیرێل هات ، نه‌ك نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه نیوه‌ چڵه‌ ، به‌ڵكو وه‌كو بوكه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ســـــتی ســــوپا مامه‌ڵه‌ی كرد و كووره‌ی شــــه‌ڕ له‌ باكووری كوردســـــتان گه‌رمتر كرا !!
له‌دوای هاتنه‌ سه‌ركاری پارتی دادوگه‌شه‌پێدان ( AKP ) له‌ توركیا ، قۆناغێكی نوێ له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی پێكرد ، چونكه‌ ئه‌م پارته‌ له‌ دوای داخســـــتنی چه‌ندین پارتی پاشــــخان ئیســـــلامیی هاته‌ سه‌ر كار ، به‌ڵام به‌ به‌رنامه‌و میكانیزمی زۆر جیاوازه‌وه‌ ، له‌لایه‌ك عه‌لمانیه‌تی دژه‌ دینی گۆڕیی به‌ عه‌لمانیه‌تی بێلایه‌ن ، كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ یه‌ك مه‌ودا له‌ دیندارو بێدینه‌وه‌ بوه‌ستێت ، له‌لایه‌كی تریش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵگریی به‌رنامه‌یه‌كی ئابووریی سه‌ركه‌وتوو بوو ، كه‌ توانیی توركیا له‌ قه‌یرانی ئابووریی رزگار بكات و بیكاته‌ شازده‌یه‌مین ئابووریی جیهان ، كه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌جۆرێك له‌ موعجیزه‌ ناو ده‌برێت و له‌ مێژووی توركیای نوێدا هاوشـــــێوه‌ی نیه‌ . جگه‌ له‌مانه‌ش چاكســــازییه‌ ده‌ســــتووریی و ســیاســـییه‌كانی ئه‌م پارته‌ كرانه‌وه‌یه‌كی دیموكراسیی به‌رفراوانی له‌و وڵاته‌دا هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا پێشـــــینه‌ی نه‌بوو . كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌شــــدا زۆر چه‌مكی دژه‌ كورد چاره‌سه‌ركران و نه‌ك هه‌ر زمان به‌ڵكو چه‌ندین مافی رۆشنبیریی و سیاسیی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد .
هه‌ر ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ش بوو كه‌ توانیی زه‌مینه‌ خۆش بكات بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگێكی نوێ له‌گه‌ڵ ( PKK ) دا ساز بكرێت و سه‌نته‌ری گفتوگۆش رێبه‌ری زیندانیی كراوی ئه‌و پارته‌ بێت كه‌ له‌ دوورگه‌ی ئیمرالیی ده‌ست به‌سه‌ره‌ ، كه‌ مه‌خابن ئه‌و گفتوگۆیه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می 2015دا له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ كۆتایی پێ هێنراو جارێكی تر كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر خاڵی سفر و ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ باكوور تا راده‌یه‌كی باش بووژابۆوه‌و گونده‌كان ئاوه‌دان بووبوونه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌ك هه‌ر گونده‌كانی كرده‌وه‌ به‌ ناوچه‌ی سه‌ربازیی ، به‌ڵكو سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ( PKK ) كه‌ له‌ناو شاره‌كاندا سه‌نگه‌ربه‌ندیی كرد ، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و شارانه‌ی رووبه‌ڕووی هێرشی سوپای توركیا كرده‌وه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان بوونه‌ قوربانیی و شاره‌كانیش زۆربه‌یان بوونه‌ وێرانه‌ . خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ( PKK ) ئه‌وه‌ بوو كه‌ ماده‌م خۆرئاوا دژی ئه‌ردۆغانن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیادا خراپه‌و په‌سنی شه‌ڕڤان ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێكن له‌ باڵی سه‌ربازیی ( PKK ) له‌ سوریا ، ئه‌وا ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ باكووریش كانتۆن رابگه‌یه‌نن ، خۆرئاواییه‌كان پشتیوانییان لێ ده‌كه‌ن ، ئه‌م خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ وایكرد كه‌ باكووری كوردستان چه‌ندین ساڵی تر به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ !!
ده‌بێ ئاماژه‌ به‌و هه‌ڵه‌یه‌ش بده‌ین كه‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان ( HDP ) له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوزه‌یرانی 2015 كردی ، ئه‌ویش به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئیئتیلاف له‌گه‌ڵ ( AKP ) دا ، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بكردایه‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی بۆ كوردو گه‌لانی توركیا ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد ، یه‌كه‌م زیاتر ره‌گه‌زپه‌رسته‌ كه‌مالیه‌كانی له‌ وڵاتدا بێهێز ده‌كرد ، دووه‌م سوپای زیاتر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت دوور ده‌خسته‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌میشه‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ مه‌ترسیی بووه‌ له‌سه‌ر دیموكراسیی به‌ گشتیی و گه‌لی كورد به‌ تایبه‌تیی ، سێیه‌م كورد له‌ شه‌ڕو ماڵوێرانیی دوور ده‌كه‌وته‌وه‌ ، كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو هه‌ناسه‌یه‌كی ئارام و ئاسایشی دابوو ، خه‌ریك بوو كوردستان ده‌بووژایه‌وه‌ ، چواره‌م بۆ یه‌كه‌مجار گه‌لی كورد ده‌بووه‌ شه‌ریكی ده‌سه‌ڵات له‌ كۆماری توركیادا . كه‌ مه‌خابن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ( HDP ) وایكرد كوردستان بووه‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕو سوپاش ئه‌گه‌ر له‌ كوده‌تایدا شكستی هێنا به‌ڵام له‌ وێرانكردنی شاره‌كانی كوردستاندا سه‌ركه‌وتوو بوو ، جگه‌ له‌وه‌ش ئێستا ( MHP )ی ره‌گه‌زپه‌رست بۆته‌ شه‌ریكی ( AKP ) و ده‌ستووری وڵات بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌گۆڕن و ئه‌وان جارێكی تر به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی ( HDP )ه‌وه‌ خۆیان به‌هێز كرده‌وه‌ !!
له‌ كاتی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی رووسیاو توركیاشدا ( PKK ) گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌و تێكچوونه‌ كردو زۆر زیاتر به‌ یارمه‌تیه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران و رووسیا شه‌ڕه‌كه‌یان خوێناویی تر كرد ، كه‌ دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی رووسیاو توركیا ئه‌و گره‌وه‌ش تا راده‌یه‌ك به‌تاڵ بوه‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت ئێرانیش له‌ چوارچێوه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نادات كورد له‌ پارچه‌كانی تر به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن ، چونكه‌ كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر كوردانی خۆرهه‌ڵات .
له‌ قۆناغی چوار ساڵی داهاتووشدا ، كه‌ ترامپ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا ئاسایی بكاته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ ناتۆدا و بۆ سه‌قامگیریی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر پێویستی پێیه‌تی ، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت هیوای ئه‌وه‌ش ناكرێت ( PKK ) له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكا ده‌ربهێنرێت چ بگاته‌ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات . بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ ئه‌و پارته‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ هه‌ڵوێست و ستراتیژیدا بكاته‌وه‌و تا راده‌یه‌ك بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ترامپ به‌رانبه‌ر به‌ كورد رێك بخات ، ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت :
1. دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی ئێران ، چونكه‌ سیاسه‌تی ترامپ وه‌كو ئۆباما نیه‌ له‌ كۆنترۆڵ كردنی ئێراندا ، راسته‌ ترامپ ده‌یه‌وێت له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌قامگیریی روو بدات ، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران كاری جدیی ده‌كات .
2. بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ بسازێنێت به‌ كرده‌وه‌ ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت ، ده‌كرێ نه‌ورۆز بكاته‌ كاتی راگه‌یاندنی ئه‌و ئاگربه‌سته‌ ، هێزه‌كانیشی له‌ باكوور بكشێنێته‌وه‌ بۆ بنكه‌و باره‌گاكانی .
3. بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتیی مسۆگه‌ر بكرێت ، پێویسته‌ ( PKK ) ئه‌مجاره‌ خۆی وه‌كو یه‌كێك له‌ پارته‌كانی باكوور رابگه‌یه‌نێت نه‌ك خاوه‌نی هه‌موو پرۆسه‌ی ئاشتیی باكوور ، چونكه‌ له‌ڕاسـتیشــدا ئه‌و پارته‌ نوێنه‌ری هه‌موو كورد نیه‌ ، به‌ڵكو داوا بكات با هه‌موو كوردانی باكوور به‌ پێی كۆنگره‌یه‌كی نیشــــــتمانیی ئه‌جێندایان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیادا گفتوگۆی له‌ســه‌ر بكه‌ن .
گومانی تێدانیه‌ له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا خۆرئاوا به‌ گشتیی و ئه‌مه‌ریكاش به‌ تایبه‌تیی پشتیوانیی له‌ پرۆسه‌ی ئاشتیی ده‌كه‌ن و هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و نه‌هێشتنی شه‌ڕو كوشتاریش بۆ خۆی باشترین هه‌له‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی باكوورو ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئاشتیی دوو ده‌سكه‌وتی تری بۆ ته‌واوی توركیا ده‌بێت ، له‌لایه‌ك پێگه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌ ئه‌تاتۆركیه‌كان بێهێز ده‌كات ، كه‌ هه‌میشه‌ ته‌پڵی شه‌ڕ لێده‌ده‌ن له‌ دژی كورد و له‌لایه‌كی تریش پێگه‌ی سوپا بێهێز ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌دا كه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ كاروباری سیاسیی وڵاته‌وه‌ ( وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا ) ، چونكه‌ هه‌ر جه‌نگێك له‌ هه‌ر وڵاتێكدا روو بدات ، له‌و كاته‌دا پێگه‌ی ژه‌نڕاڵه‌كان له‌به‌رانبه‌ر سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌رز تر ده‌بێته‌وه‌ . كه‌ له‌ توركیادا كوده‌تای سه‌ربازیی 15 ی ته‌مووزی 2016 نمونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بوو . ته‌نانه‌ت زیندووكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی باكوور راسته‌وخۆش كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر خۆرئاوای كوردستان و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆرئاواو توركیاش .
خۆرهه‌ڵاتی كوردســـتان :
حكومه‌تی ئێران له‌ دوای شۆڕشی 1979 وه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر توانیویه‌تی زاڵ ببێت به‌سه‌ر پارته‌ سیاسیی و ته‌وژمه‌ نه‌یاره‌كانی سیستمی وڵاتدا ، هه‌ندێ هۆكاری ئه‌و شكستانه‌ی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی سیستمی نوێ ، به‌ڵام هه‌ندێكیشیان بۆ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ به‌هێزترین پارتی سیاسیی و میلیشیایی ئێران له‌دوای شۆڕشه‌وه‌ ، رێكخراوی موجاهدینی خه‌لق بوو ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی سیستمی نوێ په‌لكێشیان كردن بۆ گرتنه‌به‌ری كاری تووندوتیژیی ، بۆ خۆشیان خوێندنه‌وه‌یان ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ تیرۆرو تۆقاندن ده‌توانن ئه‌و رژێمه‌ بڕووخێنن ، له‌ساڵی 1981 دا شۆڕشی چه‌كدارییان له‌ دژی ئێران راگه‌یاند و كه‌وتنه‌ به‌ر لێدان و سه‌ركوتكردن و گرتن و كوشتن ، دواجار ژماره‌یه‌كی زۆریان ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێ بوون ، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی كوشنده‌تریان ئه‌وه‌ بوو له‌ كاتێكدا ئێران له‌گه‌ڵ رژێمی عێراقدا ده‌جه‌نگا ، موجاهدینی خه‌لق عێراقیان كرده‌ پێگه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران و له‌ دوای ئاگربه‌ستی نێوان ئێران و عێراقیش له‌ هێرشێكی سه‌ربازیدا به‌هه‌زاران كه‌سیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ كوژران ، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری بێهێزكردنی ئه‌و رێكخراوه‌ ، له‌ دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ 2003 دا پێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراقدا به‌ ته‌واویی كه‌وته‌ مه‌ترسیی و دواجار ئه‌و چه‌ند هه‌زاره‌ی تریش یا كوژران یا ئاواره‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كران به‌ تایبه‌تی وڵاتی ئه‌لبانیا .
حیزبه‌ كوردییه‌كانیش كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌هێزترینی ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون كه‌ دژی سیستمی نوێ جه‌نگان ، به‌ڵام ئه‌وانیش دوای شه‌ڕی 8 ساڵه‌ به‌ ته‌واویی له‌ خاكی عێراقدا جێگیر بوون و دوای راپه‌ڕینی كوردستان و ئه‌و هه‌ژموونه‌ی كه‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی ، ئه‌وه‌ نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌یه‌ لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان بێده‌نگه‌ ، كه‌ ده‌ڵێم بێده‌نگه‌ مه‌به‌ستم ئه‌و جاروباره‌ پیاهه‌ڵپرژانه‌ نیه‌ كه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌ك لێره‌و له‌وێ ده‌نێردرێت و تووشی شه‌ڕ ده‌بن . له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش مه‌ترسیدار تر پارچه‌ پارچه‌بوونی ئه‌و پارتانه‌یه‌ بۆ چه‌ندین پارتی تر ، حیزبی دیموكرات بۆ دوو حیزب و كۆمه‌ڵه‌ بۆ 4 حیزب .
له‌م به‌شه‌ی كوردستانیش ( PKK ) باڵی سیاسیی و سه‌ربازیی خۆی پێكهێناوه‌ به‌ناوی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ( PJAK ) ، ئه‌م پارته‌ جیاواز له‌ پارته‌كانی تری كوردستانی خۆرهه‌ڵات ، به‌و پێیه‌ی به‌شێك بوون له‌ ( PKK ) هیچ حسابێكیان بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كرد ، بۆیه‌ هه‌ندێ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان ئه‌نجامدا . به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ( PKK ) و ئێران له‌سه‌ر سه‌نگه‌ربه‌ندیی و هاوپه‌یمانێتیی ناوچه‌كه‌ پێكهاتن ، ئه‌و باڵه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ( PKK ) تفه‌نگه‌كانی بێده‌نگ كرد ، كه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كدا حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی بۆچی شه‌ریان له‌گه‌ڵ ئێران راگرتووه‌ ؟ ده‌ڵێت : نامانه‌وێت شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیرسێت و ئێمه‌ ببینه‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕه‌ !!
هه‌رچه‌نده‌ پژاك له‌دوای پێنجه‌مین كۆنگره‌ی خۆی ، داوای پێكهێنانی به‌ره‌یه‌ك ده‌كات له‌ نێوان پارته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا ، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی كه‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ( حدكا ) ئه‌و پارته‌ به‌ باڵی خۆرهه‌ڵاتی ( PKK ) ده‌زانێت و حه‌ق به‌و پارته‌ش نادات كه‌ ده‌ست وه‌ربداته‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ، به‌تایبه‌تیی دوای ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی گه‌وره‌یان له‌ په‌یڕه‌ویان لاداو مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیشیان تێپه‌ڕاندووه‌و به‌س باســــی چاره‌ســه‌ری دیموكراســـــیی ده‌كه‌ن ، ئاماده‌ی گفتوگۆ نیه‌ له‌گه‌ڵیاندا ، به‌ڵام باڵه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیســـــتی ئێران بۆ هه‌مان بابه‌ت له‌گه‌ڵیان گفتوگۆیان كردووه‌ ، تا ئێســـــــتا دیار نیه‌ مه‌به‌ســـت له‌و به‌ره‌یه‌و به‌رنامــــــه‌ی‌ چیه‌ ، به‌ تایبه‌تیی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ قه‌ندیل ئه‌وانی بێده‌نگ كردووه‌و به‌و هۆیه‌شــــه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كادیری باڵایان ریزه‌كانی ( PJAK ) یان به‌جێهێشــــــتووه‌ .
پێگه‌ی ئێستای كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بێهێزه‌ ، له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا جێگه‌ی باس نیه‌ ، راسته‌ ترامپ سیاسه‌تی خۆی له‌ دژی ئێران راگه‌یاندووه‌و توونده‌ ، به‌ڵام نه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی كورد به‌ڵكو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی ئه‌وه‌ی كه‌ رژێم به‌ دژه‌ شۆڕش ( ضد إنقلاب ) ناویان ده‌بات و ئه‌وانه‌ش له‌ناوخۆدا سه‌ركوتكران وه‌كو جوڵانه‌وه‌ی سه‌وز ( به‌ وته‌ی كاربه‌ده‌ستانی ئێران - عاملان فتنه‌ ) ئێستا له‌ ئاستێكدا نین متمانه‌یان پێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆرئاوا یا ترامپ هیوایان پێیان هه‌بێت ، بۆیه‌ له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوان ناكرێت جگه‌ له‌ هه‌ڵوێستی سیاسیی ئه‌مه‌ریكا له‌ رووی هاندان و یارمه‌تی لۆجێستیه‌وه‌ یارمه‌تی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی به‌ گشتیی و كورد به‌ تایبه‌تیی بدات .
به‌ڵام دواجار وه‌كو هه‌موو كورد ، ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێین ، له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی چاڵدێراندا كه‌ شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن سوننه‌ی ئێرانی له‌ناوبرد ، سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یان بۆ دۆخه‌كه‌ كرد ، بۆیه‌ زۆربه‌یان چوونه‌ شاری ته‌برێزو وه‌لائی خۆیان بۆ تاج و ته‌ختی سه‌فه‌ویی راگه‌یاند ، شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییش – كه‌ شیعه‌یه‌كی په‌ڕگیر و خۆی به‌ جێنشینی ئیمامی مه‌هدیی ناو ده‌برد – متمانه‌ی به‌و كورده‌ سوننانه‌ی نه‌وه‌ی جنۆكه‌ نه‌كرد - وه‌كو له‌ ریوایه‌ته‌كانیاندا هاتووه‌ - بۆیه‌ هه‌موویانی قۆڵبه‌ست كردو دووری خستنه‌وه‌ بۆ قوڵایی ئێران .
ئێستاش هه‌مان ململانێی سه‌فه‌ویی و عوسمانیی له‌ ئارادایه‌و رۆژانه‌ نوێنه‌رانی حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف و قوم به‌ ئاشكراو له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سوننه‌و كورد ده‌كه‌ن ، ناكرێ كورد له‌م كاته‌دا كه‌ ده‌توانێت ریزه‌كانی خۆی یه‌ك بخات و سوود له‌ پشتیوانیی خۆرئاواو جیهانی سوننه‌ وه‌ر بگرێت ، هه‌ڵه‌كانی پێش شه‌ڕی چاڵدێران ( 1514 ز ) دووباره‌ بكاته‌وه‌ . مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌ نیه‌ كورد شه‌ڕ له‌گه‌ڵ شیعه‌و ئێراندا رابگه‌یه‌نێت ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا ده‌توانێت به‌ پێی بنه‌مای دراوسێیه‌تی باش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات ، به‌ڵام له‌ كاتێكدا به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان چاڵدێرانێكی تر به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سه‌پێنراوه‌ ، ناكرێ سوننه‌ی كورد به‌ هه‌ڵه‌ دۆخه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌و هه‌ڵه‌ی كه‌مه‌رشكێن دووباره‌ بكاته‌وه!!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌