ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی پێنجه‌م

وتار/ 28/01/2017 630 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی پێنجه‌م
شوان هه‌ورامی
ئه‌ڵقـــه‌ی پێنجه‌م :
خۆرئاوای كوردستان :
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ر بووه‌ له‌ مێژووی وڵاتی شامدا ، به‌ڵام له‌دوای هاتنه‌ سه‌ركاری تووندڕه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عه‌ره‌ب – به‌ تایبه‌تی به‌عسیه‌كان – بوونی ئه‌م پێكهاته‌ گرنگه‌ كه‌وته‌ به‌ر مه‌ترسیی جدییه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رژمێریی ساڵی 1962دا ناسنامه‌ی كورده‌كان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و كورده‌كان به‌ ئاواره‌ی توركیا ناسێنران ، كه‌ هه‌تا شۆڕشی 2011 ی گه‌لی سوریا به‌رده‌وام بوو ، ته‌نانه‌ت ئه‌و كێشه‌یه‌ تائێستاش به‌رده‌وامه‌ ، گه‌رچی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ چه‌واشه‌كاریی له‌و باره‌وه‌ 100 هه‌زار ناسنامه‌ی بۆ كورده‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ .
كورد له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا سه‌ختترین ژیانی سیاسیی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییان برده‌سه‌ر ، چونكه‌ ئه‌وان ته‌نانه‌ت هاوڵاتیی نه‌بوون تا وه‌كو كوردانی پارچه‌كانی تر بوترێت هاوڵاتی ژماره‌ دوو بووبن ، زۆر جار نه‌یانده‌توانی نه‌خۆشه‌كانیشیان ببه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ فه‌رمیه‌كان چونكه‌ ناسنامه‌یان نه‌بوو ، نه‌یانده‌توانی به‌ فه‌رمی ژن و ژنخوازیی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێكبهێنن ، نه‌یانده‌توانی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بگره‌ حه‌ج و عومره‌ش بكه‌ن ، چونكه‌ هاوڵاتیی نه‌بوون !!
له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی چه‌كداریی له‌ باكووری كوردستان له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان ( PKK ) وه‌ ، سوریا له‌به‌ر دونیای دوو جه‌مسه‌ریی ئه‌و كاته‌ ، ئه‌و پارته‌ و رێبه‌ره‌كه‌ی گرته‌ خۆی و له‌ دۆڵی بیقاعی لوبناندا سه‌ربازگه‌ی بۆ كردنه‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت رێگه‌شی پێدان له‌ناو كوردانی خۆرئاوادا چالاكیی ئه‌نجام بده‌ن و بیانكه‌نه‌ ئه‌ندامی ئه‌و پارته‌ ، له‌و كاته‌دا خه‌باتی ( PKK ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی گه‌وره‌ بوو ، بۆ ئه‌وه‌ی گرفتی تیۆریی له‌ رژێمی سوریا دوور بخاته‌وه‌ ، له‌ ساڵی 1996 دا عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان رایگه‌یاند كه‌ كوردانی خۆرئاوا له‌ ئه‌سڵدا له‌ باكووری كوردستانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سوریا ، ئه‌م لێدوانه‌ له‌ كاتی خۆیدا ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ بوو ( PKK ) شانی خۆی له‌ژێر باری خه‌باتی كوردانی ئه‌و پارچه‌یه‌ بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه‌كانیان خاڵیی بكات و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئازاد بێت بۆ به‌كارهێنانیان وه‌كو گه‌نجینه‌یه‌كی مرۆیی بۆ جه‌نگه‌ خوێناوییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای توركیاو هێزه‌ كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا .
به‌ڵام له‌دوای ده‌ركردنی ئۆجه‌لان له‌ سوریاو ده‌ستگیر كردنی و رووخانی رژێمی به‌عس له‌ عێراق ، هه‌لێك هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ بۆ جارێكی تر PKK پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانیدا بكات ، وا گومان ده‌برا جۆرج بۆش له‌دوای سه‌دام رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیش بڕووخێنێت ، بۆیه‌ PKK باڵی خۆرئاوای پارته‌كه‌ی ( پارتی یه‌كێتیی دیموكراتیی PYD ) دامه‌زراند ، گه‌رچی دوای ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كادیری ئه‌و رێكخستنه‌ له‌ سوریا ده‌ستگیر كران ، به‌ڵام له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی سوریاو خۆپیشاندانی كوردانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ پشتیوانیی له‌و شۆڕشه‌ ، حكومه‌تی ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ PKK رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كاروباری خۆرئاوای كوردستان بسپێردرێته‌ ( PYD ) ، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو نه‌یارانی رژێمی سوریا سه‌ركوت بكرێن ، هه‌رواش بوو ، له‌كاتێكدا هه‌موو نه‌یارانی رژێم له‌ شاره‌كانی خۆرئاوای كوردستاندا سه‌ركوت كران به‌ كوشتن و گرتن و ده‌ركردن ، ته‌نانه‌ت هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانیش له‌لایه‌ن پارته‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا ، باره‌گاكانی به‌عس و فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلو و كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی خۆرئاوا له‌لایه‌ن ( PYD )وه‌ پارێزران و به‌ناوی بێلایه‌نیه‌وه‌ ئه‌م پارته‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌ لایه‌نگرانی رژێمی سوریا .
گه‌رچی حكومه‌تی توركیا پێشوازیی كرد له‌ ساڵح موسلیم و به‌ڵێنی پێدا كه‌ پشتیوانیی له‌ داخوازییه‌كانی كورد بكات له‌دوای رووخاندنی رژێمی به‌شار ، هه‌روه‌ها بورهان غلیۆن و عه‌بدولباست سیدا – سه‌رۆكانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوریا – له‌ ئه‌نكه‌ره‌و هه‌ولێر هه‌مان به‌ڵێنیان بۆ مافه‌كانی كورد راگه‌یانده‌وه‌ ، له‌ چوارچێوه‌ی سوریای دیموكراتیدا ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و پارته‌ی له‌ هاوپه‌یمانیی به‌شار ئه‌سه‌د دوور نه‌خسته‌وه‌ ، له‌كاتێكدا ئه‌و حیزبه‌ جگه‌ له‌ پارته‌كه‌ی خۆی هه‌موو چالاكیه‌كی پارته‌كانی تری قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ ، به‌ڵام به‌عسیه‌كان و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیان به‌ پاسه‌وانی یه‌گینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ده‌پارێزرێن و ته‌واویی چالاكیی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن .
له‌دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ عێراق و سوریا بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ مه‌ترسیداره‌ رۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌ ، وڵاتانی خۆرئاوایی له‌م رووه‌وه‌ په‌سنی رۆڵی پێشمه‌رگه‌و شه‌رڤانی كوردیان كردووه‌ ، بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی توركیا ، ئیداره‌ی ئۆباما یارمه‌تی سه‌ربازیی ( YPG ) داوه‌و ته‌نانه‌ت 250 راوێژكاری سه‌ربازیی ناردۆته‌ ناوچه‌ی رومێلان . له‌ دوای تێكچوونی چه‌ند مانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیاو توركیاش ( PYD ) ئه‌و هه‌له‌ی قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هاوكارییه‌كانی رووسیاش به‌هره‌مه‌ند بێت ، به‌ڵام دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و رووسیا ، ئه‌و دۆخه‌ش گه‌ڕایه‌وه‌ ئاستی جارانیی و رووسیا نایه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گه‌وره‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا بكاته‌ قوربانیی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورددا .
گه‌رچی زۆر جار رێبه‌رانی ( PYD ) رایانگه‌یاندووه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ( PKK ) و باكووری كوردستانه‌وه‌ نیه‌ ، به‌ڵام هه‌موو باره‌گاكان و ئاهه‌نگه‌كانیان به‌ وێنه‌ی ئۆجه‌لان و ئاڵاكانی ( PKK ) ده‌ڕازێننه‌وه‌و هزری تێۆریی و كرده‌یی ئۆجه‌لان له‌ گشت هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و حیزبه‌دا ئاماده‌یه‌ ، بۆیه‌ بۆ خۆشیان ناتوانن قه‌ناعه‌ت به‌و قسه‌یان بكه‌ن ، چونكه‌ رێبه‌رانیان هه‌میشه‌ داكۆكییان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هزری رێبه‌ر ئاپۆ خۆرئاوای كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌بات . به‌مه‌ش كێشه‌ی ( PKK ) له‌گه‌ڵ توركیادا گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆرئاوای كوردستان ، هه‌ر بۆیه‌ توركیا ئه‌و پارته‌ به‌ به‌شێك له‌ ( PKK ) ده‌ژمێرێ و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ بێهێزكردنی ، كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات هه‌نگاوێكی ستراتیژیی توركیا بوو بۆ ئه‌وه‌ی كانتۆنی كۆبانێ گرێ نه‌درێته‌وه‌ به‌ عه‌فرینه‌وه‌ ، كه‌ به‌وه‌ش ئه‌و كانتۆنانه‌ له‌سه‌ر ده‌ریا نابنه‌ خاوه‌نی كه‌نار و به‌نده‌ری خۆیان .
هه‌رچه‌نده‌ ( PYD ) كارگێڕییه‌كی فیدراڵیی به‌ناوی ئیداره‌ی فیدراڵیی رۆژئاڤای كوردستان راگه‌یاند ، به‌ڵام هه‌ر زوو به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی تر له‌و كانتۆنانه‌دا هه‌ن ، كوردستانی سڕییه‌وه‌ ، دواتریش له‌ژێر گوشاری رژێمی سوریاو رووسیادا رۆژئاڤاشی سڕییه‌وه‌ ، چونكه‌ رۆژئاڤا هه‌ر به‌مانای رۆژئاوای كوردستانه‌ ، بۆیه‌ كردیانه‌ باكووری سوریا ، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌و ئیداره‌یه‌ش جێگه‌ی قبوڵی رژێمی سوریا نیه‌ ، به‌شار له‌ دیمانه‌ی رۆژنامه‌نووسێكی رووسیدا رایگه‌یاند كه‌ سوریا وڵاتێكی بچووكه‌و پێكهاته‌كانیشی به‌و شێوه‌یه‌ نین كه‌ نه‌توانن پێكه‌وه‌ بژین . به‌شار جه‌عفه‌ریی نوێنه‌ری رژێم له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی مافی كوردو مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیه‌وه‌ له‌ جنێف رایگه‌یاند : ئامۆژگاریی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانه‌وێت خاكی سوریا دابه‌ش بكه‌ن حه‌بی پانادۆڵ بخۆن .
به‌كورتیی ده‌بێ ئاماژه‌ به‌ ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م ( PYD ) بكه‌ین له‌ داهاتوودا ، كه‌ به‌ڕاستیی سنوورداره‌ ، كه‌ له‌م خاڵانه‌دا كورتیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ :
1. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت وه‌كو به‌شێك له‌ رژێمی دیمه‌شق بێت ، كه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا خۆكووژیی سیاسییه‌ به‌ ته‌واویی مانا ، چونكه‌ ئه‌و رژێمه‌ ته‌نیا ئه‌و پارته‌ی بۆ خزمه‌تی خۆی ده‌وێت و هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌شی هه‌ر له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا بووه‌ ، ئه‌گه‌ر حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ستراتیژێكی عه‌قائیدییان هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ عه‌له‌وییه‌كاندا له‌و ستراتیژه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ ، ئایا ( PYD ) له‌و ستراتیژه‌دا چ پێگه‌یه‌كی هه‌یه‌ ، جگه‌ له‌ خواردنی حه‌بی پانادۆڵ ؟!
2. ئه‌گه‌ر قه‌واره‌یه‌كی ســــــه‌ربه‌خۆبێت و په‌یوه‌ندیی به‌هیچ قه‌واره‌یه‌كی تره‌وه‌ نه‌بێت . ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ ( PYD ) ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا په‌یدا كردووه‌ بچووك و لێكدابڕاوه‌و بنه‌مای مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیی نیه‌ . به‌تایبه‌تیی له‌رووی ئاوو وزه‌وه‌ زۆر هه‌ژاره‌ .
3. یا خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵیی بێت له‌ سوریایه‌كی دیموكراتیی نوێدا . ئه‌مه‌ش به‌هۆی پێداگریی ئێران و رووسیاوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ناكرێ ده‌سته‌به‌ر بكرێت ، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی چینی سه‌ربازیی عه‌له‌ویی له‌ دیمه‌شقدا ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست ، به‌ چه‌پۆكی ئاسنین حكومه‌تی مه‌ركه‌زییان به‌سه‌ر وڵاتدا سه‌پاندووه‌ و هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادیان خه‌فه‌ كردووه‌ .
4. یا ببنه‌ خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌ك هاوشێوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، ئه‌ویش به‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و وڵاتی توركیادا .
به‌رپرسانی ئیداره‌ی ( PYD ) ئه‌گه‌ر راست بكه‌ن له‌ لێدوانه‌كانیاندا ، پێویستییان به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ریشه‌یی هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌یه‌ ، رووسیا و ئه‌مه‌ریكاو په‌یمانی ناتۆ له‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی نوسره‌ جیابوونه‌وه‌ی ته‌واوی خۆی له‌ قاعیده‌ راگه‌یاند ، تا ئێستاش ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ ناسه‌لمێنن ، ده‌ی چۆن توركیا به‌ ئاشكرا سه‌دان به‌ڵگه‌ی گه‌رمی له‌لایه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته‌ به‌شێكه‌ له‌ ( PKK ) قه‌ناعه‌ت ده‌كات به‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی كه‌ گوایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ ؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ وێنه‌ی ئاپۆ له‌ هه‌موو باره‌گاو شوێنه‌ گشتیه‌كانی خۆرئاوادا چیی ده‌كات ؟ ئاڵاكانی ( PKK ) له‌و هه‌رێمه‌دا چیی ده‌كات ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناو ده‌به‌ن به‌ ئازادیی ، ئه‌ی بۆچی رێگه‌ به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ناده‌ن ؟
بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ كرده‌وه‌ هه‌نگاو بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵگرن ، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ ساڵانێكی دوورو درێژه‌ ئه‌وان بڕوایان به‌ درووشمی سه‌ربه‌خۆیی و كوردستانی گه‌وره‌ نه‌ماوه‌ ، ئه‌وه‌تا ناوی رۆژئاڤاشیان له‌ هه‌رێمه‌كه‌یان كرده‌وه‌ ، ئه‌وان ده‌ڵێن بڕوایان به‌ چاره‌سه‌ری دیموكراتی هه‌یه‌ نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی .
چونكه‌ رۆژئاوا زیاتر له‌ 600 كیلۆمه‌تر سنووری له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌ ، كه‌ جگه‌ له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا سنووری ده‌ره‌كیه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ، راسته‌ له‌ سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا به‌ نێگه‌تیڤانه‌ ده‌ستی پێكرد ، به‌ڵام دواجار به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان وایكرد كه‌ توركیا نه‌ك هه‌رێم به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌زانێت ، به‌ڵكو به‌ هاوبه‌شی ئابووریی و سیاسیی خۆیشی ده‌زانێت ، به‌تایبه‌تیی هه‌میشه‌ رۆڵی گرنگی گێڕاوه‌ له‌ ره‌وتی ئاشتیی له‌ باكووری كوردستاندا .
له‌كاتێكدا دۆناڵد ترامپ له‌ یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ویســــتی دڵنیای بكاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو توركیا به‌هێز ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ( PYD ) په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا چاك بكاته‌وه‌ ، بێگومان ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌ پاداشتی شه‌ڕی داعشدا زیاتر پشتیوانیی له‌ باشكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌كات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ( PYD ) هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی به‌رانبه‌ر توركیاو حسابی خۆی له‌ ( PKK ) جیانه‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی ناكاته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كاتیه‌كانی له‌گه‌ڵ ( PYD ) دا . چونكه‌ یه‌كێك له‌ داواكارییه‌ گه‌وره‌كانی توركیا له‌ ترامپ وازهێنانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ خۆرئاوای كوردستان . چونكه‌ ترامپ له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسێكی " نیۆیۆڕك تایمز "دا كه‌ لێی پرسی ئایا جیاوازیی نێوان دوو هاوپه‌یمانی شه‌ڕی دژی داعش – واته‌ توركیاو په‌یه‌ده‌ - چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن ؟ گوتی : شتێكی ناوازه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین رێكیان بخه‌ین ، هه‌وڵیشی بۆ ده‌ده‌ین .
رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش به‌ رێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی تردا ، كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ توركیاو مه‌سعود بارزانیدا باشه‌و ده‌توانن رایه‌ڵه‌یه‌كی باش بن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان خۆرئاواو توركیاو هه‌رێمی كوردستاندا ، به‌وه‌ش ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مری واقیع . ده‌نا ئه‌سته‌مه‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌مارۆدراوی سیاسیی و ئابووریی بتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌