ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م

وتار/ 23/01/2017 630 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م
شوان هه‌رامی
ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م
سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانكراوی ترامپ
ئه‌ڵبه‌ته‌ به‌ پێی لێدوانه‌ جیاجیاكانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ دوای هه‌ڵبژاردندا به‌ سیمای تیمه‌ كارگێڕییه‌كه‌ی " ترامپ "وه‌ دیاره‌ ، ده‌كرێ هه‌ندێ پێشبینیی بكه‌ین :
یه‌كه‌م – پاشه‌كشه‌ له‌ هه‌ندێ درووشم : دیاریكردنی سه‌ركردایه‌تیی ئیداره‌كه‌ی هه‌موویان له‌ دامه‌زراوه‌ی باوی ئه‌مه‌ریكان ، په‌شیمان بوه‌وه‌ له‌ ده‌ركردنی 11 ملیۆن په‌نابه‌ری نایاسیی ، ئێستا ته‌نیا باسی ده‌ركردنی ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ دۆسیه‌ی تاوانیان هه‌یه‌ . هه‌روه‌ها په‌شیمان بوه‌وه‌ له‌ دادگایی هێلاری كلینتۆن ، جگه‌ له‌وانه‌ش گۆڕانكاریی ژینگه‌یی به‌ پیلانێكی چین ناو ده‌بات له‌ دژی پیشه‌سازیی ئه‌مه‌ریكا . ترامپ تێگه‌یشتووه‌ ئه‌و ئێستا له‌ پێگه‌ی سه‌رۆكه‌وه‌ لێدوان ده‌دات و ناتوانێت دامه‌زراوه‌كانی وڵات هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، هه‌ر به‌رنامه‌و پلانێكی پێویستی به‌ یاسا هه‌یه‌و ته‌نیا خۆیشی ناتوانێت هه‌موو بڕیاره‌كان بدات ، بۆیه‌ چ بۆ ناوخۆو چ ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێ له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتیدا قسه‌ بكات و سیاسه‌ته‌كان جێبه‌جێ بكات .
دووه‌م – ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ له‌ ناوخۆدا بیكات : به‌ تایبه‌تیی له‌ناوخۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ یارمه‌تی هه‌ندێ له‌ كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نی پیران ، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ یاسا له‌ دژی موسوڵمانان و لاتینیه‌كان و ره‌شپێسته‌كان ده‌ربكات ، به‌و شێوه‌یه‌ش خۆی وه‌كو پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی سپی پێستی ئه‌نگلۆساكسۆنیی پرۆتستانت نیشان بدات ، كه‌ ئه‌وان خۆیان به‌ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌زانن ، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و زیندووبوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستیی هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌دا ، كه‌ هه‌ر نه‌ك بۆ ناوبانگی وڵاته‌كه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ریی ده‌ره‌كیشی ده‌بێت بۆ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا ، باراك ئۆباما له‌ وتاری مالئاواییدا به‌ڕاشكاویی رایگه‌یاند كه‌ "هێشتا ئه‌مه‌ریكا له‌ مه‌ترسیی زیندووبوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستیی ده‌رنه‌چووه‌و تا ئێستاش بوونی هه‌یه‌". ئه‌م پیاوه‌ سپی پێسته‌ قسه‌كانی مه‌ترسیدارن و جێگه‌ی دڵنیایی نین – سه‌ره‌ڕای بوونی دامه‌زراوه‌ له‌و وڵاته‌دا – چونكه‌ له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌دان هه‌زار ژاپۆنی ته‌نیا له‌به‌ر ژاپۆنی بوونیان كرانه‌ ئۆردووگای زۆره‌ملێ و ده‌ستبه‌سه‌ركران .
سێیه‌م – له‌بواری سیاسه‌تی بازرگانییدا : گومان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ترامپ ، ئه‌و ده‌توانێت بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رێكه‌وتنامه‌ی " باسیفیك "دا راگرێت ، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت ناچاریان بكات بۆ گفتوگۆو پێداچوونه‌وه‌ی ، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ ناتوانێت رێكه‌وتنامه‌ی " نافتا " هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش بكات ده‌بێ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ مه‌كسیك و كه‌نه‌دا گفتوگۆ بكات ، به‌ڵام ده‌كرێ له‌م قۆناغه‌دا بۆ راگرتنی چین گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ زیاتر بكات ، كه‌ نه‌ك بازرگانیی به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ ستراتیژییه‌كانیش بگرێته‌وه‌ ، هه‌روه‌كو ترامپ به‌ ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی تایواندا ئاماژه‌ی به‌م سیاسه‌ته‌ داوه‌ .
چواره‌م – سیاسه‌ته‌كانی ترامپ له‌گه‌ڵ رووسیادا : له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیداره‌ی ترامپ به‌ رووسیاوه‌ بۆی هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا بكات له‌سه‌ر ئۆكرانیاو سووریا ، هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه‌ به‌شێك له‌ سزاكانی سه‌ر رووسیا كه‌م بكاته‌وه‌ ، به‌ڵام زۆر دووره‌ رێگه‌ بدات رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ وڵاتانی باڵتیك بكات ، ئه‌گه‌ری زۆره‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رنامه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی سوپه‌ری‌ مووشه‌كی خۆی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپادا رابگرێت ، به‌ڵام ناشتوانێت هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌وروپای به‌ ته‌نیا به‌جێ بهێڵێت ، به‌ڵام كاتێ ترامپ به‌ڵێن ده‌دات به‌ زیادكردنی بودجه‌ی به‌رگریی ، بۆ زیاتر پاراستنی سه‌روه‌ریی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ، ئه‌مه‌ پۆتین خۆشحاڵ ناكات ، چونكه‌ نه‌ رووسیا ئه‌و توانا داراییه‌ی هه‌یه‌ به‌رنامه‌یه‌كی به‌رانبه‌ر جێبه‌جێ بكات ، نه‌ ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مه‌ریكاشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و بواره‌ . جگه‌ له‌وه‌ش ترامپ داوای زیادكردنی بودجه‌ی ئه‌ندامانی ناتۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێ قورسایی له‌سه‌ر ئه‌ستۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌ ، بۆیه‌ زۆر دووره‌ ناتۆ له‌م قۆناغه‌دا نه‌ له‌ناوخۆو نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یدا رێگه‌ بدات به‌ پێشبڕكێی ئه‌تۆمیی به‌ بیانووی خۆپاراستنی هاوپه‌یمانه‌كان له‌ مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ، وه‌كو ژاپۆن و كۆریای باشــوور و سعودیه‌ .
نووسه‌ری ئیسرائیلیی ( یوری سفیر ) ده‌ڵێت : به‌ بۆچوونی خۆم له‌ ساڵی 2017 دا ژێرخانی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ نێوان پۆتین و ترامپدا بۆ دووته‌وه‌ره‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، دوانه‌یه‌كی‌ نامۆ له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ، دیالۆگ له‌ نێوانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .
پێنجه‌م – له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا : به‌ پێی سیاسه‌ته‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی ترامپ و تیمه‌كه‌ی ، سه‌قامگیریی ئه‌منیی له‌پێشتره‌ له‌ دیموكراسیی و مافی مرۆڤ ، واته‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ رژێمی كوده‌تای سیسیی دا ده‌بێت ، سه‌قامگیریی له‌ ســووریا به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه‌ گرنگتره‌ له‌ سه‌رخستنی به‌ها مرۆییه‌كان ، باوه‌كو به‌ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دیش كۆتایی بێت ، دژایه‌تیی ته‌وژمی ئیسلامیی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ سیاسه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ ، باوه‌كو ئه‌و ته‌وژمه‌ مه‌ده‌نیی و دوور له‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و هۆكاره‌كانی تووندوتیژیی بێت ، به‌ تایبه‌تی پارته‌ سونییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست . ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی سه‌ربازیی و سیاسیی حكومه‌تی عێراقیی زیاتر ده‌كات بۆ جه‌نگی دژه‌ تیرۆر و له‌وانه‌یه‌ حكومه‌تی به‌غدا بۆ مه‌به‌ستی تائیفییش به‌كاری بهێنێت . ئیداره‌ی ترامپ هه‌واڵی خراپی پێیه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت دیموكراسیی و گۆڕان له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌نجام بده‌ن . ته‌نانه‌ت ترامپ رایگه‌یاندووه‌ هاوكاریی وڵاتانی كه‌نداوی فارس ده‌دات بۆ پاراستنیان له‌ هه‌ژموونی ئێران به‌و مه‌رجه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كرێی تێچوونی ئه‌و یارمه‌تیدانه‌ی هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان بده‌ن . ئه‌وه‌ش گۆشه‌نیگای مرۆڤی سه‌رمایه‌داره‌ بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك پێشكه‌شی بكات .
ترامپ و ئێران : قورسه‌ ترامپ بتوانێت رێكه‌وتنی ئه‌تۆمیی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، چونكه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ شه‌رعیه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرتووه‌ ، نه‌ ئه‌وروپیه‌كان و نه‌ دراوسێكانی ئێرانیش به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رازیی نین . ئه‌وه‌ی كه‌ ترامپ ده‌توانێت بیكات نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و سزایانه‌یه‌ كه‌ له‌م دواییانه‌دا كۆنگرێس نوێی كرده‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ترامپ بیه‌وێت ده‌ستی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا كورت بكاته‌وه‌ ، ده‌بێ یارمه‌تی وڵاتانی كه‌نداو بدات و میسریش ناچار بكات له‌ چوارچێوه‌ی به‌رگریی كه‌نداودا به‌شداریی ئه‌و وڵاتانه‌ بكات .
ترامپ و توركیا : لێدوانی ترامپ و تیمه‌كه‌ی ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ توركیادا چاك بكه‌نه‌وه‌ ، مه‌به‌ست له‌وه‌دا خۆشه‌ویستی ئه‌ردۆغان نیه‌ - هه‌رچه‌نده‌ ترامپ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌یدا به‌ ئه‌ردۆغانی گوت كه‌ " ئیڤانكا "ی كچی سه‌رسامه‌ به‌ كه‌سایه‌تی ناوبراوو هه‌ر ئه‌ویش هانیداوه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ - به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌ هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی وه‌كو توركیا هه‌یه‌ ، كه‌ پشتی پێ ببه‌ستێت له‌م ناوچه‌ پڕ له‌ قه‌یران و جه‌نگ و كێشه‌یه‌دا . له‌مه‌شدا ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن یه‌كلایی بكاته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها وازهێنانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ( PYD ) ی باڵی ســووریای ( PKK ) مه‌رجێكی تری توركیایه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بكات هێشتا توركیا رازیی نیه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ســووریا كه‌ ئاكامه‌كه‌ی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بێت .
ئیسرائیل و فه‌له‌ستین : ترامپ و تیمه‌كه‌ی هه‌واڵی ناخۆشیان بۆ كێشه‌ی ئاڵۆزی فه‌له‌ستین هه‌یه‌ ، نه‌ك له‌و رووه‌ی كه‌ پیاوانی ئیداره‌كه‌ی ترامپ دۆستی ئیسرائیلن ، به‌ڵكو مه‌ترسیه‌كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ دژبه‌یه‌كه‌ دروستی ده‌كات كه‌ رایه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نێوان پڕۆژه‌ی زایۆنیی و پیاوی سپیدا هه‌یه‌ ، بۆچوونی سپێگه‌رایی له‌ نێوه‌رۆكدا دژی ره‌گه‌زی سامیه‌ ، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوسۆزی پڕۆژه‌ی زایۆنیه‌ ، چونكه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ریشه‌ی خۆرئاوایی هه‌یه‌ ، به‌ڵام دژه‌ به‌ ژینگه‌ی عه‌ره‌بیی و ئیسلامیی كه‌ خه‌ونی له‌مێژینه‌ی ئه‌وانه‌ . ترامپ بۆئه‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌ " جارد كۆشنه‌ر "ی زاوای دیاریی كردووه‌ ، كه‌ جوله‌كه‌یه‌كی ئه‌رسۆدۆكسیی بازرگانه‌و هیچ پێشینه‌یه‌كی دیبلۆماسیی نیه‌ ، ته‌نانه‌ت به‌م كاره‌ گومان ده‌كرێت له‌وه‌ی ترامپ به‌رنامه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی گفتۆگۆی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه‌كانیشی هه‌بێت . به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵێنیداوه‌ به‌ گوێزانه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس .
له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌ كۆنگره‌ی ئاشتیی پاریس گوشار خراوه‌ته‌ سه‌ر ئیسرائیل بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی ئاشتیی له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كاندا ، بنیامین ناتانیاهۆ به‌ ئاماژه‌ به‌م قۆناغه‌ی هاتنی ترامپ رایگه‌یاند : " ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم له‌ڕاستیدا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ بریتیه‌ له‌ دوا له‌رزین و كۆتاییه‌كانی جیهانی دوێنێ و سبه‌ینێ زۆر جیاواز ده‌بێت ، كه‌ زۆر نزیكه‌ " . ته‌نانه‌ت له‌لاپه‌ڕه‌كه‌ی له‌ تویته‌ردا ئه‌و كۆنگره‌یه‌ به‌ پیلانی فه‌ره‌نساو فه‌له‌ستینیه‌كان ده‌زانێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاشتی گاڵته‌جاڕیی و بێ ســوود !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌