ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ .. پێشه‌كی

وتار/ 16/01/2017 651 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ
پێشه‌كیی

شوان هه‌ورامی
هێشتا چه‌ند سه‌عاتێ له‌ نیوه‌شه‌وی 8 و 9 ی تشرینی دووه‌می 2016 تێنه‌په‌ڕیی بوو ، سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد ترامپ جیهانی تووشی شــۆك كرد ، له‌لایه‌ك راپرسییه‌كان سه‌ركه‌وتنی "هیلاری كلینتۆن"یان راگه‌یاندبوو ، كه‌ دیاربوو سه‌ركه‌وتنی كلینتۆن درێژكردنه‌وه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی باراك ئۆباما بوو ، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی ترامپ نه‌ك هه‌ر پێشبینیی كراو نه‌بوو ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ ملیاردێرێكی خاوه‌ن تاوه‌ر و میوانخانه‌و یاریگاكانی گۆڵف جڵه‌وی سیاسه‌تی گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهان ده‌گرێته‌ ده‌ست ، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش مه‌ترسیدارتر درووشمه‌ ترسناكه‌كانی ئه‌م سه‌رۆكه‌یه‌ له‌ دژی موسوڵمانان و ره‌ش پێسته‌كان و په‌ناهێنده‌ لاتینیه‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكه‌وتنامه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان ، به‌ كورتی به‌ پێچه‌وانه‌ی درووشمه‌ لیبراڵییه‌كان قسه‌ی كردو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو سه‌رنجی سپی پێســـــته‌كان بۆ خۆی راكێشــــێت و خواســـــته‌كانیان ده‌ســـته‌به‌ر بكات .
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ و تیمه‌كه‌یدا جێگه‌ی سه‌رنج بوو ، په‌سنی ناوبراو بوو بۆ كه‌سایه‌تیی ڤلادیمیر پۆتین و هه‌وڵدان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رووسیادا و زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ سه‌قامگیریی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا، به‌ هاوكاریی رووســــیا ، هه‌روه‌ها له‌ ســــیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا له‌ پێناوی سه‌قامگیریی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئاماده‌یه‌ هاوكاریی وڵاتانی دیكتاتۆرو كوده‌تاچیی بكات ، ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا ، به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ بوونی ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ هۆكاری راسته‌وخۆن بۆ په‌ره‌سه‌ندنی تیرۆرو رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ترامپ و تیمه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌م و مژاویی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیاو په‌یمانی ناتۆوه‌ لێدوانیان پێشكه‌ش كرد ، دووژمنایه‌تیان بۆ ئێران نه‌شارده‌وه‌و دژایه‌تیشـــــیان بۆ ته‌وژمی ئیســلامیی راگه‌یاندو هاوپه‌یمانێتیی و هاوسۆزیشیان بۆ ئیسرائیل چه‌ندباره‌ كرده‌وه‌ .
هه‌روه‌ها بۆچوونی ئابووریی ترامپ ترسێكی زۆری له‌ سیاسه‌تی ئابووریی جیهاندا درووستكردووه‌ ، بۆ نمونه‌ له‌ درووشمه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاڵای چینی هه‌رزان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكه‌وتنامه‌ی بازرگانیی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا ( نافتا ) كه‌ ساڵانێكه‌ پشتی پێده‌به‌سترێت راگه‌یاند ، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆتۆكۆلی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی " باسیفیك "دا راگه‌یاند ، كه‌ ئیداره‌ی ئۆباما واژۆیان كردووه‌ ، به‌ڵام هێشــــــتا په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ .
ترامپ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا لێدوانی دژبه‌یه‌كی ده‌دا ، كه‌ ئه‌مه‌ چه‌سپاویی سیاسه‌تی ئه‌م سه‌رۆكه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و بۆ وڵاتێكی وه‌كو ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان جێگه‌ی مه‌ترسییه‌ ، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ وڵاتێكی دامه‌زراوه‌ییه‌و له‌سه‌ر ستراتیژی درێژخایه‌ن كار ده‌كات ، بۆیه‌ گۆڕینی سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ندا شتێكی ئاسان نیه‌ .
دوای دوو هه‌فته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ترامپ زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانی ئیداره‌كه‌ی دیاریی كرد ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئیداره‌یه‌كی ئه‌منیی و جه‌نگیی ده‌چێت تا سیاسیی ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ به‌هێزن و خاوه‌نی پێگه‌ی سیاسیی و ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ن ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ ئایا ترامپ ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر پیاوه‌كانیدا ده‌سه‌پێنێت ، یا ئه‌وان ئه‌زموونی خۆیان به‌سه‌ر درووشمه‌ به‌رزه‌فڕه‌كانی ئه‌ودا ده‌سه‌پێنن ؟!
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌ سه‌رمایه‌داره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی جیهانه‌ ، به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌زموونی سیاسیی نیه‌ ، به‌تایبه‌تی سیاسه‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ ، له‌دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردندا دیدارێكی له‌گه‌ڵ هێنری كیسنجه‌ردا سازدا – كه‌ پێشــــتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا بوو له‌ حه‌فتاكاندا – ناوبراو له‌ دوای دیداره‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ "چوارچێوه‌یه‌كی روونم بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ به‌دیی نه‌كرد " .
هه‌رچه‌نده‌ بۆ هه‌موو چاودێره‌ سیاسییه‌كان و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌كان پێشبینیی سه‌رده‌می ترامپ زۆر قورسه‌ ، به‌ڵام به‌پێی پێدراوه‌كانی به‌رده‌ستمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌رو ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی سه‌رۆكی نوێ بۆ ناوچه‌كه‌ بخه‌ینه‌روو ، به‌تایبه‌تیی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌