رۆژئاڤا كرایه‌وه‌ به‌ باكووری ســـووریا

وتار/ 30/12/2016 671 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

رۆژئاڤا كرایه‌وه‌ به‌ باكووری ســـووریا
شوان هه‌ورامی
له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی پارته‌ دۆسته‌كانی رووسیا و رژێمی به‌شار له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی حمێمیم بۆ باسكردنی قۆناغی داهاتووی سیاسیی له‌ سووریا ، بۆ جارێكی تر ( PYD ) و رژێمی سوریا به‌ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی بنكه‌ی ئاسمانیی حمێمیم له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ .
به‌ پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ ، رووسه‌كان داوایان له‌ (PYD ) كردووه‌ به‌ ئاگاداریی مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا شاند رێكبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی ســووریا خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێست بن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ داهاتووی كورد له‌گه‌ڵ سووریا و رووسیادا گفتوگۆ بكه‌ن . هه‌روه‌ها پێیان وتوون نابێ ناوی فیدراڵیه‌تی رۆژئاڤا بمێنێ و ئیداره‌كه‌ ناو بنێن باكووری سوریا ، هه‌روه‌ها پێیانڕاگه‌یاندوون " رۆڵی خۆتان له‌ گه‌مارۆدانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریادا بینیی له‌ حه‌ڵه‌ب ، شاره‌كه‌ش كۆنترۆڵ كراوه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌ڕه‌كی شێخ مه‌قســـــوود راده‌ستی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندیی بكه‌نه‌وه‌ " ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان پێڕاگه‌یاندوون كه‌ (PYD ) به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كانی ئاستانه‌ نابن .
هه‌ر دوێنێ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتن ، له‌ كۆنفرانسی ئه‌نجوومه‌نی ئاماده‌كاریی فیدراڵیی دیموكراتیی" رۆژئاڤا " دا بڕیاردرا وشه‌ی رۆژئاڤا نه‌مێنێت و بكرێته‌ باكووری سووریا ، هه‌روه‌ها ده‌ستكرا به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی حه‌ڵه‌ب كه‌ بۆ گه‌مارۆدان و خنكاندنیان PYD به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ی تێدا كرد ، به‌ بیانووی بوونی كورده‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌دا .
لێره‌دا به‌كورتیی ئاماژه‌دان به‌ چه‌ند خاڵێك به‌ گرنگ ده‌زانم :
1. مه‌خابن ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كلایی بۆته‌وه‌ كه‌ به‌ناوی بێلایه‌نیه‌وه‌ له‌ شـۆڕشی سوریادا PYDوه‌كو باڵی سوریای ( PKK ) هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شــۆڕشه‌وه‌ هاوپه‌یمانێكی راسته‌قینه‌ی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بووه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ تا ئه‌م چركه‌ ساته‌ش له‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سیاسیی ئه‌و پارته‌دا پێناسه‌ی رژێمی سوریا نه‌كراوه‌ ، كه‌ ئایا دۆسته‌ یا دووژمنه‌ ، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێی ئیحراج نه‌بن ده‌نا له‌ نێوان قوربانیی و جه‌للاددا ئه‌وان هاوپه‌یمانیی جه‌للادیان قبوڵ كردووه‌ ، حه‌له‌ب وه‌كو نمونه‌یه‌كی زه‌ق دیاره‌ .
2. ئه‌وان ده‌مێكه‌ باسی چاره‌سه‌ری دیموكراسیی ده‌كه‌ن ، كه‌ گوایه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كوردیش به‌ مافه‌كانی ده‌گات ، بۆیه‌ داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی به‌ چاره‌سه‌ر نازانن ، گه‌رچی كارنامه‌ی ئه‌م پارته‌ له‌ دیموكراسیدا له‌ سیاسه‌تی دیكتاتۆرانه‌و خۆسه‌پاندنی پارته‌ كۆمۆنیسته‌كانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاته‌وه‌‌ نزیكتره‌و له‌ هه‌ر شوێنێ بستێك ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت رێگه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌وانی تر نادات بۆیه‌ بڕوابوون به‌ كرانه‌وه‌و دیموكراسیی له‌ قاموسی ئه‌واندا نیه‌ ، به‌ڵام بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی رای گشتیی كوردستانیی و سپۆنسه‌ره‌ خۆرئاواییه‌كان كه‌ له‌م قۆناغه‌دا بۆ شه‌ڕی داعش ده‌ست له‌ پشتی ده‌ده‌ن ، ویستیان به‌ زاراوه‌ی فیدراڵیی دیموكراسیی " رۆژئاڤا " خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌ن ، كه‌ خۆرئاوای كوردستان به‌شێكه‌ له‌ كوردستانی گه‌وره‌ ، به‌ڵام دواجار ملكه‌چی داواكه‌ی مۆسكۆو دیمه‌شق بوونه‌وه‌ ، كه‌ پێشتر وه‌زیری راگه‌یاندنی سوریا رایگه‌یاندبوو ئێمه‌ جگه‌ له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا رێگه‌ به‌ بوونی هیچ قه‌واره‌یه‌كی تر ناده‌ین .
3. له‌ كۆنفرانسی " رومێلان "دا كه‌ ئه‌و خواسته‌ی رووسیای تێدا به‌رجه‌سته‌ كرا ، راگه‌یه‌نرا " ئێمه‌ كار بۆ ئومه‌تێكی دیموكراتیی ده‌كه‌ین نه‌ك پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی " ، هه‌ر بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ هیچ ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ نه‌مێنێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی درووشمه‌ به‌رزه‌فڕه‌كانی ( )یه‌ كه‌ له‌ به‌لاغی كۆتایی كۆنگره‌ی ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانی فیدراڵیه‌تی دیموكراتیی رۆژئاڤا كه‌ له‌ مانگی مارسی 2016ی رومێلاندا گرێدرا هاتووه‌ " ئامانجی سیسته‌می فیدراڵیی دیموكراتیی له‌ رۆژئاڤا له‌ ره‌هه‌ندی ئیقلیمییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ركردنی فیدراڵییه‌ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، په‌ره‌پێدانی دیموكراسیه‌ له‌نێوان گه‌لاندا له‌ گشت بواره‌كانی سیاسیی و ئابووریی و رووناكبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ، ئه‌مه‌ سنووره‌كانی نه‌ته‌وه‌ تێده‌په‌ڕێنێت بۆ ده‌وڵه‌تێ كه‌ ده‌توانێت ژیانێ له‌ ئاشتیی و برایه‌تیی و سه‌قامگیریی ده‌سته‌به‌ر بكات " ، پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ : كاتێ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مۆسكۆو دیمه‌شقدا رێگه‌ی زاراوه‌ی رۆژئاڤای تێدا نه‌بێته‌وه‌ ، ئه‌م به‌رزه‌ فڕانه‌ی ئاسمانی خه‌یاڵ چۆن ده‌توانن به‌ وته‌ی خۆیان دیموقڕاسیی بۆ خۆرهه‌ڵاتا ناڤین ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ؟
4. مه‌خابن ورده‌ ورده‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی ( PKK ) ده‌رده‌كه‌ون ، كه‌ له‌ خۆرئاوای كوردستان به‌ هاوپه‌یمانێتیی رژێمی به‌شار و رووسیا و ئێران ، خزمه‌تێكی زۆریان به‌وان كردو زیانێكی گه‌وره‌شیان به‌ شۆڕشگێڕانی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یاند ، كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی كه‌ ده‌یبینین . ئاڵدار خه‌لیل له‌ رۆژی 13 / 12 / 2016 دا له‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نیدا وتارێكی نوسیبوو كه‌ گوایه‌ داوای دیالۆگی كردبوو له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سوریادا ، به‌ڵام زۆربه‌یانی به‌ داشی دامه‌ی توركیا ناوبردبوو ، به‌ڵام ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ بۆ خۆشیان چ كارتێكی ســــوتاون !!
5. ئاڵدار خه‌لیل هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ ( PYD ) به‌شێك بێت له‌ ( PKK ) ، ته‌نانه‌ت ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنیی ســووریاو ئه‌نه‌كه‌سه‌ی به‌وه‌ تاوانبار كردووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌ی توركیاو كورد بگوێزێته‌وه‌ بۆ ناو سوریا ، به‌ڵام بۆ خۆی له‌ رۆژی 21 / 7 / 2016 دا له‌ پێگه‌ی " هاوار "دا لێدوانێكی بڵاو كردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت : رۆژئاڤا – واته‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی سوریا – په‌نجه‌ره‌یه‌كن بۆ پێناسه‌ی هزری ئۆجه‌لان . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : ئه‌زموونی خۆرئاوا فرسه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ په‌نجه‌ره‌و به‌رجه‌سته‌یه‌كی كرداریی كه‌ هه‌موو گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاشنا بكات به‌فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد . ئه‌م قسه‌یه‌ مانای چیه‌ ؟ واته‌ گوێزانه‌وه‌ی ململانێی كوردو توركیا له‌ باكووره‌وه‌ بۆ ناو ســـــوریا . خه‌لیل به‌و شـــــێوه‌یه‌ هه‌موو ناوچه‌ كوردییه‌كان به‌ پێی پێكهاته‌ی ئایدیۆلۆژیی و ســـیاسیی و رێكخراوه‌یی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ( PKK ) وه‌ . ئایا گوێزانه‌وه‌ی ململانێی توركیا بۆ خۆرئاوا له‌م وته‌یه‌ روونتری ده‌وێت ؟
6. رووسه‌كان ده‌زانن چیی له‌ ( PYD ) داوا ده‌كه‌ن ، كاتێ باسی یه‌كگرتوویی كورد ده‌كه‌ن ، ده‌یانه‌وێ توركیا به‌ كرده‌وه‌ دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ( PYD ) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌م قۆناغه‌ و له‌ داهاتووشدا مه‌ترسیی نابێت بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ ، په‌یامه‌كه‌شیان بۆ توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی ئاگاداره‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ی باكووری ســووریا كه‌ دۆستی ئێوه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر ( PYD ) دڵیان به‌ ئه‌مه‌ریكاش خۆش بێت ئه‌وا ئیداره‌ی نوێ له‌ پێناوی ئاشتكردنه‌وه‌ی توركیا و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا ، پشت له‌ كورد ده‌كات ، به‌ تایبه‌تی كاتێ توركیا و رووسیا له‌سه‌ری رێك كه‌وتبن ، رووسیاش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی یارمه‌تی كورد بدات ، هه‌میشه‌ له‌ مێژوودا مۆسكۆ كوردی ته‌نیا وه‌كو كارتی گوشار و ئیداره‌كردنی گه‌مه‌ی هاوكێشه‌و هاوسه‌نگیه‌كان به‌كار هێناوه‌ . بۆیه‌ تێكدانی پرۆسه‌ی ئاشتیی له‌ باكوور زیانێكی ستراتیژیی بوو كه‌ دۆزه‌كه‌ی چه‌ندین ساڵی تر هێنایه‌وه‌ بۆ دواوه‌و ده‌یان شارو گوندی كرده‌وه‌ به‌ ناوچه‌ی سه‌ربازیی وێران كراو .
جا هێشتا زووه‌ ئه‌نجامی گره‌وه‌كانی ( PKK ) له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و حیزبوڵڵا و پرۆسه‌ دیموكراسیه‌كه‌ی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوین له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی مۆسكۆو تاران و دیمه‌شقدا روونتر ببێته‌وه‌ !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌