چۆن سەیری ڕوسیا دەکرێت لە دوای کاولکردنی شاری حەلەبەوە؟

وتار/ 21/12/2016 685 جار بینراوە

خالد فرج احمد

چۆن سەیری ڕوسیا دەکرێت لە دوای کاولکردنی شاری حەلەبەوە؟


لە کوێ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لێبوو، یەکێتی سۆڤیەتی پێشووش لەوێ بوو و، ئێستاش هەروایە. یان بە پێچەوانەوە لە کوێ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو هەبوو لەوێش ئەمریکای لێبوو. ئەگەر باس لە جەنگە جیهانییەکان نەکەین و سەیرێکی ڕابوردوویەکی نزیک بکەین، ڤێتنام و، لەم دواییانەدا ئەفغانستان نموونەیەکی واقیعین.
لە ١٩٧٩/١٢/٢٧دا سوپای سوری یەکێتی سۆڤیەت بەسەر ئەفغانستاندا کشا و داگیریکرد. لەبەر ئەوەی گەلی ئەفغانی موسوڵمان بوون و ئیسلامییەکان چالاک بوون، حیزبە ئەفغانییەکان جیهادیان بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ڕاگەیاند و، لە وڵاتانی ئیسلامی و لە ئەمریکاوە پشتگیرییان کرا.
یارمەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانییەکان بۆ ئەوە نەبوو دروست ببن و حکومەتی ئیسلامی دروست بکەن، بەڵکو بۆ خستنی یەکێتی سۆڤیەت بوو وەک هێزێک، نەک وەک شارستانییەت، چونکە لای ئەمریکا عەلمانییەتی ڕوسیا باشتر بوو لە ئیسلامەتی وڵاتانی ئیسلامی و شارستانییەتی ئیسلامی.
لە کاتێکدا کە ئەمریکا ڕاکێتی ستینگەری دا بە حیزبە ئەفغانییەکان، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە پیشاوری پاکستان سەرکردە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان و ئەو عەرەبانەی پۆلێن دەکرد کە جیهادی ئەفغانیان ئاڕاستە دەکرد و، ناوی لە لیستی توندڕەوەکاندا تۆمار کردبوون.
لە شەڕی عێراقی ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەمریکا وەک هێزی سەربازیش هاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ناوچە سونییەکانی عێراقی کاولکرد هەرەک چۆن ڕوسیا شارەکانی سوریا، بە تایبەتی حەلەبی کاولکرد.
ئەمریکا وەک ‌هێزی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دزییەوە و، بەجێیهێشت بۆ ڕوسیا، بەو هیوایەی ڕوسیا وەک هێزی سەربازی و لووتبەرزیی سیاسی لەو ناوچەیەدا بکەوێت.
ڕوسیا خۆی زۆرباش دەزانێت بە تەنها بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان هاوپەیمان بێت لە گەڵ ئێران یان هەر دەوڵەتێکی تر، لای خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک میراتییەکی مێژوویی و وەک سیاسەتی ئێستاشی قبوڵ نەکراوە.
ئەمریکا دەزانێت کەوتنی ڕوسیا بە دەستی ئەوروپاییەکان نابێت، چونکە ئەوروپاییەکان خۆیان لە شەڕی ڕوسیا لادەدەن، بۆیە ئەمریکا ئەگەرچی جیهادییەکانی خۆش ناوێت، دەیەوێت لووتی ڕوسیا بە ئوممەتی ئیسلام بشکێنێت و، قازانجەکەی وەک قۆناغی ئەفغانستان بچێتە گیرفانی ئەوەوە.
ئەگەر نیوەی قسەکانی مەولود مێرت ئاڵتنتاش بکوژی باڵوێزە ڕوسییەکە لە ئەنقەرە شانۆ بێت، خۆ نیوەکەی تری ڕاستە و، ئەوە ڕەنگ پێدەداتەوە کە ڕوسیا جێگای قبوڵ نییە لەو ناوچەیەدا و، وەک بکوژی ژن و منداڵی سوریا هەژمار دەکرێت و، قەوارەیەکی ڕەزا قورسە لەسەر دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکەکەی.
خالد فرج احمد

نوێترین نوسینەکانی خالد فرج احمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌