تورکیا و ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان

وتار/ 18/07/2021 492 جار بینراوە

سه‌عید هەرکی

تورکیا و ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان

هەر چەندە زۆر هەوڵمدا هیچ شێتک لەسەر ئەم بابەتە نەنوسم بەڵام زۆر جاری وا هەیە  مرۆڤ ناچار دەکرێت نوکە قەلەمێک لەسەر هەڵوێستی تورکیا بنوسێت سەبارەت بە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان .
بەکورتی دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر چەند لایەنێکی تورکیا و هەڵوێستەکەی سەبارەت بە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان .
🔹یەکەم / لایەنی سیاسی :-
لە ڕوی سیاسیەوە ئەوەندەی تورکیا تەعامل لەگەڵ حزبێکی دیاریکراوی هەرێم دەکات کە حزبێکی عەلمانیە ئەسلەن ئیسلامیەکان هەرنا ناسێت .
کوا پشگیری تورکیا بۆ ئیسلامیەکان  لە هەڵبژاردنەکاندا ؟ وا تورکیای ئیسلامی لە پەنامانە چەند کیلومەترێک لێمانەوە دوورە  بەڵام ئیسلامیەکان ساڵ بە ساڵ کورسیەکانیان کەمتر دەبێت  و دەنگیان کەمتر بێت  کەچی حزبەکەی دۆستی تورکیا دەنگەکان زیاد دەکات و کورسیەکان زیاد دەکات کە حزبێکی عەلمانیە !!!!
عەجەبەن تورکیا بۆ پێیان نالێت من رێگا نادەم  لە هەڵبژاردنەکاندا فێل لە ئیسلامیەکان بکرێت چونکە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژادنەکان لایەنە ئیسلامیەکان بە ئەندامانی خۆیان دەلێن بە پێی زانیارەکانمان ئێمە بۆ نمونە 10 کورسیمان هێناوە بەڵام دەسەڵات تەنها 5 کورسی بۆئێمەیان حیساب کردوە و 5 لێ تەزویرکردوین  ، ئەی بۆ ئەوانیش پەنا نابەنە بەر تورکیای ئیسلامی پێیان بلێن کاکە فشارێک دروست بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش حەقەکەمان بۆ بگەڕێتەوە و ستەمان لێنەکرێت  !!!
ئەی کوا ئەو وەزارەتە سیادیانەی کە ئیسلامیەکان وەریدەگرن لە حکومەتی هەرێمدا بە پاڵپشتی تورکیا !!!! مەگەر هەموو جارێک کام وەزارەتی بێ سیادەیە نادەنە ئیسلامیەکان ئەگەر بەشداریان پێ بکەن لە حکومەتدا ؟
 پێشتر وەزارەتی ئەوقافیان دایە لایەنێکی ئیسلامی کە زانیان لە سایەی سەری وەزیرە ئیسلامیەکەی ئەو کاتی ئەوقاف وا ئیسلامیەکان کەمێک هەناسەیەکیان هەڵدەمژن وا خەریکە دەچنە دەرەوەی ووڵات ماستەر و دکتۆر دێنەوە و مەدرەسەی ئایینی دەکرێنەوە و بنکەی قورئان لەبەرکردن دەکرێنە  ئیتر ئەم وەزارەتیش لای حزبی دەسەڵاتدار بویە هێلی سور بۆ ئیسلامیەکان !!! ئەی تورکیا چی کرد ؟ لە کوێ بوو ؟
یان وەزارەتی کشتوکاڵ کاتێک لە دەست لایەنێکی ئیسلامی بوو  تورکیا چەندین جار کێشەی بۆ دروستدەکرد کاتێک وەزیر بڕیارێکی دەردەکرد بۆ ئەوەی کالای تورکیا هاوردەی ناوخۆی هەرێم نەکرێت بۆ چەند مانگێک ڕابگیرێت بۆ ئەوەی جوتیارە قوربەسەرەکەی خۆمان قازانجێک بکات ، بەڵام لەلایەن تورکیاوە بەرپرسانی هەرە باڵایەکانی ئەم ووڵاتە تەداخلیان دەکرد و فشاریان لەسەر وەزیرە ئسلامیەکە دروست دەکرد لە رێگای کەسانی باڵای ئەم هەرێمە ، ئەی بۆ نەیان ووت ئەوە وەزیرە ئیسلامیەکەیە بۆ دەبێت کێشەی بۆ دروست بکەین ،
ئەی بێ بەشبونی ئەم هەموو ئیسلامیە بە توانایە لە هەموو بوارەکانی خوێندن ، بەرپرسایەتی ، زەوی وەرگرتن ، دامەزراندن ، بێ ڕێزیکردن بەرامبەر بە زانایانی ئیسلامی ، دەسگیرکردنی ئیسلامیەکان ...... هتدد ئەی خەلیفە بۆ نوقەی لێ نایێت بلێت چۆن دەبێت ڕەعیەتم ئاوا ئازار بدرێن !!!
ئەگەر هەر کەسێک بلێت جا بارودۆخەکە بۆ تورکیا ناسکە و ناتوانێت تەداخول بکات حاشا ڕاستی نەکرد ، خۆ دۆخی تورکیا لە ئێران خەراپتر نیە بەڵام بزانن  ئێڕان لە کوێ هاورێیەکانی بە جێ هێشتوە ؟
 ئەمە مانای وانیە ئێران لە تورکیا باشتر بێت بەڵام ئەمە ڕاستی یەکی حاشا هەڵنەگرە ، بەم دوایانە بینیمان چۆن ئێران هاوکاری حەماسی کرد بە سەدان موشەکی دورهاوێژی دایە حەماس کە  توانی بەرپەرچێکی باشی ئیسرائیل بداتەوە .
🔹دووەم / لایەنی عیلاقات و دیبلۆماسی .
تورکیا عیلاقە و پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ هیچ لایەنێکی دروست ناکات تاکو لە ٩٠ ٪ لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت ، پێم بلێن تورکیا عیلاقەی لەگەڵ کام حزبێکی ئیسلامی ئەوەندە تۆکمەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکان ناوێرن پێی بلێن لەسەر هەر چاوتان دوو برۆ هەیە ؟!!!
زۆربەی زۆری عیلاقات و پەیوەندی ئیسلامیەکان لەگەڵ تورکیادا لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکانە ، ئەوەی تورکیا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات لە رێگای میتەوە دەبێت ، جا ئەم عیلاقەیە پڕە لە مەترسی بۆ ئەندامانی ئەم حزبانە ....
🔹سێیەم / لایەنی ئابوری :-
تورکیا دەبێت ساڵانە چەند ملیون دۆلار بداتە لایەنە ئیسلامیەکان بۆ ئەوەی لێیان پشت ڕاست بێت و هەموویان لە ژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە بەرگری لە هەڵوێستەکانی تورکیا بکەن؟
بێ گومان هیچیان پێ نادات وە هیچ منەتێکشی پێیان نیە چونکە خەڵکی تر هەیە کار بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەکات ئیسلامیە چین تاکو هاوکاریان بکات ، ئەی جەنابت ئەندامی ئیسلامی بۆ ئاوا بە غەریب حاڵیەوە پشگیری چاک و خراپی تورکیا دەکەی خۆ من ڕقم لە تورکیا نابێتەوە بەڵام بە (چاکەیان دەلێم چاک بە خراپەشیان دەلێم خراپ)  دەی تۆش بەلایەنی کەم وابە نەک شوێن کەوتە و کویلەیەکی کوێرەوەر بی بۆ سیاسەتی هەڵەی کەسانی تر .
🔹چوارەم / لایەنی پەروەردە و کۆمەڵایەتی :-
ئەم پەروەردە و بەهایە جوانەی چەندین ساڵەی ئیسلامیەکان کاریان بۆ دەکرد و کاریان لەسەر دەکرد و شەونخونیان بۆ دەکرد چی بەسەرهات ؟ ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتایەکانی دوو هەزارەکان بهێنەوە یادی خۆتان کۆمەلگایەکەمان چۆن بوو لەم دوو بوارەدا ؟
ئەی ئێستا بۆ وای لێهات ؟ مەگەر ووڵاتی تورکیا گەورەترین کێشەنەبوو بۆ داڕوخانی کۆمەڵگایەکەمان لە رێگای چەند کەنالێکەوە دونیایەک کەلتوری سەقەت و فاشلەکەی خۆیان له رێگای ئەفلامە خراپەکانی تورکیایەوە کاریگەریان لەسەر لەم هەرێم دروست نەکردوە ؟
 مەگەر چ ماڵێک هەیە بەهۆی کێشەکانی ئەم فلیمە خراپانەی تورکیاوە نەنالێنن لە ڕووی خیانەت و واێرانکردنی پەروەردە و ڕەوشت .... هتدد وە؟
. ئەی بۆ تورکیا نەیتوانیوە بەلایەنی کەم کار لەسەر کلتوری باشی خۆی بکات ، ئایا ئێوە ئەندامی ئیسلامی دەزانن تورکیا ساڵانە لە رێگای ئەم ئەفلام خراپانەیانەوە چەند داهاتیان دەست دەکەویت ؟ ساڵانە ئەم ووڵاتە 300 ملیون دۆلار لە رێگای ئەفلامەکانیانەوە بۆ وێرانکردنی ئەخلاقی کۆمەڵگایەکانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا و باشوری ئەمەریکا بە دەست دەکەوێت .
🔹پێنجەم / لایەنی بازرگانی :-
تورکیا بە هاوکاری ئیسلامیەکان کام گرۆپی بازرگانی دروستکردوە بۆ ئەوەی ئیسلامیەکانیش بێ بەش نەبن لە خێر و بێری ئەم هەموو بازرگانیەیی لە ڕێگای تورکیادا دەکرێت ؟!!!
بێ گومان هەموو لایەک دەزانێت هیچ شێک نیە وە ئامادەش نیە شتی وابکات چونکە ئەو دۆستی خۆی هەیە چ منەتێکی بە ئیسلامیە با ئەندامی ئیسلامیش هەر خەریکی کرێکاری بێت دواجار هەر بە عاتفیەتی دینی پشگیری لە تورکیا دەکات ....
🔹شەشەم / لایەنی هێز :-
تورکیا بە هێز پشگیری کام هێزێکی ئیسلامی کردوە بۆ ئەوەی گیان و ماڵ و سامان و بارەگایەکانیان پارێزراو بێت ؟ من تورکیایەکم دەوێت پاڵپشتم بێت کەس جورئەت نەکات پەنجە بۆ بارەگایەکان ڕابکێشتێت من تورکیایەکم بۆچیە بارەگایەکان لە پێش چاوی ئەوان بسوتێندرێت خەڵکم لێ شەهید بکرێت ، پاشان بێت نێوەندگیرم بۆ بکات و سولح و ئاشتەواییم بۆ بکات ، خۆ ئەم کارە بە حزبێک و سەرۆک عەشیرەتێک و کەسایەتییەکش دەکرێت ، کەواتە لایەنێکی چاکی ئەوانم پێ بلێن چیە ؟
🔹حەوتەم / دەماگیری تورکەکان :-
تورکیا هەمان تێڕوانینی ئیسڕائیلی هەیە بۆ نەتەوەکەی ، ڕۆژ بە ڕۆژ هەرچی پیت و ووشەی عەرەبی یان کوردی هەیە لە نێو فەرهەنگەکەیاند دەگۆڕن ووشەیەکی نوێی بۆ دادەتاشن بۆ ئەوەی نەوەک پێیان بلێن ئەم ووشەتان لە کوردی یان عەرەبی نزیکە چۆن دەبێت چونکە بە نەزەری خۆیان پێیان وایە تورک باشترین میللەت و قەومن لەسەر زەوین .
🔹هەشتەم / پشگیری تورکیا بۆ تورکمانەکانی جیهان .
ئەگەر سەیری تورکیا بکەین ئەوەندەی پشگیری تورکمانەکانی جیهان دەکات چارێگی ئەوە پشگیری ئیسلامیەکان ناکات وەک ئەوەی دەبینین کە لە کەرکوک دەگوزەرێت یان ئەوەی لە ووڵاتانی دەوروبەری ڕوسیا دەگوزەرێت یان تورکمانەکانی قوبروس ئیتر گوێ بەمە نادات ئاخۆ ئەم تورکمانانە ئیسلامین یان عەلمانین گرنگ ئەوەیە تورکمان بن نەتەوەی تورکن . 
🔴کەواتە لە سایەی حوکمی 20 ساڵەی ئاکپارتی ئەم حزبە کام سودێکی هەبووە بۆ ئیسلامیەکانی هەرێم ؟ بۆمان بەدیار دەکەوێت تورکیا پشگیری هاو سۆز و هاوهەڵوێستەکانی ناکات ئەگەر بێ دەسەڵات بن یان هەوڵبدات بیان هێنێتە سەر دەسەڵات و کەواتە تەنها تورکیا پشگیری کەسانێک دەکات کار بۆ بەرژەوەندی ئەوان بکات .
جا ئەگەر بەزەحمەتی نەزانی لە کۆمێنت سودێکی ئەم ووڵاتەم بۆ بنوسە بۆ ئەوەی سودی لێ ببینم  منیش هەندێک سودی تورکیا بزانم بۆ ئیسلامیەکان و تاکو منیش بەرگری لەم ووڵاتە ودەسەڵاتی بکەم .....

نوێترین نوسینەکانی سه‌عید هەرکی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌