ئۆردوغان لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا

وتار/ 23/05/2021 1213 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

ئۆردوغان لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا
بە پێنووسی: د.عومەر عەلی
لەم بابەتەدا بە دەروازەی گرنگی و کاریگەری خوێندن و فێربووندا دەڕوات، تا خودناسی و تا دەگاتە ناسینەکانی تری وەك: ڕەگەزی بەرانبەر، شار، عەشرەت، زمان و قەومی جیاواز و دواتر پێکەوە ژیان.
هەوڵەکانی: عبداللە ئۆجەلان، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی،ڕەجەب ئۆردوغان.
٣ تەوەری سەرەکییە:
١-خودناسی.
٢-ئەزموون و ڕووداوەکان.
٣-لێکدانەوە و تێگەشتن.
ئەو پرسیارانەی کەلەسەر ئەم ناونیشانە وروژێنرا وەڵامی هەمووی تێدا دراوەتەوە، بە گفتوگۆ و بێ تەشەنوج بە کۆمێنتیش دەتوانین زیاتر زەینمان ڕوون و بیرمان فراوانتر بکەین، باوەڕت هەرچۆنە ئەوە ئازادی، ئەم مینبەرە با مینبەری تێگەشتنمان بێ، بە ئەدەبی کوردانە، بە کۆمێنتیش دەتوانین زیاتر شیکاری بۆ بکەین.
گەر نایخوێنیتەوە کۆمێنت مەکە، ٢ کەس وتیان لەبەر کۆمێنت ئەم بابەتە دەنووسی!، هەردوکیانم لە هاوڕێیەتی لادا، چونکە کەسێك کە هاوڕێم بوبێ و بەو شێوەیە منی ناسیبێ! وا دەزانم خوێنەر نییەو بندیوارە و جێگەی خوێنەرێکی گرتووە.
کۆمێنتتان کرد با پەیوەست بێ بە بابەتەکەوە و بابەتیانە بێ، لە بەشی یەکەم قسەیەك کە هەتە لێی گەڕی بۆ بەشی سێهەم، لە بەشی سێهەم و کۆتایی ڕاو سەرنج و باوەڕەکان زیاتر جێگەی دەبێتەوە.
تەوەری یەکەم پەروەردەییە.
تەوەری دووه تەنها ئەزموون و ڕووداوە.
تەوەری سێهەم بیرو باوەڕ و بۆچۆنە، وە جێگەی مشت و مڕە.
لە بەشی کۆتایدا من ڕای خۆم بە ڕاشکای دەڵێم، ئێوەش ڕای خۆتان بڵێن.
لە پەیجی د عومەر عەلی تا ئێستە ١١٤١٥ کەس ئەم سەردێڕەی دیوە.
٤١١٧ کەس بەشداری کردووە و حەزیان لەم بابەتەیە.
لە ئەکاونتی عومەر عەلی ٢١٧٠ کەس بەشداریان کردووە و حەزیان لەم بابەتەیە، هەموو دەنگەکان بەڵێیە ٢ دەنگ نەبێ، بەڵام ئەکاونت وەك پەیج نییە تا بزانم چەند کەس بابەتەکەی دیوە وەك لە پەیجەکەدا ١١٤١٥ کەس لای من دەردەکەوێ، بە حوکمی ئەوەی ئەکاونتەکەش ئەکتیڤ ترە و زیاتر فرێند و فەڵۆوەری هەیە، حەتمەن زیاتر بینراوە، جگە لە گروپەکانیش.
خوازیارم زۆرترین گفتوگۆ و تێگەشتنی لێ بکەوێتەوە.
چەندین بابەتی پەیوەندیداریش بەم باسەوە هەیە، لە کۆتایدا لینکی ئەوبابەتانەش پەیوەست دەخەمە ناو تەوەری کۆتاییەوە، بۆ کەسانێك بیانەوێ قوڵتر تێبگەن و تێگەشتنیان فراوانتر بکەن.

دەروازە؛-
لەناو عەرەب دا زۆر جوان وتراوە: (الإنسان عدو ما يجهل).
لە تێگەشتن لەم دەقە دەتوانین پرسیارێك بکەین و بڵێین: ئایا مرۆڤ حەز دەکات شتی نوێ فێرببێ؟
وەڵامەکەشی بە گشتی بریتییە لە: نەخێر!
لەوەیە چاوەڕێی ئەو وەڵامە نەبوبێتی، هۆکارەکەی ڕوون دەکەمەوە، چونکی نەزانین جۆرێك لە جێگیریی و متمانەیی بە کەسەکە دەبەخشێ، وە کە فێربوو دەبێ بگۆڕێ، گۆڕینیش ئاسان نییە، ها کوردیش دەڵێ نازانم ڕەحەتی گیانمە.
گەر وەك بەرژەوەندی شەخسی و دونیایی سەیری بکەم، خوێندنەوە و نووسین زۆرترین زیانی پێگەیاندووم، چاوەکانم لاواز بووە و نەخۆش کەوتووە، زۆرترین کاتم بە خوێندن و نووسینەوە سەرف کردووە، لە ئیشی دونیایی و پارەپەیداکردن دووری خستوومەتەوە، وە تا ئێستەش هیچ پاداشتێکم وەك مادە و دونیایی وەرنەگرتووە، بە پێچەوانەوە پارەی زۆریشم لە بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی و نووسینەکاندا سەرف کردووە، خەڵکانێکیش هاوکاربوون خوای گەورە خێریان بنووسێ.
دەگەڕێمەوە سەر بابەتەکە نمونەیەکی زۆر جوان لە قورئاندا ئەم دیمەنەمان دەخاتە پیش چاو سورەتی البقرة ئایەتی ١٠٧ وەك دەفەرموێ: ''وَإِذَا قِيلَ لَهُمُ ٱتَّبِعُواْ مَآ أَنزَلَ ٱللَّهُ قَالُواْ بَلۡ نَتَّبِعُ مَآ أَلۡفَيۡنَا عَلَيۡهِ ءَابَآءَنَآۚ أَوَلَوۡ كَانَ ءَابَآؤُهُمۡ لَا يَعۡقِلُونَ شَيۡـٔٗا وَلَا يَهۡتَدُونَ''
واتە: کاتێك پێتان بووترێت شوێن ئەو (قورئانه) بکەون کە خوا ناردویەتە خوارەوە دەڵێن: نەخێر بەڵکو شوێن ئەوە دەکەوین کە باوو باپیرانمان لەسەری بوون ئەگەر چی باوو باپیرانیشیان ھیچ تێ نەگەیشتبن و گومڕا بووبن (ڕێنمایش وەرنەگرن).
شوێنی باوباپیران کەوتنەکە ئاسانە، هەرچۆن هاتبێ هەروا دەڕوا، بەڵام ئەی ئەگەر ڕاست نەبوو، زۆر هەتا پەند کە ناوی بەخۆیەوەیەتی و دەبێ پەندی لێ وەرگیرێ کەچی هەڵەیە، بەڵام دەماودەم هەردەڕوا و کاری پێدەکرێ، چەندین قسە و قسەڵۆك لەناو کورددا هەیە، قەومەکانی تریش بە هەمان شێوە، هەر دەماو دەم وتراوە و بووە بە قەناعەت و تێگەشتن لامان، بەڵام کە دەچیتە بنج و بناوانی سەیردەکەیت هیچی دیار نییە، زۆرجار دیارە و بە پێچەوانەوەیە، بەڵام دروستکەرەکەی دژی خودی قەومەکە بووە بەڵام بەناوی قەومەوە، وەك چۆن بۆ مسوڵمانێ دەقێکی عەرەبی بۆ بخوێنیتەوە بەناوی حەدیسەوە ئەویش وەریگرێ وەك دین و کەچی دینیش نەبێ!
ئاغایەك هەڕەشەی لە مەلا کردبوو کە دەبێ لە وتاری جومعەدا ناوی بخاتە لیستی عەشەرەی موبەشەرەوە! وتبووی پێی وا نەکەیت دەتکوژم! بەڵام ئەگەر بیکەیت ٣٠ سەر مەڕت پێ دەدەم، مەلاش بیری کردبوویەوە ٣٠ سەر مەڕ خراپ نییە و کوشتنیشن بۆ جارێ ناوخوێندنەوە ان شاء اللە عوزرە و دواتر هەرلاشی ناخۆش ببو، وتبوی کورە خۆ ئەو هیچ عەرەبی تێناگات شتێکی لێ دەکەم، لە داخدا لە وتاری هەینیدا ڕووی تێکردبوو وتبوی: یا ایها الفلان (ناوەکەی بردبوو)، انت رجل حقیر، و مصیرك جهنم وبئس المصير.
واتە: ئەی فڵانە کەسی سوك، جێگات ئاگری جەهەنەمە کە مەنزڵگایەکی خراپە!
کابراش زۆری پێخۆش بوو کە بە شێوەیەکی جوان وەك چوارچێوە و دەنگی قورئانی مەلاکە بۆی لەراندبوویەوە، چونکە ئەو تێنەگەشتبوو.
یەك دوو فەقێ و مامۆستای مەکتەب کە تەقە تەقێکیان کردبوو لە زمانی عەرەبی تۆزێك لێی تێگەشتبوون، یەکێکیان بزەی کردبوو، مەلاش ترسابوو لەوەی کەشف ببێ، هەر دوای ئەو ڕووی کردبووە فەقێکان و مامۆستاو وتبووی: اسکت اسکت، الأغنام ثلاثون، الیکم عشر والیە عشرون.
واتە: بێدەنگبن بێدەنگبن، مەڕەکان ٣٠ سەرە، ١٠ دانەی بۆ ئێوەو ٢٠ دانەشی بۆ خۆم.
بەو شێوە کابرای نارد بۆ جەهەنم و خۆی و فەقێکان و مامۆستاش ببون بە خاوەنی حەیوانەکان.
هەتا زۆر دەقی بەناو حەدیس کەوتووەتە ناو کتێبەکانەوە لای بەشێك لە خەڵکی کاری پێدەکرێ، کە لێی دەکۆڵیتەوە سەیر دەکەیت کەسێکی درۆزن یان بەرژەوەندخواز گێڕاویەتیەوە، هەتا لە سەردەمی سوڵتان عبدالحمید ئینگلیزەکان کۆمەڵێ کتێبی زۆریان چاپکرد بەناوی بوخارییەوە، دواتر کەشف بوون و کۆکرایەوەو سوتاندنیان، ئەڵبەت بەو شێوەیەش زۆر شت دزەی کردووە و ماوەتەوە!
بۆیە زانستی زاراوەکانی فەرموودە گرنگیەکی خۆی هەیە، بۆ ناسینەوەی فەرموودەکان، ئەڵبەت وە نەبێ زۆر گران بێ، چونکە قورئانەکە بە جێگیری هەیە ئاسانە بۆ ناساندنەوەی ئەوانیش، چونکە نابێ هیچ پێچەوانەی قورئان بێ، گەر بێت و لە بواری بیروباوەڕ نەبێ و ئەخلاقی بێ هەتا فەرموودەش نەبێ دەکرێ کاری پێ بکەیت، چونکە کێشەی نییە، هەروەك چۆن ئامۆژگاری دروستی هەرکەسێك دەکرێ وەرگیرێ.
بەڵام قورئان و ئیسلام کە حەقە، حەق نابێ دژی حەق بێ، ئەوەش پێوەرێکی ئاسانە بۆ تێگەشتن، لە قورئاندا چونکە سابتە دەقەکانی و کەس نایتوانیوە دەستکاری بکات و وە دەستکاری ناکرێ هیچی دژی یەکتری نییە وەك خوای گەورە لە سورەتی النساء ئایەتی ٨٢دا دەفەرموێ: (فَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ ۚ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِنْدِ غَيْرِ اللَّهِ لَوَجَدُوا فِيهِ اخْتِلَافًا كَثِيرًا).
بۆچی لە قورئان ڕانامێنن؟! خۆ ئەگەر قورئان لەلاینە غەیرە خواوە بوایە، جیاوازی زۆری تێدا دەبینرا!
بۆیە قورئانخوێن بە تێگەشتنەوە کە سەیری قورئان دەکات هەمووی پەیوەستدارە پێکەوە، ئایەتێك دژی ئایەتێکی تر نییە، هەمووی بە یەك ئاراستە خزمەت دەکات.
بەڵام نووسینی مرۆڤ وا نییە، من تا ئێستە ٥٥ کتێب و نامیلکەم نووسیووە، کە ناوی پەیامم لێناوە، پەیامەکانی قیبلە، لەوانەیە تۆی خوێنەری بیخوێنیتەوە کتێبێك لە کتێبێکی تر لە بەشێکیدا جیاوازی هەبێ لەگەڵ یەکتردا، چونکە من مرۆڤم و هەڵە دەکەم، بۆیە نووسەرەکانیش بە گشتی لە هەموو چاپێکی تازەی کتێبەکانیاندا گۆڕانکاری تێدا دەکەن، هەتا ئەو نووسەرانەش کە مردوون و ئەوانەی کە گرنگی بە نووسینەکانیان دەنەوە دیسان دەستکارییەکی هەر دەکەن.
ئەوە تەنها بۆ تێگەشتنی زیاتر و ئەوانەی کە شارەزای زانستەکانی قورئانن لایان ڕوونە ئەوە، دیسان بابەتەکە، بۆیە بە گشتی کەسێك زۆر بخوێنێتەوە زۆر دەگۆڕێ، چونکی تا زۆرتر فێرببی زۆرتر دەگۆڕێی، گۆڕینەکە بە هەردوو جەمسەری جیاوازدا، بۆیە خوای گەورە یەکەم ئایەت بە: بخوێنە ''اقرأ'' دەستی پێکردووە، یەکسەر لەگەڵیدا فەرموویەتی: ''باسم ربك الذي خلق'' خوێندن بە تەنها نە، خوێندن بەناوی خوای خالقەوە.
کە خوا لە خوێندن دەرکرا مرۆڤ سەرگەردان دەبێ، وای لێدێت بە دەیان ساڵ بەدوای خوادا دەگەڕێ، دیومە و زۆریش لە کۆتا تەمەنیدا کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر پلەی پرۆفیسۆریشدا ڕۆشتووە ئەوسا گەشتووە بەخوا، ئەڵبەت هەشە هەر پێشی نەگەشتووە، کە دەڵێم خوا، بەو سیفەتی گشتی خوایی، نەك وەك هەندێك لەوانەی کە هەر یەکەو بە جۆرێك وێنای دەکات، دەقە قورئانییەکە چونکە ماوەتەوەو دەستکاری نەکراوە، وێنای حەقیقی خوای تێدایە، بەڵام بۆ نمونە مەسیحیەت کە گۆڕانکاریان بەسەردا ‌هێنا، خواکەیان کرد بە ٣ خوا، پرسیاریش بکەو دیراسەش بکە لۆژیکی تێتناگەیەنن و تێناگەی ئەم ٣ خوا چۆنە، هەتا ئەو سێکوچکەی نوێژە ڕەمزە بۆ ئەو سێ خوایەش!.
هەشە هەر ناگات پێی، وە هەشە دەڵێ ئەسڵەن خوا هەر بوونی نییە، وە هەیە دەڵێ مرۆڤ خوای دروست کردووە، دروستکردن نەك بەو مانای کە هەبێ، بەڵکو بەومانای خۆی نییە بەڵام ئەم دەڵێ نا هەیە، واتە دروستکردنی وەك ناو و باوەڕبوون پێی، گەرنا ئەوان دەڵێن خوا هەر بوونی نییە، بەڵام تۆ دەڵێی نا هەیە!.
ئیتر لە بوارە فەلسەفییەکەوە دونیایەکی زۆر ئاڵۆزە، ئەنجام مرۆڤ تەواو ون و سەرگەردان دەکات، جگە لەوەی ئەم بێباوەڕبوونە (ئیلحاد) بەرنامە و بنەمای بەخۆیان نییە، وەك چۆن مسوڵمان چەمکی عەقیدەی هەیە، وەك باوەڕ و بە ئاسانی بیڵێم ئەرکانەکانی ئیمان کە شەشە، وە وەكو پراکتیزەکردنی ئەرکانەکانی ئیسلام کە پێنجە، دواتر وەك ئامانجەکانی ئیسلام کە پاراستنی گشت پێداویستییە مرۆییەکانە وەك: دین، ئەقڵ، نەفس، وەچە، وە ماڵ.
کە بەم شێوە سادەیی مرۆڤەکە دەبێتە خاوەنی باوەڕ و پارێزگاری لە ئەقڵ و نەفس و وەچەو ماڵیشی دەکات.
ئیتر گەر سەیری قورئان بکەیت و زەڕب و تەقسیمی بکەیت پارێزگاری کردنە لەو ئامانج و پێویستیانە، ئیمان و ئیسلامەکە وەك ئەرکانەکان دینی پێ دەپارێزرێ، حەرامکراوە سەرخۆشکەرەکان ئەقڵی پێ دەپارێزێ کە کەسێك مەشروب ناخواتەوە یان موخەتەدەرات و هەرچی کە ئەقڵی بە کاتی لابەرێ، وە پاراستی نەفس واتە جەستە کە کەسەکە بۆی نییە خۆی بکوژێ و جەستە ئەمانەتەو ڕۆحەکەی تێدایە دەبێ پارێزگاری لێ بکرێ تا کاتی خۆی دێت و وەردەگیرێتەوە، وە نەکوشتنی خەڵك و ئیتر ئەو چوارچێوەی کە لە فیقهی ئیسلامیدا وردەکاری بە جوانی هاتووە بۆ تێگەشتن، وە دووری لە زینا و خیانەت بۆ ئەوەی وەچەکە پارێزراو بێ و منداڵەکە زۆڵ و سەرگەردان نەبێ و لە مافبوونی دایك و باوك بێ بەش نەبێ، وە پاراستنی ماڵێش کە دزی و غەش و خیانەت و گەندەڵی و هەموو ئەوانە حەرامە.
بەم شێوەیە ئیسلام مرۆڤێکی تەندروست بەرهەم دەهێنێ، وە گەر سەرپێچی کرد ئەوسا یاسا بۆ ڕێگری کردنی هەیە، بۆ نمونە خیانەت دزی هەر شتێ کە ئەو بەرژەوەندییە جێگیرانە بخاتە خەتەرەوە.
بەڵام ئیلحادەکە لە دونیادا کە خۆیان لە سەدا ٧ مولحیدە ٩٣ باوەڕدارە، ئەو لەسەدا حەوتەش دەبن بە حەوت بەشەوە! دونیایەك ناکۆکی و نا تێگەشتن و هەڕەمەکی شێواوی و شپرزەیی لە زەینیاندا هەیە، بۆیە ئەنجام کە ناگەن بە هیچ دین و دژی دینەکە دەبنەوە، کە خۆی بۆ خۆی ئەوانەی کە وتم بە ڕوونی لەم کردارەدا دەری دەخات.
بەڵام ئیسلامەکە وا نییە، زۆر تۆکمەیە، وە تۆ خاوەنی بەرنامەیت و ڕێڕە و کەرەستەت لەبەر دەستدایە، ئیتر هەرکەس بە پێی خۆی مومارەسەی دەکات، جا چونکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی خۆماندا زۆرترین پشێوی تێدا بووە، ئەم ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو دۆخێکی جێگیر و ئاراممان بۆ دروست نەبووە تا بە تێگەشتنەوە و کەشێکی ئارام مومارەسەی ئیسلام بکەین، زۆرێك لە ئێمە کە گەشتووینەتە ئەوروپا جوانتر لە ئیسلام تێگەشتووین، چونکە بە جۆرێك تەنها کەوتووین، زیاتر کاتمان بۆ خۆمان هەبووە، تا کاتیشت زیاتر بێ بەڵام بە ئاگاییەوە زیاتر خۆتی تێدا دەدۆزیتەوە، هەربۆیە ئیسلامیش لای گرنگە هەردەم دۆخی هێمن دروست ببێ، چونکە ئیسلام لە هێمنیدا زیاتر گەشە دەکات، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە شەڕ دەدەنە پاڵی ئیسلام بۆ بڵاوبوونەوەی، شەڕ یان جوانترە بڵێێن جیهاد بۆ شکاندنی بەربەستی ئەم پەیامەیە بە خەڵکی، لە هەر جێگەیەکدا هێڵرا بانگەواز بکرێ، ئیتر تەواو، ئەوسا هەرکێ وەری دەگرێ وەری دەگرێ، هەرکەس وەری ناگرێ دینی خۆی بۆ خۆی، تەنها پابەندی یاسا گشتییەکان دەکرێ، کە دینی نییە خۆ نابێ بڕوا دزی بکات، بڵێ لای تۆ حەرامە لای من حەرام نییە، واتە پابەندی قەوانینەکە دەبێ ببێ، وەك ئێستە چۆن لە دونیادا هەر وڵات و قانونی خۆی هەیە و هەتا زۆری لەگەڵ بڕوای ئێمەدا ناگونجێ، بەڵام گەر کەوتینە دادگاوە ناچار بەوەی کە خۆیان هەیە دادگایی دەکرێ.
فەرەنسا زۆرجار بۆچی زۆر نیگەرانە، چونکە مسوڵمانەکان کە زۆرن وەك جۆرێك لە دەوڵەتیان لەناو فەرەنسادا هەیە، کێشەیان هەبێ خۆیان دادگای دەکەن، بە کورتییەکەی بەشەرع حوکمی خۆیان دەکەن و پابەندیان زۆرە، دەبینی نیگەرانی دروست دەکات، بەڵام بەریتانیا کە دراوسێی فەرەنسایە و هەردووکی هەر عەلمانییە زۆریان جیاوازە، جار هەبووە کێشە دروست بووە کە خۆم لەو نێوەندەدا بووم پۆلیس مامۆستایی ئاینی هێناوە، کە حوکمەکە بە ئیسلام بکرێ، مادام هەردولا کێشەکەیان کێشەیەکی دینییە، وە خۆشیان زۆر دەستخۆشی لە مزگەوت دەکەن چونکی کێشەیان بۆ کەم دەکاتەوە، وتاربێژی مزگەوتی نوور بووم ڕۆژێك کێشەیەك دروست بوو، ١ ڕۆژ مزگەوتەکەم داخست، پۆلیس کە خۆشیان هاتن و کێشەکەشیان حەل کرد، ئەو ڕۆژە هەموو سەری سەعاتێ پۆلیس تەلەفۆنی بۆ دەکردم، دەیگوت من ناتوانم زەختت لێ بکەم بڵێم مزگەوتەکە بکەرەوە، بەڵام پێمان خۆش نییە دایبخەن، کێشەی ئەمنی لەسەر ئێمە بۆ ئەو مەوزوعەی کە دروست بوو، ئەوەی کە زۆر لای گرنگ بوو وتی: ئێمە دیراسەی ئەو ناوچەی مزگەوتەکەمان کردووە، لەوەتەی هەیە کێشە لەو ناوچەیەدا کەم بۆتەوە، هەتا کوردێ لە بەردەم مزگەوتەکەدا کە پێشتر مزگەوت نەبوو خۆی سوتاندبوو، بەڵام ڕاگەیاندنە دژەکە، بە تایبەت ئەوانەی لەسەر ئیسلامفۆبیا کار دەکەن وا ناڵێن! مزگەوتێ کە هەزارەها نوێژخوێن و ئامادەبووی چالاکییەکانی هەیە دانەیەکی کێشەیەك دروست بکات، ئیتر مزگەوت و هەمووی تێوە دەگلێنن تا دەگاتە ئیسلامەکە خۆشی بەهۆی کێشەی یەك کەسەوە، لە کاتێکدا ئەو کێشەش ئەو کردوویەتی کە لێی دەکۆڵیتەوە کێشەیەکی ناشەرعی بووە، واتە گەر ئیسلامیش حوکم بکات سزای ئەو کەسە دەدات لەسەر ئەو سەپێچییە.
بۆیە بەریتانیا دەبینی زۆر جیاوازە لە داخلدا، تەنها یەك کات کێشەی هەیە گەر بێت و دۆخی نالەباری ئەمنی دروست ببێ، ئەوەش دەتوانم بڵێم بە تەواوی هەتا لە ڕووی شەرعەوە شەرعییە.
بەڵام هەر بەریتانیا بۆ نموونە سیاسەتی خارجییەکەی تەواو جیاوازە و زۆر هەڵدەگرێ و ئێرە جێگەی نییە.
بۆیە تۆ وەك مرۆڤ کە بنەمات هەبوو تا بخوێنی و بخوێنیتەوە زیاتر گەشە دەکەیت، کە نەت بوو لە بوارە فیزکییەکاندا هەر گەشە دەکرێ، بەڵام لەولاوە نەزانینی زۆر دەبێ، وای لێدێت جاری وا هەیە کەسەکە زیندان دەبێ لەناخی خۆیدا، یانی ناتوانی خۆی لە کۆتبەندی ئەو گرێیانە ڕزگار بکات کە زیندانی کردووە لەناو خۆیدا، گرفتار دەبێ بە دەستی خۆیەوە، ئەزیەتێکی زۆری خۆی دەدات بەهۆی نەزانینەوە، چونکی دونیای مرۆڤ پڕیەتی لە پیس و چەپەڵی، لە هەمانکاتیشدا جوانی.
جا بۆ تێگەشتن لەو دونیای ناخە دەبێ دیراسەیەکی ورد و زۆری بواری تەصەوف بکەیت تا تێبگەیت، دواتر ئەزموونیشی بکەیت.
چونکە متەصەوفەکان بە ڕاستی ڕۆحی دەقەکانیان مژیوە، چونکی وشەکان بەجۆرێك دەتوانم بڵێم ڕۆحی تیایە، ئیتر دونیایەکی تەواو تایبەتە، هەتا دونیات بەشێوەیەك لا خۆش دەبێ:
بێزاری چییە؟!
نا ئومێدی چییە؟!
ژیانت سەرتاپا دەبێ بە خۆشەویستی، ئەم بەرنامە و پرۆگرامە عەزیمە وات لێ دەکات هەتا ئازارەکانیش لای تۆ دەبێ بە ڕەحمەت، جەلالەدینی بەڵخی زۆر بە قوڵی تەعبیر لەمەی کە دەڵێم باس دەکات و دەفەرموێ:
These pains you feel are messengers. Listen to them
واتە ئەو ئازارەی کە تۆ هەستی پێ دەکەیت مەیامهێنەرە، گوێی لێبگرە!
بەجۆرێکی تر سادە ڕوونی بکەمەوە، عەزیەت و ئازارێك کە تووشت دەبێ خودی عەزیەتەکە یان ئازارەکە کە نابینرێ وەك پێغەمبەرێك وایە بۆلای تۆ هاتبێ، نامەی بۆ هێناوی، ئاگادارت دەکاتەوە، نابینی لەکاتی نەخۆشی و ناخۆشیدا دڵنەرمی زیاترە، زۆرتر هەست بە خۆت دەکەی، ئاگایت زۆرجار زیاتر دەبێ، سەر بۆ ئاسمان بەرز دەکەیتەوە.
هەموو ئەمە ئەنجامی چی بوو؟ ئەنجامی ئەو ئازارەی کە بوو بە پەیامهێنەر.
لە ڕێگەی خارج چونکی مەترسی تێدایە، دەبینی تا دەگاتە ئەڵمانیا بۆ نمونە ٤ مەڕی کردووە بە خێر، هەردەم دوعاو پاڕانەوەی هەبووە، شەو تا بەیانی ئایەتول کورسی خوێندووە، دواتر کە گەشتووە و ترس و ئازارەکە نەماوە لەبیری چووەتەوە، لایڤ دەکاتەوە بانگەشە بۆ ئیلحاد دەکات!
بۆیە هەندێ لە عارفە گەورەکان هەتا قەدر و خۆشەویستیان بۆ ئەو ناڕەحەتییەش هەبووە، ئێستە لام سەیرە یەکێ بەحاڵ شوێنێکی دەداتە ئێش یەکسەر دەیداتە فەیسبووك و داوای دوعای خێر دەکات، خۆ ناڵێم ئەو کارە ناڕەوایە، یان دوعا کردن باش نییە، بەڵام ئاسایی وەریگرە، بهێڵە بە عەزیەتت بدات، با بتکات بەخۆت، گوێی لێبگرە بزان چیت پێ دەڵێ!
چەند کەس دەناسم خۆی بە مولحیدی دەرەجە یەك دەزانی و تفی دەکردە ئاسمان، یەك نەخۆشین کردنی بە مرۆڤ، ئەوەیە پەیامەکە!
ئەو کەسەی کە ئەم ڕۆژانە خۆی سوتاند هۆکاری چی بوو؟ ئەگەر لەم دونیای کە من باسم کرد بژیایە ئەوەی دەکرد؟ نەخێر هەرگیز...
لەناوەوە پیسیەکان زۆر بوو، دواتر بە سوتانی جەستەی خۆی کۆتایی پێهات.
مرۆڤ دەتوانێ ئەو پیسیانە کۆبکاتەوە کە هەمووی جەهلە وەك دەقەکەی کە باسمان کرد، دواتر بە زانین بیسوتێنێ، ئەوسا دەبێ بە مەعدەنێکی پاك، وەك چۆن بە ئاگر ئاڵتوون لەنێو ناچێ، بەڵکو پیسیەکەی لێ جیادەبێتەوە و زەرد و جوانتر و پاڵفەتر دەبێ، بەڵام گەر نەزانێ ئازارەکانیش دیسان ئازاری تر بەدوای خۆیدا دەهێنێ، ناشوکری دەکات، بۆیە زاناکان ٣ پلەیان داناوە بۆ پابەندی لە ئازار، یەکەم ئارامگرتن، کە کەمترین پلەیە، کە توشی ئازارەکە بوویت ئارامبگری و ناشوکری نەکەیت. دووهەم حەمدە، لەگەڵ ئازارەکەدا هەردەم دەڵێی الحمدللە، وەك وایە پێشتت خۆش بێ، دەستکەوتێکەو دەستت کەوتووە، سێهەم شوکرە، واتە خۆشحاڵێش بیت بەوەی کە توشت بووە، ئەڵبەت پلەی سێهەم زۆر قورسە، بەڵام هەیە دەگات پێی.
ئەو پاكبوونەوە بە ڕێکخستنی زەین و تێگەشتن دەکرێ، وەك بوارە فیزکیەکە نییە خێرا بە دەستێ کەف و تەشتێ ئاو پاك بێتەوە، من بۆ خۆم چڵکی داخلی وام لە خۆمدا دۆزیوەتەوە، کە بیرم کردووەتەوە ئەو چڵکە هی چ کاتێك بووە؟! بۆم دەرکەوتووە بە منداڵی هاوڕێیەکم کە یاریمان کردووە لە دەرەوە لە یاری منداڵانەوە فێربووم، جا لەوەیە ئەمە لامان سەیر بێ!
ئێمە بە منداڵی کۆمەڵێ یاریمان دەکرد، یان بەعز و ئاشتبوونەوە و گرەوو زۆر شت، من کە ئیتر گەورە بووم لەبیرم نەمابوو، ئەم ساڵانە کە ماڵمان گەڕایەوە بۆ کوردستان منداڵەکانم لە دەرەوە کە دەچووم چاودێریان بکەم یان بانگیان بکەمەوە، سەیر دەکەم هەمان ئەو یاریانە دەکەن! لام سەیر بوو چۆن ئەو جۆرە یاریانە نەفەوتاوە، خۆ کۆڕە و بووە، منداڵەکان گەورە بوون، چۆن دەگوازرێتەوە، بەڵام دەشگوازرێتەوە، منداڵەکان کە وردە وردە گەورە دەبن و منداڵی تر پێش ئەوان تێکەڵ دەبن ئاوا بە پلەبەندی ساڵەکان تێهەڵکێش دەبێ، هەم یاری و هەمیش زۆر لە جۆر و شێوازی قسەی منداڵیی دەمێنێتەوە.
ئیتر بەو شێوەیە هەموو شتێ دەماودەم دەکات تا دروستبوونی تێگەشتنی هەڵە و ڕق و قین و پۆخڵەواتی داخلی، تێبینی بکە ماڵێ کە یەکیەتی بن منداڵەکانیان ڕقیانە لە پارتی دەبێ، پارتیش بۆ یەکیەتی بە هەمان شێوە! موناقەشە و شەڕیشی لەسەر دەکەن، ئیتر تێگەشتنی وا دروست دەکات زۆر سەیرە، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دروستی تێدا بێ.
من لەبیرمە چونکە ئێمە عائیلەیەکی یەکیەتی بووین لە ماڵەوە، من لە دەرەوە دەمگوت من سەوزم، هەبوو زەرد بوو، جا دەمانکرد بە موناقەشە و هەوڵم دەدا تێیبگەیەنم کە سەوز لە زەرد باشترە، دەمگوت گیا سەوزە و جوانە و دڵگیرە، بەڵام کە وشك بوو زەرد بوو گەرمە و ڕەق و دڕکاوییەو ناخۆشە.
چەندین خێزان هەیە ناچنە ماڵی یەکتری لەبەر ئەوەی هەریەکە و وێنەی سەرۆکەکەی خۆی داکوتیووە لە ماڵدا، جا ئەگەر بێت و خێزانێ کەسێکی کوژرابێ لە حیزبێکدا ئیتر بە خانەوادەیی هەموویان ڕقیان لەو حیزبە دەبێتەوە، ئیتر بۆ خۆت تۆش بیر لەم جۆرە شتانە بکەرەوە بزان چەند ڕق لەناو کۆمەڵگەدا چێنراوە و ناخەکان وێران بوون، دونیایەك پۆخڵەوات و پیسی کۆبووەتەوە سوتانی زۆر سەختە، بۆیە خوای گەورە بە شێوازێکی تایبەت دەماندوێنێ بۆ سوتانی ئەم چەپەڵیانەو پاك بوونەوەی داخلی ''قَدۡ أَفۡلَحَ مَن زَكَّىٰهَا'' بەڕاستی ڕزگاری بوو ئەوەی کە خۆی پاكکردەوە، بۆ مانای ئەو چوار وشە تا زمانی عەرەبی و ئەدەب و بەلاغە نەزانی هێزەکەیت بۆ دەرناکەوێ کە چەند گەورەیە ئەو دەقە، ئێستە کە من بە کوردی ماناکەی دەنووسم زۆربەی ڤیتامینەکەی دەڕوات، بە جۆرێك لە جۆرەکان ڕۆحەکەی دەمرێ، چونکە بەم شێوە ڕێنووس و زمانە لە گەورەیی و قوڵی ئەو دەقە ناتوانی تێبگەیت، وەك ئەوە وایە بە دەستی کەسێکی تر نان بخۆی، ئەوە لە کوێ خۆت جوان کەوچکەکە بگری و بە ئارەزووی خۆت بیخۆی، ئەوەش لەکوێ کەسێکی تر بیکات بە دەمتەوە، تۆش ناچار خۆتی بۆ لار بکەیتەوە تا هەرچۆن بێ بگاتە ناو دەمت.
پیسی کەسێتی ''تاك''
یەکێ لەو پیسیانەی لە ناخی مرۆڤدا هەیە حەسادەتە، لە هیچ و خۆڕایی حەز بە بەرانبەرەکەت ناکەیت، هەتا زۆرجار برای خۆشتە، قابیل هابیلی کوشت، براشی بوو.
یوسف سەلامی خوای لێ بێ نیشانەی پێغەمبەرێتی لێدەردەکەوێ بە خەو بینین، باوکیشی کە یەعقوبە پێغەمبەرە سەلامی خوای لێ بێ، هەر کە خەوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، باوکی یەکسەر ترسی لێ دەنیشێ و دەڵێ: ''قَالَ يَا بُنَيَّ لَا تَقْصُصْ رُؤْيَاكَ عَلَىٰ إِخْوَتِكَ'' یوسف ٥، نەکەیت ئەم چیرۆکە بۆ براکانت بگێڕیتەوە!
بۆ؟ ''فَيَكِيدُوا لَكَ كَيْدًا'' فێڵت لێ دەکەن، حەسادەت و پیسی ناوەوە ئارامیان لێ هەڵدەگرێ، چونکی منداڵی خۆیەتی و هەموویان دەناسێ کە پەروەردەکەیان بەدڵ وەرنەگرتووە، لەولاشەوە شەیتان هەیە و دوژمنێکی ئاشکرایە ''إِنَّ الشَّيْطَانَ لِلْإِنسَانِ عَدُوٌّ مُّبِينٌ''.
چیرۆکەکەی تا کۆتایی خۆتان دەیزانن، ئەنجام مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەتوانێ ناخی خۆی و پیسیەکانی بناسێ، وە پەروەردەکە بە دروستی وەرگرێ.
ئەمە لەگەڵ برادایە لە خانەوادەیەکی پێغەمبەر، جا تۆش ئێستە کێشەی نێوان براکان لە ڕووی خانەوادەییەوە بیری لێ بکەرەوە تا برای قەومی، واتە یەك گەل، لەناو کوردی خۆماندا چەند کارەساتی گەورە و گران ڕوویداوە.
پۆستێکم بەرچاوکەوت زۆر جوان بوو، نووسرابوو: جاران برا ماڵی بەش دەکرد، ئێستە ماڵ براکان بەش دەکات.
لە خودی مرۆڤەوە ڕۆشتین بۆ خانەوادە و دواتر هەمان قەوم.
ئەوانە هێشتا هەمووشی یەك ڕەگەزن، هەموویان نێرینەن، پیاون.
ڕەگەزی مێ
لە کوردەواریدا دەڵێ: کەر بە پەیژەدا سەرکەوێ، بووك و خەسوو ڕێك ناکەوێ، هەردووکیشیان ژنن، لای ژنێکدا وەسف و سەنای ژنێکی تر بکە، بە تایبەت باسی جوانییەکانی! بۆی بکرێ دەکێشی بە دەمتدا، یان هەوڵ دەدا کوردەواری دەڵێ پیتکەیەکی لێ بهێنێ، واللە لوتی کوڵە، کورە چناکەی زۆر درێژە، قژی تەنکە، لە لاوە کەمەری دەرچووە! قسەی وا دەکات لە قوتوی هیچ عەتارێکدا نەبێ!
هەتا زۆرجار بە ڕاستی ڕقی لێ هەڵدەگرێ، بەبێ ئەوەی بەرانبەر بزانێ وەزعەکە چییە!
ئەوە ئەگەر لای ژنی خۆتدا باسی ژنێکی تر بکەیت کارەساتە ئاگاداربن، ژن هەیە تەلەفزیۆنەکەی شکاندووە پیاوەکەی وتوویەتی ئەو ژنە جوانە! ئیتر بەو شێوەیە، بۆ؟
بەس بۆ ئەوەی خۆیت لا جوان بکات، واتە گەر ئەو ناشرین بوو ئیتر ئەم جوانە، زۆر زەحمەتە قبوڵی بکات بڵێ بەڵێ عەیبی نییە، ئیتر وا بیر دەکاتەوە کە ئەگەر عەیبی نەبێ کەواتە ئەم عەیبی هەیە!
کابرایە گوتی هەرکات حەز بکەم کەناڵەکە بگۆڕم و خێزانم ڕازی نەبێ، وەسفی ژنێك دەکەم کە نیشانی بدات، ئەویش یەکسەر دەیگۆڕێ ههه.
ئەم جۆرە خۆویستی و ئەنانیەتە لەناو گشت قەوم و چینەکاندا هەیە، لەناو کوردی خۆماندا من زیاتر دیومە، هەتا هەموو چینەکان ڕقیانە لە چینی هاوشێوەی خۆیان، مەعقولە مەلا ڕقی لە مەلا بێ! مامۆستا لە مامۆستا! دکتۆر لە دکتۆر! دوکاندار لە دوکاندار! ئێ بۆ؟
ئیتر یان کێشەی ناوەکی و حەسادەتە وەك مەلا و مامۆستا و دکتۆرەکان، یان تەنها بەرژەوەندی مادییە وەك دوکاندار و هەتا دکتۆرە خاوەن دەرمانخانەکان!
کتێبێکم هەیە بەناوی پەیامی زانایان، ئەم کتێبە کۆمەڵێ مامۆستای بەڕێزی کوردستان لە هەموو چینەکان و هەندێ لە جوانییەکانیانم دەرخست بۆ خوێنەران، مەلا هەبوو پەیوەندی پێوەکردم کە ئیشی وا نەکەم! چونکە ناوی ئەوی تیا نەبوو! کە دەشم نووسی لەسەریان هەرجارێ و پێیان دەگوتم تۆ سەر بەو فڵان لایەنەی، یەکگرتوو دەربچوایە دەبووم بە یەکگرتوو، ڕۆژی داهاتوو دەبووم بە کۆمەڵ، دواتر سەلەفی و دواتر سۆفی، لە کۆتایدا وتیان کورە تۆ هەر کەس نازانێ چیت، ئێ بۆ؟ چونکە یەك دونیا ڕق و دابەشکاری دروستکراوە، ئیسلام تەنها لە بەشێکیدا دەبینێتەوە، یان لانی کەم ئیسلامی ڕاستەقینە ئەڵبەت بە ىڕوای خۆی، لە کاتێکدا ئەوە هەمووی دائیرەی ئیمانە و هەمووشی مسوڵمانە، ئیتر شۆڕبەرەوە بۆ زۆر وردەکاری و ئەنجام وا دەکات کە زۆرجار مرۆڤ ڕقی لە خۆیەتی، جگە لە لایەنە دەرونییەکان هەتا بۆ لایەنی فیزکیش بەخۆی ڕازی نییە، ئەوانەی کە نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن کێشەیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە، لوتی خۆی قبوڵ نییە بەو شێوەیەی کە خوای گەورە پێی داوە، لێی دەبڕێ، کورتی دەکاتەوە، درێژی دەکات، فشی دەکات، قنجی دەکات، پانی دەکات، لە ڕۆژئاوا ئەوە مەپرسە زۆر خراپتری لێ دەکەن...هتد.
لە ئەنجامدا دەگەین بەوەی کە ناخی مرۆڤ پڕیەتی لە پیسی، دەکرێ ڕقی لەخۆشی بێ.
شاعیرێکی کۆنی عەرەب ناوەکەیم لەبیر نەماوە، زۆر شیعری هەجوی بەسەر خەڵکدا دەڵێ، ڕۆژێك ئافرەتێك دەدات بەلایدا ئەو هەرناشی بینێ، بەڵام گوێی لە خشپەی نەعلەکانی دەبێ، یەك شیعری هەجووی بەسەردا دەڵێ حەیاو شەرەفی دەبات، زۆر ناشرین وێنای دەکات! لە کاتێکدا شاعیرەکە کوێرە! کە دەڵێن بۆ واتکرد؟ دەڵێ دەی بڵێم چی کە خشپەکەی هات بە گوێمدا ئەم تێگەشتنەی لا دروستکردم!
شاعیرێکی تری هاوشێوە بەڵام ئەم کوێر نییە، ڕۆژێ دەچێتە سەر ڕووبارێ، دیارە ئەوکاتە ئاوێنە نەبووە، خۆی لە ئاوەکەدا دەبینێ، خۆی لا زۆر ناشرین دەبێ، یەك شیعری هەجوی زۆر سەخیش بەسەر خۆیدا دەدات و یەك دونیا قسە بەخۆی دەڵێ!
ئیتر بەم شێوەیە دەکرێ ڕقی لە براکەی بێ، دەکرێ ڕقی لە ڕەگەزی خۆی بێ، دەکرێ ڕقی لە ڕەگەزی بەرانبەر بێ، دەکرێ ڕقی لە قەومەکەی خۆی بێ، دەکرێ ڕقی لە ڕەنگی پێستی جیاواز بێ، دەکرێ و دەکرێ ئیتر تا دەڕوات بۆ شارچێتی، ناوچەگەرێتی، عەشرەتگەرێتی، تا دەگاتە زمان و قەومچێتی.
کە هیچ فکر و ئایدۆلۆژیا و دینێك وەك ئیسلام ئەم کێشانەی ڕێك نەخستووە، کە پەیوەندی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای دادگەرییە نەك قەومچێتی و ئەو هەموو جیاوزییەی کە باسمانکرد.
هەتا هاوڕەگەزبایی لە ڕقی ڕەگەزی بەرانبەر دروست بووە، پیاو ژنەکەی بۆی خراپ بووە یان پیاوەکە بۆ ژنەکە خراپ بووە، خیانەتیان لەیەك کردووە، ئیتر وای لێهاتووە متمانەی بە ڕەگەزی بەرانبەر نەمێنێ و هاتوون بۆلای ڕەگەزی خۆیان، ژن لەگەڵ ژن و پیاو لەگەڵ پیاو! کە کتێبێکم لەو بوارەدا هەیە، بە زنجیرەش لەسەر فەیسبووك هەیە.
)LGBT(هاوڕەگەزبازیی
پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێ چۆن ئەم هەموو کێشەی چارەسەرکرد؟
بە پەیامە ئاسمانییەکە، بە قورئان، بە کرداری کردنی قورئان لە مامەڵەی لەگەڵ تاك، تا گەشتە مامەڵە لەگەڵ جولەکەکاندا کە زۆر بوون لە مەدینەدا وەك قەبیلەکانیان، لەوانە: بني قينقاع، وبني النضير، وبني قريظة، لەگەڵ چاکیەتی زۆری پێغەمبەریش لەگەڵیان هێشتا زۆر کەمیان مسوڵمان بوون وەك عبد الله بن سلام، وە جولەکان گەورەترین بازرگانیشیان بەدەست بوو.
جا کە دیراسەی قورئان دەکەیت و ئەو دەقانە کە باسیان دەکات وازح وازحە کە ئێرە جێگەی وردەکاری نییە، بەڵام دەبینم دەقەکان چونکی خەڵكی عەرەبی نازانێ لێکدانەوەی جیاوازی لەسەر دەنووسن، کە ئەوە ئیشی کەسانێك نییە ئەسڵەن زمانی عەرەبی نازانن و دەڕۆن دەقە کوردییەکەی وەك وەرگێڕانێکی ئاسایی دەهێنن و دواتر خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن! جولەکەکانی مەدینە، ئەوەندە متمانەیان بە پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێ هەبوو، هەتا زۆرجار کە کێشەیان بۆ دروست دەبوو خۆیان بە خۆیان ڕێك نەدەکەوت لەگەڵ یەکدا، بە ویستی خۆیان دەڕۆشتن بۆلای پێغەمبەر تا چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکات، بەم پەیامە قورئانی و مامەڵە پڕ متمانەییە دەوڵەتی مەدینەی دامەزراند، کە لەناو مەدینەشدا جگە لە مسوڵمان، کافر و مونافیق و جولەکەو هەمە چەشن بوون، جولەکە لەناو مسوڵماناندا هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە ئاسایی لەناو مسوڵماناندا ژیاون و کێشەی ژیانیان نەبووە، ئەوەی ئێستە کە لە ئیسرایلدا هەیە کێشەی جولەکە و مسوڵمان نییە، کێشەی زایۆنییەکانە بەناوی جولەکەوە لەگەڵ بە حساب فەلەستیندا، جولەکەکان خۆیان بە باوەڕی ئاینی و هەتا کتێبە لە دەستکاریکراوەکەشیاندا دەڵێن نابێ دەوڵەتمان هەبێ، چونکە هەتا فکری دەوڵەت کە بەم فۆڕمەی کە ئێستە هەیە هەر تازەیە، دوای ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی ئەم هەموو دەوڵەتە بچوك بچوکە دروستکرا، بۆ دابەشبوون و توانا شکانەوە بەسەریدا، وەك ٧ توڵی باوکەکە بۆ ٧ کوڕەکەی، تا بە یەکە یەکە ئاسان بشکێتەوە، چونکە پێکەوە زەحمەتە شکانەوەی، مەسعود عبدالخالق لە کتێبی ڕۆڵی عەلمانیەت لە دروست بوونی مەینەتی کورددا دەڵێ: "لە دوای ئینقلابەکەی ١٩٠٨ نەتەوەگەری تۆڕانی جیاوازی کردن و نەتەوەی سەر دەست پەیدابوو، ھەر بە نمونە جاران لە ڕەگەزنامەی دەوڵەتی عوسمانی ناوی نەتەوەی ھیچ لایەک نەدەنوسرا، کە چی لەدوای ئەو ئینقلابە لەبەرامبەر ناوی ھەر ئەفسەرێکی عەرەب پیتی (ع) دەنوسرا، ئیتر ئەوە تورکە و ئەوە کوردە و ئەوە عەرەب بووە ناسنامەی نوێ و جموجوڵی سیاسی و فیکری لەسەر دروست بوو''
پێغەمبەر توانی میساقێ بنووسێ، بە زمانی ئەمڕۆ دەستوور، وە هەمووی لەژێر ئەو دەستوورەدا دەژیان و مافیان پارێزراو بوو، ئەوە تەنها زۆر بە کورتی و گوشراوییە.
کوردی و قەومی
پەکەکە هەستا بە دروستکردنی دەستەیەکی ئاینی، یەکەم دانیشتن لەگەڵیان بووم کە لە سلێمانی بەسترا، دووهەم دانیشتن و ئامادەکاری بۆ فراوان کردن لەگەڵیان بووم لە هەولێر، دواتر ئەوەبوو زەمینەی کۆنگرەی گەورە هاتە کایەوە لەسەر داوای عبداللە ئۆجەلان، کۆنگرەکە لە دیاربەکر بەسترا، کۆنگرەیەکی زۆر گەورە بوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نزیکی ٥٠٠ ئەندامی هەبوو، باشووری کوردستان ١٧ ئەندام بووین، ئیتر لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تا دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا وە هەندێ وڵاتی تری عەرەبیش، جگە لە کەسانی میوانی ئامادەبوو، لە حیزبی و حکوومی و تا ئاستی سەرۆك حیزبیش وەك کاكە حەمە ئەویش میوان نەك ئەندام لەگەڵمان بوو.
بەشێوەیەکی زۆر تۆکمە بەڕێوەچوو، ٣ ڕۆژی تەواوی خایەند لە هوتێلکی ٥ ئەستێرەی گەورە و گران، ئەو زمانانەی کە قسەمان پێدەکرد بریتی بوون لە: کوردی سۆرانی، کوردی کرمانجی، عەرەبی، تورکی.
بە ئامێرێك کە هەریەکەمان پێمانبوو دەمانخستە گوێمان، هەرکەس بە زمانی خۆی قسەی دەکرد و لە ڕێگەی ئەو تۆڕەی کە دروستکرابوو وەرگێڕەکان ئۆتۆماتیکی وەریان دەگێڕا، ئیتر هەرکەسەو لەسەر زمانی خۆی دایدەنا، بۆ نمونە من بە کوردی قسەم دەکرد، لە هەمان کاتدا هەموو وەرگێڕەکان هەریەکەو بۆ زمانەکەی تری وەردەگێڕا، ئەندامەکانیش کە هەریەکەو لەسەر زمانی خۆی دایناوە تێدەگەشت، بە پوختی لێك تێگەشتنێکی دروست لەنێواندا هەبوو، جگە لەوەی لە دانیشتنەکاندا گفتوگۆ و لێك تێگەشتن و مەحیبەت لە نێوانماندا دروست بوو، ئەنجامی ئەم کۆنگرەیە بەم شێوەیە گەشت بەچی؟
گەشت بەوەی کە ئێمە وەك کورد لەم جوغرافیا و تێکەڵە کە کورد و عەرەب و تورکی تێدایە، هەتا جگە لە ئیسلام دینی تریشی تێدایە، ئێ چۆن بتوانین پێکەوە بژین؟
هەمووی هاتە سەر ئەوەی کە دەتوانین بە هەمان بیرۆکەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێ بژین، بە دەستورێکی وەك میساقی مەدینە، وتیان جوغرافیا و دین وئەم تێکەڵییە بەو ئەزموونە سەرکەوتوو دەبێ، شتەکان لێکچووە و ئێمەش دەتوانین ئەم ڕۆحیەتە دروست بکەیت و یەکتر قبوڵ بکەین.
بڕیار وابوو کۆنگرەکە کۆنگرەی تری بەدوادا بێ، هەتا گۆنگرەکانی تر هەر جارە و لە پارچەیەکی کوردستان و هەتا لە ئەوروپاش ببەسترێ، وا دەرکەوت لە کۆتایدا کە پەکەکە ئەنجامەکەی بە دڵ نەبێ! وە دەیانوویست ئەوەشی کە دروست بووە نەشێوێنرێ، بەڵام لە ئەنجامدا خۆیان شێواندیان، بە کورتیەکەی من وای لێتێگەشتم ئەنجامەکەی بۆ ئەوە ڕۆشت کە پەکەکەش ببێ بە خاوەنی کۆمەڵێ مەلا و کەسایەتی ناسراوی ئاینی و بۆ خۆیان بەکاری بهێنن، من وتم نایکەم چونکە ئەمە وەك مەلاکانی یەکیەتی و پارتی لێ دێ! وە زۆر دوورە لەو تێگەشتنەی کە لە دیاربەکر دروست بوو، چونکی ئەوەی کە دەهاتە بنکڵیشمان و ڕەئەکانی خۆی دواتر لە پشتەوە کە فەرز دەکرد، سەیردەکەم ئاراستەمان دەکات و زۆرجار کە گفتوگۆش دروست دەبوو بە ئاشکرا لەگەڵ ئیسلامدا یەکی نەدەگرتەوە، هەتا لە هوتێلەکەش سوکە شەڕێك دروست بوو لەناو تەنها ئەندام و میوانەکانی باشووری خۆمانەوە!
پێشتر ئێمە دڵمانخۆش بوو کە ئەم هەوڵە نیشانەی بەخۆدا چوونەوەیە لە فکردا، لە کۆنگرەکەدا من زۆر جەختم لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم کارەی ئێستە کارێکی زۆر باشە، ئەسڵەن دەبوایە لە بنەڕەتەوە فکری دژ بە ئیسلام تەبەنی نەکرایە، گەلێك کە خۆی مسوڵمانە دەبێ سەرکردەکانیشی تەمسیلی شەقام و ئیسلامییەتەکە بکەن، هەتا لە کۆنگرەکەدا لە سەرەتاوە چەند کەسێك دابەزینە سەر جامیعەی ئەزهەر و موفتی سعودیە و جۆرێك لە هێرش بۆ سەر مەلا و کەسایەتی ئیسلامی، وەك هەردەم ئەمە زیاتر لە باشوورد دەوروژێنرێ و ناحەقی زۆری پێوە دەکرێ.
جا ئەوکاتەش تازە ئینقیلابەکەی میسر ڕوویدابوو، منیش زۆر لام سەیر بوو، کە قسەم کرد زۆر بە حەماسەوە وتم: ئێمە دەبێ لۆژیکی بین، تۆ دەڵێی جامیعەی ئەزهەر دژی کوردە ئەی جامیعەی ئەزهەر بۆ؟ زۆر لە بەرژەوەندی میسر دایە تا لە بەرژەوەندی تۆدا بێ، وتم ئەم دەقەی کە من قسەی تێدا دەکەم بە کۆڵانەکانی میسردا خوێنی میسری وەك جۆگەلە ڕێگە دەکات! مەوقیفی جامیعەی ئەزهەر بۆ میسری خۆی چییە؟ تا بۆ تۆ ئەرزشی هەبێ، یان پەیوەستی بکەیت بە قەومچێتیەوە! هەتا نەك هەر ئەوە بەڵکو جامیعەی ئەزهەر خۆیان بەشێکن لەو خوێنڕێژییە، وە تۆ موفتی سعودی دەکەیت بە چاوساغی خۆت موفتی سعودی هەردوو چاوی خۆی کوێرە! بەم ئەم قسە و ئاراستانە تەنها بۆ دان لە ئیسلام و ناشرینکردنیەتی، گەرنا قوربانی بوونی کوردستان ئەنجامی فکری ئیلحادی بووە.
کێشەکان دەخەنە سەر مەلا مەلای فەقیر چی بەدەستە، مەلای سونە هەمووی داماوە، خەڵکی زەکات و سەرفترەی دەداتێ! ئێمە دەبێ قسە لەسەر سەرکردەکانمان بکەین کە ئەوان کار بەدەستن، ئەوان تەمسیلی ئێمەیان بە پێچەوانەی بڕوای ئێمەوە کردووە، دەبێ ئێمە کێشەکانمان بە شتی لاوەکی و گلەییەوە نەکوژین و دەبێ کار بکەن کار.
بەڵام ئەنجام وەك لەسەرەوە وتم ئاراستەکان بوو بە ئەوەی پەکەکەش ببێ بە خاوەنی کۆمەڵێك مەلا و کەسایەتی ئاینی و هیچی تر، فکرە بنەڕەتییەکە کە بە حساب لەسەری ڕێکەوتین هەر نەمزانی چی بەسەرهات.
دواتر زۆر هەوڵیاندا لەگەڵمدا کە بچم بۆ قەندیل بۆلای جەمیل بایك، ئیتر کە وایان وت تەواو ئاراستەکەم بۆ ڕوون بویەوە، وتم من نایەم و تەواو، هەندێکیان ڕۆشتن نانێکیان پێکەوە خواردبوو وە نازانم چییان باسکردبوو دواتر یەك دوو وێنەیان بڵاوکردەوە، ئیتر ئەوە کۆتا چالاکیی بوو بینیم، کە تۆزێك ژمارەکەیان زۆربێ، وا دەزانم یەك دوانێکیان نەبێ کەس لەگەڵیان نەمانەوە.
ئاراستەکان کە وای لێهات بێگومان پێچەوانەی ڕێکەوتن و تێگەشتن و ئەو هەموو موناقەشاتانە بوو لە دیاربەکر، پەکەکە وەك ئەم قیادەی کە ئێستە لە شاخ هەیە، گەرنا وای دەبینم وەك خودی عبداللە ئۆجەلان هیچ کێشەی نەبێ، چونکە هەندێ لەوانەش کە وا دەردەکەوتن لە نزیکەوە ئاگایان لێی بێ زۆر حەزی بە سەرکەوتنی کۆنگرەکە کردووە، بۆیە بە شەخسی داواشی کردووە، چونکە هیچ لۆژیکی نییە عبداللە ئۆجەلان داوا بکات کۆمەڵێ مەلا دروست بکەن بۆ حیزب وەك ئەوەی یەکیەتی و پارتی، چونکە ئەگەر وابێ ئەو هەرا گەورەیەی نەدەویست، ئاسانە ببن بە خاوەنی کۆمەڵێ مەلا و کەسایەتی ئاینی، چونکە لەم ڕۆژگارەدا هەر جبە و مێزەرێك ببەستە ئیتر هەمووی تەواو شوێنت دەکەوێ مەلا مەلا، ئێ هەر لە خۆشتەوە بڕێ فەلسەفیەن قسە بکە لەسەر ئیسلام ئیتر ئۆتۆماتیکی کەناڵەکان بانگت دەکەن و دوای مانگێ هەر ئەوەندە دەزانی بووین بە فەیلەسوف و پرۆفیسۆر، هەر لە خۆتەوە بڵێ خوا وای وت، محمد واو وای کرد، چەند کتێبێ لەگەڵ خۆت بەرە بۆ موقابەلەکان ئێ ئیتر تا یەکێ بڵێ ئەوە تەواو نییە دوان دەڵێ بابە بەخوا شارەزایە خۆ لە خۆیەوە قسە ناکات، وە لەسەرەتاوە بە پەندە عەرەبییەکەو لەسەر فێربوون و خوێندنەوە قسەم کرد، ئەم زانست و تێگەشتنە غیابە لەناو کۆمەڵگەدا.
لە هەولێر هەرکەس قات و ڕیبات لەبەر بکات پێی دەڵێن مامۆستا، هەرکەس شەرواڵی لەپێ بێ پێی دەڵێن وەستا!
ئیتر تۆ بە دەستی خۆتە دەبی بە وەستا یان مامۆستا هههه.
بڕوام لەسەر ئەوە دامەزراوە کە عبداللە ئۆجەلان حەز بە چارەیەکی بنەڕەتی دەکات لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا، چارەی بنەڕەتی نەك بەوەی کە ئەوەی لە زەینی ئێمەدا هەیە کە دامەزراندی دەوڵەتێك بێ بەناوی کوردستانەوە، بیرکردنەوەی گەرچی لە بنەڕەتدا بە هەرجۆرێك بێ بەڵام وەك لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکرد گۆڕانکاری بەسەردا دێ، بەو شێوەیە من بیرکردنەوەی عبداللە ئۆجەلان دەبینم، هەتا لە هەندێ لەو گرتانەش کە لە کۆتاییەکاندا تۆمارکراوە ئەم جۆرە بیرفراوانییەی لێ دەبینرێ، بەڵام داخەکەم ئەو گیراوە و بەرنابێ و لەدەرەوەش ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن بە ئارەزووی خۆیان هەرچیان بوێ بەناویەوە دەیڵێن، وەك چۆن لەکاتی نەخۆشینەکەی مام جەلال دا ئەوەی کە دەگوترا بەناوی ئەوەوە خۆ ئێمە چوزانین ئایە وا بووە یان نە.
ئەسڵی مەطلەب لەیاد نەکەین بە ئەزموونیش ئێمە خۆمان بۆمان سەلماوە، ئەو وشە لەیاد مەکەن دەڵێم بۆمان سەلماوە، باسی ئەزموون و سەلماندن دەکەم نەك خەون و خەیاڵات، هەتا مام جەلال یش لەم کۆتاییانەدا بەتەواوی لەوە تێگەشتبوو بۆیە وتی: دەوڵەتی کوردی خەونێکی شاعیرانەیە.
ئەڵبەت خەڵکی ئەوکات گاڵتەیان پێکردوو هەمووی سەرزەنشتی دەکرد، بە تەنەزوول و سیاسەت و ئەو جۆرە شتانە لێکدانەوەی بۆ کرا، باپیرم زۆر توڕە بوو کە ئەوەی بیست، چون کاتی خۆی لەگەڵ مام جەلال بووە، وە هەمووی گیانی بریندار بوو، جا دەیگوت ئەگەر دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە من بۆ ئاوا پارچە پارچە بووم و هەموو لەشم پڕە لە ئاسن و پڵاشە تۆپ!
مام جەلال کە لە بەغدادیش بوو خۆمان عادەتەن هەر گلەیی ئەوەمان دەکرد کە هیچ ناکات بۆ کورد! وە تێگەشتنی ئەو بوو کە دەبێ ئیلا لەگەڵ هەموواندا ڕێك بکەوین، بۆیە لەو بوارەدا زۆریش باش دەوری دەگێڕا، هەرچەند لای ئێمە وەك کورد مەقبول نەبوو، یەکیەتیەکان دەیانگوت ئەو هەر کورسیەکەی خۆی دەوێ، ئەوە ڕاستە هەمووی هەر کورسی دەوێ، بەڵام بە جدی هەوڵی لێك نزیك کردنەوەی دەدا، ئیتر مەرج نییە هەوڵەکەی لە ڕووی فکریەوە لای ئیسلامییەك مەقبول بێ، قسە لێرەدا لەسەر یەکگرتنە نەك فکر و دین.
بمام جەلال دوای ئەو ئەزموونە درێژەی کێبەرکێ و، شۆڕش و، دواتر شار و تا بوونی بە سەرۆك کۆمار و نزیکی و تێکەڵی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ گەشتبوو بەو قەناعەتەی کە ئەگەرچی یەکگرتن سەختیش بێ بەڵام هەر ئەوە چارەیە، چونکی بێگومان زۆریش سەختە، چونکی ١٠٠ ساڵە کورد و عەرەب و تورك و فارس لەسەر بنەمای قەومچێتی و شەڕ و هەرا قوڵ بووەتەوە، بەڵام جیاکاری و هەرکەس بۆخۆشی ئەویش زۆر قورسترە، بە تایبەت کورد بە گشتی زۆرتریش شپرزەیە و ناکۆکە، مام جەلال دەستی کردبوو بەو جۆرە ڕەواندنەوە، وە تەزحییەی زۆریشی بەخۆیدا، دوای ئەو هەموو شەڕ و براکوژی و کێبەرکێی لەگەڵ پارتیدا دەستی خستە نێو دەستی کاك مەسعود و شار بە شار هەتا دەنگی بۆ کۆدەکردەوە، یەکیەتی خۆی بەشی زۆری بەوە ڕازی نەبوو، بەڵام نەشیاندەتوانی ڕێگری لێ بکەن، بۆیە زیاتر توانجیان لێ دەدا، چونکی بە زاهیری حەقی توانجی هەبوو، بەتایبەت ئەم جۆرە ڕۆحیەتی ڕقاویەی کە لە باشووردا دروستکراوە، بۆ نمونە هەر وترا پارتی ئیتر تەواو موناقەشەی نییە و حەل لەگەڵ پارتیدا مەگەر هەموویان بکوژی! ئێ توخوا شتی وا هەر دەبێ هههه.
ئەڵبەت بە نسبەت پارتیشەوە هەرچەند پارتی لەڕووی شەڕەوە نەرمترە بەڵام زۆرتر توندن لەسەر حیزبێتی خۆیان، بۆیە زۆرتر وشەی ڕێبازیش بەکار دەهێنن تا حیزب، پارتی زۆرینەی ڕەهای ناخوێنێنتەوە و جێگیرە، وەك لە سەرەتاوە باسی خوێندنەوە و نەخوێندنەوەم کرد.
کاك مەسعودیش ئەویش بەهەمان شێوەی مام جەلال ئەم بیرۆکانەی لا گەڵاڵە بووە، چونکی ئەویش تەزحیەی زۆری بەخۆیداوە و قبوڵی توانج و هێرشە دژەکانی کردووە بەرانبەر تورکیا و پەیوەندی توندکردن لەگەڵ تورکیادا، هەرچەند خۆ باشووری کوردستان بە نسبەت تورکیاوە کیانێکی گەورەش نەبێ بەڵام بۆ ئەوانیش بە هەمان شێوە لەناو حیزبە قەومییەکاندا بەسەر ئاکپارتیاندا شکاندووەتەوە، چونکە دەمارگیری قەومچێتی و حیزبی قەومی کە مستەفا کەمال دروستی کرد لەوکاتەوە شەڕی قەومچێتی دەکرێ، بۆیە تورکەکان بە گشتی لە عەرەب و فارس زۆر زیاتر دەمارگیری قەومیان هەیە و دژی کورد و ناوی کوردستان و ئاڵای کوردستانن، واتە چۆن لای خۆمان خەڵکی هێرش دەکاتە سەر کاك مەسعود و ناو و ناتۆرەی لێ دەنرێ و حیزبە قەومیەکانیش بۆ ئۆردوغان بە هەمان شێوە، ئێستەش ڤیدیۆکانیان هەیە تێیدایە ئەوەندە توند دژی ئۆردوغان قسە دەکات کە گەرم بووە و دەڵێ بۆ لەگەڵ مەسعود دانیشتووە و ئاڵای بۆ داناوە بە توڕەییەوە، ڕێك دەڵێی ئارام ئەحمەدە و دژی بارزانی قسە دەکات، هەتا زۆرجار کە کاك مەسعود دەچێ و ئاڵای بۆ دانانێن لەترسی هەرای قەومچێتیەکانە، لەم دوایەدا کە ئاڵایەکی بچوکیان دانا قەومچێتیەکان هەرایەکیان دروستکرد نەبێتەوە، تا ئێرە باس لەیەکتر نزیكی و سەرنەکردنی فکرەکانی پێشووە نەك دین.
بۆیە ئۆردوغانیش کە جار جارە توڕە دەکرێ و لێدوانی توندی هەیە بۆ تەوازونی قەومچێتیەکانە، چونکی ئەم ڕەگەزپەرستیەی کە دروستکراوە بەناوی قەومیەوە بووە بە ژەهر لەناخی خەڵکەکەدا، ژەهیریش بە پلەبەندی پاك دەبێتەوە، وەك چۆن سرودی قوتابخانە کە پڕی بوو لە ڕەگەزپەرستی ئەم ماوە توانیان بیگۆڕن، ئەگەر لە ساڵی یەکەمدا بیوستایە ئەو گۆڕانکارییە بکات حەتمەن ڕێگەیان نەدەداو بێگومان سەریشی نەدەگرت و دووریش نییە سەری خۆشی لەسەر دابنایە، وەك عدنان مەندەریس، گەر بە وردی دیراسەی ناوخۆی تورکیا بکرێ لە گۆڕانکاری زۆر شت خۆ پەلەی پێ دەکرێ، بەڵام تا ئێستە ئەوان پلەبەندی خۆیان و بەرژەوەندیەکەیان تێك نەداوە، ئیسلامییەکان بە عاطیفەی ئیسلامی سەرزەنشتیان کردووە و هەردەم قسەیان کردووە بۆ؟ بۆ نموونە ئەیا سۆفیا ناکاتەوە بە مزگەوت! دیارە خۆ ئەو باوەڕی بە ئەوە هەبووە، گەر باوەڕی نەبوایە نەیدەکردەوە بە مزگەوت، بەڵام کەی کردی؟ دوای ساڵانێکی زۆر نەك ئەو تەوقیتەی کە ئیسلامخوازەکان خواستوویانە، مستەفا کەمال پاشا کە زیاتر ناسراوە بە ئەتاتورك لەناو خۆماندا سەرەتا ئاراستی ئیسلامیەتی هەبوو، نوێژی دەکرد و ژنەکەی حیجاب بوو دەڕۆشتە جومعەو جەماعەت بەڵام دواتر ئەوەبوو ١٨٠ پلە پێچەوانە بوویەوە و دواتر خیلافەتیان هەڵوەشاندووە، بەڵام ئەتاتورك دوای ئەوە ئیشی بۆ قەومەکەی خۆی کرد وە قەومچێتی ئەوان دایانمەزراند، عوسمانییەکان واتە بەرە ئیسلامییەکە بە زمانی ئەمڕۆ هەموویان بوون بە قوربانی، کە ئەو بەرەیە هەم مسوڵمانە تورکەکە بوو هەمیش کوردەکە، واتە لە دامەزراندی دەوڵەتی نوێی تورکیا، تورکیای جمهوری قوربانییەکان بریتی بوون لە مسوڵمانەکان بە تورك و کوردەوە، چونکی هەموویان یەك بوون و یەك باوەڕیان هەبوو، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانیش ئەوە خۆ ئاشکرایە.
ئەوانەی کە ئێستە ئۆردوغان بە ئەتاتورك دەشوبهێنن و دەڵێن خەڵکەکە دەخەڵەتێنێ و دواتر وەك ئەتاتورك دەردەچێ پێچەوانەیە، چونکی ئەتاتورك بنەما ئیسلامییەکان لە دەوڵەتدا هەمووی هەبوو ئەو دەیگۆڕی بە پێچەوانە، بانگی لە عەرەبییەوە کرد بە تورکی، ڕێنووسی عەرەبی گۆڕی بۆ لاتینی، قوتابخانە ئیسلامییەکانی دادەخست، هەتا تەڕبوشە سورە عوسمانیەکەشی مەمنوع کرد، بەڵام ئۆردوغان پێچەوانەیە، مزگەوت دەکاتەوە، قوتابخانە ئیسلامییەکانی گرنگیپێدان و زۆری کردن، بەتایبەت قوتابخانەی (ئیما و خەطیب) کە خۆشی دەرچووی ئەوەیە، شۆڕشەکەشی بە تەواوی پێچەوانەی ئەتاتورکە، هەر لە شۆڕشی تەکنەلۆژی و فیلم و دراماکانەوە بیگرە لە ئۆرتۆغرۆل و عوسمان و عبدالحمد تا دەگاتە کۆتا زنجیرە کە ئێستە تا ئەڵقەی ١١ ڕۆشتووە بەناوی تەشکیلاتەوە، کە بە عەرەبیش ژێرنووسی بۆ کراوە بەناوی المنظمة، کە باس لە کاری موخابەراتیان دەکات.
لە بەرانبەریشدا قەومییەکان ئەوانیش بگرە هێشتا هەر لەو ڕوانگەشەوە لە ئۆردوغان بەهێزتر کە زۆرترین فیلم و دراما دەردەکەن و جانبە ئیسلامییەکەی تێدا دەشێوێنن و لایەنی تەرفهی زۆری تێدا نیشان دەدەن بۆ ڕاکێشانی گەنجان و ڕق بوونەوە لە ئیسلام، جا ئەوەشی کە زۆر سەیرە هەتا وڵاتێکی وەك سعودیە تەمویلی ئەو جۆرە کارانە دەکات، بە تایبەت زۆری تر کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەك فەیسبوك و ئینستگرام و تیك تۆك، بۆ ئەوەی ئەم جیلە تازەی کە دێتە پێشەوەو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە مافی دەنگدانیان هەیە دەنگ بە ئۆردوغان نەدەن، زیاتر لایەنی تەرفیهی جنسی لەبەرچاو دەگیرێ تا ڕقی لە ئیسلام و حەرەکەتە ئیسلامییەکە بێتەوە کە ئەگەر ئەوان بەردەوام بن ئەم بوارە تەسك دەکرێتەوە، تا کۆتایی لەوەیە بگات بەوەی هەر بە تەواوی بنبڕی بکەن.
ئێستە بۆ نادات لە ئیسرایل؟ وە بۆچون و تێگەشتنی بەندە بۆ کۆی باسەکە، بۆ بەشی کۆتایی
ئێستە بۆ نادات لە ئیسرایل؟ بۆ ناڕوات بۆ غەزە و دیفاع لە ستەملێکراو ناکات کە شیعارەکانی ئەوان هەردەم دیفاع کردنە لە ستەملێکراو!
ئەوە پرسیارێکی حەق و بە جێیە لە ڕواڵەتدا، بەڵام ڕۆشتن بۆ وڵاتێکی تر، بە تایبەت وەك قەواریەکی بەهێزی کاریگەری دەوڵەمەندی پشت ئەستوور بە عاطیفە ناکرێ.
شەڕ و دان لە وڵاتێکی تر کاری لە پێشینەی دەوێ بۆ جوڵانی هێز و گەشتنی هێز بەو وڵاتە. دیار نییە دەیکات یان نایکات هەتا ئەگەر هەموو زەمینە سازیەکیش هەبێ بەڵام
وەك ڕەزامەندی وڵاتەکە و زەمینە سازی گواستنەوەی چەك، ئەوسا ٣ ڕێگە هەیە بۆ ئەو گواستنانەوە، دەریا، وشکانی، ئاسمانی، هەریەك لەوانە یاساو ڕێسا و ڕێگری وڵات و نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەزەربایجان و لیبیا جگە لەوەی کە پێشتر ڕێکەوتنی تەواوکراوە لەسەری، لە ڕووی جوغرافیاو گواستنەوەی ئەو شتوومەکانە گونجاو بووە.
ڕۆشتن بۆ ئیسرایل و دان لە ئیسرایل بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە لە ئێستەدا بۆ تورکیا، تەنها و تەنها ئەو قسانە دەچێتە قاڵبی عەشایەرییەوە، چ کورد بیکات چ عەرەب و خەڵکانی تری وڵاتانی ئیسلامی، جگە لەوەی پێشتر ئەو زەمینە سازییە نەکراوە وەك شەرعیەت وەرگرتنی ڕۆشتنی هێز بۆیان، بە تایبەت حەماس کە لە غەزەدایە، حەماس گەرچی لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٦ دەرچوون و شەرعیەتی گەلیان وەرگرت بەم جۆرە دیموکراسییەی کە کە لە شەرقدا هەیە، بەڵام هەر غەرب قبوڵی نەکرد و قەومییەکانیان لە دژ هەستاندەوە، جەماعەتی فەتح و محمود عباس، وە بۆ لیبیا و ئەزەربایجان پێشتر ئیتفاقی ڕەسمی کراوە، وە تەنها ٢ ڕێگە هەیە بۆ گەشتنی هێز بە غەزە ڕێگە وشکانی کە ئەو هەموو وڵاتەی تێدەکەوێ و هیچی نەك ڕازی نییە زۆربەی بەینیشیان خراپە بۆ نمونە میسر، لە ڕووی دەریاشەوە ئەو جەزیرە وردەکانی یۆنانی تێدەکەوێ، جگە لەوەش ئەم قسانە شیکارییە لەوەیە تورکیا ئەسڵەن هەر باوەڕی بەو شەڕە نەبێ لە ئێستەدا، وەك پلەبەندییەکانی تر بۆ کارەکانی تر، بە تایبەت ئاگابوون لە بوارە ئابووری و بەرژەوەندییە ئابووریەکە، بەتایبەت لەم دۆخی کۆرۆنادا هەموو جیهان کە زیانی پێ گەشت و تورکیاش بە حوکمی ئەوەی وڵاتێکی سیاحییە زۆرترین زیانی کردووە، هەتا ئەم ماوە یەکسەر گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیا هەڵکرد کە گەشتیارەکان بنێرن و فەحسی کۆرۆناشی ناوێ، ئەوان ١٥/٠٥/٢٠٢١یان دیاری کرد بۆ کردنەوەی دەرگای گەشتیاری، بەریتانیا خۆی دەبوایە لە ١٧/٠٥/٢٠٢١ تازەکردنەوەی گۆڕانکاری کرانەوەی گەشتیاری ڕابگەیاندایە، پێش ئەو بەروارە لە ١٢/٠٥/٢٠٢١ واتە ٣ ڕۆژ پێش گڵۆپە سەوزەکەی تورکیا، بەریتانیا تورکیای خستیە لیستی سورەوە، واتە کەس بۆی نییە بڕوات، کە بەریتانیا ئێستە بە سیستمی تەرافیك لایت کار دەکات، سەوز و پرتەقاڵی و سوور، وەك هی سەیارە، سەوز یانی بڕۆ، پرتەقاڵێش بۆ زۆر ناچارییە، سور بوەستەو مەڕۆ. کە ساڵانە نزیکی ٣ ملیۆن بەس گەشتیار لە بەریتانیاوە دەڕواتە تورکیا، ئابووریش شادەماری مانەوەی گشت وڵاتەکانە، گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو وە هۆکاری ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی بەشێکی زۆری بەهۆی ئابووریەوە بوو، وڵات قەرزار بوو، هەندێك لە پاشاکان بە زمانی ئەمڕۆ وەزیرەکان بەرتیلیان لە زایۆنی و ئینگلیزی و ئەڵمان وەردەگرت و دواتر دژی سوڵتان عبدالحمد ئیشیان دەکرد، مانەوەی ئۆردوغان تا ئێستە زۆرینەی بۆ بەهێزبوونەوەی ئابووریەکە بووە، کە وڵاتی لە قەرز ڕزگار کردووە و ئیستە وا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن بگەن بە دەیەم وڵات لە سەری سەرەوە، چونکە پارە واتە هێز، پیاوێك کە پارەی نامێنێ ژنەکەی تەڵاق دەداو ناگونجێن بەهۆی داراییەوە لە ئاستی تاكدا، بێگومان وڵاتیش کە تووسی داتەپینی ئابووری بوو لێك هەڵدەوەشێتەوە، کە هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستانی قازی لەبەرچاومانە کە کوردەکان خۆیان پشتیان کردە قازی و دواتر ئیعدام کرا، جونکە توانای ئابووری سەربەخۆی نەبوو، سۆڤیەت پشتی تێکرد و یارمەتی لێبڕی ئەویش پەکی کەوت. وە تورکیا جگە لە ئابووریەکەش لە ڕووی چەکی سەربازی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بوارە تەکنەلۆژییەکەش زۆر پێشکەوتووە.
وە جەزیرەکانیش ئەو کۆمەڵە جەزیرەش پێم وایە ئێستەش نەبێ لە ئایندەدا هەر شەڕی قورس لەسەری دروست دەبێ، بە تایبەت گەر ٢٠٢٣ بە چڕی دەستبکەنە دەرهێنانی نەوت، وە ئەگەر ئۆردوغانیش جارێکی تریش دەرچێتەوە، کە بە قەناعەتی من ئەگەرێکی تا ڕادە لاوازە، چونکە دوژمنەکانی زۆرە.
وە بۆ نەوتەکە تورکیا زۆر سورە لەسەر ئەوکارە، ئیتر نەوتەو عالەم شەڕی نەوت دەکات ئەو لە ئاوی خۆیدا هەبێ چۆن نایکات، کە پێشتر بە چەندین ڕێکەوتن ڕێگە لێگیراو بوو، ئێستە دەستیان زیاتر کراوەیە بۆ ئەو کارە، ئۆردوغان بە ئاشکرا وتی، وتی: ئێمە پێشتر کۆمپانیاکان هەڵیان دەخەڵەتاندین، دەهاتن پارەی دونیامان پێدەدان کە بگەڕێن بۆ نەوت، پارەکەیان دەبرد و تەقریرێکیان پێ دەداین و دەیانگوت نییە، ئێستە خۆیان کۆمپانیایان دروست کردووە و نەوتەکە خۆیان دەری دەهێنن.
شەڕی غەربیش لە شەرقدا هەمووی بۆ نەوتە، هەتا پێشکەوتنی غەرب بە وزەی شەرق هەڵدەسوڕێ، کە وڵاتێكی زلهێز بێتە پێشەوە و پێچەوانەی ئاراستەی ئەوان بێ، بێگومان هەمووی گەلەکۆمەکی لێ دەکات، وەك چۆن لە خیلافەت کرا کە ئەوکات هێشتا سەرەتای دۆزینەوەی نەوت دەستی پێکردبوو.
لە ڕێکەوتنی تەسلیمکردنەوەی ئەو جەزیرانەش دوای ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی ئیتر ناچاربوون لەلاوازیدا تەسلیمیان کرد، وەك چۆن گشت وڵاتەکانی تریان لەژێر دەست دەرهێنان و ئەم پارچە پارچەیەی کە ئێستە هەیە دوای ڕووخانی خیلافەت هەمووی دروستکرا، پێشتر هەمووی یەك وڵات بوو، ٣ قاڕە، زیاتر لە ٥٠ وڵاتی ئێستە، ئەو هەموو دەریا، کە بۆ هەرکوێ بیانویستایە بە ئاسانی دەڕۆشتن و ڕێگری نەبوو، ئینگلیز و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و ئیتر بە گشتی کە هێرشیان کرد بە شێوەیەکی زیرەکانە، دابەشیان کرد، بەم دابەشکارییەی کە ئێستە هەیە، هەتا بۆیە غەرب کوردی کرد بەم پارچە پارچەیەوە وە وڵاتەکانی تریش بە هەمان شێوە بۆ ڕیگری کردن بووە لە تورکیا و ترس و ئەگەری هەستانەوەی، چونکی ئەگەر لەڕووی جوغرافیاوە سەیری بکەیت ڕێك هەموو ڕێگەکانیان لێگرتووە، هەتا دابڕان لەگەڵ وڵاتە تورك زوبانەکانیشدا، واتە بە جوغرافیای کۆنی عوسمانی تورکیا خۆشیان هەر دابەش بوون، بەڵام هەر وڵاتێك و بەجۆرێك گرفتاریان کردووە و ناوێکیان بۆ کێشە بۆ دروست کردوون، قەومچێتییەکە بە گشتی زەقە، کورد و تورك، کورد و عەرەب، عەرەب و تورك، تورك و کورد، لەناو عەرەبەکانیشدا کە ئەوانیش زۆر هەریەکەو ناوێکی تری هەیە بۆ کێشە، سعودی لەگەڵ فەلەستیندا خۆ قەومچێتی بۆ ناکرێ هەردوکیان عەرەبن، دەڵێن سعودی و فەلەستینی، کۆیت دەڵێن کۆیتی و عێراقی، ئیتر تاکە یەك سنور و یەك وڵات نییە کێشەی نەبێ، تەنها ناوەکان جیاوازە، کەچی هەیە نەزان دەڵێ ئیسرایل دەوڵەتی بۆ وڵاتەکان دروستکرد، وەك ئەوە وایە ئێستە ئەمریکا لەناو کوردستانی باشووردا ٣ دەوڵەت بۆ کوردستان دروست بکات، بۆ نمونە زۆنی زەرد و زۆرنی سەوز و با بڵێین زۆنی سپیش هەڵەبجە، دەی بیهێنەرە بەرچاوی خۆت ئەگەر باشوو ببێ بە ٣ دەوڵەتیش کە وەك ژمارە زۆرە ئایە ئەوە بۆمان گونجاوە، خزمەتمان دەکات بەم کێشانەوە! ئایا چەند کێشە دروست دەبێ، چونکی لەناو شارەکانیشدا شارچێتی هەیە، ئەم هەموو چییەتییە هەمووی قومبەلەی تەوقیتکراو بوو، وە ئەوەی کە ڕێگەیەو ستراتیجی و گرنگە گرتنیان، بە تایبەت زۆر بە چڕی حسابیان بۆ ئیسرایل و دەوروبەری کرد، قەناتی سوێس هەر ئیتر وەك موڵکی ئینگلیزی لێهاتووە، جەزیرەکانیش هەتا دوای شەڕ و ڕێکەوتن چونکی لاوازبوون قبوڵیان کرد بەڵام مەرجیان ئەوە بوو کە هێزی تێ نەبرێ، تەنها بۆ خەڵکی و نیشتەجێبوون و ژیان بێ نەك بنکەی عەسکەری، ئێستە ئەوە چەند ساڵە وردە وردە هێزی تێدەبەن بە تایبەت کە جارجار کە شەڕی ئیعلامی لەگەڵ یۆنان دروست دەبێ و فەرەنسا یەکسەر تەداخول دەکات و بەریتانیا و ئەمریکا بە هەمان شێوە، شەڕی لای جەزیرەکان لەوێوە دەستپێدەکات کە ئیتفاقیەکە شکاوە و هێز براوەتە جەزیرەکان، کە نەدەبوو ببرایە، کێشە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت دەکەنەوە ئەوسا شەڕ دروست دەبێ، شەڕەکەش زۆر سەخت دەبێ و بیگومان گەر ڕووبدات قوربانی زۆر زۆری لێ دەکەوێتەوە، چونکە جەزیرەکان زۆر نزیکە لە وشکانی تورکیاوە، هەتا نەك بەیرەقدار و ئەو تەکنەلۆژیە سەربازیەی کە تورکیا بووە بەخاوەنی بە پشت بەستن بە توانای خۆی وەك ئابووری، هەتا فیشەکی کڵاشینکۆفیش دەگات بەو جەزیرانە.
چونکی ئەو جەزیرانە وەك نێوانی تورکیا و ئیسرایلی ئێستە نییە بڵێی زۆرە ناتوانی بەیرەقداری بۆ هەڵسێنێ، یان سیستمی بەرگری هەیەو ناتوانێ سنوری ئاسمانی ببەزێنێ.
تورکیا تا ئێستە هەرچی کردووە بۆی ڕۆشتووەتە پێشەوە، توانیویانە یاری بە کارتەکان بکەن بەرژەوەندی خۆشیان بپارێزن و ترسی مەترسی بەرژەوەندیش لەگەڵ ئەوروپادا دروست بکەن، هەتا شەڕی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان با بڵێین شەرعیەتی تەواوی بۆ وەرگرت پێش وەخت، کە ٣ ملیۆن هاوڵاتی سووری ئیتر بە عەرەب و کوردەوە بوو بە فشار لەسەری، لەناوخۆدا خەڵکەکە ڕقی لێیان هەستاوە، وەك چۆن لای خۆمان کە عەرەبەکان هاتن خەڵك پێی ناخۆش بوو، لەکاتێکدا عەرەبەکانی فەلوجە و ڕوومادی بۆ خۆمان هەر خێر بوون، چونکە هەمووی مەعاش خۆر بوو وە پارەی لە دەرەوە بۆ دەهات، هیجرەو موهاجرینیش یارمەتیان دەدا و کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە قازانجی کرد لێیان، بەڵام سوری لە دەستی شەڕ هەڵهاتووە بە کراسەکەی بەری خۆیەوە ڕایکردووە فلسی نییە، وە ئەزمەی بێ ئیشی لە تورکیادا دروستکرد، کە بە پارەی کەم ئیشیان دەکرد و تورکەکەی زۆر توڕە کردووە، تورکیا پارەی زۆری لە یەکیەتی ئەوروپا وەردەگرت بۆیان وەك یارمەتیدان، بەڵام ستانداردی ژیانی ئەو ئاوارانە وەك ئاوارە عێراق نیە، ژیانی خۆشیان بۆ دابین کردبوون و ستانداری تورکیا کە وڵاتێکی ڕاقییە ڕێگە نادات وەك کەپی عەربەت و نەسرو بارکە خەڵکی بژێ، ئەمەش بارگرانی زۆرە و کۆتاجار کە گەشتە گیانیان بە ئەوروپایان وت یان یارمەتیمان دەدەن یان زۆنی ئارامیان بۆ دروست دەکەینەوە لە سوریا و بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لە بنەڕەتیشدا ئاوارە هەر دەبێ وابێ، ئێمە کە ڕۆشتینە ئۆردوگاکانی ئێران هەر چەند مانگێك بوو، ژیانیشمان زۆر ناخۆش و پەتاتەو نانە ڕەقەشمان بەشەڕ دەست دەکەوت، سورییەکان مانەوەیان چەند ساڵی تێپەڕان، کوردانی ڕۆژئاواش هەر لە سەرەتاوە چەندین هەڵەی ستراتیژیان کرد کە ئەنجامەکەی لە کۆتایدا دەرکەوت کە بەشار بە گورگانە خواردی دان، هەرچی پشتگیری و پاشگری بەشار و ڕووسیاو دواتر ئەمریکاش بوو هیچی سودی پێ نەگەیاندن، ئەوانیش لە بنەڕەتدا نەدەبوو ئەو شەڕە هەر بکەن، چونکە شەڕی تورکیا بەرانبەر سوریا بووە، بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتی سوری بۆ خاکی خۆی، شەرعیەتی ئەوروپی و ئەمریکیشی هەبووە، چونکە تورکیا فشاری کردنەوەی سنوری ئەوروپای هەردەم لە بەردەست بووە، چەند جاریش ئەو کارتەی بەکارهێنا و سنورەکانی کردەوە، ئەوروپاش لە ترسی خۆی لێشاوی پەنابەر پشتگیریان کردووە، لەم لوعبە گەورەیەدا کە کوردی داماو لە لایەکەوە بەشار هەڵی خەڵەتاندووە لەلایەکی ترەوە هیچ پشتگیرییەکی نییە، دڵی بە ئەمریکا خۆش بوو ئەمریکاش ترامپیش هەر زۆر ئاسایی و خۆی ئاسا و گاڵتەجاڕی گاڵتەشی پێکردن، نەدەبوو هەر شەڕ لەگەڵ تورکیادا بکات، وە شەڕەکەشی دەڕۆشتە باخەڵ و بەرژەوەندی بەشارەوە گەر هەتا براوەش بوایە.
وەك چۆن ئێستە حکوومەتی هەرێم ناتوانێ سنوری خۆی بپارێزێ ناچار پەنا بۆ حکوومەتی ناوەند دەبات هەندێ جار لەکاتی هێرشی تورکیادا بۆ سەر باشوور.
باشوور و ڕۆژئاوا چونکی سنور و تێهەڵکێشە و سیستمی بەرگری نییە بۆ تورکیا ئاسانە یاری تێدا بکات، هەتا زۆر شەڕی ژێربەژێر و دیل گۆڕینەوە و زۆر شت کە لەگەڵ هەندێ وڵاتیش وەك کاری موخابەراتی ڕوودەدات لەو جێگانە یەکلای دەکەنەوە.
لە تورکیاشدا چونکی دەرگای تەواو بۆ کوردەکان کراوەتەوە و حیزبیان هەیە و بەشدارن لە پەرلەمان وە پەکەکەش دەستێکەڵی لەگەڵ دوژمنی تورکیادا هەیە بە هیچ شێوەیەك لایان قبوڵ نییە، بۆیە کە باس هاتە سەرباسی پەکەکە هیچ سازشی لەسەر نییە، ئەوان کرانەوەکەیان قبوڵ نەکرد، هەرچی دەرگا بۆ کورد کرایەوە ئەوان هەر بەناو لە بەرە کوردیەکەدان، وە شەڕی قەومچێتیش پێشینەی هەیەو پەکەکە پێش ئەوەی لە لیستی ڕەشدا بێ لای هاوڵاتیان خۆیان هەر ڕەش بووە، بەهۆی کوشتار و منداڵ بردن و زۆر شتی تر کە بووە بە تێگەشتن لای کۆمەڵگەی کوردی، وەك چۆن خۆمان ئێستە جۆرە تێگەشتنیکی ترمان هەیە بۆ حیزبە کوردیەکانی خۆشمان وەك لە تێگەشتنەکەی پێش ڕاپەپەڕین.
وە بۆ تورکیاش چونکە وەك ناوخۆی تورکیا لای ئەوان بیانوو نەماوە بۆ هێزی چەکداری، وەك جاران نییە کورد نەتوانێ مومارەسەی کاری حیزبی بکات، هەتا هەدەپەش زۆرجار کە کێشەی بۆ دروست دەبێ هۆکاری جۆرێك لە دەرکەوتنی ئەو لینکانەیە، وە ئەمەش بە تەواوی دیسان هەر لە ساڵحی تورکیایە، لەبەر ئەوەی پەکەکەش لە لیستی تیرۆر دایە و لای ئەمریکاش هەر مەقبول نییە، دەبینین هەتا وەك شەخسیش جگە لە حیزب ناوی کەسایەتی تریان دەخرێتە لیستی داواکراوەوە، لە داخلی تورکیاشدا چونکی قەومچێتیەکە زۆر تۆخکراوەتەوە و کوشتار و قوربانی لەو نێوەندەدا زۆر بوو زیاتر ڕقەکەی تۆخ کردووەتەوە، وایکردووە ناوی کورد زۆرتر لایان ناشرین ببێ وەك جانبە قەومچێتییەکە، کە ئەوەش بۆ هەردوولا هەر ڕقێکی هاوشێوەیە، وەك چۆن لە باشووری خۆماندا هەرکەس هەرکێی کوژراوبێ ڕقی لە حیزبەکەی ترە، خۆ هەر کوردیشە، بەڵام زەمینەی کاری سیاسی بۆ کوردەکانی باکوور زۆر زیاتر لەبار بووە، بۆ نموونە هەر ئەم ماوەیە هەدەپە درا بە دادگا بەڵام لە دادگادا بردییەوە حیزبەکەیان پێ دانەخستن، ئەمەش لە ڕاستیدا تا ڕادەیەکی زۆر دەستێوەرنەدان و سەربەخۆیی بۆ دادگاکان دەگەڕێتەوە، چونکی ئاشکرایە حیزبی دەستەڵاتی ئێستە خۆیان لەسەردەمی حوکمڕانی قەومیەکاندا چەندین جار حیزبەکانیان پێداخستوون، دواتر بەناوی ترەوە کردوویانەتەوە، سنووری ئازادیەکانی ئێستە بۆ ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی یەکجار زۆرتر فراوانە، بۆ نمونە جاران حیجاب مەمنوع بووە لە زانکۆ و زۆر جێگەدا، گەر بە هەمان لۆژیك بوایە دەبوو ئێستە سفوری مەمنوع بوایە، بەڵام سفوری ئازادە و حیجابیش ئازادە، واتە پانتایی ئازادییەکان فراوان بووە، هەتا زۆرجار لە باشووردا زۆرجار ئەوەی کە پشتگیری هاوڕەگەزبایش دەکات بەڵام لە دژی ئۆردوغاندا دەڵێ بۆ قەحبەخانەکان داناخات! کە لە جێگەی تردا بە درێژی باسی ئەوەم کردووە.
ئەوە نکۆڵی لێناکرێ کورد وەك کورد ستەمی زمان و تایبەتمەندی لێکراوە بەڵام ئەویش پێیناوەتە قۆناغێکی زۆر لە پێشترەوە، جاران کوردی قسەکردن مەمنوع و بە ترس بوو، ئێستە بە تەواوی ئازادییە، من حەقی ئەوەم نییە کەسێك هەر بە دەمارگیری قسەیەك کە کۆن کراوە هەردەم دەیکاتەوەو خۆی ئەپدەیت نەکردووەتەوە، من بەچاوی خۆم دەیبینم و دەیبسیتم ، ئەزموونی ژیانم کردووە پێش ئاکپارتی کە ٩٨ بۆ ٢٠٠٠ لە تورکیا دەژیام و ئیش و کارم کردووە لە چەندین کارگەو چێشتخانە و چونکی منداڵ بووم ئەوسا زوو فێری زوبانی تورکی و کرمانجیش بووم، لەگەڵ کرمانجەکاندا لەبەر خۆمەوە گۆرانی شڤان پەروەرم دەگوت: نەگری نەگری یی لەسەربانەهە نەگری نەگرییی هی دایك نەگریی.
کرمانجەکان بە ترسەوە دەیانگوت هێواش هێواش هێواش، ئێ ئەو جوملە گۆرانییەی شڤان پەروەر بۆ من مەمنوع بوو دواتر شڤان پەروەر خۆی گەڕایەوە تورکیا و لە ئاستی سەرۆکدا گەرمترین پێشوازی لێکراوە، لە ناوجەرگەی دڵی تەقسیم و مەیدان تەقسیم و ئەکسەرای و فاتیح بە گشتی و بەشی ئاسیاو بەشی ئەوروپا بڕۆ هەروا کوردە لەناو بازاڕدا سازێکی پێیەو گۆرانی کوردی دەڵێ و هەر ئەوەندەت زانی یەکسەر کوردی دونیا دروست دەبێ و دەست دەگرن و دەیکەن بە هەڵپەڕکێ، لە یوتوب لێی بدە بە سەدان گرتەی وا تۆمار کراوە، کەچی لە باشوور دەڵێن بۆت نییە بە کوردی قسە بکەیت!
لە کاتێکدا ئەستەنبوڵ خۆ خاکی کوردیش نییە، بڕۆ ناوچە کوردییەکان نەك ١٨٠ پلە بەڵکو ٣٢٠ پلەی فەرقی کردووە، جاران وێنەی عبداللە ئۆجەلان لە ماڵانیشدا بیگرایە لەویە ماڵەکەیان بسوتاندایە، ئیستە وەك وێنەی مام جەلا و کاك مەسعود هەوادارانی هەڵی دەکەن!
لەگەڵ ئەوەدا قەومچێتیەکان و هەموو ئەوانەش کە هەمان فکریان هەیە ئی خۆ ماون و لە وڵاتەکەدا تۆ بڵێی هەر هیچ ڕوونەدات بێگومان ڕوو دەدات، بەڵام شارستانییەتی تورکیا لە داخلدا زۆر گەورەترە لەوەی بەم شتانەوە هەست پێ بکرێ، مەگەر کەسێك شەڕ بە کەسێك بفرۆشی و ئەویش وەك خۆی دەربچێ، گەرنا تورکیا چون وڵاتێکی گەشتیارییە ئەسڵەن لە هەرکوێوە دەڕۆی ماستاوت بۆ دەکەن، خۆیان هاوار دەکەن کوردی عەرەبی فارسی ئینگلیزی، هەرچۆن قسە بکەیت لەگەڵت قسە دەکەن و مەمنونیشتن.
ڕۆشتوومەتە دەیان دائیرە خانووم کڕیوە ئەم دائیرەو ئەو ژوور و ئەو ژوور بانگ و جێگەی نەماوە نەگەڕێم هەر ئەسڵەن پرسیارکردن لەوەی کە تۆ چیت نەمدیوە، زۆر زۆر لە دائیرەکانی خۆمان باشتر و خێراتر و پرۆفیشناڵانەتر کارەکان ڕۆشتووەتە پێشەوە، هەتا باشتر و زۆر خێراتر لەوەی کە لە ئەوروپاشدا هەیە.
بۆیە بەم جۆرە نەمەطە بڕواتە پێشەوە بەم ماوەیە ئەوەندە شت ڕەویوەتەوە بێگومان زیاتر یەکتر قبوڵکردن دروست دەبێتەوە، بەتایبەت ئەوەی کە گرنگە و جێگەی ئەوەیە کاری لەسەر بکرێ کە پرسی دەستوور ئێستە لە ئارادایە بۆ گەڕان لەوێدا زۆر گرنگە کوردەکان مافەکان لە دەستووردا بچەسپێنن، بۆ نموونە بۆ قوتابخانە و زمانی کوردی بە دەستوور وەك چۆن لە دەستووری عێراقدا زمانەکە چەسپیووە بۆ خۆمان ئەوانیش بە هەمان شێوە، خۆ ئێستە هەر لە ئەستەنبوڵ کە شارێکی تورکییە تا دەگات سلوپی قوتابخانەی کوردیش هەیە بەڵام نا ڕەسمین و ئەم حیزبە لە ڕاستیدا چاوپۆشی لێ کردووە، من وای دەبینم گەر ئەم حێزبە دەربچێتەوە لە ٢٠٢٣ کورد لە تورکیا زۆر زیاتر دەڕواتە پێشەوە، گەر قەومیەکان دەربچنەوە بێگومان ئەوەی کەهەیە پاشەکشە دەکات، بەڵام قەناعەتی تەواوم هەیە کە ئەو دەستکەوتە ئیسلامییانەی کە دەستکەوتووە هەتا ئەگەر قەومیەکانیش دەربچن لە دەست ناچێتەوە، تازە ئەو سەردەمە بەسەرچوو، بۆیە ئەمە دەڵێم مێژووی گۆڕانکارییەکانیش ئەوەی سەلماندووە، بۆ نمونە هەر لە سەردەمی عدنان مندریس کە گەڕانەوەی مافە ئیسلامییەکان دەستی پێکرد هەرچی کە بە دەستهاتەوە دواتر لە دەست دەرنەچوو، بۆ نمونە بانگ کراوە بە عەرەبی دواتر هەم نەکرایەوە بە تورکی.
لە کۆتایدا ئەزموونی ژیانی ئەوروپا و گەڕان و وردبوونەوەش تێیدا هەمووی ئەوەم پێ دەڵێ دەبێ خەڵکانی ناوچەکە یەکتری قبوڵ بکەن، باشترین بژاردە ئەسڵەن یەکگرتن و فراوانکردنی سنورەکانە نەك دابەش بوونەوە، ئاراستەی ئیسلامییەکە با بڵێین دژی دابەش بوونە، دابەش بوون نەك بەو مانایەی لە ڕقی قەومێتی بێ نا بەڵکو بۆ نەمانی ڕقی قەومێتییە، سەردەمی عوسمانییەکان خۆ تورکیا ناوی تورکی و قەومیەت نەبووە، وەك چۆن بۆ ئەیبووی و گشت ئەوانەی کە دەستیان لە فراوانکردنی ئەو سنورانەدا هەبووە ناوەکە بەو شێوەیە بووە، دەوڵەتی قەومی و دابەشبونی قەومی ڕۆژئاوا دروستی کرد، لە کاتێکدا سەیری وڵاتانی ڕۆژئاوا بکە کام وڵات زۆرتر یەکگرتنی تێدا بێ هێشتا ئەو وڵاتە خۆشترە، بەریتانیا لەناو خاکی خۆیدا ٤ بەشی جیاوازە کەچی زۆرترین ئازادی تێدایەو هشتا بە بەراورد بە وڵاتێکی بچوکی وەك مۆناکا و ئەندۆرا و زۆر وڵاتی تر سەدان جار باشترە، ڕۆژئاوا هەموو وڵاتەکان زۆرینەی زیاتر لە زمانێك و زیاتر لە قەومێكی تێدایە، هەرگیزاو هەرگیز قبوڵی ناکەن لە هیچ لەو قەومانە جگە لە کێبەرکێی سیاسی یەك چەکدار دژیان دروست ببێ و یەکسەر لەناوی دەبەن، بەڵام بۆ وڵاتانی ئیسلامی پێچەوانەکەیان دروست کردووە تا ناکۆکییەکان ببیتە خاڵی سەرکەوتن بۆ ئەوان، وەیڵز کە پایتەختەکەی ناوی کاردیفە، زمانیان وەیڵشییە و وەك کوردی و عەرەبی چۆنە ئەوانیش ئاوایە، من خۆم هەم زۆر تێیدا ژیاوم و بەکالۆریۆس و ماستەرەکەم لەو وڵاتەدا هێناوە زۆر وردەکاریان دەزانم، زۆریش ڕقیان لە ئینگلیزە چونکە خۆیان ئینگلیز نین، دەی با بتوانن بەهێزی چەکداری بدەنە شاخەکان و دژی ئینگلەند شۆڕش بکەن! قبوڵ نییە، بەڵام مافیان هەیە و تێکەڵی کاری سیاسین و بە دەنگدان و ئەندامی خۆیان کاری خۆیاند دەبەنە پێشەوە.
پشکەوتوترین وڵات ئەو وڵاتەیە زۆرترین قەومی تێدابێ و فراوانترین سنوری هەبێ، چونکی بەو شێوەیە خەڵکەکە زیاتر خۆشنوود دەبێ و ئازاد و هەموو بەرژەوەندییە مادییەکانیش زیاتر دەستەبەر دەبێ، بۆ نمونە بیهێنەرە بەرچاوی خۆت گومرکی ئیبراهم خەلیل نەبێ، گومرگی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و ئەو سنورانە نەبێ خەڵکی چەند سودمەند دەبێ، بەڵام ئێستە تەنها بازرگانە دزەکان سودمەندن، هەرشتێ لە تورکیا و ئێرانەوە کە دەڕواتە کوردستان چەندین قات گران دەبێ بەهۆی ئەو سنورەوە، جا وەرە سنوری تریش دروست ببێ.
سەردەمی عوسمانییەکان تا ئێستە نموونەی دروست نەبووە، بەو شێوە فراوانییە بەو دەردە برا کە زۆرترین زیان وەك وتم کوردەکە و تورکە مسوڵمانەکە باجیدا.
لەم نێوەندەدا کورد هەر وەك قەومچێتیەکە کە شۆڕشێکی زۆریشی کردووە نەیتوانیووە بەهێز ببێ، مەگەر لە گۆڕانکارییەکی سیاسی نێودەوڵەتیدا بۆ ماوەیەك شتێکی دەستکەوتبێ، گەرنا نەیتوانیووە ئیدارەی خۆی بکات بەچاکی و هەردەم خۆی مەمنون و ناچاری داوای هاوکاری بووە، هاوکاریەکە مادی بێ یان سەربازی و وە بۆ داگیرکاری ئەو خاکەی خۆشی بێ کە بە حساب ئازادی کردووە و قوربانی بۆ داوە، بۆیە حیزبە کوردییەکانیش خۆ دین لە پێشچاو ناگرن، تەنها بەرژەوەندی خۆیان لە پێش چاوە لەو دەستتێکەڵی و سیاسەتە، چ لەگەڵ بەغداد وە چ لەگەڵ ئەنقەرە.
لە ئەنجامدا ئەو ڕقەی کە فکری ئیلحادی دژی ئاکپارتی دروستی دەکات ڕقێکی بەجێ و کوردانەش نییە، چونکی فکری ئیلحادی و شوعیەت نامۆیە بە شەقامی کوردی، وە تا هێزە ئیسلامییەکەش بەهێزتر بێ لە بەرژەوەندی زیاتری کورددایە، وە تا ئەوان پاشەکشەشیان پێبکرێ کورد زیاتر زەرەر دەکات، ئەزموون و واقعی پێش ئاکپارتی و ئێستەی ئاکپارتیش هەر ئەوە دەڵێ، وە بە داخەوە و جێگەی نیگەرانییەو واقعە مەگەر لێی ڕابکەین قیادی کوردی کە زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵ بووە نەیانتوانیوە هیچ بۆ قەومەکە بکەن و جگە لە کێبەرکێی و چاندنی ڕقی زیاتریش بۆ کورد، وەك چۆن لە دیندا فەشەلیان هێناوە لە قەومچێتیشدا فەشەلیان هێنا.
تورکیا ئێستە هەوڵی زۆر دەدرێ بۆ پارچەکردنی نەك لەبەر کورد و چاوی کالێ عەلەویەکانی تورکیا بەڵکو بۆ ئەو ترسەی ڕۆژئاوا لە بەهێزنەبوونەوەی و نەتوانینی فراوانکردنی سنوورەکان.
لە ئەنجامدا تا ئێستە سندوقەکانی دەنگدان بڕیاری داوە، گەر بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەهۆی ئیعلامی بەهێزی عەلمانییەکان و هەڵخەڵەتاندنی منداڵە تازە پێگەشتووەکانەوە باری هەڵبژاردن بەلای پێچەوانەدا بخەن ئەوسا ئەم دەقانە دەمێنێتەوە، وەك ئێشتە چۆن بەراوردی پێش ئاکپارتی و کاتی ئاکپارتی دەکەین، ئەوساش دەتوانین هەڵسەنگاندێکی تری پێش ئاکپارتی و دوای ئاکپارتی بکەن، لە کاتێکدا تا ئێستەش ئۆردوغان زیاتر ئیدارەی تورکیای کردووە نەك حوکمی تورکیای کردبێ، چونکە حوکم تەنها بە دەستی ئەو نییە، هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە.
بەدێڕێك کۆتایی بەم باسە دەهێنم و بۆچوونمی تێدا کورت دەکەمەوە، ئەویش ئەوەیە:
گەر هێزە ئیسلامییەکە لە تورکیادا بەهێز بێ لە بەرژەوەندی گشتی و کوردیشدایە، گەر لاواز ببێ زیانمەندی سەرەکی کورد و بەرژەوەندی قەومی دەبێ.
مێژوو سەلماندوویەتی و دووبارەش هەم دیسان دەبینرێتەوە.
تۆش بەشداربەو ڕاو سەرنجی خۆت بنووسە، دەتوانین بە گفتوگۆ تێگەشتمان زیاتر فراوان بکەین، هەرچی پێویستی بە وردەکاری زیاتر هەبێ و باسنەکرابێ دەتوانین لە کۆمێنتدا باسی بکەین و سود لە سەرنجەکانی یەکتر وەرگرین.

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌