كەرێتی کوردایەتی!

وتار/ 16/05/2021 583 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

كەرێتی کوردایەتی!
(بە زمانی شەقام بۆ خەڵکی شەقام، تایبەت و بە ڕاشکاوی(

د. عومەر عەلی
 بە پێنووسی کەرێکی کۆن
. یەکەمجار لە کەرێتی خۆمەوە دەستپێدەکەم:
-هەردوو گوێم ئاخنابوو بەناوی کوردایەتی و دوژمنداری عەرەب و فارس و تورك، بۆیە وام لێهاتبوو بگەم بە هەریەکێ لەو قەومانە پێیدا بکێشم! -لە هەر جێگەیەك ئەو ناوانەم کە دەبیست یان بمدیایەن هێرشم دەکردە سەریان، تووشی چەندین بەرکەوتنی کەرێتی خۆم بوومەوە، لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس دا شەڕم کردووە، ئەوان نەیانزانیوە لەسەر چییە! جا ئەوسا زمانیشم نەدەزانی و نەشم دەتوانی تێیان بگەیەنم کە شەڕەکە لەسەر چییە؟! -حەتمەن بە نەخۆش لێم تێگەشتوون، ئێ هەر بە ڕاستیش نەخۆش بووم، بەڵکو نەخۆشی کەرێتی کوردایەتی! جا ئەو خوای گەورە ڕەحمی لێ دەکردم و ئەوانیش وەك من کەر نەبوون و بە جووتە پێما بکێشن (الحمدللە والشکر). -خۆ مسوڵمانیش بووم و نوێژیشم دەکرد و قورئانیشم دەخوێند! بەڵام لە قورئانەکە تێنەدەگەشم، وە بیریشم نەدەکردەوە. -کە فێری عەرەبی بووم زۆر تارمایی لەسەر زەینم لاچوو، کە بەبێ تەفسیر و ڕاستەوخۆ زۆر لە دەقەکانی قورئانم بۆ ڕوون دەبویەوە ئارامی پێ دەبەخشیم، لێڵیەکانی خۆم زیاتر بۆ دەردەکەوت، گوێدرێژییەکەی خۆم لەناخەوە دەبینی و هەستم بە ٢ قاچە زیادەکەش دەکرد، سورەتی الحجرات زۆر هاوکاری کردم، کە دەگەشم بە ئایەتی ١٣ دونیایەك خەجاڵەتیم لەناخەوە دەکێشا (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ). *چەند دەقێکی جوان و نایابە، حەقە بکرێ بە پۆستەری گەورە و لە هەرچی شەقام هەیە لەسەر زەویدا هەڵبواسرێ. ئەی خوایەی گیان من ئێستە چی بکەم، چۆن ئەو کەسانەم دەست بکەوێتەوە و داوای لێبووردنیان لێ بکەم، بڵێم کاکە من کەر بووم ئەو کاتەو بمبورن، خوایە گیان دەیدەم بە دەستی تۆ و من ئەوە تەوبەم کرد، هەزارجار شوکر ئەوانەشی کە تووشیان بووم کەر نەبوون، چونکە لەناو عەرەب و فارس و تورکیشدا ئەوانیش کەریان زۆر تێدایە، لەم جۆرە کەرێتی قەومچێتییە، جا ٢ کەر کەرانە بکەونە یەك زۆر خراپە، بەڵام مرۆڤێك و کەرێك هەردەم دەگونجێ، من ئێستە زۆرجار دەگەم بە کەرێکی عەرەب یان کەرێکی فارس یان کەرێکی تورك، بەڵام دەزانم چۆن لغاویان بکەم، هەر بە زمان وا خەجاڵەتی دەکەم ئێشی لە لەقەو جووتە بەهێزتربێ، جا چوون خۆم بەو کەرێتییەدا تێپەڕیووم کەرەکان زۆر چاك دەناسم، هەر کە دەمی دڕییەوە دەزانم وشەکانی وشەیە یان زەڕەیە، هەیە دەزەڕێنێ و دەنگەکەی زۆر بەرزە، ئەوە ئیتر کەری تەواوە، هەیە نوزەیەکی بچوکە، ئەوە هێشتا جاشولکەیە، هەیە هەر جووتە دەوەشێنێ و دەنگیشی نییە، ئەوە ئیتر کەرە هەرە خەتەرەکانە، خوای گەورە لەمانە لاماندا زۆر خراپە، چونکە نازانی کەرە تا شەقەت لێ ڕاست دەکاتەوە. -ئەگەر قەومچێتی دروست و بەجێش بێ، دەبێ ئەوانە بیکەن کە جێگە دەگرێ، دەبێ سیاسییەکان لە دانیشتن و دانووستان و بەرگری و هێرشەکاندا بیکەن، نەك ئەوان دەستیان لەناو دەستیان بێ و ڕۆڵەی خۆشمان بکەن بە قوربانی و زەڕینەکەش هەر بۆ ئێمە بێ! ئاخر ئێمە واین و بیرناکەینەوە بۆیە زۆر ئاسانە شەڕی ناوخۆش دەکەین! پارتی یەکیەتی و یەکیەتی پارتی دەکوژێ هەر بە کوردایەتیشی دەزانین! ئەسڵەن بیرناکەینەوە کە شەڕەکە لەسەر چییە! هەر دەڵێین خاك و ٤ پارچە، کەچی یەکێ لەو پارچانە دەکرێ بە ٢ پارچەی ترەوە ناڵێ ئاخر کام خاك! -ئێستەش ئەوەی یەکیەتی بوبێ و دەستی سوور بوبێ بە خوێنی پارتی ناوێرێ بە ئاسودەیی سەردانێکی هەولێر بکات، کە پایتەختی خۆیەتی! -پارتیەك بە هەمان شێوە ناتوانێ پیاسەیەکی مەولەوی و بەردەرکی سەرا بکات، بۆ؟ لەبەر کەریەتی... -چونکی نیشانەی بۆ براکەی خۆی گرتەوە و بە فیشەکێ دونیایە کێشەی دروست کرد: -کەسێکی لە ژیان بێ بەش کرد! -ژنێکی بێوەژن کرد! -منداڵی هەتیوو کرد! -دایکێکی هەناسەسارد کرد! -باوکێکی ڕەنجەڕۆ کرد! *من قەرزاری ئەم ئیسلامەم کە ئەمەم نەکرد! *من مەمنونی یەکگرتووم کە دەستی گرتم و وتی نەکەیت! چونکی من لە عائیلەیەکی یەکیەتی بووم و ویستم بیکەم! دواتر پارتی کە هاتە ناوچەکەشمان زوڵمی نەکرد! کەچی یەکیەتی کە هاتەوە هەرکەسی گرت کوشتی! لە دڵی خۆمدا وتم هەیلەوە خۆ من خەریك بوو ببم بەم جۆرە یەکیەتییە! ئەوەی بە ڕاستی پشتی ئەو حیزبانەی گرت ئێسەش کە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە لای ئەوان هەر ئاسایی نییە، چەند دۆست و خزم دەناسم و هەمووی دوژمندارە؟! بۆ؟ -ئێمە ئاقڵ نابین، نە دینداریەکەمان بە دروستی دەکەین نە کوردایەتی، جوێندان لە شەرعدا حەرامە ئێمە بە دینداری دەزانین، ڕەگەزپەرستی ڕەدکراوەیە ئێمە بە کوردایەتی دەزانین. -کابرا لە داخی ئەو دۆخە ڕۆشتووە بۆ ئەوروپا، لەو ئەوروپایەی کە سەدان قەوم پێکەوە دەژی کەچی زۆرترین بەرکەوتنی کەرێتیش لەوێ هەیە، ئاخر بازاڕی بەرلین حەقی بە کوردایەتی و تورکایەتییەوە چییە بە لەقە بەردەبنە یەك ئەی هاوار، ئاخر تۆی کوردی کەر و ئەوی کەری تورك هەردوکتان پەنابەرن و یەکسانن لە بەریتانیا بۆ بەردەبنە یەك! -ئەوە یان هەردوکتان کەرن، یان بەلانی کەمەوە یەکێکتان کەرن، زۆرجار ئەمەم بە کەرە عەرەب و فارس و تورکەکان وتووە، وتوومە ئەوەی کە ئێستە وتت ئاگاداربە ڕۆژێ توشی کەرێکی وەك خۆت دەبی. -لەوەتەی سیاسییەکانمان هەبووە فەشەل و شکستی یەك لە دوای یەك تۆماریان کردووە و ئێمەی داماویش دەبێ باجەکەی بدەین، هێز دەکشێتەوە و مەدەنی دەبێ جوێن بدات! تۆپباران و هەرچی دەکرێین بە دەستی حیزبەکانی خۆمان ئێمەش دەبێ هەر بزەڕێنین... -ئەوەی کە دەبێ ئێشەکە بکات نایکات، ئەوەی کە نابێ بیکات باجەکەی دەدات. -بۆیە وردە وردە من تێگەشتم کە ببم بە مرۆڤ و جوتە نەهاوێژم، گەر توشی کەرێکی عەرەبی یان فارسی یان تورکیش ببم خۆمی لێ بپارێزم، چونکی ژیانی کەرێتی زۆر سەختە، کەر هەموو ژیانی هەر نەهامەتییە، جوتە دەوەشێنێ برینداری لێ دەکەوێتەوە، دەزەڕێنێ خەڵکی هەراسان دەکات، بێدەنگ و پابەندیش دەبێ باری لێ دەنێنن. -دەچی بۆ تورکیا بۆ دیسکۆ و تووشی شەڕ دەبێ بە سەرخۆشی! دواتر دەڵێ لەسەر کوردایەتییە!!، بۆ سەفرە و سیاحەت دەچێ و پشوویەك وەرگرێ لەوێ دەست دەکات بە زەڕین و توشی کەریکی لە خۆی کەرتر دەبێ و دواتر سەر و مۆقلی یەکتر دەشکێنن! -ئێستە من لەگەڵ هاوڕێ عەرەب و فارس و تورکەکاندا دەستم دەخەمە ملیان و پێیان دەڵێم اخ العزیز، ئاغا جون، ئەرقەداش ئەسڵ ئەوە نییە ئێمە شەڕ بکەین و سیاسییەکان بەرەکەی بخۆین، ئەسڵ ئەوەیە ئێمە برابین و دەست لە ملی یەکتر بکەین. خوای گەورە کردووینی بە برا بۆ بهێڵین ئەوان بمانکەن بە دوژمن، ئەوەی بەشداری ئەو کەرێتی قەومچێتییەی کردبێ هەمووی زەرەری کردووە، چونکی ئەم جۆرە کەرێتییە لە گشت دونیاشدا هەیە، بەڵام بەپێی ڕێژە وەری بگرین وەك نفوس لەناو خۆماندا زۆرترە. -لە بەرانبەر کەرێکی عەرەب یان فارس یان تورك ئێوەش مەبن بە کەر، چونکی ئەوانیش کەریان زۆرە، یان لغاوی کەن و مرۆڤانە لەگەڵی بجوڵێنەوە، یان خۆتانی لێ لابدەن. ئا بەو خوا کە هەموومانی دروست کردووە، ئەو کوردەی کە لە تاران و بەغدا و ئەستەنبوڵدا لەگەڵ فارس و عەرەب و تورکێکدا شەڕ دەکەن، هەردولایان هەر کەرن، بۆیە دوو کەر کە دەکەون بە شەڕ ئەوەشی کە دەکەوێتە بەینەوە هەر زەرەر دەکات، ناوبژیوانم دیوە لە شەڕکەر خراپتری بەسەرهاتووە! -درۆی خەڵکی تریش مەجونەوە، لە مەطعەم سلێمانی و هەولێر نانم خواردووە لە ئەستەنبوڵ و لە شەقامی تەقسیم پیاسەم کردووە، گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێی کوردی هەراسانی کردبووم کەچی دەچوومە سەر فەیسبووك دەیگوت بە کوردی قسە بکەیت زمانت دەبڕن! -دۆخەکە گۆڕاوە ئێوەش بگۆڕێن... -بۆیە لە کۆتایدا دەڵێم، من کەرێتییەکم کرد ئێوە مەیکەن. -خۆت لە بوغز و قینی قەومچێتی پاك بکەرەوە و بە دڵێکی پاکەوە ڕوو لە قیبلە بکە. -لە کۆتایشدا با ئەوە بڵێم لەو مولحیدانەی کە بەناوی کوردایەتیەوە عەرزی فکری خۆیان دەکەن کەرترم نەدیووە، چونکە هەم خۆیان دەکەن بە قوربانی و هەمیش دۆزی کوردی. -زایۆنییەکی زاڵم بە هاوکاری عەرەبە کەرەکان ستەم لە چەوساوەترین و بێ دەرەتانترن چینی سەرزەوی دەکەن با نە پشتگیری بین و نە بچینە هاوشانی کەرەکان. -هیوادارم ئەم وتارە سادە و بە زمانی شەقام بمانجوڵێنی و واز لە کەرێتی بهێنین. گەر دەتەوێ زانیاری ورد و بەسوودیشت دەست بکەوێ لەسەر کەر، ئەوا پەیامی ئاژەڵان بخوێنەرەوە لە پەیامەکانی قیبلە زنجیرە ٤٤، کە بە تایبەتی باسی حوشتر و کەر و بەرازی تێدا کراوە، فەرموون لەگەڵ لینکەکەشی. https://www.kurdipedia.org/files/books/2020/389969.PDF...

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌