بۆ ناچی بۆ غەزە!

وتار/ 17/05/2021 804 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

بۆ ناچی بۆ غەزە!

د. عومەر عەلی
شەڕی ئێستە خۆ شەڕی زۆرانبازیی نییە.
گەر بە ڕێژەبێ دەبوایە ئیسرایل غەزەی بە قەپ بخواردایە!
چونگە غەزە ٢ ملیۆن دانیشتوانە و ئیسرایل ٩ ملیۆنە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ٩ ملیۆنە بە شەڕی وشکانی و ڕووبەڕوو ناتوانن بڕۆنە ناو غەزەوە، بە ٥٠ نەفەر چاری بەردەقانی بە دەستێکی معەوەقی فەلەستینی ناکات.
ئیسرایل هەموو جیهانیش پشتگیریان دەکات و پێشکەوتووترین چەکیشیان هەیە، جگە لە دەوڵەمەندیشیان! کوردەواری هەردەم لە مێژە وتویەتی ئەوەندە دەوڵەمەندە سەروەتی جولەکەیەکی هەیە!
ئیسرایل فڕۆکەخانەو دەرگای هەموو جیهانیش بەڕوویاندا کراوەتەوە، غەزەش بۆ خەڵکی غەزە خۆشی جگە لەوەی هەرچی سنورە لێی داخراوە و تەسك کراوەتەوە، یەك فڕۆکەخانەشی تێدا نییە!
فڕۆکەخانەی یاسر عەرەفات کە فڕۆکەخانەی (غزة)شی پێ دەوترێ لە ساڵی ١٩٩٨ کە کرایەوە زۆر بە سنورداری کەوتەکار، دواتر لە ٢٠٠١دا بە تەواوی خاپوریان کرد، ئەوکاتیش خۆ حەماس لەسەر حوکم نەبوو! ئەمەش وەڵامە بۆ ئەوانەی کە حەماس بووە بە چقڵی چاویان!
حەماس لە ٢٠٠٦ بە هەڵبژاردن زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و وەك چۆن لە میسردا مورسیان قبوڵ نەکرد ئاواش دژی حەماس وەستانەوە، بەڵام حەماس مەردانە پشتی دەنگدەران و میللەتەکەی خۆیان بەرنەدا، گەرچی قەومییەکانیان لە دژ قوت کردنەوە و جیهانیش بوون بە دژیان!
کۆمەڵێ وڵاتی زۆر دەستیان لە دروستکردنی ئەو فڕۆکەخانەشدا هەبوو وەك: یابان، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، میسر، سعودیە، تەمویلەکەشی زیاتر مەلیکی مەغریب گرتیە ئەستۆ (الحسن الثاني) هەتا بۆ ئیفتیتاحەکەشی کلینتۆن ئامادەبوو.
زیاتر لە ٨٦ ملیۆن دۆلاری تێچوو، کەچی بەو دەردەشیان برد، جا بیهێنەرە بەرچاوی خۆتان فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ئێستە بەو دەردە بڕوات چیمان بەسەر دێت!
دوای ڕیفراندۆم و کارەساتەکەی کەرکوك تەنها ماوەیەکی کەم فڕۆکەخانەکان داخران وەزعمان چۆن بوو؟!
گەر فڕۆکەخانەکان تا ئیستە نەمایەو حدودەکانیش تەنها بۆ کورد و بە کۆمەڵێك فلتەری بەهێزدا تێپەڕیایەن چۆن دەبوو حاڵمان!
کە داخستنی فڕۆکەخانەی غەزە ئەوە ٢٠ ساڵی بەسەردا ڕۆشتووە و گەمارۆی حەماسیش ١٥ ساڵ!
گەلی وا خۆڕاگر لە هیچ جێگەیەکی دونیادا نییە.
بە مەرجێ کوردستان ئەو هەموو سنورە وشکانییەش بە ڕووی ئێران و تورکیا و سوریادا هەیە، جگە لە حکوومەتی ناوەند، هەرگیز کوردی خۆمان ئەو ناڕەحەتییەی نەدیوە وەك سەختی سنوور، هەتا ئێمە کە لە ئەوروپاین و پێش دروستبوونی فڕۆکەخانە هەر بە ئاسانی دەگەڕاینەوە کوردستان، یان لە ڕێگەی سوریاوە یان ئێران، لە هەردوو ڕێگەکەشەوە پارتی و یەکیەتی بە ئاسانی وەرەقەی بۆ دەکردین و هیچ کێشەشمان نەبوو، من خۆم ڕۆشتمە قامیشلو پارتی وەرەقەی بۆ کردم و لە ڕێگەی فیشخاپورەوە بە ئاسانی پەڕینەوە، بەڵام فەلەستینییەکان ئێستە ئەوەندە دۆخەکەیان سەختە کە هەڵگری جنسییەی فەلەستینیشن بە ئاسانی ناتوانن داخلی جێگەی خۆشیان ببن.
فەلەستین ئەسڵەن پێویستی بە شەخس نییە بڕوات بۆی و هەر ئەسڵەن نایەوێ، فەلەستین پێویستی بە پشتگیرییە لەو جێگەی کە لێی دەژیت، بە فشاری مسوڵمانان و مرۆڤدۆستان و هاوسۆزان تا ئێستە غەزە بەو شێوەیە ماوەتەوە، کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە یارمەتیان دراوە، خۆ کە ڕۆژئاوا تووشی شەڕ و قەیران بوو لە باشووردا کێ ڕۆشت بۆ ئەوێ؟! لە کاتێکدا خۆ سنور بە چوپێك بە ٥ دەقیقە لە فیشخاپوور دەتوانی بپەڕیتەوە، کە خۆم پێیدا تێپەڕیووم، بەڵام ئێمە لە باشووردا خواردن و یارمەتیمان بۆ ناردن، من خۆم کە زۆر پێچەوانەی فکریشیانم ئەوەندەی لە توانامدا هەبوو یارمەتیمدان، وە گەراجی سەیارەکەشم وەك عەمبار بەکارهێنا و دواتر ئەوەبوو چەندین لۆری هاوکاریمان کۆکردەوەو ناردمان بۆ ڕۆژئاوا، خۆ من لەبەرخاتری حیزبە کوردییەکان ئەوەم نەکرد، لەبەر خاتری ئەو هەموو برسی و داماوە کە هەرچی بن دەبن بە قوربانی لە برساندا، تۆش خۆ گەر دینیشت نەبێ و ڕقیشت لە حەماس بێ! دەبێ زۆرنا، هەر یەك تۆز ویژدانت بێ، وەك سیروز دەڵێ!
ئەم جۆرە دژایەتییە بۆیە خەڵکی لەعنەت زیاتر لە فکری قەومچێتی دەکات، کە هیچ بەزەیی بە مسوڵماندا نەیەتەوە.
تەنها مسوڵمانەکانن لە هەرچی نەهامەتی قەومیدایە چاویان لە خەڵکی بووە و یارمەتیان داون و سۆزیان بۆیان هەبووە، بەڵام ئەوەی فکری ئیلحاد و بەناو قەومی کە زاڵ بووە بەسەریدا هیچ ویژدانی بەکار نەهێناوە، بۆیە ئێستە وا وردە وردە وا دەکات زیاتر بۆشاییەکان دروست ببێ و خەڵکی زیاتر ببێتە خۆرە.
دەستەڵاتدارە قەومچێتییە عەرەبییەکان شکستیان هێناوە، بەڵام قەومە عەرەبییەکە وەك گەل زۆری بەسەر کورددا هەیە، بە سەدان مەشروعی ئاو، قوتابخانە، مزگەوت، یارمەتی نازداران، یارمەتی هەژاران لە ڕێگەی خێرخوازانەوە بە ئێستەشەوە هەردەم دێتە کوردستان، ئەی کورد چی بۆ هیچ هاوڵاتییەکی عەرەبی کردووە، چەند خۆشە لە غەزەدا مەشروعێکی ئاو هەبێ بڵێن فڵانە کورد کردوویەتی، دەزگای خێرخوازی بارزانی گەشتە بەنگلادیش ئەی بۆ ناگات بە غەزە، بۆ سیاسەتیش بێ پێویستە هەر ئەو کارانە بکرێ، کە بومەلەرزە دای لە کوردستان تورکیا یەکسەر هاوکاری گەیاند، هەر وەك وڵات جگە لە ڕێگەی خێرخوازییەوە ساڵانە پارەیەکی زۆری خێرخوازی تورك دەڕواتە کوردستانەوە و بەسەر نازداراندا دابەش دەکرێ!
ئیعلامی عەلمانی کوردی خەریکە هەرچی جوانییەکانە لەناوی ببات، لە ئەنجامدا گەر نەهامەتیمان بەسەردابێ وا دەکات بەزەییەکان لە ئاستمان کەم بێتەوە.
ئەوەی کە کوردی هێڵاوەتەوە تا ئێستە، سۆز و بەزەیی و هاوکاری ئیسلامی و ئیسلامییانە بووە لەناوماندا، گەرنا کەس بەو نیوە موچە و ڕوبعە موچە نەژیاوە و ناژی.
تەنها ڕێکخراوە خێرخوازییە ئیسلامی و کەسایەتییە ئیسلامییەکان کە خێری مسوڵمانان کۆدەکەنەوە ڕای بگرن دوای چەند ساڵێ وێرانەیەك دروست دەبێ، دەبێ لەسەر شەقامەکاندا مەیتی نازداران کۆبکرێتەوە.
هەست و سۆزی ئیسلامی بەهێز بکەن و ئەوە تەنها هێزی مانەوەمانە.
چەند عەیبەیە بە فەرمی داوای پشتگیرت لێ بکەن خۆتی لێ بدزیتەوە، خۆ پشتگیرییەکەش چییە بەیاننامەیەکی درۆ و شەرمنانەیە، هەروەك ئەو بەیاننامانەی کە دژی ئێران و تورکیا و کاتی تۆپبارانکردنەکان دەریان دەکرد، کە نە تۆپی ڕادەگرت و نە گوێشی لێ دەگیرا!
چەند عەیبەیە میللەتەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیایەوە دەنگی گەیاندە جیهان وڵاتەکە خۆی بکاتە کەڕەی شەربەت و نەتوانی تەمسیلی خەڵکەکەی خۆی بکات.

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌