سەرۆکی وڵاتە پێشکەوتوەکان!

وتار/ 21/05/2021 561 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

سەرۆکی وڵاتە پێشکەوتوەکان!

د. عومەر عەلی
تێبینیم کردوە زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆکەکانی جیهان دوای خولی سەرۆکایەتیان توشی دادگایی و لێکۆڵینەوە دەبن.

ئەویش لە ئەنجامی ستەم و ئەو گەندەڵیانەی کە لە ماوەی خولەکەیاندا تێوەی گلاون!

لەوانەیە هۆکاری هەوڵی دەرچونەوەشیان بۆ خولەکانی تر ئەوە بێ ماوەی دادگایەکانی خۆیان دووربخەنەوەو پارێزبەندیان لەسەر لانەچێ، نەك بۆ خزمەتی زیاتر بێ.

ئەمریکا و ئیسرایل و فەرەنسا و بەریتانیا لە دیارترینی تازەی ئەو وڵاتانەن.

جا ئەمە ئاغاکانن بە خولێك یان دوو خول ئەمە حاڵیانە، دەبێ نۆکەرەکانیان چەند کەیسیان هەبێ کە تا مردن لەسەر کورسی لاناچن!

بی بی سی پێش ٢٠ خولەك بڵاوی دەکاتەوە کە کەیسی ترامپ کەوتە قۆناغی لێکۆڵینەوەی تاوانکارییەوە.

پێش ترامپیش فەرەنسا و ئیسرایل لە دیارترینی ئەو سەرۆکانە بوون، پێش ئەوانیش سەرۆکی بەریتانیا وەك لەسەر شەڕی عێراق و ئەڤغانستان.

جەنەڕاڵێکی گەورەی بەریتانی یەك ساڵ پێکەوە ئیشمان دەکرد زۆر زانیاری پێدەدام، ٢٧ ساڵ لە ڕیزی هێزەکانی بەریتانیاندا ببو، لە شەڕی عێراق ٩١ بەشداری کردبوو، هەردەم دەیگوت عومەر ئەگەر ئێمە یەك لەسەر سەدی ئەوەی کە ئەمریکا و ئەمریکی دەیکات بیکەین توشی چەندین دادگایی دەبینەوە، ئەوەندە ئەمریکا دڕندەیە.

قسەکەیم بە هەند وەرگرت و لام هەردەم تێبینی بوو، تۆنی بلەر توشی چەندین دادگایی بویەوە لەسەر شەڕی عێراق و ئەڤغانستان و هەردەم مانشێتی ڕۆژنامەکان بوو.

کەچی بۆش کە قیادەی سەرەکی ئەو تاوانکاریانە بوو هەر هیچ باس و خواستی نەبوو.

زۆر تێبینییەکی زەق بوو لام زۆرێك لە سەربازە بەریتانییەکان کە دەگەڕانەوە توشی دادگایی کردنەوە دەبون، بەتایبەت ئەوانەی دەستیان لە تاوانی سزادانی زیندانییەکانی عێراقدا هەبوو.
بەڵام سەربازە ئەمریکییەکان تووشی نەخۆشی دەروونی و خۆکوشتن دەبوونەوە، کە ڕۆژنامەو و پێگە ئەمریکییەکان هەردەم وەك گەورەترین کێشە باس لە بەشداریکەرانی شەڕ دەکەن، ئەوەش دیسان قسەکانی جەنڕاڵە بەریتانییەکە ''پۆڵ''م دەهێنێتەوە بیر، کە ئەوەندە تاوانیان کردوە دواجار توشی ئەو سزا دەرونییە دەبنەوە.

پێشمەرگەیەکی کۆنی یەکیەتی زۆر دەمەتەقەمان پێکەوە هەبوو، ڕۆژێك پێمگوت قەت لە شەڕدا کەست کوشتوە؟
وتی نە بەخوا کەسم نەکوشتووە، وتی زۆرم بۆ هەڵکەوتوە بە قەستی فیشەکم بە جێگەی بۆشەوە دەنا، تا کەسی بەرنەکەوێ، وتم بۆ: وتی بەخوا لە خوا دەترسام!

ئەم شەڕانە هیچی شەرعێتی نییەو هەمووی شەڕی پاوەنخوازییە!

خۆشبەحاڵی ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەك بەشداری ناکات.
وەگەر بەشداریش بکات، خۆشبەحاڵی ئەوەی کە فیشەکەکان بە بۆشاییەوە دەنێ.

دادگاییەکانی دونیا زۆربەی دەستێوەردانی تێدا دەکرێ!

بەڵام دادگایی خوای گەورە تەنها و تەنها خۆی دادوەرەکەیەتی و کەس ناتوانێ دەستێوەردانی تێدا بکات.

کوشتنی کەسێکیش بەناحەق وەك ئەوە وایە هەموو سەرزەویت کوشتبێ.
(مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا ) المائدة ٣٢.

لەم سەردەمەداو گەر هەرکەس بە قسەی من دەکات و جێگەی سیقەم لای و قسەکەم بە هەند وەردەگرێ، پێی دەڵێم چەکداری مەکە.

خراپترین جۆری کەسابەت چەکدارییە، چونکی لە هەرکەس دەپرسم بۆ دەیکەیت؟ دەڵێ لەبەر پارەکەیە!

جەیم گەنجێکی ئینگلیز بوو پێکەوە کارمان دەکرد، تازە لە شەڕی عێراق گەڕابویەوە، ئەوەندە خۆشحاڵ بوو دەتگوت تازە لە زیندانی بەربوە!
وتم: جەیم بۆ ئەوەندە خۆشحاڵی؟
وتی: ڕزگارم بوو بەبێ ئەوەی بکەومە شەڕەوە!
پێم دەگوت جارێکی تر ئامادە نیت بەشداری بکەیتەوە!
ملی بادەدا و بە زوبان جڕتی لێ دەدا و دەیگوت ''Never.'' هەرگیز.
https://www.bbc.co.uk/news/world-us-canada-57166735

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌