جاهیلیەتی نوێ FULL HD!.. بیرکردنەوەت بگۆڕە

وتار/ 18/04/2021 357 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

جاهیلیەتی نوێ FULL HD!.. بیرکردنەوەت بگۆڕە

د. عومه‌ر عه‌لی
سەیری مێژووی خەڵكی بکە لەگەڵ پێغەمبەراندا، وەیان سەیری قورئان بکەو لە ڕێگەیەوە ئەو مێژووە بزانە، شتی زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش دەبینی، وانەی گەورەی تێدا فێر دەبی.
سەردەمی جاهیلی جگە لەوەی ئافرەتیان دەکوشت و زیندە بە چاڵیان دەکرد، زۆریش بەکاریان دەهێنان بۆ گومڕاکردن، بۆ نموونە لە جێگەیەك کاری گەورە و خێر هەبوایە، کۆیان دەکردنەوە و خڕخاڵیان دەکردە پێیان و بەشێوەیەك خۆیان بادەدا تا خڕخاڵەکان دەنگی بێت، وە خەڵکی تەرکیزی لای شتی تر نەمێنێ و چاویان ببڕێتە سەر پوزی ئافرەتەکان، هەتا هۆکاری هاتنە خواری ئایەتی ١١ی سورەتی الجمعة بەشێکی ئەوە بوو (أَوْ لَهْوًا انفَضُّوا ) بەشێکیشی لایەنی بازرگانی بوو، واتە بەرژەوەندی مادە (وَإِذَا رَأَوْا تِجَارَةً) بۆیە ئەم ٢ شتە هۆکارە بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵكی، هەتا لە وتاری هەینیدا خەڵکەکە پێغەمبەریان جێهێڵا کە گوێیان لەو هەراو بەزمە بوو، بەشێکی زۆر کەم نەبێ مانەوە لەگەڵیدا.
ئایەتەکەش دەیخاتە پێشچاومان کە سود لەو پشتهەڵکردنەدانییە (قُلْ مَا عِندَ اللَّهِ خَيْرٌ مِّنَ اللَّهْوِ وَمِنَ التِّجَارَةِ ۚ) بە کەناڵی زۆر و قوتی خەڵك و زیندووکردنەوەی سیفەتە جاهیلییەکان خەڵکیان زۆر بۆلای خۆیان ڕاکێشا، کەچی بەو قەرەباڵغیەش هەر فەقیرن و قوتەکەشیان لە دەست چوو، کۆتایی ئایەتەکە زەینمان دەبات بۆلای ڕازقی حەقیقی (وَاللَّهُ خَيْرُ الرَّازِقِينَ).
لە هەر زەمەنێکدا خەڵکی پشتی کردە بانگەوازی خوایی و بەلای مادە و ئافرەتدا ڕۆشت، ئەوا سەرەنجانی پێچەوانەی ئەوە دەبێ کە لە زەینیدایە.
قورئان هەردەم پێمان دەڵێ چاومان لە ئاسمان بێ، بۆ ئەوەی سەرمان بەرزبێ و بۆلای ئەوە بڕۆین کە شایستەی ڕۆشتنە بۆلای  (وَفِي السَّمَاءِ رِزْقُكُمْ ).
ئەسڵی مەطڵەب
ئەو هەموو گێڕانەوە و خستنە پێش چاوە بۆ ئەوەیە کە ئێمە نەبین بە هەڵگری سیفەتە خراپەکانی سەردەمی جاهیلی، کەناڵێکی باش هەیەو بانگەوازی محمدی بڵاو دەکاتەوە نەیگۆڕین بۆ کەناڵێکی جاهیلی بۆ بەلای دونیادا ڕۆشتن و سەیری پوزی کچەکان!
پەیج و ئەکاونتی باش پێ دەزانێ بە دیار لایڤی بێ مانا و زیندووکەرەوەی جاهیلیەتەوە دانەنیشی.
لام سەیرە زۆر هاوڕێ ڤیدیۆم بۆ دەنێرێ سەر و سەعاتە و دەڵێ دکتۆر گیان ڕەدت چییە بۆ ئەوە؟!
تەنها چەند چرکەیەك سەیری دەکەم و مەبەستەکە تێدەگەم، لام سەیرە ئەو هەموو کاتە زێڕینە دەدرێ بەو ڤیدیۆ جاهیلیانە و چاوەڕێی چ دەستکەوتێکن!
گەر بڵێن سبەی تاقیکردنەوەیە کام بەرنامەش بەسودە سەیری ناکەیت، چونکە خۆت دەزانی چی بە سودە بۆ تاقیکرنەوەکەت، دونیاش تاقیکردنەوەیە، بە شتگەلێکەوە مەیکوژن و خۆتان مەخەڵەتێنن و گومانێکتان بیست وا بزانن دەستکەوتێکتان دەست کەوتووە.
ئەو ئافرەتانەی کە لەسەر شاشەکان و جەستەی خۆیان نیشان دەدەن، لەو ئافرەتانەی سەردەمی جاهیلی خراپترن، ئەوانەی سەردەمی جاهیلی تەنها پوزیان دەردەخست بە خڕخاڵەکەوە، ئەمڕۆ ئەمان زۆرتریان دەردەخەن و بە زمانیش هەلهەلە بۆ بوون بە جاهیلی خۆیان لێ دەدەن.
وەك چۆن جاهیلەکان زۆرترین قاڵەقاڵ و خڕە خڕیان دەخستە کاتی جومعەوە، جاهیلیەتی ئێشتەش بە کەناڵی فول هێچ دییەوە زۆرترین لەو قاڵەقاڵانە دەخەنە ڕەمەزان و کاتە موبارەکەکانەوە، بازاڕیان بۆ پەیدا مەکەن، ئەم ڕۆژانە ڕۆژی پاککردنەوەی ئەو ڕەفانەیە لە مێشکماندا کە بەو دونیای جاهیلیە پیس بووە.

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌