چۆنیەتی گەشت!

وتار/ 15/04/2021 493 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

چۆنیەتی گەشت!
د. عومەر عەلی
کاتی هەستانی فڕۆکە زۆر ناڕەحەتە.
هەروەها کاتی نیشتنەوەش جێگەی مەترسییە.
واتە سەرەتا و کۆتاییەکەی دەبێ زیاتر وریابی، هەربۆیە خۆبەستنەوە لە کاتی هەستان و نیشتنەوەدا ئیجبارییە، کاپتنەکە دەڵێ خۆتان ببەستن لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هەتا هێمای پێش سەریش گڵۆپی خۆبەستنەوەکە داگیرساوە، وەك زانیاری بۆ نەکردنەوەی قایشەکە.
هەموو کردارێکی ئیسلامیش سەرەتاکەی ناڕەحەتە و کۆتاییەکەی جێگەی مەترسییە کە لە غروردا لە خۆت بایی نەبی و ئەجرەکەی بدۆڕێنی.
هەتا زانا هەیە دەفەرموێ: پێویستە بۆ کاری چاکە ٣ جار نیەت بهێنی و تازەکەی بکەیتەوە لەگەڵ خوای گەورەدا، سەرەتای کارەکە، ناوەڕاستی کارەکە وە کۆتایی کارەکە.
چونکە هەیە سەرەتا نیەتی خێر و چاکەیە، بەڵام کە ڕۆشتنە ناویەوە نیەتەکەی دەگۆڕێ، گۆڕینی نیەتیش کار پوچ دەکاتەوە، چونکە لە مەبەستی بۆ خوا بوونەوە دەبێتە مەبەستێکی تر، هەتا ڕەمەزان گەر هیچ شتێكیش نەکەیت لەوانەی کە ڕۆژوو بەڵات دەکاتەوە تەنها بە نیەت گۆڕین بەتاڵ دەبێتەوە، یان هەیە کە ڕۆشتە ناویشیەوە نیەتەکەی ناگۆڕێ، لە کۆتایدا دەگۆڕێ، نابینی خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُبْطِلُوا صَدَقَاتِكُم بِالْمَنِّ وَالْأَذَىٰ) البقرة ٢٦٤.
بە منیەتبارکردن و ئەزیەتدان خێر و چاکەکانتان بەتاڵ مەکەنەوە، خۆ ئەوە چاکەکەی کردووە و پارەکەشی بەخشیوە! کۆتاییەکەتی، تۆزێکی تر خۆی بگرتایە ئیتر لای خوای گەورەش تۆمار دەبوو، بەڵام بەو کردارە زەڕبی بەسەردا هێنا، جاری وا هەیە تەلەبە وەڵامی پرسیارێکی زۆر بە جوانیش داوەتەوە بەڵام زەڕبی بەسەردا هێناوە، ئیتر مامۆستاکەش نایخوێنێتەوە، چونکە خۆی پەشیمان بووەتەوە، گۆڕینی نیەت زەڕبە بەسەر کاری چاکەدا.
بۆ کاری خێر ناوەڕاستیشی هەیە جگە لە سەرەتا و کۆتایی، هەندێ جار فڕۆکەکان هەرچەند ئاراستەی خۆشی وەرگرتووە بەڵام هاوسەنگی لەدەست دەدات، بۆیە دیسان کاپتنەکە دەڵێ: خۆتان ببەستنەوە وە ئاگاداریش دەدەن لەوەی لە حاڵەتی مەترسی کەوتنە خوارەوە کە چ بکەیت، چۆن ماسکی ئۆکسجین بکەیتە بە دەم و لوتت، چۆن سەرت بۆ ژێر کورسیەکەی خۆت شۆڕ بکەیتەوە تا نەڕشێیتەوە، چونکە تەوازونی ئۆکسجین تێك دەچێ لە سیستمی فڕۆکەکەدا، چونکی لە ئاسمان هەوا نییە، ئۆکسجین لە ڕێگەی ئامێرەوە دەخرێتە ناو جێگەی سەرنشینەکان.
کە لە سەروی ١٠٠ مایڵەوە واتە ١٦٠ کیلۆ مەتر ئۆکسجین نامێنێ، ئەمە بەشێوەیەکی تەقریبی، هەتا زیاد و کەمیش و قسەش لەسەر ئەوە هەیە بەپێی سەرچاوەکان.
هەربۆیە یەکەمجار کە ئەزموونی دروستکردنی تەیارە کرا زۆری دەکەوتە خوارەوە، تا وردە وردە زانیاری و زانست زیادی کرد و ئەو سیستمە لەناو فڕۆکەدا جێگیر کرا.
لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەمە کراوە لە شێوەی هیدایەت و نەمانی ئۆکسجین لە بەرزی بەرەو ئاسماندا، وەك بەم شێوەیە هاتووە: (فَمَن يُرِدِ اللَّهُ أَن يَهْدِيَهُ يَشْرَحْ صَدْرَهُ لِلْإِسْلَامِ ۖ وَمَن يُرِدْ أَن يُضِلَّهُ يَجْعَلْ صَدْرَهُ ضَيِّقًا حَرَجًا كَأَنَّمَا يَصَّعَّدُ فِي السَّمَاءِ ۚ كَذَٰلِكَ يَجْعَلُ اللَّهُ الرِّجْسَ عَلَى الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ) الانعام ١٢٥
واتە: ھەرکەسێک خوا بیەوێت ڕێنمونی بکات سینگی فراوان دەکات بۆ ئیسلام (و بڕوا ھێنان) وە ھەر کەس خوا بیەوێت گومڕای کات (لەبەر نەشیاوی وسەرکەشی خۆی) سنگی زۆر تەنگ دەکات وەک ئەوەی (بیەوێت) بەرز ببێتەوە بەرەو ئاسمان ( چونکە مرۆڤ تا بەرەو ئاسمان بەرز ببێتەوە ھەست بە تەنگە نەفەسی دەکات وبەناڕەحەت ھەناسەی بۆ دەدرێت) بەو جۆرە خوا پیسی و ناپاکی دادەنێت لەسەر ئەوانەی کەبڕوا ناھێنن.
ئاگاتان لە نیەتتان بێ و بە توندی قایش ببەستن و لە کۆتایشدا پشتتان بە خوای گەورە قایم بێ، هەرکەس پشتی تەواو بەخوای گەورە ببەستێ خوای گەورەی بەسە بۆ پشتیوانی، ڕەحم و بەزەیی و گەورەیی خوای گەورە زیاتر لەو کاتەدا دێ کە تۆ بە تەواوی لێبڕاوی بۆی.
(وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ) الطلاق ٣.
ئیبراهیم سەلامی خوای گەورەی لەسەربێ تا بە تەواوی تەسلیمی ئەمری خوای گەورە نەبوو، خوای گەورە بەرانەکەی بۆ نەنارد، کە نێوانی خۆی و خوای گەورەی بە تەواوی پاكکردنەوە و نەعلەتی لە شەیتان کرد ئا لەوکاتەدا ئیتر جەژنەکەی دەستی پێکرد.
(فَلَمَّآ أَسۡلَمَا وَتَلَّهُۥ لِلۡجَبِينِ) الصافات ١٠٣.
کاتێك ھەر دووکیان ملکەچ بوون (بۆ فەرمانی خوا) و ئیبراھیم ئیسماعیلی بەڕوودا خستەسەر زەوی.
(وَنَٰدَيۡنَٰهُ أَن يَـٰٓإِبۡرَٰهِيمُ) الصافات ١٠٤.
ئێمەش بانگمان کرد ئەی ئیبراھیم.
(قَدۡ صَدَّقۡتَ ٱلرُّءۡيَآۚ إِنَّا كَذَٰلِكَ نَجۡزِي ٱلۡمُحۡسِنِينَ) الصافات ١٠٥.
بێگومان خەوەکەت بەجێھێنا بەڕاستی ئێمە ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە.
(إِنَّ هَٰذَا لَهُوَ ٱلۡبَلَـٰٓؤُاْ ٱلۡمُبِينُ) الصافات ١٠٦.
بێگومان ئەمە تاقیکردنەوەی ئاشکرابوو.
(وَفَدَيۡنَٰهُ بِذِبۡحٍ عَظِيمٖ) الصافات ١٠٧.
وە بەرانێکی گەورەمان کردە قوربانی ئەو (ئیسماعیل).
 خەونەکانت بە لێبڕانی ئیبراهیمانە دێتە دی.
چاوتان لە ئاماژە ئیبراهیمیەکان بێ لە قورئاندا  (مِّلَّةَ أَبِيكُمْ إِبْرَاهِيمَ ۚ هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمِينَ) الحج ٧٨.
وە پێش ئەوەش داوای چێمان لێ دەکات؟ هەمان ئایەت و سەرەتاکەی بنواڕە!
(وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ).
بچۆ ناو وردەکاتی ئەم دەقە (وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ) ڕای زانایانی لەسەر بخوێنەرەوە کە چۆن تەئویلیان کردووە، بە گشتی ئینسان خەخاڵەت دەکات، فەزلەکانی خوای گەورە چەند زۆر و گەورەیە لەسەرمان و ئێمەش چەند بچووكین و سەرقاڵی چین ڕۆژانە!
شانازی بکە کە خاوەنی ئەم دەقە قورئانیانەیت و کەس ناتوانێ بیگۆڕێ (إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا ٱلذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ)الحجر ٩. وە تۆش دەتوانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەلامی ڕەبولعالەمیدا مامەڵە بکەیت.
گەورەیی ئەم مانگە لەوەدایە قورئانی تێدا دابەزیووە، قورئانە بگرە بە دەستەوە و لە دەقەکانیدا قوڵ بەرەوە، ئەوسا ئاراستەت دەکات و هەموو جۆرە پشتێنێکی خۆ قایمکردنت پێ نیشان دەدا.

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌