ئەرك یان پاداشت (عیبادەت)

وتار/ 14/04/2021 443 جار بینراوە

د.عومەر عەلی

ئەرك یان پاداشت (عیبادەت)
بیرکردنەوەت بگۆڕە

د. عومه‌ر عه‌لی
منداڵ گەر بتەوێ هانی بدەیت، بەڵێنی کڕینی شتی بە بەهای پێ دەدەیت، یان دەیبەیت دەیگەڕێنی و سواری یاریی دەکەیت، ئەویش کە سواری ئەو یاریانە دەبێ زۆر دڵی خۆش دەبێ، زۆرجار دەستی وەك تەیارە لێ دەکات و هاوار دەکات هێێێییی، کە داش دەبەزێ جاری وا هەیە دەڵێ: باوکە دایکە توخوا با جارێکی تریش بیکەم.
یان هەتا خۆشمان کە زۆرجار ئەزیەتمان دەبێ و پێویستمان بە پشوویەکە، دەڕۆین دەگەڕێین لەناو شاردا، یان بۆ دەرەوەی شار، وە گەر بۆمان بگونجێ بۆ دەرەوەی وڵات ئەوە ئیتر ئێجگار خۆشتریشە.
یاریکردنی منداڵەکە خۆ هەم ئەزیەتە و پارەشی تێدەچێ، سەفەرکردنی خۆشمان ئەزیەتە و پارەشی تێدەچێ، هەتا لە فەرمودەیەکدا بە بەشێك لە عەزاب ناوبراوە (السفر قطعة من العذاب) چونکی لە ماڵ دادەبڕێی جێگەی خەو و چۆنیەتی خواردنیش دەگۆڕدرێ، هەربۆیە لە شەرعیشدا تەنەزول لە بەشێك لە عیبادەتی تێدا کراوە، ڕۆژوو لەگەڵ نوێژی جومعەش تێیدا واجب نییە، نوێژەکانیش کورت دەکرێتەوە، بەڵام بۆچی منداڵەکە سواری یاریەکەی پێ خۆشە؟ لە کاتێکدا یاری وا هەیە ئەزیەتەکەشی زۆر زۆرە!
وە گەورە زۆریش حەزی لە سەفەرە لەگەڵ ئەزیەت و مەسروفیش؟
چونکی لە زەیندا بە پاداشت تۆمار بووە، نەك بە ئەرك، هەتا ئەوانەی کە دەبێ بەردەوام سەفەربکەن و وەك ئەرك سەفەرەکەن لایان خۆش نییە زۆرجار، سایەق فڕۆکەکان بێزارن لە کارەکانیان ئەوانەی کە تەنها لەبەر پارە بەشی فڕۆکەوانیان خوێندووە، بەڵام ئەوانەی حەزیان لە ئیشەکە کردووە زۆرترین لەزەتی لێ دەبەن، دەرفەتێکی خۆش و گەشت بە ئاسماندا کورد دەڵێ: دەستی کێ دەکەوێ؟!.
فڕۆکەوانیك دەڵێ: یەکەم ڕۆژی وانەمان لە بەشی فڕۆکەوانی مامۆستاکە پرسیاری لێ کردین کە بۆچی حەز دەکەن ببن بە فڕۆکەوانە؟
وتی: یەکێك لە قوتابیەکان وتی: مامۆستا بۆ ئەوەی پارەی زۆرتر بە دەست بهێنم!
دەڵێ ئەو کەسە تاکە کەس بوو کە نەبوو بە فڕۆکەوان!
گەر حەزت لە فڕۆکەوانی بێ دەبێ لە بەر ئەوە حەزت لێی بێ کە دەبی بە فڕۆکەوان، نەك لەبەر ئەوەی کاری فڕۆکەوانی پارەکەی زۆرترە!
گەر حەزەکەت لە بەدەستهێنانی مادەوە گۆڕی بۆ حەزی فڕین، ئەوسا چێژ لە فڕینەکە وەردەگری و پارەی کارەکەش، ئەوانەی کە خۆشەویستیان بۆ کارەکانیشیان هەیە زۆرجار جگە لە موچە پاداشتی زیادەشیان پێ دەدرێ، چونکی ئیش کە بە خۆشەویستیەوە کردت بەرانبەر هەستی پێ دەکات، مۆزەفێك کە حەزی لە ئیشەکەیەتی مەراجیعەکان خۆشیان دەوێ، چونکە ڕووی گرژ ناکات بەرانبەریان، بەڵام کەسێك هەر وەك ئەرك سەیری دەکات هەردەم لەگەڵ مەراجیعەکاندا دەکاتە شەڕ، یان بەلانی کەمەوە کەس حەزی بە چارەی نییە.
عیبادەتەکان گەشتە بۆ سەرەوەی ئاسمان، گەر وەك ئەرکێك سەیری بکەیت بێزاری ڕووت تێدەکات، نوێژت لا قورس دەبێ، ڕۆژوو بێزار دەبی لێی، بەڵام عیبادەت لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکەو دەبێ بکرێ، لە هەمان کاتدا پاداشتە، خۆ هەموو کەس عیبادەتی لێ وەرناگیرێ، ئیجازەی پێویستە کە مسوڵمانیەتیە ئیجازەکەی، وە نیەتی پێویستە کە ئیخلاسییە بۆ کارەکە، کە بیرکردنەوەت دەگۆڕی بەرانبەر عیبادەتەکان ئەوسا وەك منداڵەکە حەز دەکەیت فڕەیەکی تریش لێ بدەیت، دوای نوێژەکە سونەتێکیش دەکەیت، دوای ڕەمەزان شەشەڵانیش دەگری، وەك گەورەکە پێت خۆشە سەفەرەکەت کەمێ تر درێژ بوایە.
پێغەمبەر ﷺ کە کاتی نوێژ دەهات بە بیلالی دەفەرموو: (قم يا بلال فأرحنا بالصلاة) هەستە بیلال ئاسودەمان بکە بە نوێژ، گوێبیستی بانگ و نوێژ ئاسودەییە، خۆ پێغەمبەر ﷺ نەیدەفەرموو ئا بیلال هەڵسە کورە ئەو بانگە بدە! با نوێژەکەمان لە کۆڵ بکەینەوە!
لە کۆڵ کردنەوە مانای بێزاری و حەزپێنەکردنی تێیدایە.
بۆیە بیرکردنەوەت بگۆڕە و چێژ لە عیبادەتەکانت وەرگرە، ڕۆژەکانی ڕەمەزان مەژمێرە، چێژ لە چرکەکانیشی وەرگرە، کە دەگەیت بە بەربانگ چەند خۆشە، جا ئەوە خۆشییەکی ئەم گەشتە کورتە ئاساییە، وەك ناو فڕۆکەکە کە نانێکی ئاسایت پێ دەدەن کە زۆر زۆر خۆشە لات، بەڵام کە دەگەیت بە شار ئەوسا خۆشیەکانی گەشتەکە بە تەواوی دەستپێدەکات، خۆشی تەواو لەولایە، وەك لە فەرمودەیەکدا هاتووە: "للصائم فرحتان: فرحه حين يفطر، و فرحة حين يلقى ربه".
دەبێ خۆشی عیبادەتەکان لە دونیادا بچێژی تا لە چێژی خۆشی قیامەتیش تێبگەی.
عیبادەتەکان وەك پاداشت و گەشتی بەرزی ئاسمانی سەیر بکە، ئەوسا کە بە خواست و شەوقەوە بەرز دەبیتەوە زۆرتر فەزڵ و گەورەیی خوای گەورە دەبینی، بەڵام گەر وەك ئەرك و زۆرکردن سەیری بکەیت ناوێری لە بەرزیشەوە چاو بکەیتەوەو مەحروب دەبی لە دیتنی ئەو هەموو مەنزەرە جوانە.
زۆر سوپاس خودایە بۆ گەشتی مانگ لە ساڵێکدا، مانگی پیرۆز و پڕ بەرەکەتی قورئان.
دووبارە ڕەمەزانتان پیرۆز بێ.

نوێترین نوسینەکانی د.عومەر عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌