ئایا نەریت ڕەسەنایەتییە یان دۆخە؟

وتار/ 11/03/2021 532 جار بینراوە

جەبار ئەحمەد

ئایا نەریت ڕەسەنایەتییە یان دۆخە؟

جبار احمد
زۆرکات نەریتپارێزان باس لەشوناسی نەتەوە دەکەن لە سۆنگەی پابەندبوون بەنەریتەکانەوە، و هەرجۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر نەریت وەکو مەترسی بۆسەر مانەوە و شوناس و زیندوێتی نەتەوەکە دەزانن، واتا لەناوچون و کاڵبوونەوەی نەریتەکان وەکو هەنگاوی ڕووەو فەوتبوونی نەتەوە دەزانن، و تەواو گرێدانەوە و تێکەڵبوون و پێکەوە پەیوەستی نێوان نەتەوە و عاداتەکان وەکو ئەزەلی و ئەبەدی دەبینن کە هیچ کامیان بەبێ ئەوەی تریان ئیمکانی بوون و زیندوێتی و بەردەوامێتیان نییە، بۆیە لەپێناو پارێزگاری لەنەتەوە، دەخوازن نەریتەکان پارێزراوبن.
ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی نەریتییە، بەڵام ناکرێت نەریت وەکو چێوەی پارێزگار و هێشتنەوەی نەتەوە ببیندرێت، یاخود ناکرێت شوناسە نەتەوەیی و شوناسە نەریتییەکان پێکەوە گرێبدەین، چونکە ماهیەتی نەریتی کۆمەڵگەی ئێمە درێژکراوەی نەریتەکانی خێڵ و ئایینن، بەڵام ماهیەتی نەتەوە و ڕیشەکانی هاوتای ڕیشەکانی نەریت نین، واتا ڕەسەنایەتی نەتەوەیی هیچ ڕیشە و ڕەگێکی نییە کەتەواو بۆناو نەریت قوڵبووبێتەوە و مانای بەبوونی دابێت.
گۆڕان و گەشە یان نەمان و کاڵبوونەوەی بەشێک یان جۆرێکی نەریتەکان نابێت وەکو هەڕەشەی نەمانی نەتەوە، یان سەرەتایەکی ترسناکی نەمانی هەماهەنگی ببیندرێت، بەڵکو نەریت و نەتەوە دوو یەکە و ئاڕاستەی جیاوازن و تێکەڵبوونیان لەهەندێ دۆخ و قۆناغدا بەمانای پێکەوە پەیوەستی ئەبەدی نێوانیان نییە، دەشێت بۆ کاتێک، بۆ سەردەمێک نەتەوە نەریت وەکو ئومێدی مانەوەی و پارێزگاری لەخۆ بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم کات و قۆناغە کۆتایی هاتووە و جێگیرنییە، واتا تەنها بۆ قۆناغێکی دیاریکراوە.
دونیای ئێستاکێی هاوچەرخ دونیای تێکەڵبوون و پێکەوەکارکردنی نەریتەکان و کەوتنی نەریتە نامرۆییەکان و هاتنە پێشی ئەو نەریتانەیە کە هاوبەشێتی زۆریان لەناو گەلە جیاوازەکاندا هەیە، ئەمەش لەدەرەوەی شوناس و کیانی نەتەوەکان، واتا وەکو ئاڕاستە و ماهیەتێکی موستەقیل و پەیوەستنەبوو، ئەمەش واتای ئەوەی نەتەوەکانیش دەتوانن لەدەرەوەی نەریتەکانیان و بەجیاواز لە عورفەکانیان درێژە بەمانەوەی خۆیان و بەردەوامیان بدەن، واتا نەریتەکان ڕەسەنی نەتەوە پێکناهێنن، بەڵکو دۆخێکن لەمێژووی نەتەوەدا و تێدەپەڕن.

نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌