بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان

وتار/ 18/06/2020 767 جار بینراوە

جەبار ئەحمەد

بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان

جەبار ئەحمەد
سەرەتاکانی کاری ئەم خولەی پەرلەمان لای خەڵک هەم جێگەی گاڵتەو پێکەنین بوون، هەمیش جێگەی ڕەخنە و نائومێدی.
خەڵک چاوەڕێی نەدەکرد پەرلەمان بببێتە شوێنی بەخشش و دیاری بەتورکیا، چونکە دانانی تورکمانێک کە چەند سەد دەنگێک زیاتری نەهێنابوو، بریتیبوو لە دیاری پارتی بۆ تورکیا، واتا وەک پێزانین بۆ چاکەیەکی دەوڵەتی تورکیا کەپێشکەشی پارتی یان خانەوادەی بارزانی کردبوو، دواتر پارتی دیارییەکەی زیاتر کردو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق کە پشکی کوردبوو، ئەویشی پێشکەشی تورکمانێک کرد و بەم کارەی دڵسۆزی زیاتری بۆ تورکیا دوپاتکردەوە.
لەلایەکی ترەوە خەڵک چاوەڕێ بوو پەرلەمان شوێنی بەرگری بێت لەمافی خەڵک، نەوەک ببێتە قاموسی گۆڕینی ووشەی کوردی، کە ئەم کارەش هەر بەمەبەست و بەئامانجی بێشکۆ کردنی پەرلەمان بوو.
پارتی بەتەزویربێت یان بێتەزویر، زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، هەروەها کورسی کۆتای کەمەنەتەوەکان کە هەر هی پارتین و بوونیان تەنیا لەخزمەت پارتیدایە، وایکرد پارتی کۆنترۆڵی پەرلەمان بکات، بەڵام بۆ پارتی نابێت هیچ دامەزراوە و دەسەڵاتێک لەسەرووی دەسەڵاتی خانەوادەی بارزانی بێت و لەپەرلەمانیش وێڕای بوونی زۆرینەی پارتی، بەڵام هیچ بارزانیەک لەناو پەرلەمان نییە، بۆیە پێویست بوو ئەو دامەزراوەیە لەئاست دامەزراوەکانی تر کەبارزانییەک دەسەڵاتداری بێت، بێڕۆڵ بکرێت و بکرێتە پاشکۆ، بۆیە پەرلەمان ئەوەندەی تر پەراوێزخرا و بچوککرایەوە.
لەم هەڵبژاردنەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی وێڕای ململانێی حیزبەکانی تر، هاوکات لەناوخۆی خۆشیدا ململانێی نێوان دوو تاقمە سەرەکیەکەی هەبوو، دواجار تاقم یاخود گروپی مەسرور بارزانی کەهاوکات کەسانێکی پەروەردەبووی ناو دەزگای پارستن و ئاسایش و سلکی هەواڵگری بوون، سەرکەوتن، و گروپەکەی نێچیرڤان بارزانی پاشەکشەیان پێکرا، گۆڕانی باڵانسی ناو پارتی لەخزمەت کەسانی هەواڵگر، وایکرد دامەزراوەکان و لەناویشیاندا پەرلەمان بخرێتە ناو نەهجی پاراستنەوە، بۆیە هەر دەنگێکی ناڕازی پێویستبوو کپ بکرێت و ڕێگەی لێبگیرێت، سەندنەوەی متمانە لە (سۆران عومەر)ی پەرلەمانتار هەر لەبەر ئەم هۆکارەبوو.
پارتی لەم هەوڵەشیدا بەهاوکاری کەمەنەتەوەکان کە لەئەساسدا هەر پارتین هەوڵی بەجێگەیاندنی ئەوکارەی دا و ئەوەندەی تر پەرلەمان بووە جێگەی تانە و تەشەر و کەسانێکی بەحیساب ڕۆشنبیر بەڵام لەجەوهەردا جاهیل، ئەم کاری بەکارهێنانی زۆرینە و کەمینەیان بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی، بەکارێکی دیموکراسی دەزانی، بەڵام ڕاستگۆبین لەئاست تێگەیشتن لەپرسی دیموکراسی تەنها نەزانێک بوون.
ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە پرۆسەی دانیشتنەکە هەر لە ئەساسدا هەم گاڵتەجاڕانەبوو هەم نایاسایی، گاڵتەجاڕانەبوو چونکە پەرلەمان لەئاست ئەم هەموو دزی و ناعەدالەتی و خیانەت و دەیان کاری نائینسانی و نایاسایی تردا بێدەنگە، بەڵام لەهەمبەر ئەندامێکی خۆیدا کە نابێتە پاسەوان و پارێزەری دزییەکان و هاوبەشیان نابێت، ئەوا ئازا و جەربەزەیە، هەروەها نایاساییە چونکە دانانی بەرنامەی کاری پەرلەمان دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، ئەڵێین دەسته نەوەک ئەنجومەن، چونکە لەناو ئەنجومەندا کارەکان بەڕەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنە، بەڵام لەناو دەستەدا تەنیا زۆرینە بەس نییە، بەڵکو دەبێت سەرۆکی دەستەش بەشێک بێت لەو زۆرینەیە یان دژی نەبێت، بەڵام هەموومان دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کە هاوکات سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیشە، دژبوو بەو کارە.
ئایا سەرۆکی پەرلەمان بەویستی خۆی ئەوبڕیارەی داوە یاخود لەسەر داوای حیزبەکەی؟ . ئەو پرسیارە هیچ گرنگی و ئەرزشێکی نییە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان لەزیندان نیە تاوەکو لەژێر گوشاردابێت و دەیتوانی ئەو بڕیارە نەدات ئەگەر خواستی لەسەر نییە.
من پێموایە دواجار بڕیارە دروستەکە درا و هیوادارم هەرگیز جارێکی تر زۆرینەی پەرلەمانی بۆ دژایەتی دەنگی ناڕازی بەکار نەهێندرێت، چونکە ئەگەر هەمان کار لە پەرلەمانی عیراق دژ بە پەرلەمانتارە کوردەکان بکرێت جێی قبوڵ نیە، کەواتە بۆچی لێرە کارێکی ئاسایی بێت!..

نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌