هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هەمواری دەستورەوە

وتار/ 21/07/2020 684 جار بینراوە

جەبار ئەحمەد

هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هەمواری دەستورەوە

جەبار ئەحمەد
ناکۆکی و ململانێ و کێشە زۆرە سیاسی و کارگێڕیەکان و ڕۆچوونی قوڵی حیزب بۆناو دامەزراوە حکومیەکان و بێڕۆڵکردنی دامەزراوە یاساییەکان و ترۆپکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، گۆڕانی ڕیشەیی دەخوازن.
پەرلەمان تەواو کراوەتە دەزگایەکی کارتۆنی شکۆشکاو، ئەندامەکانی لەجیاتی وەزیفە سەرەکیەکانی خۆیان، تەواو بوونەتە ڕۆبۆتێکی ناعەقڵانی ڕووتی دەستی دەسەڵات و لەجیاتی جاودێری کردنی حکومەت، ماستاوچێتی بۆ دەکەن و وەک محامی حکومەت و وەزیرەکان قسەدەکەن.
دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و داواکاری گشتی و دادگاکان، تا ئاستێکی ترسناک کراون بە ئامرازی دەستی حکومەت لەدژی خەڵکی ئازادی خواز، لەهەمبەر گەورەترین تاوانی بەرپرسان چاو و گوێی خۆیان دەئاخنن و لەهەمبەر کارێکی بچوکی هاوڵاتیان کەتەنها گومانیش بێت، لە کەمترین ماوەدا دێنە دەنگ و دونیا دەکەن بەفەوزا.
حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش دوو دامەزراوەی تەواو حیزبی و سەرکوتکارن و جگە لە بڕینی موچەی خەڵک و پەلکێشی هێزی بێگانە و ڕێکاری ستەمگەرانەی ئەمنی هیچی تریان نەکردووە.
شەلەلبوون و فەشەلبوونی ئەم دامەزراوانە هۆکارن بۆ پێویستی بوونی گۆڕانکاری ڕیشەیی، گرنگترین گۆڕانکاریش هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. دوو گرنگترین پێویستیش لەکاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا بریتییە لە گۆڕانی بازنەی هەڵبژاردن بۆ چەند بازنەیەک، واتا چیتر هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن نەبێت، بەڵکو لانیکەم دابەشی دە بۆ پانزە بازنە بکرێت، ئەمەش هەم لەپێناو کەمکردنەوەی تەزویرات و هەمیش بۆ ئاسان دەستنیشانکردنی کاندیدان لەلایەن دەنگدەرانەوە. هەمواری دووەم پێویسته پەیوەست بێت بە کورسی کۆتاکان، ئەمەش یان نەهێشتنی کورسی کۆتا بۆ کەمینەکان، یان کەمکردنەوەیان بۆ سێ کورسی، یاخود جیاکردنەوەی لیستی دەنگدەرانی ئەو کەمینانە و بەڕێوەچوونی دەنگدانیان بە چەند ڕۆژێک پێش دەنگدانی گشتی، یاخود جیاکردنەوەی شوێنی دەنگدانیان بەجۆرێک تێکەڵ بە دەنگدەرانی گشتی نەکرێن، ئەمەش هەم بۆئەوەی نوێنەرەکانیان گوزارشت لە کەمینەکەی خۆیان بکەن نەک لەو حیزبەی پارەیان دەداتێ، هەمیش بۆئەوەی هیچ حیزبێک نەتوانێت وەکو بوکەڵە لەململانێکاندا بەکاریان بهێنێت.

نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌