ڕێک مەبەستم کیانی (هەرێمی کورستان)ە

وتار/ 30/06/2020 720 جار بینراوە

جەبار ئەحمەد

ڕێک مەبەستم کیانی (هەرێمی کورستان)ە

جەبار احمد/مامۆستای زانستەساسیەکان لە زانکۆی سلێمانی
ئەوەی ئێستا سەردەستەکان و شوێنکەوتوانیان باسی دەکەن، بریتییە لە کیان و نەتەوە، پیرۆزکردنی دووشت کە لەئاست شکۆی مرۆڤدا پوچترین شتن.
لەمێژوودا نمونەمان هەیە کە دەسەڵات کاری لەسەر پیرۆزکردنی نەتەوەو ڕەگەز کردووە، ئەویش حیزبی نازی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی ئەدولف هیتلەربوو کە پێیان وابوو ڕەگەزی نازی سەردار و پێشەنگ و پیرۆزن، هەروەها نمونەشمان بۆ پیرۆزکردنی کیان هەیە، حیزبی فاشی ئیتاڵی،  بەسەرۆکایەتی مۆسۆلۆنی فاشیست، کە پێیانوابوو دەوڵەتی ئیتاڵیا لوتکەی پیرۆزی و شکۆمەندییە.
هەردوو ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە باوەڕیان وابوو نەتەوە و کیان لە مرۆڤەکان پیرۆزترن و پێویسته تاک قوربانی بەگیانی خۆی بدات لەپێناویان، دواجاریش بینیمان چ کارەساتێکی گەورەیان بەسەر ژیان و مرۆڤایەتیدا هێنا.
ئێستا لەکوردستان حیزب و ڕەوتگەلێک هەن کار لەسەر هەردوو نەهجەکەی هیتلەر و مۆسۆلۆنی دەکەن، واتا هەم نەتەوەی پیرۆز و هەمیش کیانی پیرۆز لەسەروی شکۆی تاکەوە دادەنێن و پێیان وایە هەر قوربانی و بێڕێزییەک بە تاکەکان لەپێناو کیان و نەتەوەدا جایز و گونجاوە.
بەڵام من ڕێک پێچەوانەکەی دەبینم، پێموایە پێویسته شکۆی تاکی کورد بخرێته سەروی کیان و سەروی شیعاراتی قەومچیانەوە، هەروەها پێموایە ئەم قەوارەیەی دروستبووە لەجیاتی شورای پارێزگاری خەڵک بێت، دیوارێکی ترسناکی زیندانە و تەواوی نیشتەجێبووەکانی دابەشی تەنیا دوو چین بوون، جەللاد و قوربانی.
هەر تاکێک لەکوردستان ئەگەر قوربانی و ناڕازی نەبێت و ئاواتەخوازی ڕزگاربوون نەبێت لەم ووڵاتە، ئەوا بێشک ئەندامی چینەکەی ترە کە بەشداری دزی و تاڵانی و جەللادییە.
هەڵوەشانەوەی کیانێک کە بۆخەڵک بووەتە زیندان ئەرکە، وەکچۆن ئەوانەی سودمەندی دەستکەوتەکانن هەوڵی پاراستنی دەدەن. بێگومان هەموو ئەوانەی ئەم کیانە بۆیان بووە بە دەفری دەستکەوتەکان، بۆیان بووە بە سایەی دروستکردنی کۆپیانیا زەبەلاحەکان، بۆیان بووە بەچەتری پاراستنی ملیاران دۆلارەکان، خۆشگوزەرانی و ڕابواردنی بێشومار...هتد، ئەوا حەتمەن تەخوینی ئەوانە ئەکەن کە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن، بەڵام ئەوانەش کە هەستئەکەن خەریکە دەسەڵاتی کوردی شکۆیان دەشکێنێت، خەریکە ئەم حکومەت و ئەم کیانە کەسایەتیان لەناو ببات، ئەوا بێگومان هەوڵی ڕوخانی کیانەکە و حکومەتەکەش دەدەن.
هەرگیز ئەوانەی لەهەوڵی پارێزگاریکردنن لەحکومەت و کیانەکە، کەسانی دڵسۆز و لەغەمی گشتیدا نین، بەڵکو شینی دەستکەوت و سامانە کەڵەکەبووەکانی خۆیانە.
باوەڕی تەواوی من بەوچەشنەیە کە تاوەکو ئەم کیانە بەم فۆرمەی ئێستایەوە بمێنێت، باسکردن لەدادپەروەری و خۆشگوزەرانی، تەنها خەیاڵ دەبێت، یەکەم وەرچەرخان بۆ ژیانێکی باشتر، دەبێت لە ڕوخانی کیانی هەرێمەوە دەست پێبکات و هەرێمی کوردستان دابەشی کۆمەڵێک هەرێمی بچوکتر بێت.
ئەگەر بەنمونه بڕوانین هەموو خۆپیشاندانێکی زۆنێک کاریگەری لەسەر زۆنەکەی تر نابێت و خۆپیشاندەران وەکو دەستی دەرەکی و بەکرێگیراو شوناس دەکرێن، بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانە، ئەمەش چونکە دەسەڵات و سیستەمێکی سەرانسەریمان نییە و ئەگەری بوونیشی زۆر زۆر لاوازه، مەگەر بەهەڵوەشانەوەی کیانەکە.
بەڵێ لەئێستادا باشترین بژاردە هەڵوەشانەوەی هەم حکومەت و هەم کیانی هەرێمی کوردستانە، دژایەتی کردنی ئەو خواستەش تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوەیە کە بەرژەوەندییە شەخسیەکانیان و پارە و سامانە ناشەرعییەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.

نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌