ئەم چیرۆکە لەو چیرۆکانەیە کە لەخوێندنەوەی پەشیمان نابیت..!!
وتار/
02/03/2021
602 جار بینراوە
م. حهسهن پێنجوێنی
هەندێ ئیمان لەئاستێکی باڵادا یە:
ئەم چیرۆکە لەو چیرۆکانەیە کە لەخوێندنەوەی پەشیمان نابیت..!!
پێشەکی:
لەم رۆژانەدا برایەکی ئازیزم لەرۆژهەڵاتەوە چێرۆکێکی پەروەردەیی بە فارسی بۆ ناردبووم، وەک ئەوە بڵێت: ئەمەش یەکێکە لەوچیرۆکانەی رۆح دەبزوێنێ، و دەروون لەسەر چاکەکاری رام دێنێ، بەڵکو بیکەیتە کوردی.. منیش کەخوێندمەوە زۆر کاری لەدڵ و دەرونمدا کرد، بڕیارم دا بەکوردی پێشکەش بەخوشک و برایانی ئازیزی بکەم، هیوادارم ئەو تام و چەژەی من لێم دیوە، ئێوەش هەمان چەژی لێ ببینن. و هاندەرمان بێت بۆ چاکە و چاکەکاری،و خوایش لەریزی ئەوخۆشەویستانەی خۆیا کۆمان بکاتەوە کە لەبارەیانەوە دەفەرموێ:"وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ " البقرة/195. چاکەکاری بکەن، بێگومان خوا چاکەکارانی خۆش دەوێت. چاکەکاری، یەک بەدە تا یەک بەحەوت سەد و زیاتریش پاداشتی هەیە.. با ئەم هەلە بقۆزینەوەو لەکیس خۆمانی نەدەین.. خوا یارمەتیدەری هەموان بێت.. فەرموون ئەوە ئێوەو چیرۆکەکە:
د.حسن پێنجوێنی
بەڕێز! کاری تۆ چییە؟
چەند ساڵێک لەمەوبەر چەکێکم لەبانقا کرد بەپارەو هاتمە دەرەوە، لەتەنیشت بانقەکەوە لاوێک لەسەر مێزێک سەعات و فیلم و شتی تری دانابوو بۆفرۆشتن، لەتەنیشت ئەوانیشەوە دوو قرانی دانابوو، لەو سەردەمەدا تەلەفوونی ناوخۆیی بەدوو قرانی کاری دەکرد، منیش رۆیشتم بۆ لای تمەنێکم پێدا و گوتم: بایی ئەو تمەنە دوو قرانیم پێ بدە!!
ئەویش بەروویەکی خۆشەوە تمەنەکەی دامەوە لەگەڵ ٢سکەی دوقرانیدا، وگوتی: ئەمە بە سڵاواتییە، واتە: بەخۆراییە..
گوتم: یەعنی چی؟
گوتی: بۆ سەلامەتی خۆت تەنیا چەند سڵاواتیک بدە لە سەر پێغەممەر صلی اللە عیە وسلم..و دەستی کێشا بۆ نووسراوی سەر مێزەکەی لێی نووسرابوو: ( دووقرانی "خۆڕایی" مان هەیە)!!
باوەڕم نەدەکرد.. تاچەند کەسێکی ترم بینی هاتن، ٢ دووقرانی بەخۆڕایی دا بەوانیش..
گوتم: مەگەر دەستکەوتت چەندە، وا تۆ ئەم هەموو دوو قرانییە بەخۆڕایی بەخەڵکی دەدەیت؟
بەوپەڕی سادەگییەوە گوتی:
رۆژانە ٢٠٠ تمەنم دەست دەکەوێت، و بایی پەنجا تمەن دووقرانی دەکڕم و لەرای خودا دەیبەخشمەوە بۆ ئەوەی کاری خەڵکی جێبەجێ ببێت..
وەک ئەوەی کارەبا بمگرێت تەزوویەک بەهەموو لەشمدا هات، و بییرم کردەوە پاش یەک تەمەن ڕاکردن بەشوین پووڵ کۆکردنەوەدا دیتم ئەم دەست فرۆشە زۆر لەمن خۆش بەخت ترە، کە یەک لەسەر چواری سامانەکەی لەرێی خوادا دەبەخشێت، بەڵام من تا ئێستا دەتوانم بەجورئەتەوە بڵێم: یەک نەخۆشم بەخۆڕایی نەبینیوە!!
ئیحساسات گرتمی و دەستم کرد بەباخەڵمدا و دەتمەنییەکم بۆ دەرهێنا..
لاوەکە بەروویەکی خۆش وبزەی سەرلێوانیەوە کەپڕ بوو لە پاکیی و خاوێنی دڵی گوتی: کاکە گیان من لەڕێی خوادا بەخشیومە، بۆ ئەوەی تۆ دڵخۆش ببیت!!
کە ئەو قسەیەم لی بیست، سەد تمەنییەکم بۆ دەرهێنا، بۆ ئەوەی پێشکەشی بکەم.. بەڵام وەری نەگرت و هەمان قسەی پیشووی دووبارە کردەوە..
منیش کە زۆر مەغرووری تەشریفاتی بووم، وەک سەهۆڵی هاوین لەجێی خۆمدا بووم بەئاو، و پێم گوت: من دەتوانم چی بکەم؟
گوتی: زۆر کار هەیە دەتوانی ئەنجامیان بدەیت!! بەڕێز! کاری تۆ چییە؟
گوتم: پزیشکم..
گوتی: دکتۆری بەڕێز! شەوانی جومعە دەرگای عەیادەکەت بکەرەوە و نەخۆشی صلواتی ببینە، و لەرای خوادا بیان بینەو دەرمانیان بۆ بنوسە، مەگەر خوا بزانێ پاداشتی چەند زۆرە، و چەندە خێرت دەگات!!
منیش سەرم ماچ کرد، و رۆیشتم سوار ترومبێلەکەی خۆم بووم، و بۆ ماڵ گەرامەوە..
بەتەواوی گۆڕابووم، ئێمە لەکوێ، و ئەمانە لەکوێ؟! هەر ئەو رۆژە تابلۆیەکم لە هۆڵی چاوەڕوانی عەیادەکەمدا هەڵواسی و لێم نووسی:
"شەوانی هەینی بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر نەخۆش دەبینین"
دۆستان و ئاشناکانم تانەیان لێ دەدام ..!! بەلام قسەکانی ئەولاوە دەست فرۆشە لەگوێمدا دەزرنگایەوە، لەگەڵ ئەم شیعرەی شێخی سەعدیدا:
« گفت باور نمی کردم که تو را بانگ مرغی چنین کند مدهوش
گفتم این شرط آدمیت نیست مرغ تسبیح گوی و من خاموش…»
گوتی: باوەڕم نەدەکرد کە دەنگی باڵندەیەک ئاوا تۆ بکات سەرخۆش!!
گوتم:ئەمە مەرجی ئینسانی نییە، بالندەیەک تەزبیحات بکا ومنیش خامۆش !!
# # #
ئەرێ بەراستی با پرسیارێک لە بەڕیزت بکەم: " کاری تۆ چییە؟"
بۆ بەخشندەیی بوون پارەی زۆر گرنگ نییە، باسەیربکەین بزانین چیمان هەیە؟
وادەبێ بەبزەیەکی بچووکی سەر لێوەکانمان دەتوانین گەورەترین بەخشندە بین.. پێغەممەری خودایش دەفەرموێ: تبسُّمُك في وجهِ أخيك لَكَ صَدقةٌ،
بزەکردنت بەرووی براکەتدا خێر و سەدەقەیە بۆ تۆ..
کەوابوو هەرکارێک دەتوانی لە رێی خوادا ئەنجامی بدەیت درێغی مەکە.
نوێترین نوسینەکانی م. حهسهن پێنجوێنی
-
م. حهسهن پێنجوێنی
02/03/2021
-
م. حهسهن پێنجوێنی
09/09/2019
-
م. حهسهن پێنجوێنی
19/06/2019
-
م. حهسهن پێنجوێنی
16/03/2019
-
م. حهسهن پێنجوێنی
24/07/2018
-
م. حهسهن پێنجوێنی
22/02/2018