ئەڵقەی یەکەم : من چیم و بٶچ هاتووم؟

وتار/ 22/02/2018 693 جار بینراوە

م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

ئەڵقەی یەکەم : من چیم و بٶچ هاتووم؟

دكتۆر حه‌سه‌ن پێنجوینی


دەماودەمی ئێوارە بوو، هاوڕێ لەماڵ هاتە دەر، نیوەڕۆکەی تائەندازێک هەوا گەرم بوو، بۆیەویستی بەرەوباخی گشتی بچیت، بەونیازەی کەمێ پشوو بدات وهەوای پاک هەڵمژێ، لەسەر یەکێ لە کورسییەکان دانیشت وسەیری ئەودیمەنە جوانەی ئاوەکەی دەکرد، کە بەرزو نەوی دەبووەوەو شەماڵیش وەک تۆز دەیدا بەسەر روومەتی گوڵەکاندا.. ئەم دیمەنە جوانە بردبوویە جیهانی ئەندێشەو خەیاڵەوە، بەتایبەتیش لەم پشووی هاوینەدا خەریکی خویندنەوەو موتاڵای کتێبە هزری وبییرییەکان بوو، بابەتێکی خوێندبوەوە هەندێ مەزاجی تێک دابوو، ئاوێنە خاوێنەکەی دڵی کەمێ گەردی گرتبوو، لەناو دەروونی خۆیەوە لەتەک خۆیدا تاوتوێی مەسەلەکەی دەکرد و دەیگوت: ئاخر ماقووڵە کەسێک بێت و بڵێت: ئەم حەوزە جوانەی کە بەشێوەیەکی ئەندازیاری دروست کراوە، و ئەم ئاوەی لەدوورەوە بە بۆری بۆ هێنراوە، وئەوقوفڵەی لێ دراوە، ولەم کاتەدا کەکاتی پشووە ئاوەکە بەردراوە، و بەتەوژم بەرەو بەرزی دەڕوات، و دیمەنێکی دڵڕفێنی جوانی دروست کردووە، ئەمە بێ پلان و بەبێ ویست و ئیرادەیەک هەروا لەخۆیەوە بووبێت!! شتی وام بەلاوە مەحاڵە!!
ئالەو ملانێ فیکریەی تاوتوێی ناو دەروونیدابوو.. کەسێک سڵاوی لێکرد و ئێوارە باشی پێ گوت.. کەسەری بەرز کردەوە ئومێدی هاوەڵی بوو، ئەمیش وەڵامی سڵاوەکەی دایەوەو بەخێرهاتنێکی گەرمی کرد و گوتی فەرموو دابنیشە.. ئەویش دانیشت و کەوتنە قسەو هەواڵپرسین..
ئومێد گوتی: کاک هاوڕێ! هەر لەدوورەو تۆم بینی گوتم: باسەرێکی لێ بدەم، سڵاوێکی  لێبکەم، بەڵام کەهاتم هەر سەرنجم دەدایت وەک ئەوە لەناخەوە مەشغووڵ بیت وابوو، تەنانەت تاگەیشتمە نزیکیشتەوە  هەر سەرت بەرز نەکردەوە..!!
هاوڕێ گوتی: وەڵڵا کاک ئومێد! چی بێ لەتۆشاراوە بێت؟! خۆت دەزانی زۆر حەزم لەخوێندنەوەیە، وبەتایبەتیش بابەتە هزرییەکان، ئەم پشووی هاوینەم بەهەل زانی و هەندێ کتێبم خوێندەوە، هەندێ مەسایلی فیکری تیابوو سەری لێ چەواشەکردم.. بەتایبەت مەسەلەی رێکەوت، لەم رۆژانەشدا هاوڕێیەکم بینی، کەوتینە باسەوە لەبارەی ئەو مەسەلە فیکرییانەوە، ئەو دەیگوت: من باوەڕم بە خۆێشم نییە، نازانم من چیم؟ بۆچ منی ئینسان هاتوومەتە دنیاوە؟ بۆچ دەڕۆم؟ - ئەگەر هەبێ- بۆچ دەبێ بەئاگر سزابدرێم؟  منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو، بەڵام بەڵگەیەکی وایشم پێ نەبوو قەناعەتی پێ بکەم، وا ئێستا لەبێری کێشەو ملانێی ئەو هاوڕێیەدام..
ئومێد گوتی: وەڵڵا کاک هاوڕێ! منیش ئەم پشوەم بەهەل زانی وسەردانی هەندێ لەخزم و برادەرەکانم کرد، و لە جیهانێکی رۆحی خۆشدا چەند هەفتەیەکمان بەسەر برد.. من پێم وایە ئەو برادەرەی تۆ باسی دەکەیت پێویستی بەوە هەیە پێش هەموو شتێک بوونی خودای بۆ بسەلمێنیت، چونکە ئەم پرسیارانە لەنەبوونی باوەڕ بە خالق و بەدیهێنەرێک بۆ ئەم بوونەوەرەوە سەر هەڵدەدەن؟!
هاوڕێ گوتی: کاک ئومێد! جا بەبۆچونی تۆ چیبکەم باشە؟ سەیرئەوەیە ئەودەڵێت: من مولحید و بێ باوەڕنیم!!   بەڵکو خوا تۆی کردبێ بەفریشتەی نەجات!!
ئومێد گوتی:هاوڕێ گیان! ئەوهەرچەند لەوجۆرە قسانەبکات کەقسەی کەسێکی بێ باوەڕە مادام بڵێت من باوەڕم هەیە، ئێمەش وادادەنێین بڕوادارە، بەڵام ئەم جۆرەکەسانە پێش هەموو شتێک پێویستیان بە دامەزراندنی ئیمان هەیە.. بو ئەومەبەستەش نامیلکەیەکی بچکۆلەی نووسەر هەیە بەناوی "ئێستا بەختیارم" لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابوردودا نووسراوەو لەو سەردەمەدا بێ باوەڕی وەک مۆدەی لێهاتبوو، وسوپاس بۆخوا لەوکاتەدا دەوری خۆی بینی، هیوادارم ئەو برادەرەشت سوودی لێ وەربگرێت..  بەڵام با من وەڵامی هەندێ لە و پرسیارانەی ئەو هاورێیەت بدەمەوە، ئەگەر جارێکی تر سەری لێ دایتەوە با دیارییەکت پێ بێ بۆی..
هاوڕێ: کاک ئومێد! زۆرسوپاست دەکەم. فەرموو. ئەگەر پێت باش بێت بالەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین کە دەڵێ: من چیم؟
ماویەتی:


نوێترین نوسینەکانی م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌