پێشەوایانی پەیامدار ودەسەڵاتی ستەمکار:

وتار/ 09/09/2019 667 جار بینراوە

م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

پێشەوایانی پەیامدار ودەسەڵاتی ستەمکار:

شێخی زەهەبی لەکتێبە ناودارەکەی خۆی(سیر أعلام النبلاء) دا بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێ کاتێ حەکەمی کوڕی هیشام لە ئەندەلسدا دەسەڵاتی گرتە دەست، بەلای فیسق و فجوورا لایدا، و دەستی دایە گوناهی گەورەو خراپەکاری، زانایانی شەرعزان هەستانە سەر پێ، و ئەوکارانەی خەلیفەیان مەحکوم کرد، و بەڕاشکاوانە ناڕەزایی خۆیان لەوکارانەی دەربڕی..لەئەنجامدا کوشتن و بڕین و ئازار و سزایەکی زۆری بۆ زانایانی ناڕازی بەدیهێنا.. ئەوەی کوژرا کوژرا، ئەوەی گیرا گیرا، هەندێکیش خۆیان شاردەوە بۆ ئەوەی زەلیلی بەردەستی زاڵم نەبن..

یەکێک لەوانەی بەشوێنیا دەگەڕان بۆ ئەوەی تاڵاو بەگەروویدا بکەن ئیمام تالووت بوو، کەیەکێک بوو لەزانایانی گەورەی شەرعزان،و قوتابییە ناودارەکانی ئیمامی مالیک، لەترسی زوڵمی خەلیفە خۆی شاردبووەوە، و پەنای بردبووە بەر دراوسێ یەکی جولەکەی و ماوەی یەک ساڵی تەواو ئەویش پەنای دەدات، و بەجوانترین شێوە خزمەتی دەکات، ئیمام زۆر بەوە نارەحەت دەبێ کەبوەتە زەحمەت بەسەر ئەم هاوسێ جوولەکەیەوە، بۆیە لە کۆتایی ساڵدا دراوسێکەی بانگ دەکات و لەسەر ئەو پیاوەتی و جوانکارییەی سۆپاسێکی زۆری دەکات، و دەڵێ: من بڕیارم داوە سبەینێ بچمە دەرەوەو بەجێت بێڵم، بەنیازم بڕۆم بۆلای ئەبو بەسسامی وەزیر، کاتی خۆی قورئانم پێ گوتووە و زانیاریم فێر کردووە، مافی مامۆستایەتی و مافی هاونشینیم بەسەریەوە هەیە، ئەویش لای خەلیفە پلەو پایەیەکی هەیە، بەڵکو لای خەلیفە تکام بۆ بکات، ئەمانم بۆ وەربگرێت و وازم لێ بێنێ..

جووەکەیش پێی دەڵێ: گەورەم! کاری وامەکە، من دەترسم خەلیفە دەستت لێ بوەشێنێت، بەهەرچی پیرۆزییەکانی خۆی هەیە سوێندی ئیمام دەدات ئەوکارە نەکات،و پێیشی دەڵێ: خوا دەیزانێ ئەگەر تا تەمەنت ماوە لەماڵ ئێمەدا بیت ناڕەحەت نابین، و پێمان شانازییە خزمەتت بکەین..
مامۆستا تالووت جگە لە دەرچوون بە شتێکی تر رازی نابێت، بەدزی و پەنامەکی خۆی دەگەیەنێتە ماڵی ئەبو بەسسامی وەزیر، رێگەی دەدەن و دەچێتە ژوورەوە، کاتێ دەچێتە لای خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر هاتنی ئیمام دەر دەبڕێ، و لە نزیک خۆیەوە دای دەنێ، و لێی دەپرسێ ئەم ماوە دوور و درێژە لەکوێ بوویت؟ ئەویش بەسەرهاتەکەی خۆی و پیاوەتی جووەکەی بۆ دەگێڕێتەوە..
ئینجا ئیمام تالووت روودەکاتە ئەبو بەسسامی وەزیر و دەڵێت: لای حەکەم تکام بۆ بکە، بەڵکو ئەمانم بۆ وەربگریت..

وەزیریش بەڵێنی دەداتێ کە لای خەلیفە ئەمانی بۆ وەر بگرێت..
دەست بەجێ وەزیر دەڕوات بۆ لای خەلیفە و لەگەڵ دەچێتە ژوورەوە پێی دەڵێت؛ گەورەم! دیارییەکی باشم بۆ هێناوی.. تالووتم بۆ هێناویت، تالووتی سەری مونافق و ئاژاوەگێڕەکان! توانیم بەدەستی بێنم!
حەکەمیش پێی دەڵێ: هەر ئێستا ئامادەی بکە بۆمان بێنە.. زۆری پێ ناچێ دەیهێنێت بۆلای حەکەم، و ئیمام کەسەیری حەکەم دەکات، دەبینێ ئاگر لەچاوی دەبارێت، و بڵێسەی رق و قینی دەچێت بە عاسماندا..

کاتێ لەحەکەم نزیک دەبێتەوە، حەکەم دەڵێ: تالووت! ئەمە تۆی؟! دەک سوپاس بۆ ئەو خودایەی خستیتیەوە بەردەستم.. هاوار بۆ تۆ!! وەڵڵاهی بە خراپترین شێوە دەتکوژم!! چۆن حورمەتی منت حەڵاڵ کرد؟؟!!

ئیمامیش پێی دەڵێ: لەم کاتەدا هیچ قسەیەکم نییە، ئەوەنەبێ پێت بڵێم: کاتێ بینیومە لەحەق لات داوە، تەنیا لەبەر خودا رقم لێت بووە، ئەوەی خودایش فەرمانی پێکردم بەرامبەرت ئەوەم ئەنجام داوە..
خەلیفە حەکەم کاتێ ئەم قسانە لە ئیمام دەبیسێت، خاودەبێتەوە، و رق و قینی دادەمرکێتەوە، و پێیشی دەڵێ: ئەی تالووت! وەڵڵاهی چ سزایەک لەدنیادا سەخت بووبێت ئەوەم بۆ ئامادەکردبوویت، بەڵام ئەو زاتەی لەبەر خاتری ئەو منت بوغزاندووە نەیهێشت ئەو سزایەت بدەم، بڕۆ ئەوا چاوپۆشیم لێ کردیت، و عەفوم کردیت..
ئەنجا خەلیفە لێی دەپرسێ: ئەی ئیمام ئەبو بەسامی وەزیر چۆن تۆی بۆ پەیدا کردم؟!!
ئیمام لەوەڵامیدا دەڵێ: لەبەر ئەوەی حەقم بەسەریەوە هەبوو، خۆم قورئان و بەیانم فێر کردبوو، متمانەم پێی هەبوو، بۆیە خۆم رۆیشتم بۆ لای.. تا لەلای تۆ تکام بۆ بکات، بەڵام ئەوەی کرد کە بینیت..
گوتی: ئەی پێش ئەوەی بچیت بۆ لای وەزیر لە کوێ بوویت؟
ئەویش باسی جووەکەی هاوسێی بۆ دەکات.. حەکەم سەری دادەخات و جوان گوێی بۆ دەگرێت، ئەنجا بانگی وەزیرەکەی دەکات و پێی دەڵێ: هەی پیاو خراپی ناپەسەند، هەی شومی نەگبەت خوا لەناوت بات، جوویەکی دوژمنی دین، لەبەر خاتری ئەم خۆی بخاتە مەترسییەوە، ئەو هەموو رێزەی لێ بگرێ،و ئەو هەمو خزمەتە جوانەی بکات، و ئاوهابێ بەرامبەری، تۆیش کە بەناو موسوڵمانیت کاتێ هات بۆ لات ئاوها خیانەتی لێ بکەیت؟! ئەی نەگبەتی پێ نەزان بۆ حەقی مامۆستاییەکیت نەدایەوە، ئاخر ئەو چاوی کردیتەوەو فێری زانیاری کردیت.. مەگەر نازانیت ئەوە یەکێکە لەباشرین پیاوی نەتەوەکەت؟ دەتویست ئێمە زیاتر بخەیتە ناو لیتەی تۆڵەسەندنەوە؟!
بڕۆ دەرەوە، هەی نەگبەتی پێ نەزان، نامەوێ لەمەولا بت بینم.. خوا لەو دنیاش سەر و چاوی تۆمان پیشان نەدات، ئەنجا لە وەزیریش دەری کرد، ژیانی وەزیر کەوتە تەنگەلانییەوە، چەند ساڵێک بەسەر ئەو حالەدا تێپەڕی، خەڵکی ئەو وەزیرە درۆزنە دوو رووەیان دەبینی بەرسوایی و بە نەبوونی، لێیان دەپرسی بۆچ وات لێهات؟

ئەویش دەیگوت: ئەوە خوا دوعاو نزاکانی ئیمام تالووتی لێ گیرا کردم.. خەلیفە حەکەم دەستی کرد بە چاکە کردن لەتەک جووەکەدا، لەبەر ئەوەی ئاوەها خزمەتی ئەو زانا پایە بەرزەی کردبوو.. سەرەنجام خوا هیدایەتی جووەکەی دا و موسوڵمان بوو..
ئیمام تالووتیش خوای باڵا دەست قەدرو حورمەتی زیاتر کرد و تا لە ژیاندا بوو خەلیفە حەکەم رێزی دەگرت و کاتێکیش وەفاتی کرد ئامادەی بەخاک سپاردنی بوو، ستایشی زانست و هەڵوێستە جوانەکانیش ی دەکرد..
سەرچاوەکان:
١- سیر أعلام النبلاء/ سیرة الحکم بن هشام: ٨/٢٥٤. للحافظ الذهبي، ت: ٧٤٨هـ.
٢- ترتیب المدارک وتقریب المسالک، لمعرفة أعلام مذهب مالک. للقاضی عیاض، ت: 544 هـ
٣- المعجب في تلخيص أخبار المغرب لعبد الواحد بن علي التميمي المراكشي،(ت: 647هـ).


دکتۆر حسن پێنجوێنی





نوێترین نوسینەکانی م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌