حکومەت بەرەو چاکسازییەکی کەم وێنە...!!!

وتار/ 16/01/2021 498 جار بینراوە

هه‌ستار سه‌نگاوی

حکومەت بەرەو چاکسازییەکی کەم وێنە...!!!

ھەستار سەنگاوی
-كوڕم ئاگاتان لەخۆتان بێت ، لەڕێگەی خۆڵەوە بڕۆن ، باتووشی کێشە نەبن.
+بەسەر چاو باوە گیان خەمت نەبێت
- ئاگاتان لەتراکتۆرەکە بێت ئەمانەتە ، ھێواش بڕۆن .
پاش نیو کاتژمێر ڕۆیشتن لەنێو دۆڵەکەدا لەلایەن ھێزێکی دەمامک دارەوە پەلامار دران!
-ڕاوەستن .. دەستتان بخەنە سەر سەرتان و دابەزن
کوڕەکان دەست لەسەر سەرو بەچاوی ئەبڵەقەوە دابەزین و وتیان:
+چی بووە ؟، بۆ وا ئەکەن؟
-ھھھھھھ ، چی بووە ، خۆتان گێل ئەکەن ھاااا؟!
 +بەخوا نازانین باسی چی ئەکەن ، ئێمە ھیچمان نەکردووە.
بەتووڕەییەوە: بەسە قسە کردن ، سەرکەون ، با قەپۆزتان نەکوتم..!!

...............................................................
کەناڵی ڕووداو:
شاھۆ ئەمین : لەگەرمیانی ھەمیشە بریندارەوە ، ھێزەکانی کوردستان دەستیان بەسەر کاروانێکی گەورەی قاچاخ چییەکاندا گرت!
کەناڵی کوردسات نیوز:
ئەم بەیانییە لەچالاکییەکی کەم وێنەدا ھێزە نەبەردەکان و کوڕانی تەنگانە پاش چاودێری کردنی چەند ڕۆژە توانرا ڕێگە لەکاروانێک بگرن کە دەویسترا بھێنرێتە ناو سنووری شاری چەمچەماڵەوە !
کەناڵی کوردستان ٢٤ :
لەدرێژەی چاکسازییە بەردەوامەکانی حکومەتدا ئەمرۆ توانرا بەدەستێکی پۆلاین لەوانە بدرێ کەدەیانەوێ لەمپەر لەبەر پێشکەوتنەکانی حکومەتی نوێدا دروست بکەن و پاشان ڕووبەرووی دادگایان بکەنەوە!!!
.....................................................
دادگا
حاکم : بۆچی ھەڵناسن و لەویا پاڵتان داوەتەوە؟ ئەمە خۆی لەخۆیدا بێڕێزییە بەدادگا !
-قوربان بەخوا مەبەستمان بێ ڕێزینییە ، بەڵام..
+بەڵامی ناوێ ئەی بۆ ھەڵناسنە سەرپێ؟
-قوربان ، جەنابی حاکم ئەوەنەیان لێ داوین ناتوانین بەپێوە بوەستین !
+ ئێ باشە ئەوا زانیمان لێدانتان خواردووە ، ئەی باشە جەناب ئەم بارەتان بۆ کوێ دەبرد ؟
-ئەمانبرد بۆ ماڵی خۆمان
+ھھھھھھھ ماڵی خۆتان ..، جاماڵی خۆتان ئەم بارە گەورەیان بۆ چییە جەناب ؟!
ئەتانەوێ گومرک نەدەن و حکومەت فەشەل پێ بھێنن و مووچەی پێ نەدەرێ ھا ؟!
-بڕوابکە قوربان مەسەلەکە بەو شێوە نییە ، ئێمە خەڵکێکی ھەژارین نەوتمان پێ ناکڕدرێت ، ناتوانین داریش ببڕین ، خۆتیش دەزانیت سەرمایەو..
قسەکەی پێ بڕی و وتی:
سەرمایە سەرما نییە مشکیلەی تۆیە نەک من ، پاشان وەڵامی پرسیارەکەی منت نەدایەوە بۆ ویستووتانە بەبێ گومرک ئەم بارە تێپەڕێنن؟!!
-ئاخر قوربان گومرکی چی بدەین ؟ تا ئێستا کەی (تەپاڵە) گومرک کراوە؟!
+بۆ تەپاڵە چییەتی بۆ گومرک نەکرێت ؟
-ئاخر خۆ ئێمە لەوڵاتێکی ترەوە ھاوردەمان نەکردووە تاگومرک بدەین ! ئێمە لەودەشت و دەرەدا گەڕاوین کۆمان کردۆتەوە.
+کۆتان کردۆتەوە ھا ، خۆ لەخۆیەوە لەوێدا سەوز نەبووە  !
مانگایەک ھەیە تەپاڵەی کردووە ، پووش و پاوەنێک ھەیە مانگا خواردوویەتی ، پووش و پاوەنیش لەو وڵاتەدا سەوز بووە کەبەخەبات وخوێن و ئارەقە ڕزگار کراوە !
پاشان تەپاڵەش ئەسووتێ و وەک نەوت و غاز سامانێکی نیشتمانییە ، بۆیە دەبێت ئێوە سزایەکی قورس بدرێن ،تاببن بەوانە بۆ خەڵکانی ترکەبیر لەشتی وانەکەنەوە ،چونکە پێش ئێوە کەس زاتی ئەوەی نەکردووە کەئاوا چاو قایمانە دەست بۆ سامانی نیشتمانی درێژ بکات و بۆ مەرامی تایبەتی بەکاری بھێنێت..!!!

نوێترین نوسینەکانی هه‌ستار سه‌نگاوی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌