کۆمەڵکوژی کۆمەڵگای کوردی

وتار/ 20/11/2020 896 جار بینراوە

ڕه‌وه‌ند جەزا

کۆمەڵکوژی کۆمەڵگای کوردی

ڕەوەند جەزا
لەوە ئەچێت بۆمباربارانکردنی خەڵکی کوردستان، قەدەرێکی مارەبراوی ئەبەدی جیانەبووەوە بێت لەهاوڵاتیانی  کوردستان. هەرجارەش بە شێوەیەک و بەجۆرێکی تایبەت بەڕێوەبچێت. خەڵکی کوردستان کەم بەدەستی ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، بەتایبەتیش ڕژیمی بەعس بۆمباباران نەکراوە، ئاماری کوشتاری خەڵک بە بۆمباران و لەوانەش واوەتر بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی وەکو بۆمبی هێشوویی، ناپاڵم، کیمیایی ….تاد. بەهەزارانن.
لەو کاتەشەوە دەسەڵاتی بەعس وەلانراوە، کوردستان دەستی پیسی ئەوانی بەسەرەوە نەماوە، دەسەڵات سپێردراوەتە ئەحزابی قەومی کورد، جگە لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆ، جگە لەقوربانیانی تیرۆریزمی ئیسلامی، جگە لەقوربانیانی ناموسپەرستی و پیاوسالاری، قوربانیانی بۆمبارانکردن و ژەهراویکردنی کوردستان و خەڵکەکەی بە خۆراک و دەرمانی بەسەرچوو و کۆن، قەدەرێکی ترە. و دەستی ناوەتە بینەقاقای خەڵکی کوردستان.


ئێستا خۆراک و دەرمانی کۆن و ماوە بەسەرچوو لەپاڵ دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی و ئۆپۆزیسێۆنێکی بودەڵەی قیرقیرکەردا، لەپاڵ میتی تورکی و بەرەی تورکمانیدا، لەکەنار دەستێوەردانی بەردەوامی ئاخوندەکانی ئێراندا، لەڕێگای قازانج پەرستان وسەرمایەدارانی کوردەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دابەشدەکرین. ئەو خۆراک و دەرمانە کۆن و ماوە بەسەرچوانە کە بازاری کوردستان بۆتە باشترین بازار بۆساغکردنەوەیان، هاوکات بۆتە قەتلگایەکی هەمیشەیی شێنیەیی بۆ خەڵکی کوردستان، ئاماری نەخۆشیەکان و خەستەخانەکان گەواهی ئەو ڕاستیەن، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕادەی مردن بە نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەکات.

هیچ لەوەش ڕۆشنتر نییە، ئەوەی کە دەتوانێت بازگەکانی ئەم وڵاتە بەسانایی ببڕێت ئەو کۆمپانیایانەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەدەسەڵات و سەرمایەداری سەر بەدەسەڵات و سەیارە جام ڕەشە ناونەبینراوەکانەوە هەیە، تەنانەت ئەو خۆراک و مواد ودەرمانانەش کەهەندیک جار ئەیسوتێنن و دەستی بەسەرائەگرن ومیدیای ئەم وڵاتە نیشانی خەڵکی ئەدەن، ئەوبەشەیە کە دیسان ئەم کۆمپانیایانە فرۆشتویانەتە چەند دوکاندارێک. ئەگەر نا هەرگیز ئاگر و زبڵخانەکان یەک کیلۆ مودای بەسەرچووی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرپرسان و سەرمایەدارانی سەر بە حزبیان نەبینیووە.

نە هاواری ئەندامپەرلەمانان و نە هاواری دایکی شەهید و نە بەرزبونەوەی ڕێژەی مردن ، بەم چەکە ساردەی دوو بنەماڵەی دەسەڵات دژ بە خەڵکی کوردستان بەکاردەهێن ، گرنگ نیە بۆ دەسەڵات . ئەوەی گرنگە بۆیان بوونی نزیکەی ۳٠ ملیاردلێر و سەدەها ملیۆنێرە لە کوردستان کە هەمویان بەرپرس و کادری سیاسی حیزبەکانیانن . کە ئەم ڕێژە سەرمایەدارە لەو هەرێمە بچوکەدا ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە ، کە سەرچاوەکەی لە بە قاچاخ بردنی مەوادی بەسەرچووە بۆ هەرێم ، وە ساغکردنەوەیەتی بە شێوەیەکی ئاسان و بەبێ هیچ بەربەستێک .

ئەوەی بەرپرسە لەو کوشتارگەیە دوو بنەماڵەی دەسەڵاتن ، کە بە هەمان ئەو ڕێگەیەدا دەڕۆن کە دیکتاتۆرە لە ناوچوەکان پیایدا ڕۆشتن .دواجار سەرئەنجامی ئەمانیش لەوان باشتر نابێت . بۆیە داوا لە هاونیشتیمانیان ئەکەم چی زووە هەڵوێستە و خۆپیشاندان دەسپێبکەن دژ بەو کۆمەڵکوژیە و ئەو دوو بنەماڵە مافیایە .

نوێترین نوسینەکانی ڕه‌وه‌ند جەزا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌