(بازرگانیکردن بە کەرتی تەندروستیەوە))

وتار/ 09/07/2019 703 جار بینراوە

ڕه‌وه‌ند جەزا

(بازرگانیکردن بە کەرتی تەندروستیەوە))

ڕەوەند جەزا
کەرتی تەندروستی ھەستیارترین کەرتە و لە ھەموو کەرتەکانی دیکە زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە ، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەوە ، ئەم کەرتە بووە بە ئامرازێکی بازرگانیکردن و سەرتاپا وەک کەرتەکانی دی بە حیزبی کراوە . بازرگانیکردنی دەرمان لە لایەن سەرمایەدارێکی حیزبێکەوە قۆرغکراوە و بە پێی قسەی شارەزایانی دەرمان کوالێتیەکی نزمی دەرمان ھاوردەی ئەم ھەرێمە دەکرێت . بەڵام ھیچکام لەو شارەزایانە ناوێرن ڕەخنە بگرن یاخود سکاڵایی یاسایی لەسەر ئەو دۆسیە گەندەڵیە تۆمار بکەن ، چونکە ڕووبەڕوی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە . ئەو سەرمایەدارە مافیا ئاسایانە لەم ھەرێمەدا لە سەروو یاساوەن. لە ماوەی ڕابردوودا پزیشکێک بە ناوی ( بەختیار ئەمین ) ڕووبەڕوی ئەشکەنجەدان بویەوە تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لە کوالێتی دەرمان گرتبوو ! تاوانبارانیش ھیچ ئیجرائاتێکی یاساییان ڕووبەروو نەکرایەوە ! سەرەڕای سکاڵای یاسایی پزیشکەکە !
شانبەشانی دەستبەسەراگرتنی نەخۆشخانە (بە ناو) حکومیەکان ، نەخۆشخانە ئەھلیەکانیش لە لایەن سەرمایەدارانی دوو حیزبەکەوە دامەزرێندراون . بۆیە بە شێوەیەکی بەرچاو نەخۆشخانە حکومیەکانیان پشتگوێ خستوە و خەڵکی متمانەیان بەو نەخۆشخانانە نەماوە ، بەمشێوەیەش ژمارەی سەردانیکەرانی نەخۆشخانە ئەھلیەکان زیادی کردووە و لەم ڕێگەیەوە خزمەتی سەرمایەی خۆیان کردووە .
ئەم گەندەڵکاریەش تەنھا لە ئاستی باڵادا نیە ، بەڵکو شۆڕبۆتەوە بۆ کارمەندانی تەندروستیش ( پزیشک ، دەرمانساز ، کارمەندانی تەندروستی ..ھتد) .بە شێوەیەک لە کاتی دامەزراندنی نۆرینگەیەکی پزیشکیدا پێویستە ڕێکەوتنێک لە نێوان پزیشک و دەرمانساز و کارمەندی تاقیگەدا ئەنجام بدرێت . کە زۆربەی ڕێکەوتنەکان بەم شێوەیەیە ( پارەی ئۆفیس و سکرتێری پزیشکی پسپۆڕ لەلایەن دەرمانساز و خاوەنی تاقیگەوە دابین دەکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا پزیشک دەرمان و پشکنینی زیاتر بۆ نەخۆش دەنوسێت ) . بەمشێوەیەش کارمەندانی تەندروستی بازرگانی بە ژیانی نەخۆشەوە دەکەن و بڕە پارەیەکی زیاتریان دەستدەکەوێت ! و تاکە زەرەرمەندیش کە فریودەدرێت نەخۆش و ھاونیشتمانیانن . بەم شێوەیە کەرتی تەندروستی بووە بە تۆڕێکی بازرگانیکردن . کە شکۆی یەکێک لە پیرۆزترین پیشەکانی ( کە پزیشکیە ) بێ بەھا کردووە ..
سەرەڕای ئەم ھەموو گەندەڵیە ، ھیچ لێپرسینەوەیەک لەو گەندەڵکارانە ناکرێت و لیژنەی نەزاھەش بێدەنگی ھەڵبژاردووە ! ئاخۆ ئەبێت کەی بێت و ئەو گەندەڵکارانە بدرێنە دادگا ؟! کەی سیستەمێکی پێشکەوتووی تەندروستیمان ھەبێت ؟! کەی نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی خاوەن مافی خۆیان بن ؟ کەی حیزب و سەرمایەداری لە خزمەتکردن جیا بکرێتەوە ؟
ئەم پرسیارانە و چەندان پرسیاریتر بێ وەڵام ماونەتەوە و تاکو ئەم دوو کۆمپانیایە حکومەت بەڕێوەبەرن گەندەڵی بنەبڕ نابێت و خەونی من و ھەزارەھا گەنجی وەک من بەدی نایەت !

نوێترین نوسینەکانی ڕه‌وه‌ند جەزا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌