هەرێمی کەرکوک لەنێوان دەستووری بوون و چارەسەری کێشەکان
وتار/
09/09/2020
922 جار بینراوە
ئاکام وەزیری
هەرێمی
کەرکوک لەنێوان دەستووری بوون و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
نوسینی/
ئاکام وەزیری
گەرچی
بەپێی ماددەی ١١٩ـی دەستووری عێراق مافی فیدڕاڵییەت بەپارێزگاکان دراوە بەڵام لەماوەی
١٧ساڵی ڕابردوودا تەنها هەرێمی کوردستان توانیویەتی ببێت بەهەرێمێکی سەربەخۆ، کەلەساڵی
١٩٩٢ بەفەڕمی ڕاگەیاندرا و دواتر لەدوای پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق و
دامەزراندن و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ حکومەتی نوێ عێراق دانی پێداندرا.
لەماوەی
ڕابردوودا، خەڵکی بەسڕا بەهۆی کەموکوڕییەکانی حکومەتی ناوەندی و کەمتەرخەمی حکومەت
بەرامبەر بەپارێزگاکە پڕۆژەیەکیان بۆبەهەرێم بوونی پارێزگاکە ڕاگەیاند بەڵام حکومەتی
عێراق دژی ئەو داوایە وەستایەوە و دوای ماوەیەکی زۆر ئەو پڕۆژەیە بێدەنگ کرا.
لەئێستاشدا
بەشێک لەخەڵکی سلێمانی کەمپینکیان ڕاگەیاندووە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆی سلێمانی
و وەرگرتنی فیدڕاڵیەت بۆپارێزگاکە و بۆئەو مەبەستەش خەریکی کۆکردنەوەی ٣٠هەزار واژۆن
بۆئەوەی ڕیفراندۆمێک بۆڕاگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆی سلێمانی ئەنجام بدەن.
ماوەی
چەند مانگێکە لەکەرکوکیش ئامادەکاری بۆڕاگەیاندنی پڕۆژەی هەرێمی کەرکوک دەکرێت و پێدەچێت
لەناوەڕاشتی مانگی ئەیلول یاخود لەمانگەکانی داهاتوودا پڕۆژەکە ڕابگەیەندرێت، بۆئەو
مەبەستە و بۆڕوونکردنەوەی پەیامەکەیان لەکۆتاییەکانی مانگی ڕابردوودا، هاوکاری هاوڕێیەکم
کرد لەئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو پرسە و پەیوەندیم بەهەریەک لەبەڕێزان (هیوا
حسێن خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە و ئەدهەم جومعە چالاکوانی سیاسی لەکەرکوک و شاخەوان عەبدوڵا
نوێنەری پێشووی شاری کەرکوک لەپەڕلەمانی عێراق لەسەر پشکی پارتی و ئەحمەد ڕەفیق بەرپرسی
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لەشاری کەرکوک) هاوکات لەکاتی ئامادەکرنی ڕاپۆرتێکم بۆسایتی
سۆراخ میدیا لەسەر دانیشتنی (٢٩ـی ئابی ٢٠١٧، کەتایبەت بوو بەبەشداری کردنی کەرکوک
لەڕیفراندۆمی کەرکوک) و کۆمەڵێک پرسیارم لەبارەی پرسی هەرێمی کەرکوک کرد پاشان لەگەڵ
هاوڕێی ئازیزم کاک لەتیف فاتیح فەرەج لەڕێی نامەی چاتی مەسەنجەرەوە گفتووگۆیەکمان
لەسەر پرسی هەرێمی کەرکووک کرد بەگشتی بیروڕاکان لەسەر پرسی هەرێمی کەرکوک جیاوازبوون
پارتی و یەکێتی نەک هەر لەدژی ئەو بابەتەبوون بەڵکو پڕۆژەکەشیان ڕەتدەکردەوە و بەپڕۆژەیەکی
نایاسایی و هەوڵێک بۆکەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد لەکەرکوک لەقەڵەم دەدا و پارتی پێی
وایە "عەرەب و تروکمانەکانی کەرکوک دەیانەوێت بەبابەتی هەرێمی کەرکوک بابەتی
ماددەی ١٤٠لەناوببەن" و یەکێتیش دەڵێت"بەپێی ماددەی ١١٩ـی دەستوور دەبێت
دوو پارێزگا یان زیاتر داوای بەهەرێم بوون بکەن بەمەش کەرکوک بەتەنها ناتوانێت
داوای هەرێم بکات و پڕۆژەیەکی نادەستوورییە و دەکرێت لەداهاتوودا و دوای جێبەجێکردنی
ماددەی١٤٠ بابەتی فیدڕاڵییەتی کەرکوک لەناو هەرێمی کوردستان یەکلابکرێتەوە".
هەرچی
ئەدەهەم جومعە بوو پێی وابوو تاکاتی کشانەوەی ئەمریکا لەکەرکوک پرسی بەهەرێم بوونی
کەرکوک بابەتێکی ئاسایی بوو بەڵام لەو بەروارە بەدواوە بابەتەکە بووەتە شتێکی مەحاڵ
و لەتیف فاتیح فەرەجیش پێی وتم "بۆئێستا گەر هەرێمی کەرکوک درووست بێت و داوای
جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکرێت بۆکورد و دۆخی کەرکوکیش زۆر باش دەبێت"، هەرچی
ئیبراهیم عەباسی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسییە لەسەر بابەتی کەرکوک ئەوەی درکاند،
کەخەڵکی کەرکوک بەدرێژایی مێژوو زوڵمی لێکراوە، و شایەنی ئەوە بووە بگەڕێتەوە سەرکوردستان
و پێیشی وابوو هەرێمی کەرکوک هیچ سودێکی باشی نابێت بۆدۆخی کەرکوک.
ئەمە
چەند بۆچوونێکی جیاوازبوو لەسەر پرسی هەرێمی کەرکوک، هەرچەندە خۆم پێم وایە خەڵکی
کەرکوک مافی خۆیانە ببنە خاوەنی هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام لەهەمان کاتدا پێم وایە بەهەرێمکردنی
کەرکوک چارەسەری بنەڕەتی نیە بۆکێشەی کەرکوک وەئەگەر لەئێستاشدا چارەسەری دۆخی کەرکوک
بکات ئەوا لەداهاتوودا کۆمەڵێک کێشە و گرفت بۆجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠درووست دەکات،
لەوانە ئەنجامدانی ڕاپرسی گەڕانەوەی کەرکوک بۆسەر هەرێمی کوردستان دوادەخات بۆدوای
ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، کەئەمەش بەهۆی گەمەی وڵاتانی نێودەوڵەتی تائێستا ئاسۆیەک
بۆدرووستبوونی دەوڵەتی کوردی لەئارادانیە و هەروەها بەهۆی ئەوەی چارەنووسی کەرکوک
لەگەڵ چەند ناوچەیەکی ترەوە بەماددەی١٤٠بەستراوەتەوە، بۆیە دەبێت ئەو ناوچانەش بۆچارەسەرکردنی
کێشەکەیان بخرێنە ناو پڕۆژەی هەرێمی کەرکوک بەهۆی ئەوەی لەچەند ناوچەیەک ژمارەی عەرەب
و تروکمانەکان زیاترە لەئێستادا بۆیە ڕێژەی کورد لەو هەرێمەدا کەم دەبێتەوە، ئەوە
جگەلەوەی گەر کەرکوک ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ ئەوا پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەنەخشەی
کارگێڕی پارێزگاکەدا ڕووبدات و چەند قەزایەک بکرێن بەپارێزگا و چەند ناحیەیەکیش
بکرێن بەقەزا ئەمەش پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و بۆئەوەش بودجەیەکی زۆری پێویستە،
کە حکومەتی عێراق توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەی نیە چونکە لەناو قۆناغێکی سەختی
دارایی دایە خەریکە بەزەحمەت موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، هەرچەندە لەتیف فاتیح
فەرەج لەسەر ئەو بابەتە پێمی گوت ئەوکات حکومەتی عێراق خۆی دەتوانێت بەکەرکوک بڵێت
تێچووی خەرجییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەرێمی کەرکوک لەدوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە
و نۆژەنکردنەوەی لەئەستۆی حکومەتی هەرێمی کەرکوک بێت بەڵام ئەمە نابێتە چارەسەرێکی
بنەڕەتی بۆپرسی هەرێمی کەرکوک چونکە هەمووان پێیان وایە تەنها ماددەی ١٤٠ چارەسەری
کێشەی کەرکوکە، لەکاتێکدا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر جێبەجێنەکردنی ئەو بابەتە
بێدەنگیان هەڵبژاردووە و کەسیش نازانێت ئایندەی کەرکوک چی بەسەردێت!؟
نوێترین نوسینەکانی ئاکام وەزیری
-
ئاکام وەزیری
30/01/2021
-
ئاکام وەزیری
14/11/2020
-
ئاکام وەزیری
08/10/2020
-
ئاکام وەزیری
09/09/2020
-
ئاکام وەزیری
29/08/2020
-
ئاکام وەزیری
20/12/2019