كێ قەوارەی هەرێمی كوردستانی خستە مەترسیەوە؟
وتار/
03/07/2020
527 جار بینراوە
د. ادریس كاریتانی
كێ قەوارەی هەرێمی
كوردستانی خستە مەترسیەوە؟
(شیكاریەكی
واقیعیانە لەگەڵ چارەسەر)
د. ادریس كاریتانی
سەرم سوڕماوە ئەمڕۆ
خائین و گەندەڵگار بونەتە دڵسۆزو نیشتیمان پەروەر، دلسۆزو پاكەكانیش بونەتە خائین
و وڵات فرۆش.
زیاتر لە۷۰ ساڵە بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كورد خەبات دەكات، تەنها بەرهەمی ئەم خەباتە
حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەم حكومەتە لەسەر خوێن و نان و ماڵ و سامانی هەژارو فەقیر
و بێ نان و كرێكارو جوتیارانی دێهات و شارەكانی كوردستان هاتە بەرهەم، كورد ئامادە
نەبوو تەنانەت سەربازی رژێمی بەعس بێ لەكونی تەیارە، لەپاڵ شاخ و دارەكانی
كوردستان دەژیا، تەنها بۆ ئەوەی كورد خاوەنی سەربەخۆی خۆی بێ، میللەتێك پڕاو پڕ لە
دڵسۆزی و پاكی و ئینتیمای نیشتیمانی، ئامادەبو سەرو ماڵ و گیانی خۆی ببەخشێ تا
كورد بەئاواتی خۆی بگات، ئەنفال و كیمیابارانی هەڵبژارد، بەندینخانەو دائیرەی ئەمن
و مەنزومەو ئەمنی عامەی پر كرد، تەنها خیانەت لەنیشتیمان نەكات.
لەولاوە كۆمەڵێك بەناو
سەركردە لە وڵاتان گەڕانەوەو دەستیان بەسەر ئەم قەوارەیە داگرت، ماڵ و سەروەت و
ئابووری و ئەمن و پلەو پایەیان لە نێوان خۆیاندا بەشكرد، ئەم قەوارەی ئێستا بە حیساب
بەرگری لێ دەكەن، دابەشیان كردووە تەنها بۆ بنەماڵەو كەسەكانی خۆیان، هیچ كوڕێكیان نیە نەبوبێتە خاوەنی دەیان ملیۆن
دولار لەسەر حیسابی ئەم خەڵكە، رەنگ نیە دوو ڕۆژ پێشمەرگایەتی كردبێ، خۆی و كورەكانی
دەبێ هەتا ماون سەركردەو پلەداری ئەم خەڵكە بن پارەو سەروەت و نەخۆشخانە دانان و
بازرگانیش هەر لێ گەڕِێ.
چۆن ئەم قەوارەیان خستە مەترسیەوە؟:
دەستیان بەسەر هەموو
سێكتەرەكانی ئەم قەوارەیەدا گرتووە:
یەكەم: پەرلەمان.
دووەم : حكومەت. سێیەم: قەزا. چوارەم : سیێکتەری سەربازی. پێنچەم: سێكتەری راگەیاندن.
شەشەم: سێكتەری بانک و دراو. حەوتەم: سێكتەری نەوت و سامانە سروشتیەكان. هەشتەم: سێكتەری
تەندروستی. نۆیەم: سێكتەری ئابووری و بازرگانی. دەیەم: سێكتەری پاراستن و زانیاری.
جا بەڕێزان ئەمە قەوارەیە
یان حیزب و بنەماڵەیە.
قەوارەیەك هەموو سێكتەرەكانی لەبەردەستی حیزبدا
بێ، چ قەوارەیەكە؟، ئایا ئەمە بە ئەندازەی لەدەستدانی قەوارەكە لەلایەن عێراقەوە
ترسناك نیە؟، ئایا قەوارەیەك بەم شێوازە بێت ئەمڕۆش لەدەست نەچێ كاتێكی تر لەدەست
ناچێ؟. بۆ لەخۆتان ناپرسن ئێمە بەرپرسیارین بۆ لەدەستدانی ئەم قەوارەیە یان پێوە؟.
ئایا دەتوانن بڵێن ئێمە ئەم حكومەتەمان بەحیزب و بنەماڵە نەكردووە؟ ئایا هیچ شۆرشگێڕێك
هەیە ئەمڕۆ بازرگان نەبێ؟. ئایا هەموو خاوەن مەبدەكانی ئیشتراكی لەشاخ ئەمڕۆ نەبوونەتە
سەرمایەدار؟.
كێ تاوانبارە؟.
خەڵك تاوانبارەو مەترسیە
لەسەر قەوارەكە، چونكە مووچەی نیە! ئێوە ڤێللاو پلەو پایەو بازرگانیتان هەیە.
خەڵك لە دودڵی و ناڕەحەتی
و نەداریە! ئێوەو كوڕو منداڵەكانتان لەهای لایڤ دەژین.
خەڵك قوربانی بەماڵ
و گیان دا لەبەندینخانەكانی بەعس رزایەوە! ئێوە دۆڕاندتان.
خەڵك شۆڕشی كرد، نیشتیمان
پەروەر بوو ! ئێوە خیانەتتان لە نیشتیمان كرد.
چارەسەر:
هەرچەندە خەریكە بێ
ئومێدی لەنێو تەواوی كەسایەتیە سەربەخۆكان دروست دەبێ، كە ئەم حاڵەتەی هەرێم چارەسەر
نابێ بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە، بەڵام وەك ئەرك و بەرپرسیاریەتێكی ئایینی و نیشتیمانی
هەموو جار چەند خاڵێك دەخەمە ڕو بۆ چارەسەری ئەم دۆخە:
1-
پێك هێنانی لیژنەیەكی سەربەخۆ لەبیرمەند و سیاسی و كەسایەتی عاقڵمەند ، پشتگیری
بكرێن لەلایەن حكومەتی هەرێم و خەڵكەوە بۆ پاراستنی پەرژەوەندیە باڵاكانی میللەت و
قەوارەو نیشتیمان، بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا.
2-
دەستی حیزب لە نێو حكومەت دەر بهێندرێت بە تەواوی.
3-
وستاندنی شەڕی لایەنە سیاسییەكان كە زۆربەی بۆ شەڕی حیزب و كەسەكەیە، نەك بۆ گەل و
میللەت.
بە بڕیارێكی یاسای لەپەرلەمان دەربكرێت.
4-
سەربەخۆ كردنی دەسەڵاتی دادوەری و دورخستنەوەی دەست تێوەردانی حیزبی و كارا كردنەوەی.
5-
رێكخستنەوەی لایەنە سیاسییەكان بەسەر پەرشتی كەسایەتیەكی بێ لایەن و قەبوڵكراو لەلایەن
هەموان.
6-
كۆتای هێنان بەگەندەڵی.
7-
دادگایەكی نیشتیمانی دابنرێت بۆ هەر كەس و حیزب و لایەنێك كەلەمەو دوا زەرەر بەخاك
و نیشتیمان و میللەت بگەیەنێت.
8-
لەم ڕۆوە داهاتی هەرێم و هەموو وەزارەتەكان بەشەفافی لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئاشكرا
بكرێ.
9-
قەوارەی هەرێم و نیشتیمان و میللەت هێڵی سور بێ، كەس بۆی نەبێ ئەم سنورانە ببەزێنێ.
10-
ئاشتەوای گشتی و سەرتاسەری ڕابگەیەندرێ، لەنێوان سەرجەم لایەن و كەسایەتی و تەنانەت
عەشیرەتەكانیش.
تێبینی: لەوانەیە بڵێن
ئەم خاڵانە محاڵن، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەسەڵات مەبەستی بێ ناگاتە شەش مانگ هەموو
ئەم خاڵانە ڕێك دەخرێت، چونكە میللەت زۆر دڵساف و دڵپاكە، هێشتا دڵسۆزو كەسایەتی زۆر
لەم هەرێمە ماون خەمی نیشتیمان و خاك وڵاتیان بێ.
نوێترین نوسینەکانی د. ادریس كاریتانی
-
د. ادریس كاریتانی
10/08/2021
-
د. ادریس كاریتانی
16/05/2021
-
د. ادریس كاریتانی
16/04/2021
-
د. ادریس كاریتانی
02/03/2021
-
د. ادریس كاریتانی
10/12/2020
-
د. ادریس كاریتانی
27/11/2020